ئەو بۆ کوێ و ئێوە بۆ کوێ دەفڕن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 451 جار بینراوە

بەکر جۆڵا

فڕین بەجوت باڵ لەکایەی سیاسەتی ناوخۆیی ھەرێم, دەمێکە کردووتانەتە دەستەواژەیەکی سیاسی بەڵام بەویستی ئێوەی پارتی و بۆ کوێی مەبەست بێت بۆ ئەو شوێنە بفڕێت, ھەرێمتان کردبووە قەفەس بۆ ئەوەی تەنیا ئێوەمانان خۆتان ئازاد بفڕن و کەسی تر لەدەرەوەی ویستی ئێوە نەفڕێت, ئەوەی ئەم دواییانە ئێوەی بەڕێز دەتانەوێ تازە بەخەڵک بڵێن بەرھەم ساڵح دەفڕێت, لەکاتێکا باش دەزانن دەمێکە دەفڕێت و وەک مەلێکی ئازاد سەدای ئازادی و دادوەری بۆ گشت خەڵک دەچڕێت.

بۆ خۆتان ھیلاک کردووە چاوتان بە ھەنگاوە جوانمێرانەکانی دکتۆر ھەڵنایەت, خۆتان وتەنی ((مێرخاس)) انی سیاسەت ئەگەر دکتۆر یەکێک نەبێت, ئەوا بەو ڕەفتارانەتان بەتاکید ئێوەش نابن, دوور لە ڕق و کینە دەستتان بخەنە سەر ویژدان و دوور لە فۆبیا و کورسی و دەنگ و ناڕازی خەڵک, ڕاستییەکان بۆ خەڵک بدرکێنن کە بەرھەم ساڵح پێش ھەموو کەس بۆ پاراستنی چوارچێوەی دەسەڵاتی حکومڕانی کە ئێوە ئیدارەی دەدەن ھەنگاو دەنێت و نایەوێت لەوە زیاتر ھەرێم و خەڵکەکەی مەحروم بکرێت.

بە فڕین نوسین دەتانەوێ چاوی خوێنەر و چینی ڕۆشنبیر دابخەن یان پەردە بخەنە بەردەمیان بۆ ئەوەی وەک ئێوە واقیع بین نەبن و نەبینن, ئێوە چاک دەرکتان بەوە کردووە نەک ڕۆشنبیر و چینی ڕوناکبیر بەڵکو خەڵکی کوردستانتان لەسایەی سیاسەتە جوانەکانتانەوە بە بچوک و گەورە و کرێکارو بازرگانتان کردووە بە سیاسەتمەدار و ئێستا لە جاران زیاتر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی ئێوەمانان دەخوێنێتەوە.

ئێوە فڕیون
ئێوە بۆ ماندوو دەبن لەکاتێکدا خۆتان باش دەزانن بەرھەم ساڵح بەھەموو شێوەیەک لەھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاودایە لەنێوان ھەرێم و بەغداد بە ئاراستەیەک کە قەوارەی ھەرێم پارێزراو بێت لەچوارچێوەی عێڕاقێکی یەکگرتوودا, ئێوە ھاوارو ناڵەی سەربەخۆییتان نەگەیشتە کوێ؟ ئەی بۆ لانی کەم داوای لێبوردن لەو کەسانە ناکەن کە پاسپۆرتە عێڕاقییەکانیان سوتاند؟ ئێستا چۆن جوابی ئەو مەلایە دەدەنەوە کە سێ بەسێ عیڕاقی تەڵاقدا و ھەرێمی لێ جیاکردەوە؟ ئەمانەو چندان چۆن, چۆن و بۆی تر…

بەرھەم ساڵح پێش ڕیفرادۆم و ئێستاش دەڵێت تاران و ئەنقەرە و وڵاتانی تر نابنە فریادڕەسی چارەسەرکردنی مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیش, برادەرانی پارتی باش دەزانن تەنانەت دوو ساڵ پێش ڕیفراندۆم ئەو باسی چۆنیەتی ڕیفراندۆم و ڕێکەوتنی لەگەڵ عێڕق کردوو چونکە وتی کلیلی چارەسەری ئێمە لای بەغدایە نەک وڵاتانی تر, وەک ئێوە مانان پێش ڕیفراندۆم بلێن عێڕاقی یەکگرتوو کۆتایی ھاتووەو ئێمە لەمەودوا سەربەخۆ دەبین و دوای ڕیفراندۆمیش سەرکردە بەڕێزەکانی ئێوە بوون دەیانوت ھەولێر لەگەڵ پارێزگاکانی تری عێڕاق جیا نییەو ھەولێر پارێزگایەکی عێڕاقییە, ئێوە بۆ کوێ فڕیون و دەفڕن؟ ئایندەش وڵامی ئەوەمان دەداتەوە ئێوە زۆر وتتان بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی عێڕاقدا ناکەین !!

