راگەیەنراوی وەفدی ھاوبەشی کوردستان دوای گەڕانەوەی لە بەغدا

لەلایەن ستاندار Posted on 422 جار بینراوە

ستانده‌ر

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان

راگەیەنراوی وەفدی ھاوبەشی کوردستان دوای گەڕانەوەی لە بەغدا

ئەمڕۆ وەفدی ھاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان‌و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان‌و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەغداو دیدار لەگەڵ ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق‌و ھێزو لایەنە سیاسییەکان ھێنا. لە ھەمو کۆبونەوەکاندا جەختمان لەسەر زەرورەتی پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و شایستە داراییەکانی جوتیارانی ھەرێم‌و ماف‌و شایستە داراییەکانی پێشمەرگەو کۆتاییھێنان بە ھەلومەرجی دژواری دوزخورماتوو کەرکوک‌و سەرگەڕان‌و ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە. ھەروەھا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەرد بۆ دەستاودەسکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات لە ھەرێم‌و عیراق تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بو، لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستوریی ھەرێمی کوردستان‌و مافە دەستورییەکانی.

بەرپرسە باڵاکانی عیراق‌و سەرکردەی ھێزو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانیان لە داواکارییەکانی وەفدی ھاوبەشی کوردستان کرد. بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تەئکیدی لەسەر بەڵێنی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان‌و شایستە داراییەکانی جوتیاران کردەوە. ھەروەھا بەڵێنیدا ئەم ھەنگاوانە لە زوترین کاتدا جێبەجێ بکرێت دوای وردبینی لیستی موچەخۆران. بە وردی تاوتوێی پیادەکردنی ئەو ھەنگاوانەش کران بۆ کۆتاییھێنان بە بارودۆخی ناوچە جێناکۆکەکان. ھاوکات بەڕێزان سەرۆک کۆمارو جێگرەکەی‌و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و سەرکردە سیاسییەکانیش بەڵێنی ھاوکاری‌و بەدواداچونی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن‌و نەخشەرێگایانەیان دا. ھەروەھا جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان‌و بەغدا کرایەوە.

جێی خۆیەتی بوترێ سەردانی ئەم وەفدە دوای ئەوە دێت کە ئێمە ھەوڵێکی زۆرماندا بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی کاتی، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی‌و چارەسەرکردنی پرسی بژێوی ھاوڵاتیانی ھەرێم‌و کێشەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا لەسەر بنەمای دەستور. بەڵام دەسەڵاتدارانی ھەرێم سور بون لەسەر درێژەدان بە ھەمان شێوازی کاری رابردویان.

٦/١/٢٠١٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.