لیستی ئیسلامی لە کوردستان و رەتکردنەوەی ئەمریکی

لەلایەن ستاندار Posted on 365 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد
ئەو کۆبونەوانەی کە ١٨ی ئەم مانگە مەکگۆرگ لەگەڵ چەند لایەنێکی ھەرێم ئەنجامیدا و، ئیسلامیەکان بەشێک نەبون لە ئەجێندای کۆبونەوەکانی نوێنەرەکەی سەرۆکی ئەمریکا ئەو پرسیارەی وروژاند ئایا ئەمریکا ئیتر نایەوێ جارێکی تر قسە لەسەر ئاییندەی ھەرێم بکات لەگەڵ ئیسلامیەکان؟ ئەو بایکۆتکردنە چ پەیامێکی گەیاند؟

ئیدارەی نوێ ی ئەمریکا کە تڕەمپ سەرۆکایەتی دەکات ئیدارەیەکی تەواو جیاوازە لەوانەی پێش خۆی، ئەوەش تەنھا لە فۆرمی مامەڵە نیە لەگەڵ ئیسلامیەکان بەڵکو زۆر بواری تریشی گرتۆتەوە، شکست پێھێنانی ئیخوان لە میسر و دەرکەوتنی داعش و ئێستاش ئاوابونی کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دروستکردوە بە ئاراستەی ئیسلامیەکان، ئەوە جگە لە شکستی ئەزمونی ئیخوان لە سوریا و عێراق و ئوردن و شوێنانی تریش.

ھەموو ئەو گۆڕانکاریانە وای کردوە ئەمریکا چیتر جیاوازی نەکات لە نێوان ئیسلامیی ئەوەی پێی دەڵین (میانڕەو) لەگەل ئیسلامی رادیکال یان توندئاژو، پێشتر ئەمریکا بەھۆی گەندەڵی و شکستی دەسەڵاتدارەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و ویستی شەقام بۆ حوکمێکی میانڕەوی ئیسلامی تا ڕادەیەک جیاوازی دەکرد و، پێ ی خراپ نەبو ئەگەر ئیسلامیەکان بێنە دەسەڵات بەو مەرجەی ھەڕەشە نەبن بۆ سەر ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام ئیدارەی نوێ ی تڕەمپ ئەو تێگەیشتنەی کۆتایی پێھێنا ئەویش بە ھەوڵەکانی بۆ ئەوەی ئیخوان موسلیمین بخاتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی، بەڵام بەھۆی رێگریەکان لە کۆنگرێس و ئیدارەکەی پرۆسەکە تاکو ئێستا سەری نەگرتوە، واتە مامەڵە لەگەل ئیخوان بەشێک نیە لە ئەجێندای سەرۆک تڕەمپ.

لەلایەکی تر دامەزراوەی “ھیریتیج”ی ئەمریکی بۆ توێژینەوە حەوت پێشنیاری ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کردوە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئیخوان موسلیمین لە یەکێکیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پێویستە ئیدارەی ئەمریکا پەیوەندی لەگەڵ ئیخوان و رێکخراوە ھاوشێوەکان بپچرێنێت و وەک دۆست سەیریان نەکات، ئەوەش گۆڕانێکی گەورەیە لەگەل مامەڵەی ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ھێزە ئیسلامیەکان.

لە ھەرێمی کوردستان ئێستا دەنگۆی دروستکردنی لیستی ئیسلامی دوبارە ھاتۆتەوە پێش. بەتایبەت یەکگرتوی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی زۆر جەختی لێدەکەنەوە، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو جەندجارێک جەختی لەوە کردۆتەوە یەکگرتوو دەبێتە ھەوێنی لیستی ئیسلامی، لە کاتێکدا کۆمەڵی ئیسلامی بەو پێیەی پێی وایە ھەڵوێستەکانی جیاواز بوە لە ماوەی رابردوو وە ئەوەش یاریمەتی دەدات بۆ ئەوەی کوردسیەکانی زیاد بێت زۆر بەدەم ئەو بانگەوازەوە نایەت، سەلیم کۆیی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵ رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە لێدوانێکدا گوتی لیستی ئیسلامی کۆتایی ھاتوە و، ئەوان بە تەنھا بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکەن.

بۆ ئەوەی ئیسلامیەکان بتوانن خۆیان لەگەل قۆناغی نوێ بگونجێنن دەبێ لە خەونی لیستی ئیسلامی بێنە دەرەوە،وەک چۆن ئەوە بۆ ھێزە چەپەکانیش ڕاستە، ئیسلامیەکان لە باشترین حاڵەت دەتوانن شەری دەنگی ١٨% خەڵک بکەن، بەڵام ئەگەر خۆیان دەرباز بکەن لەو تەوقە شەری دەنگی زۆرینە بکەن.

بونی بەرەیەکی رانەگەیەنراو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و ئێستاش چونە ناو بەرە لەگەڵ گۆڕان دواتریش ھاوپەیمانی کۆمەڵی ئیسلامی کردۆتەوە رەقەمێکی گەورەتر لەوەی ھەیە، لەکاتێکدا ئەو خاوەنی تەنھا شەش کورسیە، بەڵام چونکە چۆتە ناو بەرەیەکی گەورە وای کردوە کۆمەڵ ببێتە رەقەمێکی گەورەتر، ئەوەش دەریدەخات ئەگەر لە ئاییندە پاشگری ئیسلامی لەخۆیان بکەنەوە لەگەڵ ھەندێ گۆڕانکاری لە فیکری سیاسیان دەتوانن کاریگەری زیاتریان ھەبێت، ئەوە بۆ یەککگرتووش ھەر ڕاستە.

دواجار دەبێ حیزبە ئیسلامیەکان بزانن ئەگەر ئەوان دەیانەوێ ببنە ھێزی کاریگەری ئەو قۆناغە و ئاییندە دەبێ یەکەم پێداچونەوە بە خۆیاندا بکەن ھاوشێوەی ئەزمونی نەھزەی تونسی و عەدالە و تەنمیە لە مەغریب و تورکیا، بە واز ھێنان لە ھەندێ خیتابی سیاسی تەقلیدی ئیسلامی کە ھی سەرەتاکانی سەدەی رابردوە، ھەروەھا ھەوڵبدەن بەپێداگرتر بچنە ناو بەرەی فراوانتر لە ئیسلامی سیاسی، بەتایبەت ئێستا ئەو بەرەی کە (گۆڕان، کۆمەڵ، ھاوپەیمانی) ڕایانگەیاندوە
ئەوە وادەکات بتوانن ھەم لەسەر ئاستی ناوخۆ زیاتر گەشەبکەن، ھەمیش لەسەر ئاستی دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەولەتی باشتر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.