پەرلەمان وڕۆژئاوا ، لەنێوان دوێنێ وئەمڕۆدا :

لەلایەن ستاندار Posted on 439 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

پەرلەمانی کوردستان لەسادەترین پێناسەیدا دەکرێت بڵێین گەورەترین دامەزراوەی یاسایی هەرێمی کوردستانەو نوێنەرایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بەهەموو دەنگ وڕەنگ وپێکهاتە جیاوازییەکانیەوە .
بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بێ پێوتن وچاوەڕوانی لەکاتی ڕودانی هەر ئەگەروپێشهاتێکدا کەپەیوەندیدارە بەخاک وخەڵکی کوردستان هەر زووبە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت وبێدەنگی نەکاتە تاکە بژاردەی خۆی .
چەند ڕۆژێکە بەشێکی گرنگ وزیندووی کوردستان کە کانتۆنی عەفرینە لەڕۆژئاوا کەوتۆتە بەرشاڵاووهێرشی دڕندانەی سوپای تورکیاوبەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی سڤیل وشەرڤانی بەرگریکار بوونەتەقوربانی لەپێناوپاراستنی ئەو کانتۆنەخۆڕاگرەدا.
بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و پرسیارە لای زۆرینەی خەڵکی وشرۆڤەکاروتەنانەت پەرلەمانتارانیش ئەوبێدەنگی و بێ هەڵوێستیەی پەرلەمانە لەئاست ئەو تاوان وکوشتن وبڕینەدا،
بۆیە پێویستەوهەقی خۆشیەتی کەبەراوردێکی ئەم پەرلەمانەبکەین لەنێوان ئێستاو دوێنێیداواتا پێش پەکخستنی .
پەرلەمانی کوردستان لەدوێنیدا نەک ئێستا بەتایبەت
ئەوکاتەی کەگروپی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ یەکەمین شوێن ودامەزراوەبوو کەلەبەرواری ( ۱۳-۷-۲۰۱٤)
بەیاننامەی دژی پەلاماردان وهێرشی بۆسەرکۆبانێ دەرکرد .
ئەوەپەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیەکەی بوو لەدوێنیدا کاتێ کەلەگەڵ کونسوڵخانەکان لەهەولێردا کۆبوەوە تایبەت بەپرسی شەنگال کە تازە داگیرکرابوو هاوتەریب باسی کۆبانێ و مەترسیەکانی داعشیشی بۆکردن لەوکانتۆنە .
هەرئەم پەرلەمانەبوو بەڵام لەدوێنیدا ولەمانگی ئەیلولی (۲۰۱٤)دا بەیاننامەیەکی تری سەبارەت بەکۆبانێ دەرکردو داوای هاوکاری وبەهاناوەچونی لەوڵاتانی دنیاو هەرێم وخەڵکی کوردستان کرد بۆ کانتۆنی کۆبانێ .
خۆهەرئەم پەرلەمانەبوو بەڵام لەدوێنێیدا کە لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٤) داکۆبونەوەیەکی خۆی تایبەتکرد بەکۆبانێ وچۆنیەتی هاوکاریکردنی ئەوکانتۆنەو دانیشتوانەکەی و لەدوو کۆبونەوەی تریشیدا باسی کۆبانێیکردو تەنانەت بیرۆکەی پەرلەمانتارێکیش خوێندرایەوە لەسەر کۆبانێ .
پێویستە ئەوەش بزانرێت کەهەرئەم خولی چواری پەرلەمانەبووبەڵام لەدوێنێیدا جگەلەوەی بەبەردەوامی لەسەرهێڵ بوو لەگەڵ دامەزراوەکانی ترحکومەتدا بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە ، بەفەرمی بانگهێشتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواشی کرد بۆپەرلەمانی کوردستان .
هەرئەم سەرۆکایەتی پەرلەمانەبوو بەڵام لەسەرەتای دەستبەکاربونی خولەکەیدا دەرگاکانی واڵاکرد بۆپێشوازی کوردانی باکورو ڕۆژئاواو نوێنەرەکانیان کەپێشتر ئەمانە سەردانیکردنیان بەجۆرێک لەجۆرەکان لێ قەدەغەکرابوو .
وە هەرئەم پەرلەمانەبوو لەپێشتردا شاندێکی پەرلەمانی ڕەوانەکرد بۆکانتۆنی کۆبانێ تاکو لەڕەوش وژیانی دانیشتوان وکانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و هاوکاریکردنیان بەپێی پێویست وئەوتوانایەی هەبوە لەوساتەدا بکات .
هەرئەم پەرلەمانەبوو لەبەرواری ( ۱٤-۱۰-۲۰۱٤) دانیشتنێکی تایبەتی گرێدا تایبەت بەڕۆژئاواو کانتۆنی کۆبانێ ، کەتێیدا دوو بڕیاری گرنگ ومێژوویی تێدا دەرکران کەبریتی بوون لەبڕیارەکانی ژمارە ( ۲٤ ، ۲۸ ) کەیەکەمیان تایبەت بوو بەداننان بەسەربەخۆیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواو کردنەوەی نوێنەرایەتیان لەهەرێم ، و دووەمیشیان تایبەت بوو بەناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆپاڵپشتی وپشتیوانیکردنی کانتۆنی کۆبانێ کەمەترسی زۆری لەسەربوو لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش وهاوکارەکانیانەوە .
وەنوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوابوو ساڵی ڕابردووداو لەکاتی سەردانیکردنی چەندفراکسیۆنێک بۆ نوێنەرایەتی کانتۆنەکان لەشاری سلێمانی بەهۆی ساڵیادی ڕاگەیاندنی کانتۆنەکانەوە
زۆر ڕاشکاوانە وتی کەلەوکاتەوەی پەرلەمانی کوردستان لە (۱۲)ی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٥)وە پەکخرا ئیتر هاوکارییەکانی باشور بۆڕۆژئاواش بەتەواوی کۆتاییان پێهات ونەمان .
لێرەدا ئەوەی بۆتەجێگای باس وڕەخنەلێگرتن ، دەرنەبڕینی هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەیە لەلایەن ئەم پەرلەمانەی ئێستای کوردستان دەرهەق بەو هێرش وپەلاماردانەی تورکیا بۆسەرعەفرین ودانیشتوانەکەی .
کە دەبوایە هەرلە یەکەمین ساتەوە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بەپەلە بانگەوازی دانیشتنێکی نائاسایی بکردایە بۆدەربڕینی ناڕەزایی و گەیاندنی داواوخواستی خەڵکی کوردستان بۆ وڵاتانی دنیاو کونسوڵخانەکان وڕاگەیاندنی پشتیوانی بەناوی خەڵکی کوردستان بۆ عەفرین وبەرخۆدانەکەی ، ولەهەمان کاتیشدا ئیدانەو شەرمەزارکردنی تورکیاو هاوئاوازەکانی لەبەرامبەر ئەو داگیرکاری وکوشتارەی ئەنجامیدەدات لەڕۆژئاواوکانتۆنی عەفرین .
بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان نەک ئەوکارەی نەکرد تەنانەت داوای چەند فراکسیۆنێک ودەیان ئەندامی پەرلەمانی تائێستاش بەهەند وەرنەگرتوە کەماوەی هەفتەیەکەو بەدیاریکراویش لە ( ۲۲-۱-۲۰۱۸) وەداوای دانیشتنێکیان کردوە تایبەت بەڕۆژئاواو ئەو هێرش وپەلامارانەی دەکرێنە سەرعەفرین لەلایەن ڕژێمی تورکیا .
ئاخەر کەی ڕەوایە ئەنجومەنی ئاسایش لەئاستی جیهاندا کۆببێتەوە بۆتاوتوێکردن وباسکردنی هێرش وپەلامارەکانی تورکیا بۆسەرعەفرین بەڵام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەئاست ئەو هەموو تاوان وکورد کوژییەدا نوزەی لێوەنەیەت و بێدەنگ بێدەنگ ڕۆژ بەڕێکات وسەری خۆی کزبگرێت .
چۆن دەکرێت هەموو دونیا لەسەرعەفرین قسەی هەبێت ، ئیدانەی پەلاماردانی بکات ، گردبونەوەو ناڕەزایی لەزۆرینەی پایتەختەکان بەڕێوەبچێت ،کەچی دوو هەفتەیە پەرلەمان کۆبونەوەیەک ئەنجامنەدات ، بڕیارێک دەرنەکات لەسەر ئەو هەموو ڕوداو پێشهاتە مەترسیدارانە.
بۆیە دەکرێت ئەو پرسیارە سادەیە زۆر بەڕاشکاوی بکەین وبپرسین : بۆچی هەرئەم خولەی پەرلەمان لەکاتی هەڕەشەومەترسیەکان بۆسەر کانتۆنی کۆبانی ئەو هەموو بڕیارو بەیاننامانەی دەرکرد ولیژنەی مەیدانی بۆسەردانی پێکهێناو کۆبونەوەی تایبەتی بۆ ئەنجامدا ؟
بەڵام بۆچی لەئێستادا کەگەورەترین هەڕەشەلەسەر کانتۆنی عەفرین هەیەو بەبەرچاوی دنیاوە هێرش دەکرێتەسەری ، پەلامار دەدرێت ، هاوڵاتی سڤیل شەهید دەکرێت ، عەفرین دەکرێتە کوشتارگە کەچی ئەم پەرلەمان وسەرۆکایەتیەی ئێستا هێندە بێباک و کەمتەرخەمن لەئێستادا؟
نەک کۆبونەوەودانیشتنی تایبەت بەعەفرین ئەنجامنەداوە تەنانەت ڕستەیەک بگرە بەوشەیەکیش باسی پەلامارەکانی سەرکانتۆنی عەفرینی نەکردوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای تۆرانی و ئەڵقەلەمشتەکانیەوە .
ئەمە ڕاستیەکمان بۆدەسەلمێنێت کەجیاوازی ئەم خولەی پەرلەمان لەسەرەتاو کۆتاییدا هێندەی ئاسمان وڕێسمانە .
باشترین نمونەش دەربڕینی هەڵوێستی پەرلەمانە لەدوێنێدا بۆ کانتۆنی کۆبانێ ونەبوونی هەڵوێستیشەلە ئەمڕۆدا بۆکانتۆنی عەفرین کەهەردوکیان دووکانتۆنی ئازیزی ڕۆژئاوای کوردستانن و پێویست بوو پەرلەمانی کوردستان بەدەنگ و نەعرەتەیەکی زۆر بەرز بۆی بهاتایەتەگۆو بەناوی گەلی کوردستانەوە پاڵپشتی وپشتگیری تەواوی خۆی بۆ دەرببڕیایە ، چونکە بێدەنگبونی پەرلەرمان لەدۆخێکی لەوشێوەیەدا کەناوچەکە بەگشتی و عەفرینی بەتایبەت تێدا دەکوڵێت نیشانەیەکی گەورەی پرسیار لەسەرخۆی دروست دەکات و مێژووش هەڵوێستەکان وەک خۆی تۆمار دەکا .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.