سیاسەت و فەرمانڕەوایی بە پیاوی خێڵەکی ناکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 330 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

باشوری کوردستان وەک بەشێکی ڕزگار بوو لەژێر دەستەیی یەکێک لەوچوار وڵاتەی کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە , وەک پارچەیەکی ئازاد , بە بەراورد بە پارچە کانی تری کوردستان , وەک شێوازێک لە حوکمڕانی سەربەخۆ جیا لە حوکمی ژێر دەستەیی بێگانە لە چاو هەر پارچەیەک لە باکور و خۆر هەڵات و خۆرئاوا , جێگای ئومێد و مایەی دڵخۆشی بوو بۆ هەر تاکێکی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی گەورە . هەموو دۆستانی کوردیش پێیان وابوو ماندو بون و هەوڵ و پاڵپشتیەکانیان بۆ گەلێکی ستەم دیدە جێگای خۆی گرتوە . دڵخۆشبوون بۆ ڕزگاری نیشتمانی و نەتەوەیی نەگەیشت بە مەنزڵ و تا کۆتایی نەبوو , چونکە نەبوو بە مایەی دلخۆشی و ئەنجامدار نەبوو, بەهۆی شێوازی فەرمانڕەوایی و حوکمداری هەم بۆ خودی تاکی کورد و هەم بۆ خودی دۆستانی کورد . گەڕانەوەیەک بۆ سەرەتای نەوەدەکان پیشانمان دەدات ئەوانەی بەناوی شۆڕش و خەباتەوە پێیان وابوو پێشەوایەتی دەکەن هەر زوو کەوتنە خۆ خۆری و دابەشکاری لە پۆست و دەسەڵات و دابەشکاری لە داهات و سەروەتی نەتەوەیی بەسەر خۆیان و بنەماڵە و نزیکەکان و حزبەکانیان . مێژووی دوور و نزیکی ئەوان سەلمێنەری ئەوەیە ئەوان پیاوی دەوڵەتداری و بنیادنانی دەوڵەت و خەمخۆری داهاتوی نەتەوە نەبوون , ئەوەندەی پیاوی شکاندنی تاکی کورد و دەست بەسەردا گرتنی بنکەیەکی گومرگی و دابەشکردنی دەروازەیەکی سنوری بوون .

نەهامەتیەکان ڕەنگدانەوەی ناسیاسی و خێڵەکی بونیانە . _ پیاوی سیاسی و سەرکردەی میلەت کار بۆ بنیاد نانی سەرخان و ژێر خانی ئابوری دەکات , ئەمان بونە هۆکار بۆ تێکدانی ژێرخانی ئابوری . لەشەڕی ناوخۆدا تاکە شت کە بەکاریان نەهێنا چەکی کۆمەڵکوژ بوو , بەهۆکاری ئەوەی خاوەنی ئەم جۆرە چەکە نەبوون , نەک لەبەر هیچی تر . کەپک و گرد و گوند یان لەیەکتر پاک دەکردەوە و دەستی سوپای دوژمنیان بۆ شارەکان ڕادەکێشا . سیاسەتی دوژمنکارانەیان لە نێوان برا بۆ برا و باوک بۆ کوڕ و شار بۆ شار لە نێو کۆمەڵگای کوردی بڵاو دەکردەوە و پەیڕەو دەکرد , بەرامبەر بە دوژمنانی کوردیش گیانی هاوکاری و دەست لەسەر سینگ و گوێ ڕایەڵی و بچوکتر کردنەوەی خۆیان و بەگەورەتر نیشاندانی داگیرکەرانی کورد سیاسەتی ڕۆژانەی ئەوان بوو . پیاوی سیاسی کاربۆ دورکەوتنەوە لە کێشەو ململانێی دۆڕاو دەکات نەک میوانداری کێشە . ئاخر ئەوان چی لە سیاسەت و دەوڵەتداری دەزانن ؟ لە ململانێی سونە و شیعە سیاسەتێکی حەکیمانەیان نەکرد و سودیان لێ وەرنەگرت , جگە لە خانە خوێیەکی باش بۆ کاتی لێقەومانیان .

لایەک شەڕی سونە بەهی خۆیی و لاکەی تر شەڕی شیعە بەهی خۆی دەزانێت . ئەوان هیچ نین جگە لە خاوەنی دیوەخان و بیر کردنەوەی سەقەتی خێڵایەتی . ئەوان دوربین نەبوون جگە لە بینینی چەند مەترێک لە ڕوناکایی بەردەمی خۆیان . نمونەیەک کە شایستەی هەڵوەستە لەسەر کردنە: کاتێک تارق هاشمی لە ئەنجامی ململانێی مەزهەبی و سیاسی و عەشایەری دەبێت بە یەکێک لە تۆمەتبارانی کاری تیرۆرستی و هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتی عێراق و بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق بەدەرچوو لە یاسا دادەنرێت و داواکراوی یاسایە , هەرێم و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پارێزراو ترین شوێن بۆ ئەو . دەسەڵات بەدەستانی هەرێم دەبن بە باشترین پارێزەرو بەرگری کاری یەکێک لە داواکراوانی یاسا و شیعەی باڵا دەست لە حوکمڕانی عێراق . کە باوەڕم وایە بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی تێکچونی پەیوەندیەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەسەڵات بەدەستە شیعەکانی عێراق دادەنرێت . دواتریش توندبونی ململانێکان و نەهامەتیەکان سەریان هەڵدا .

