بۆچی ئەم ھێزانەی ئەمرۆی باشور ناتوانن گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدەن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 419 جار بینراوە

سەڵاح زانا

کێشەی سەرەکی ھەرێمی کوردستان سیستەمە نەک دەستەڵاتی سیاسی . ھێزە سیاسیەکان لە بری کارکردن بۆ دەستکاری کردنی سیستەم ھەوڵ دەدەن بۆ گۆڕینی دەستەڵات . لە کاتێکدا دەستەڵاتی سیاسی تەنیا نوێنەرایەتی دیوە زەقەکەی سیستەم دەکات ، بۆیە گۆڕینی دەستەڵات تەنیا گۆڕینی روخساری دەرەوەی سیستەمە ، نەک سروشتی سیستەمەکە .

بۆ ئەوەی بتوانین دەستکاری سیستەم بکەین ، پێویستە بە باشی بیناسین ، ھەوڵدان بۆ خوێندنەوەی سیستەم بە شێوەیەکی دروست زیاتر ئەرکی بیرمەند و رۆشنبیرانە . بۆیە پێویستە رۆشنبیرەکانمان ھان بدرێن بە ئاراستەی لێکۆڵینەوە لە دیوە شاراوەکانی سیستەم . تاکو لەو رێگەیەوە بتوانرێ میکانیزمێکی گونجاو دەست نیشان بکرێ ، بە مەبەستی ئەنجام دانی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە سیستەمدا .
ھەر ھێزێک ئەگەر خوازیاری ئەنجام دانی گۆڕانکاری گەورە بێت لە سیستەمدا ، پێویستە خاوەن رێبازێکی فیکری پێشکەوتو بێت . بۆ ئەوەی ھەم کادیر و ئەندامەکانی لەسەر بنەمای ئەو رێبازە فیکریە پەروەردە بکات ، ھەمیش بەپێی ئەو بنەما فکریە ھەوڵ بدات کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست بکات . ئیمرۆ ھیچ ھێزێک لە باشوری کوردستاندا بونی نیە ، کە خاوەنی پڕۆژەیەکی سیاسی گەورە بێت . بۆیە ھەم ئاکاری کادیر و ئەندامەکانیان لە یەکتر دەچێ و ھەمیش تێڕوانینیان بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی تارادەیەکی زۆر چوون یەکە .
قەیران و کێشەکانی ھەرێم تەنیا لە ئیفلیجی حکومەت و پەرلەماندا کۆنەبوەتەوە ، بەڵکو ھەمو دامەزراوەکانی وڵات توشی پوکانەوە و سستیەکی زۆر ھاتون . لە ھەمووی ترسناک تر کەسیەتی تاکی کوردی دوچاری داروخانێکی گەورە بووە . بۆیە ئەرکی ھێزە سیاسیەکانە لە کوردستاندا بەر لەوەی بیر لە گەیشتن بە دەستەڵاتی سیاسی بکەنەوە ، دەبێ بیر لە چاکسازی سەرجەم دامەزراوەکانی وڵات بکەنەوە . لە ھەمووشی گرنگتر ، پێویستە بنیات نانەوەی کەسیەتی تاکی کورد بە ئەرکی لە پێشینەی خۆیان بزانن . بەڵام ھێزە سیاسیەکانی باشور ئەوەندەی ھەڵپەی گەیشتن بە دەستەڵات دەکەن ، ئەوەندە بایەخ بە دژایەتی کردنی گەندەڵی نادەن لەنێو دامەزراوە جیاجیاکانی وڵاتدا .
لە دۆخی ئەمرۆی کوردستاندا بیرکردنەوە لە ئەنجام دانی گۆڕانکاری و چاکسازی لە رێگەی گرتنە دەستی دەستەڵاتەوە بێ سودە ، چونکە تا ئێستا زەمینەی دروست بوونی حکومەتێکی بەھێز و سەردەمیانە نەرەخساوە ئەمەش لەبەر چەندین ھۆکار ، کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن .
ا) تا ھێزی میلیشیا لە کوردستاندا بوونی ھەبێ ، زەمینەی دروست بوونی دەستەڵاتێکی مەدەنی لە ئارادا نابێ .
۲)ھەڵبژاردن لە کوردستاندا پرۆسەیەکی پاک و بێ گەرد نیە ، ھیچ گەرەنتیەک نیە لە ھەڵبژاردنی ئایندەشدا بەو شێوە نەبێ . بۆیە لە رێگەی ئەو پرۆسەیەوە ، ناتوانرێ گۆڕانکاری لە دەستەڵاتی سیاسیدا بکرێ . لە ھەمووشی خراپتر ئەوەیە ، کە ھەموو جار ھەڵبژاردن شەرعیەت دەداتە دەستەڵاتێکی ناڕەوا و ستەمکارەوە .
۳)پڕۆسەی دەستاو دەست کردنی دەستەڵات لە ھەرێمی کوردستاندا ، کارێکی زۆر ئەستەم و نەکردەیە . چونکە ھەردوو حیزبی دەستەڵات ( پارتی و یەکێتی )، چارەنووسی خۆیان وابەستە کردوە بە مانەوە لە دەستەڵاتدا .
٤)ئەگەر لە ھەندێ دۆخی نائاساییدا ، ئاڵوگۆڕیش لە ھەندێ پۆستی گرنگدا روو بدات ئەوا ھێزە سیاسیەکانی تر ناتوانن لەو پۆستانەدا بەپێی پێویست مومارەسەی دەستەڵاتەکان بکەن . بەڵگەش بۆ ئەم راستیە ، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانە لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای ھەڵبژاردنەکانی (۲٠۱۳) ، وە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانیە لە لایەن ھەڤاڵ ئەبوبەکر ( ھەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان ) ، کە نەیان توانیوە دەستەڵاتەکانی خۆیان بە باشی مومارەسە بکەن .
٥)ھێزە سیاسیەکای دەرەوەی دەستەڵات ، لەبەر ئەوەی خاوەنی پڕۆژەیەکی فیکری و سیاسی گەورە نین ، وە کادیرەکانیشیان لە رووی فیکری و سیاسیەوە بە باشی پەروەردە نەکراون ، ئەگەر بتوانن دەستەڵاتی سیاسیش بگرنە دەست ، ئەوا ناتوانن گۆڕانکاریەکی گەورە لە سیستەمی سیاسیدا ئەنجام بدەن .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو باوەڕەی کە کوردستانی باشور پێویستی بە ھێزێکی تەواو جیاوازتر ھەیە ، کە خاوەنی رێباز و پڕۆژەیەکی فیکری پێشکەوتوو بێت . بە جۆرێ بەر لەوەی ھەنگاو بنێ بۆ گرتنە دەستی دەستەڵات ، بتوانێ گۆڕانکاریەکی گەورە لەسەر ئاستی سیستەم و کۆمەڵگادا ئەنجام بدات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.