ئایا ئه‌ردۆغان سته‌مكاره‌ یان له‌سه‌ر حه‌قه‌؟

لەلایەن ستاندار Posted on 598 جار بینراوە

ئایا ئه‌ردۆغان سته‌مكاره‌ یان له‌سه‌ر حه‌قه‌؟

ئاشتی شێخانی
له‌ده‌سپێكدا به‌دوای وڵامدا ده‌گه‌ڕێین بۆ ئه‌و پرسیاره‌و بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌ردۆغان و له‌شكره‌كه‌ی له‌سه‌ر حه‌قن و مافی خۆیانه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر عه‌فرین و وێرانی بكه‌ن؟
لێره‌دا مادام بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كوشتن و ڕژاندنی خوێنی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌، پێویسته‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی زوڵم و سته‌مه‌وه‌ شرۆڤه‌ی بكه‌ین..
هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه‌ مافی خۆیه‌تی توركیا پارێزگاری له‌ سنوره‌كانی بكات، لێره‌دا ده‌پرسین ئایا ماف بوون ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ سنووری خۆت ببه‌زێنی و له‌وڵاتێكی تر شارێك وێران بكه‌ی و به‌ بیانووی تیرۆره‌وه‌ له‌شكركێشی بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌م لێكراو بكه‌ی له‌ ئاسمان به‌ 70 فڕۆكه‌و له‌ زه‌ویشدا به‌سه‌دان تانك و ده‌بابه‌و سوپاو جه‌ندرمه‌وه‌و چه‌ندین چه‌كی جۆراو جۆری له‌سه‌ر تاقی بكه‌یه‌وه‌؟ مه‌گه‌ر جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م ئه‌و عیتاد و تاقم و تفاقه‌ بێ هه‌ژماره‌ی تیا به‌كار هاتبێ؟
یان ئه‌وه درێژه‌پێده‌ری ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌یه‌ كه‌ به‌درێژایی مێژووی توركیا به‌ عه‌لمانی و ئیسلامیه‌وه‌ له‌گه‌لی كوردی كردوه‌و نایه‌وێ زمانێكی جیاواز و نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز و ڕه‌نگێكی جیاواز هه‌بێ له‌ ئێستاو داهاتووی توركیاو ناوچه‌كه‌..
مه‌گه‌ر هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ له‌ناو بردنی تیرۆره‌ یان بۆ پاراستنی كورسیه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و سه‌رقاڵ كردنی سوپایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات؟ ئاخۆ له‌ عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان كێ هه‌یه‌ تیرۆرست نه‌بێ؟ كام ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆژنامه‌و میدیاو سه‌ركرده‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان هه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی سزاو دادگاو به‌ند كردن نه‌بووبێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان له‌ ئه‌ردۆغان گرتووه‌؟
مه‌گه‌ر سوڵتان وه‌فای بۆ هاوڕێ و مامۆستاو هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی هه‌یه‌ له‌نمونه‌ی عبدالله گول و احمد داود ئۆغلۆ و فتح الله گوله‌ن و ده‌یانی تر كه‌ ئێستا له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتوون و گۆشه‌گیر كراون چونكه‌ بۆچوونی جیاوازیان هه‌بووه‌و به‌ ئاوازی ئه‌ردۆغان نه‌یانخوێندووه‌..
له‌ڕاستیدا به‌ڕێز ئه‌ردۆغان به‌ دیموكراسی هاتی و به‌دیكتاتۆری ده‌ڕۆی، ئه‌و ئاگر و شه‌ڕ و له‌شكر كێشیه‌ت دووره‌ له‌ به‌های ئاین و ئیسلام و زوڵم و سته‌مێكی بێ وێنه‌یه‌و سته‌مكاره‌كه‌شی تۆی…. به‌ڵێ تۆ سته‌مكاری… هه‌ڵسوكه‌وتت هیچ جیاوازیه‌كی نیه‌ له‌گه‌ڵ شه‌معون بیرز و بنیامین ناتانیاهۆو تره‌مپ و….هتد، به‌ڵكو ئه‌وان له‌ تۆ باشرتن چونكه‌ هیچ نه‌بێ بۆ ناوخۆی خۆیان دادپه‌روه‌ر و دیموكراسین و له‌باشترین حاڵه‌تتدا به‌ بێ باوه‌ڕ و دوژمن و خوێنمژیان ده‌زانین… ئه‌ی تۆ به‌كام وشه‌و به‌كام پیت پێناسه‌ بكه‌ین؟ جیاوازی تۆ و شا سه‌لمان و عبدالفتاح سیسی و قه‌زافی و ده‌یان دیكتاتۆری تر چیه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانی جوله‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئێوه‌ شوناسی موسڵمانه‌تی و ئیسلامه‌تیتان له‌ ده‌فته‌ر نفوسه‌كه‌ بۆ نوسراوه‌و بۆ به‌رگری له‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی خۆتان ئاین و ئیسلام به‌كار ده‌هێنن و بۆ سه‌ركوت كردن و ئیباده‌ كردنی نه‌ته‌وه‌كانی تریش هه‌ر ئاین و ئیسلام به‌كار ده‌هێنن…