لەلایەک دێیت کەسێکی تۆمەتبار بە تیرۆر داڵدە دەدەیت , کە خۆی لە خۆیدا دژایەتی یاسا و لەدواجاریشدا دژایەتی شیعەی لێ دەکەوێتەوە . لە لایەکی تر دەبیت بە پردێک لە نێوان تورکیاو سونەی لەدەسەڵات لابراوی عێراق و دەبیت بە بەشێک لە ململانێیە جەمسەریەکان. جگە لەوەی لەساڵی ٢٠١٢ حکومەتی عێراق هەڕەشەی بڕینی بودجەی هەرێمی کرد ئەگەر بێت هاشمی ڕادەست نەکاتەوە , ئیتر لەو کاتە بەدواوە ململانێکان قول بونەوە . _ پیاوی دەوڵەت مەدار هەوڵی دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی دەدات , نەک نابوتکردن و برسیکردنی . هەوڵی دابینکردنی ئارامی و ئاسایش دەدات نەک تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی .

ئەوەی لە ٢٧ ساڵ حوکمڕانی کوردی دیومانە هیچ نیە جگە لە حوکمداریەک و سیاسەتێکی ڕۆژانەیی , دوور لە بیرکردنەوە و بەرنامەی ستراتیجی دوورمەودای ئامانجدار . پشتیوانیکردنی سەرۆک هۆزو خێڵە عەرەبە سونیەکان لە کاتی دروستبون و دواتریش هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش یەکێکە لەو هەڵە گەورانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی توش هات , لە کاتێکدا یەک لە خوێندنەوەکان بۆدروستبونی ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستیە , بریتی بوو لە ناساندنی ئەم ڕێکخراوە وەک نوێنەرایەتیکردنی عەرەبی سوننەی عێراق . میوانداریکردنی سەرۆک هۆز و کەسایەتیە سونەکان لەو کات و ساتەدا هیچ نەبوو جگە لە نەخوێندنەوەی ڕوداوەکان و دوربینی داهاتوو . یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی داعش بەسەر شاری موسڵ و گواستنەوەی هەواڵی داگیرکاریەکە , وەک ڕزگارکردن لە ژێر دەستی حوکمڕانی نوری مالیکی و وەرگرتنی لێدوانی وتەبێژی داعش لە یەکێک لە کەناڵە حزبیەکانیان , نا دووربینی سیاسی و ناشارەزایی سیاسی نەبێت هیچی تر ناگەیەنێت . _ باوەڕ بەخۆ بونێکی لە خۆباییانە و خۆ لێگۆڕان , هیچ کات پیاوی سیاسی بەرەو سەرکەوتن نابات .

شەڕی داعش و پێکهێنانی بەرەی هاوپەیمانی دژی داعش هۆکارێک بوو سەرکردایەتی دەسەڵات بەدەستانی کورد دەکرا بە دەرفەتێکی زێڕین بیقۆزنەوە و بەکاری بێنن . پاڵپشتی و سەردانی سەرۆک و وەفدە حکومی و سەربازیەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپی , بە پشتیوانیکردن لە شەخس و دەسەڵاتێک سەیر کرا نەک وەک ئەوەی هۆکاری سەردانەکان سەربازین نەک سیاسی . کاتێک سەرۆکی وڵاتێکی ئەوروپی سەردانی هەرێمی دەکرد , سەردانی بەرەی جەنگی دەکرد لە هەرێمی کوردستان نەک سەردانێکی دبلۆماسی . ئەمانە جۆرێک لە باوەڕ بەخۆبونی دروستکرد بێ ئەوەی کاریان لەسەر کرابێت , باوەڕ بە خۆبونێک هاوشێوەی هۆکارەکانی کەوتنی ناپلیۆن بە هۆکارە خودیەکانی نەک هیچی تر . لەدواجاریش دەرکەوت هۆکاری سەردانەکان شەڕی داعش بوو نەک کەسایەتی و کورسی و سیاسی لە بەرژەوەندی هەرێم . ئەمانە چەند نمونەیەکی سادە و ئاسایی بوون باس لە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و پەکخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیر و بڕیاری ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی و گوێ نەگرتن لە دۆست و نەیار و نەخوێندنەوەی نامەی نوسراوی ئەمریکاو …. زۆر نمونەی تریش لێدەگەڕێم , کە هەر یەكێک لە مانە بەسە بۆ شیکردنەوەی ورد لەسەر فەرمانڕەواییکردنێکی سیاسیانە و هۆشمەندانە و خێڵەکی و هەڕەمەکیانە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.