کوردستان و قەیرانی بەدیلی سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 359 جار بینراوە

سمیع سابر

ئەگەر بمانەوێت سەیری وێنەی گشتی ژیانی کۆمەڵگایی کوردستانی بکەین لە هەموو سێکتەرەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی هەر سێکتەرێکی کە بیرت لێنەکردۆتەوە یاخود لە یاددت چۆتەوە هەژماری بکەی، ئەوا وێنەیەکت بۆ دەکێشرێت یان وێنەیەکت بۆ دەرئەچێت کە لێوان لێوە لە وێنەیەکی پر لە قەیران، وێنەیەک کە چەندە هەوڵدەیت و بیرکاریزانێکی باش بیت ناتوانیت جێگەی هەموو قەیرانەکان بکەیتەوە هەقی قەیرانەکان وەک خۆیی بدەیت، ناتوانیت دەستنیشانی قەیرانەکان بکەی وەک هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەر کردنیان، چونکە بە گوێرەیی زانستی سیاسیی گەر تۆ بتەوێت هەوڵی چارەسەری هەرکێشەیەک بدەیت، دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا کێشەکە دیاری بکەی یان تعریفی کێشەکەت بکەی دواتر لە قۆناغی دووەم هەوڵی چارەسەری بدەیت.

بەڵام لە ژیانی ئەمڕۆی کۆمەڵگایی کوردستانی کێشەکان ئەوەندە زۆر کەڵەکە بوون و بەسەریەکدا کەوتون، نەوەک ناتوانی کێشەکەت دیاری بکەی پێناسەی بکەی تەنانەت (ژماردنی کێشە)کان بۆتە کارێکی ئەستەم لە بەردەم (بڕیار بە دەستی سیاسی) کە نەتوانێت کێشەکان بەرەو چارەسەر ببات، بە گوێرەی هەندێک لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن کوردستان لە ئێستادا خاوەنی زیاتر لە (چل و دوو) قەیرانە، هەر لە قەیرانی سیاسی و ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی،بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێت سەرەنجی زیاتری بخەمە سەر و بیخەمە بەر ڕۆشنایی، لە چوارچێوەی قەیرانی سیاسی ئەویش قەیرانی (بەدیلی سیاسی)یە.

گەر لە مێژووی بیست و شەش ساڵەی تەمەنی سیاسی و حوکومڕانی کوردستان بڕوانین کە دەرئەنجامی ڕاپەرین و بڕیاری شەش سەدو هەشتا و هەشتی (ئەنجومەنی ئاشایش)ی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانە، لە چرکەساتی لە دایک بوونی ئەم کیانە سیاسیە حوکومڕانەکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەردوو پارتی سیاسی (ی.ن.ک و پ.د.ک) بووە تا ئەم چرکە ساتە، بۆ یە بەدەسکەت و شکستەکانی ئەم هەرێمە ئەم دوو پارتە خاوەنیانن، سەرەرایی ئەوەی کەم تا زۆر لە هەموو کابینەکاندا پارتی تر بەشدار بوون، سەڕەرایی ئەوەی کە پرساری جددی و جەوهەری هەیە لە چۆنیەتی بەشداریکردنیان.

بەڵام ئەو پرسیارەی کە دەبێت لێرەدا شیبکرێتەوە ئەوەیە، بۆچی ئەم هەمووە شکستە یەک لە دوای یەکە بەسەر ئەم هەرێمە هاتوە بەڵام تائێستا بەدیلی دەسەڵاتدارانی ئێستایی کوردستان ئامادەنین؟ئایا کێشەکە لە نەبوونی بەدیلی راستەقینەیە؟یان هێشتا هاوڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی ئێستا ماوە بۆ بە خۆداچونەوەیان؟ یان ئەوەتە ئەو هێزانەی کە خۆیان بە جێگرەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا دەزانن نە بوونەتە جێگایی متمانەی هاوڵاتیان؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەتوانین سود لە چەندین نموونە وەربگرین کە بۆچی ئەو هێزانەی تا ئەمڕۆ خۆیان بە بەدیلی دەسەڵاتداران دەزانن نە بوونەتە بەدیل بەشێوەیەک کە دەسەڵاتیان لێ وەربگرنەوە، ئەویش رووداوەکانی (شانزدەی ئۆکتۆبەر)ە، ئەم رووداوە زۆر بە روونی دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانەمان بداتەوە، ئەم رووداوە کاریگەری و قورسایی هێزی (نارازی سیاسی) کوردستانی بەدەرخست، کە تاچەند ئامادەبون بۆ ئەوەی لە هەر چرکە ساتێکی سیاسی و رووداوێکی سیاسی شوێنی دەسەڵاتدارانی ئێستا بگرنەوە، چونکە لە دونیایی دیموکراسی و سیاسی ئەمڕۆ هێزە (ئۆپۆزسیۆن)ەکان بەردەوام ئامادەن بۆ شوێنگرتنەوەی (پارتی حاکم) چونکە ئەرکی خۆی دەزانێت ئەویش بەدیلی پارتی دەسەڵاتدارە.