ئێوە بۆ کوێ فڕیون, دکتۆر لەوە تێگەیشتووە ئەم جۆرە لە سیاسەت و حکومڕانی و ڕۆژبەڕۆژ ژیانی ھاوڵاتییەکانی دەکەوێتە بەردەم دەم ئەڵماسانێک کە ئومێدی لێ بەدی ناکات ئەمە جگە لەوەی زەڕبەیان لەژیانی خەڵک داوا خەریکە مەودای دەسەڵاتی حکومڕانیش بچوک دەکەنەوە, بۆیە ژیرانە و دووربینانەتر لەوەی ئێوە بیری لێدەکەنەوە ھەنگاو دەنێت, ئەو بیری بۆ ئاییندەیەکی گەش و دادپەروەر و ئێوەش پۆست و پلەو پایە, خۆتان باشتر لەم ھەنگاوەی تێدەگەن و لەوە تێگەیشتوون ئەم سەردانەی سێ لایەن لە بازنەی وەفدێک بۆ بەغداد بەرگرییە لە سیاسەتی ئێوەش.

دکتۆر بەھەم ساڵح دەفڕێت
بەرھەم ساڵح ئەوکات دەفڕێت کە ھەستی کرد کوڕی کرێکارێکی ئەم وڵاتە ھاوشانییەتی لەبیرکردنەودا کە ھەوڵی بۆ بدات بەیاسا شوێنی خۆی بگرێت نەک پاڵپشتی فڵان و فیسار, ئەو دەفرێت بۆ ئەو شوێنەی نا ئارامی خێزانێکی ھەژار دەناڵێنێت کەس نییە ببێتە فریاد ڕەسی, ئەو دەفڕێت بۆ خەم خۆری ئەو کەسانەی کە کەس ناتوانێت دەرگایەکیان بۆ بکاتەوە و حیسابێکیان بۆ بکات, دەفرێت لەخەودا ڕادەچڵەکێ و خەو ماڵئاوایی دەکات کە مناڵێک یارمەتی باوکی دەدات قۆنەرەی خەڵک بۆیاخ دەکات بۆ ئەوەی ھاوسەنگی ژیانی بپارێزێت, و وازی لەخوێندن ھێناوە, ئەو ناڵەی ئەو دایکە خەبەری دەکاتەوە کە دوعا دەکات دکتۆرێکی حەکیم برینەکانی ئەم ھەرێمە چارەسەر بکات, کە خۆتان دەزانن کام سیاسیە بەڕێزانە دروستیان کردووە.

دکتۆر بەرھەم دەفڕێت بۆ ئەو شوێنەی کە ڕوئیایەک لە پاکسازی دروست بکات, نەک چاکسازی, ئەو شوێنەی خۆتان دەزانن چ کەسانێک پیسیان کردووە لە چاکسازی دەرچووە و پاکسازی زەروریەتی ئەو دۆخەیە, ھەست بە فڕینی دەکەن ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە بەڵام بۆ کوێ دەفڕێت ئەوەش پیشانی خەڵک بدەن و ڕێگە ڕاستەقینەکە بەخەڵک بڵێن و با خەڵک زیاتر بچێت بۆ لای.

دەفڕێت, بۆ ئەو شوێنەی کە نەک ناڕازییەکانی حیزبی دایک و باوکی لێیە, بەڵکو بۆ ئەو شوێنە کە ڕۆڵەکانی جەماوەری ھیچ حیزبێک نین, ئێوە ڕووئیای ئەو کەسانەی دوای ساڵانی ٢٠٠٠تان پشتگوێ خستووە بەڵام ئەو سەرەڕای پیاوان و ئافرەتان لەھەوڵی دروستکردنی ئومێدە بۆ ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوانە کە باوک و دایکیان چارەنووسیان نەبووە بببنە مەسئولێکی سیاسیی و وەک ئێوەی خەمخۆری ژیانی ھاوڵاتیانی ھەرێم.

