لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی پەرلەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 382 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

لەوەتەی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵییەی کورد لەدوای راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ ەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتەوە گرتوە، چیینە رۆشنبیرەکەی کوردستان ھەمیشە لەبەرەی رەخنەگراندا بوە لەشێوازی بەڕێوەبردنو حوکمڕانی ئەم نوخبە سیاسیەی کە تا ئەمڕۆش حوکمی ھەرێم ئەکەن.. لەسەرەتادا رەخنەکان لەشێوازی حوکمڕانی فیفتی فیفتییەوە سەریھەڵدا ، دواتر کێرفەکە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نەگریسی ناوخۆدا بەرزتر بوەوە. ھەڵبەت رێکەوتننامەی واشنتۆنیش نەبو بە ھۆکارێک بۆ راستکردنەوەی وەزعەکەو بەرقەراربونی ئاشتبونەوەیەکی گشتی ، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەرئەنجامەکانی بون بە بەڵایەکی گەورەتر بۆ میللەتەکەمان، کە من لەنوسینێکی تایبەت بە یەکگرتنەوەی ھەردو ئیدارەکەی ئەو سای ھەرێمدا ئاماژەم بەوە دابو، کە یەکگرتنەوەی ھەردو ئیدارەکە زیانێکی گەورەتری لەکورد دا، بەوەی کەوا رۆحی مونافەسەی لەنێوان ھەردو زۆندا نەھێشت. ئەوە بو لەدوای یەکگرتنەوەی ھەردو ئیدارەکە پارتی ویەکێتی بەناوی رێکەوتنی ستراتیژی کەوتنە سەر دابەشکردنی داھاتەکانی ھەرێم لەنێوان خۆیاندا، بەتایبەتیش ئەو پشکە زۆرەی لەبەغداوە رژایە سەر ھەرێم کە بەملیاران دۆلاری ساڵانە دەخەملێنران. وابزانم قسەکانیشم ھاتنە دی، چونکە لەوەتەی ئەو ملیارانە دراونەتە ھەریم ، گەندەڵی و دزیو فزی دەسەڵات گەیشتە ترۆپکەوە و تا ئەمڕۆش ھیچ ھێزێک نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ئەو گەندەڵیە بکات.

لەو ساوە تا ئەمڕۆ زێدەڕۆیی نیە بڵێم دەیان ھەزار وتارو لێدوان لەلایەن رۆشنبیرانی کوردەوە نوسراو وتراون کە ھەموشیان رەخنە بوە لەم دەسەڵاتە حیزبیە، سەرباری ئەو رەخنە زۆرانەش ، دەیانجار خۆپیشاندانی جەماوەریش رویداوە لەدژی گەندەڵی و ناعەدالەتی و بەفیرۆدانی سامانی میللەتەکەمان، بەڵام بەدرێژایی ئەو بیستو شەش ساڵەش ھیچکات دەسەڵات نە وتاری نوسەرانی خوێندۆتەوە، نە گوێشی داوەتە رەخنەکانیان، ئاوڕیشی لەداواکاری خۆپیشاندەران نەداوە، بەڵکو ھەم خۆپیشاندانەکانی سەرکوت کردوە، ھەم بەشێک لەنوسەرە بوێرەکانیشی تیڕۆرو دەمکوت کردوە، راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافو ئازادییەکان شاھیدی ئەو ھەمو پێشلێکارییانەن کەبەرامبەر نوسەرو رۆژنامەنوسو رۆشنبیرانی کورد ئەنجامدراون.

لێرەدا بۆمان دەرئەکەوێ کەوا بەھۆی دیکتاتۆریەتی دەسەڵات و تاکڕەویی حیزبی حاکم، ھیچکات رۆشنبیر نەیتوانیوە رۆڵێکی کاریگەر ببینێ لەگۆڕانکارییەک کە میللەت چاوەڕیی ئەکات.. زۆرجار لێرەو لەوێ ھەندێ ھەوڵو کۆششی بەشێک لە نوسەرو رۆشنبیرە ئازادەکان ئەبیستین سەبارەت بە یەکخستنی بەشێک لەچیینو توێژەکانی کۆمەڵگە، تەنانەت بەم ئاخیرە ھەندێ ھەوڵیش دراون بۆ ئەوەی لەدەرەوەی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەی ئێستا جۆرێک لەھاوپەیمانی دروست بکرێ لەنێوان حزبەکان بۆ روبەروبونەوەی ھێزەکانی دەسەڵات لەھەڵبژاردنەکانی داھاتودا، بەتایبەتیش ئێستا وەزعەکە لەبارە بۆ کارکردن لەسەر فۆرمێکی تازە کە بەدەر بێت لەفۆرمە سواوەکەی پێشتری حیزبانی دەسەڵات.. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە” بۆچی رۆشنبیرەکان خۆیان بیر لەیەکخستنی تواناو ریزەکانی خۆیان ناکەن بۆ ھاوپەیمانییەک کە بەلیستێکی ھەڵبژاردنەوە بێنە سەر ساحەکەو چانسی خۆیان تاقیبکەنەوە بۆ بەشداریکردن لەدەسەڵات و بریاری سیاسی لەکوردستاندا؟.

لەدوای بیستو شەش ساڵی رێک لەئەزمونێکی شکستخواردوی حیزبە کلاسیکیەکان، دوای ئەو ھەمو ھەلە مێژووییەی بۆ کوردو حیزبەکانی ھەڵکەوت بۆ دامەزراندنی حوکمێکی رەشید و دیموکراتخواز، دەرکەوت کە ئەم دەسەڵاتە تەقلیدییەی ھەرێم ھیچی لەباردا نیەو توانای خۆ گۆڕینی نیەو، ئەوانە تەنھا لەگەندەڵی ودزیو فیزیدا وەستاو شارەزان، لە مەسەلەی حوکمرانیشدا کۆلەوارو دواکەوتون، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە وەکو مەسەلە عەرەبیەکە ئەڵێ ” بەدستی خۆم ، نەوەک بەدەستی عەمر” خۆیان موبادەرە بگرنەدەست و ریزەکانیان یەکبخەن و لیستێکی ھەڵبژاردن ئامادە بکەن کە تەنھا ئەو رۆشنبیرە ئازادانە لەخۆ بگرێ کە چەندین ساڵە ھەوڵی گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەدا ئەدەن. تەنانەت ئەگەر نەتوانن کورسی پێویستیش بێنن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، لانیکەم ئەگەر یەکدو کورسی پەرلەمانیش بەدەست بێنن ئەوسا ئەتوانن شەڕی خۆیان بگوازنە ناو پەرلەمانەوە و لەوێ روبەروی ناعەدالەتیو گەندەڵی ببنەوە ، ھەر لەوێش دەتوانن دەنگی خۆیان بگەیەننە دەسەڵات و لێپرسینەوەش بکەن لەگەندەڵکاران و کارێک بکەن لەبەرژەوەندی میللەتەکەیاندا بێت.

پێموایە تەنھا لەو رێگایەوە کە ئێستا ھەلەکەی گونجاوە دەتوانن درێژە بە شەڕی خۆیان بدەن لەپێناو چەسپاندنی دەسەڵاتیکی دادپەروەرو دیموکرات کە میللەت لەژێر سایەیدا بحەسێتەوەو، کۆتاییش بەم ھەمو کارەساتو نەھامەتیانە بێنن کە ئێستا وڵاتەکەمانی وێران کردوە.. با ئەمجارەیان بەدەستی خۆمان گۆڕانکارییەکە بکەین ، نەوەک بەدەستی عەمرو زەید..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.