بەڵام گەر سەرەنجی هەڵوێستی ئەو پارت و هێزە نارازی و ئۆپۆزسیۆنەکانی دوێنێی باشوری کوردستان بدەیت لە سەر رووداوەکانی شانزدەی ئۆکتۆبەر، دەتوانین بڵێن هەڵوێستیان دروستکردنەوە بە هێزبونەوەی حزبی حاکم بووە، واتە بێ ئاگا لەوەی ئەرکی سیاسی ئەوان شوێنگرتنەوەی حزبی حاکمە بە شێوەیەکی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی نەوەک دروستکردنەوەیان، بۆ نموونە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆران کە خاوەنی هێزێکی گەورەی جەماوەری و بیست و چوار کورسی پەرلەمانە دووەم هێزی سیاسی کوردستانە تەنیا لە دەرکردنی بەیان خۆی مانبفێست دەکات، ئەوبش حوکومەنی (کاتی)ە، کەچی تائێستا هەر وەڵام نەدراوەتەوە لەلایان پارتی دەسەڵاتدار، ئەمەش خۆی لە خۆی دا بێ کاریگەری ئەم هێزە دەردەخات، هەروەها هەڵوێستی یەکگرتوی ئیسلامی و ئەمیندارەکەی، بەڕێز سەڵاحەدین بهادین سەردانی تورکیا دەکات تەنیا بۆ ئەوەی کە رێگەی سەردانی سەرۆک وەزیران بکاتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، دروستکردنەوەی ئەم پەیوەندیە ناشەفاف و ناتەندروستەی کە هەرێم لەگەڵ وڵاتی تورکیا هەی بوو بەتایبەتی لە سیاسەتی نەوت بەبێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەک و هێزێک ئاگاداری بێت، هەروەها هەڵوێستی (کۆمەڵی ئیسلامی)ش هەر لەم چوارچێوەیەدا خۆی ماڵاس داوە، ئەویش هەڵوێستی دووبارە کۆبوونەوەی (پێنج قۆڵی) بێ ئاگا لەوەی مێژووی کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکان چەندە بێ بەهایە و هیچی لێ سەوز نەبوە جگە لە کات کوشتن و دەستی بە دەستی کرنیان لەلایان پارتی دەسڵاتدارەوە.

بۆیە هەڵوێستی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی وەک هێزی دەرکەوتوی نارازی و ئۆپۆزسیۆنی دوێنی، خۆی مانیفێست دەکات لە سیاسەتی (دووبارە دروستکرنەوە)ی پارتی دەسەڵاتدار، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەی کە لە ئەرکە سیاسیەکەی خۆیان تێنەگەشتوەن، یان ئەوەی هەر لە بنەرەتەوە هێزی نارازی بەو دۆخە نەبوونە بۆ ئەوەی ببن بە جێگرەوە بەدیلی دۆخی سیاسی ئێستایی حزبی حاکم، ئا لەو چرکە ساتەوە ئێمەیان توشی قەیرانێکی تر کرد کە پێ دەوترێت قەیرانی بەدیل.

سەرچاوەی ئەم قەیرانە ئەوەیە کە نەتوانیان باوەڕ بە خۆیان بێنن کە بەدیلی سیاسی ئەم دۆخەن وە نەتوانیان باوەڕ بە هاوڵاتیان بێنن کە ئەوان جێگرەوەی ئەم دۆخەن لە هەر چرکە ساتێکی سیاسی، واتە کێشەکە کێشەیەکی دوو سەرەیە، لە ئەنجامی ئەم قەیرانە بەردەوام تەمەنی حزبی حاکم درێژبۆتەوە بێ ئەوەی ترسی لە هیچ هێزێک هەبێت وەک شوێنگرەوەی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.