بەرھەم ساڵح خەونی گەورەی بوون بەسەرۆک کۆماری عەقڵی خۆیەتی و خاوەن بیرێکی بەرپرسیارانەیە, ئەو لەو پۆستەیەوە دەیەوێت خەڵک وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت تەنیا جیاوازی پلەی ئەکادیمی و شیاوبوونیان بێت لە حکومڕانی ئەمڕۆ و سبەی, لەو دەرگایانە دەدات کە لێیان نەدراوە, بەڵام بەپێچەوانەی ئەوکەسانەی ساڵانێکە بۆ بۆ پۆست و بەرژەوەندی لەدەرگایان بدرێت.

ئێوە باشتر لە ئێمە ئەم پیاوە دەناسن چون ساڵانێک لەکایەی سیاسی دانیشت و کۆبوونەوەو تەنانەت لە پلە حکومییەکانیش بەریەکەوتنتان زۆر بووە و ئەو ھەڵسوکەوتەش دکتۆری لە ئێوە کردوەتە ئیمپڕاتۆری چارەسەری گشت کێشەکان بەڵام ناتانەوێ و مەبەستان نییە دانی پێدابنێن, ئێوە لەوە تێگەیشتوون کە چۆن دۆڵە ڕووتی کردە ھاوینە ھەوار, ئاواش دۆڵە ڕووتەکانی خاڵی لەبەرژەوەندی و حیزبایەتی دەکاتە کانگای سیاسەتێکی مۆدێرن و گونجاو بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرێتی خەڵکی کوردستان.

ئێوە ئەوکات دکتۆرتان باشتر ناسی کە سەرۆکی حکومەت بووە لە پلە وەزیفییەکەیدا ئامادە نەبووە یارمەتی دایکی بدات لەناو یەکێتی ئافرەتان, و پارەی تایبەتی بۆ دابین بکات و لە خەڵکی تر جیایی بکاتەوە, دایک خۆشەویستە بەڵام ئەو لەماڵ خۆی بە خزمەتکاری دایکی و لە وەزیفەشدا وەک خەڵک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد, ئەمانەو سەدان نمونەی تر کەواتە خۆتان باش دەزانن ئێوە بۆکوێ دەفڕن و ئەویش بۆ کوێ.
دکتۆر لەوە گەورەترە گرەو لەسەر دەنگ و ئەمانە بکات, دڵنیابن دەیەوێت خەونی دەنگ و شەڕو زەمکردنی حیزبایەتی لەسەر حسابی ژیانی ھاوڵاتی کۆتایی پێبێنێت و دەڵێت متمانەی خەڵک بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی دەوێت, خۆدزینەوە لەم بەرپرسیاریەتییە وڵات توشی داڕمان و ھەڵدێر دەکات, ئەگەر شایستە بە بەڵێنەکانیان گوێیان لێنەگیرێت.

لە تێڕوانینی خۆمەوە بۆ ئێوە و خەڵک ئەم چەند سەرنجەم خستە بەردەستتان, ئەگەر بزانم ئەم ھەنگاوانەی بۆچاوبەستنی خەڵکە ئامادە نیم یەک ھەنگاو و یەک دێر باسی دکتۆر بکەم, بەڵام ئەنجامی ژیرانەی بیرکردنەوەو تێڕامانم لەکۆی کایەی سیاسی ھەرێم و حیزبایەتی دەگەمە ئەو دەرەنجامەی زۆر کەس ھەیە دەیەوێت لەمپەری بۆ دابنێن و نەیەڵن بفڕێت بەڵام دەفڕێت بۆ مەغزاکانی دابینکردنی ژیانی خەڵک و چەسپاندنی عەدالەت.

وە گومانم لەوە ھەیە تەنانەت لەسەر ئەم جۆرە نوسیانانەش ئەگەر فەرمانبەردارێکی میری بوومایە چانسی ئەوەم ھەبوو دەربکرێم یان بگوێزرێمەوە بۆ شوێنێکی دوور لەو شوێنەی لێی دادەنیشم وەک سزایەک, دکتۆر و ھاوبیرەکانی ھەوڵی جددیش دەدەن لەم بوارە کە ھیچ کۆت و بەربەست و ئەم جۆرە ڕەفتارانە دووبارە نەبنەوە ئەگەر ڕوشیاندابێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.