بۆ کاک ئەبوبەکر ھەڵەدنی، لەھەرکوێیەک بێت

لەلایەن ستاندار Posted on 385 جار بینراوە

جەمال حسێن

ھەندێک دەنگ و قەڵەم و ئەقڵی نەخوێندەوار ھەن، کەھەموو رەخنەو سەرنجێک لەسەر ھەڵوێستی ھێزێک یان کەسێکی ئیسلامی یەکسان دەکەنەوە بەڕەخنەو سەرنج لەسەر خودی ئیسلام. تۆ دەڵێی داعش ھێزێکی تیرۆریستە، دڕندەیەو ھیچ بەھایەکی ئەخلاقی لانیە، ئەو دەڵێ خەتای شیعەیە و تۆ دژی ئیسلامی، تۆ دەڵێی فڵان حیزبی ئیسلامی دژی کوردە، ئەو دەڵێ تۆ رقت لەئیسلامە، تۆ دەڵێی ئەردۆگان درۆدەکاو ئیسلام بەکاردێنێ بۆ بەھێزکردنی خۆی و گەوجاندنی موسڵمانان، ئەودەڵێ تۆ دژی شەریعەتی، کە وتیشت بەرگری عەفرین بەرگریە لەبونی کوردو، تورک بەناوی ئاینەوە دژایەتی کورد دەکەن، پێت دەڵێن ئاخر یەپەگە عەلمانیە. ئەمانە ھەمیشە ھەزار بیانوی پوچ و قسەی بازاڕی و فەتوای بێگانەیان بەدەستەوەیە بۆ شەرعیەت دان بەداگیرکاری تورک و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاری ئاینی و ئەخلاقیان.

لەبەرامبەریشدا کەسانێک ھەن ھەموو سلوکێکی ھەڵەی ئیسلامیەکان دەبەستنەوە بەخودی ئیسلام خۆیەوە، قسە حازرەکەیان ئەوەیە، ئەوەی ئەوان دەیکەن ئیسلام فێری کردون، بەمەش دەیانەوێ بڵێن ھەڵەی ئەوان ھەڵەی خودی ئیسلامە، ئەمانە ھیچ جوانی و باشیەک لەئایندا نابینن، قسە سواوەکەشیان ئەوەیە تیرۆر جەوھەری ئیسلامە. بەلای منەوە ئەم دوو بۆچونە چەندیش ناکۆک خۆیان نمایش بکەن، چەند دەربڕین بن لەدووسەنگەری ئایدۆلۆژی جیاواز، بەڵام ھەردووکیان لە سادەبینی و دۆگمایەکی ئایدۆلۆژی کوشندەدا دەژین. وەکو چۆن کەسانێک ھەن بەناو عەلمانی و دیموکراسین، بەڵام لەستەمکاریی زیاتریان بەرھەم نەھێناوە، لەبەرامبەریشدا ئیسلامیش ھەیە ھەربەڕاستی پێی وایە ئەوەی لەعەفرین دەگوزەرێ فەتح و غەزایە. راستان دەوێ نۆکەرایەتی بۆ بێگانە و پشتیوانی لەھێزی داگیرکەر بیدعەیەکی ئیسلامی نیە لەناو کورددا، وەکو چۆن ھەموو ئیسلامیەکیش بەنەتیجە مەرج نیە کوردپەروەر بێ و بەردەوام لەبەرەی گەلەکەی بێت. بەڵام ئەم قسەیە کاتێک دێتە سەر، پیاوێکی وەکو کاک ئەبوبەکر ھەڵەدنی و ھاوشێوەکانی لەناو ھێزە ئیسلامیەکان، ئەم ھاوکێشەیە قڵپ دەبێتەوە، ئەوکات تێ دەگەی کەئەمانە پەروەردەی ئایندارییەکن کەتیایدا کوردبون، نیشتیمانی بوون و موسڵمان بوون ئاوێتەبون و شتێک جیایان ناکاتەوە.

بێگومان هەڵەدنی تەنھا کەسایەتی ئیسلامی نیە کەبەردەوام لەسەنگەری نەتەوەکەی بوە، بەڵام یەکێکە لەودەنگە دیارانەی کەفەرمودەکە لەبارەیانەوە ئاماژەی پێکردوە، ئەوانەی دەنگی قسەی حەق لەبەرامبەر ستەمکاران ھەڵدەبڕن، وەکو قورئانیش فەرمویەتی لەلۆمەی لۆمەکارانیش ناترسن. من کە لە ژیانم تەنھا یەک جار بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ ئەوپیاوەکردوەو لەبەرامبەر ھەڵوێستێکی تری مەردانەی دەست خۆشیم لێ کردوە، لێرەدا پێی دەڵێم ئێوەو ھاوشێوەکانت زیاد لەھەرکەسێکی تر دەبێ دەنگ ھەڵبڕن، چیتر ڕێگەنەدەن ئەم ئاینە نازدارە بکرێتە یارییەک بەدەستی سوڵتانەکانی ستەمکاری، ئەوانەی کەی ویستیان شەڕ رادەگەیەنن بەناوی خوداو، هەر کاتێکیش ویستیان بەناوی ھەمان خوداوە دەیوەستێنن. ئێوە بەم ھەڵوێستە ئاینییەتان پێش ھەرشتێک بەرگریتان لەئاین کردوە، ئەوجار لەنەتەوەکەتان، بۆیە ھیچم نیە بیڵێم تەنھا ئەوەنەبێ: تۆ ھەمیشە پیاوێکی مەردو سەربەرزبوی. مایەی شانازی بۆخۆت و بۆھەموو ئەوانەش وەکو تۆ بیر دەکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.