خودای گه‌وره‌ له‌ ده‌یان ئایه‌تتدا باسی زوڵم و سته‌م ده‌كات و حه‌رام و قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌و به‌و گه‌وره‌ییه‌ی خۆی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی نه‌ له‌ دونیاو نه‌ له‌ دواڕۆژ زوڵم و سته‌م له‌ كه‌س ناكات به‌ قه‌ده‌ر گه‌ردیله‌یه‌ك بۆ نمونه‌:
1. (وَمَا اللَّهُ يُرِيدُ ظُلْمًا لِّلْعِبَادِ) غافر: 31.
2. (وَمَا اللَّهُ يُرِيدُ ظُلْمًا لِّلْعَالَمِينَ) آل عمران: 108.
3. (وَمَا رَبُّكَ بِظَلَّامٍ لِّلْعَبِيدِ) فصلت: 46.
4. (إِنَّ اللَّهَ لَا يَظْلِمُ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ) النساء: 40.
5. (إِنَّ اللَّهَ لَا يَظْلِمُ النَّاسَ شَيْئًا وَلَٰكِنَّ النَّاسَ أَنفُسَهُمْ يَظْلِمُونَ) يونس: 44.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ خودا ئاگاداری پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵان ده‌كات كه‌ توغیان نه‌كه‌ن و سنوور نه‌به‌زێنن و نه‌چنه‌ پاڵ سته‌مكار و مه‌یلیان نه‌بێ بۆ لای..:
(فَاسْتَقِمْ كَمَا أُمِرْتَ وَمَن تَابَ مَعَكَ وَلَا تَطْغَوْا ۚ إِنَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ، وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ وَمَا لَكُم مِّن دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنصَرُونَ) هود: 112-113.
پێغه‌مبه‌ریش د.خ له‌ فارمایشته‌كانی زۆر باسی زوڵم و سته‌می كردووه‌و ئاگاداری كردووینه‌ته‌وه‌ كه‌ زوڵم و سته‌م تاریكیه‌، بۆ نمونه‌:
1. (يا عبادي إني حرمت الظلم على نفسي وجعلته بينكم محرما فلا تظالموا…) رواه مسلم.
2. (إِيَّاكُمْ وَالظُّلْمَ، فَإِنَّهُ ظُلُمَاتٌ يَوْمَ الْقِيَامَةِ…).
3. (اتَّقُوا الظُّلْمَ، فَإِنَّ الظُّلْمَ ظُلُمَاتٌ يَوْمَ الْقِيَامَةِ…) أحمد، بخاري، مسلم.
ئه‌ی سته‌م و زوڵم ماڵ وێرانی و وێرانكاری له‌دوای خۆی به‌جێ ناهێڵێ، ژن بێ وه‌ژن ناكا، جه‌رگی دایك ناسوتێنێ؟ ابن خلدون له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رمووێ: (وان الظلم مؤذن بخراب العمران) ديوان المبتدأ والخبر، ص: 45.
ئێستا تۆ جه‌نابی ئه‌ردۆغان ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ (به‌لقیس) پاشای (سبأ) به‌ وه‌زیر و دار و ده‌سته‌كه‌ی گوت و خوداش جه‌ختی له‌ قسه‌كه‌ی كرده‌وه‌و قورئانیش تۆماری كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ورۆ له‌سه‌ر تۆ جێ به‌جێی بكه‌ین… كه‌ ده‌ڵێ: (إِنَّ الْمُلُوكَ إِذَا دَخَلُوا قَرْيَةً أَفْسَدُوهَا وَجَعَلُوا أَعِزَّةَ أَهْلِهَا أَذِلَّةً..) خوداش جه‌خت له‌قسه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ: (وَكَذَٰلِكَ يَفْعَلُونَ) النمل: 34.
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین خودا باوكه‌ ئاده‌م و دايكه‌ حه‌وای ئاگادار كرده‌وه‌ له‌وه‌ی نه‌چنه‌ ڕێزی سته‌مكاران به‌هۆی نزیك بوونه‌وه‌و خواردنی ئه‌و داره‌ی كه‌ پێویسته‌ نه‌یخۆن چونكه‌ فه‌رمان شكێنیه‌… ده‌فه‌رموێ: (وَلَا تَقْرَبَا هَٰذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ) البقرة، 35.
ئایا ئه‌گه‌ر به‌خواردنی دارێكی قه‌ده‌غه‌ كراو ببێ به‌ سته‌مكار و زاڵم، ئه‌ی ئه‌گه‌ر خوێنی مرۆڤ بڕێژێ كه‌ حه‌رام و قه‌ده‌غه‌ كراوه‌و عه‌داله‌ت و دادپه‌روه‌ری و چاكه‌كاری پێشێل بكات كه‌ خودا فه‌رمانی پێكردووه‌ (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ) النحل: 90، وه‌ یه‌كێك له‌ناوه‌كانی خوداش (الحَكَم العدل)ــه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ماف و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان پێشێل بكات كه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌فه‌رموێ: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) الاسراء: 70. ئیتر هه‌موو ئه‌وانه‌ كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت ئه‌گه‌ر زوڵم و سته‌م نه‌بێت چی سته‌م و زوڵمه‌ جه‌نابی سوڵتان؟؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.