ئایا ئەردۆگان تێکەوت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 401 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

لە ئەفسانەشا باوەڕی پێناکرێت لە دنیادا مقاوەمەتێک لەم جۆرە ماوە کە کۆمەڵێک کچ و کوڕ بەرەنگاری یەکێک لەزلھێزترین و پڕ چەکترینی ھێزی شەڕخوازی دنیا ببنەوە! ئەم جۆرە لە بەرخودان و بەرگری کردنە لەدوای شەڕی ڤێتنامەوە بوونی نەما ،کەچی لە ئێستایا و لەم سەردەمی شەڕی تەکنۆلۆجیادا ئەبینین بەبەرچاوی ھەموو جیھانەوە کۆمەڵێ کچ و کوڕی جوامێر و دلێر و قارەمان خەونی سوڵتانی یەکێک لە دیکتاتۆرە توندڕەوە جیھادی و ئیخوانییە پڕ چەک و خاوەن سوپایەکی ملیۆنی ئامادەکراو بە چەکی قورس و نوێترین تەکنۆلۆجیای سەردەم و تانک و تۆپی قورس و فرۆکەی ئێف ١٦ تێک و پێک ئەشکێنن. خەونی ئەردۆگان داگیرکاری و سوڵتانییە خەونی شەڕڤانیش سەربەخۆی ئازادییە ھەربۆیە ھیچ شتێک ئەم دوو خەونە لێک نزیک ناکاتەوە چونکە نە شەڕڤان دەست لە ئازادی و خۆ خاوەندارێتی ھەڵەگرن نە ئەردۆگانیش ئەتوانێ دەستبەرداری ئیمبراتۆریەتەکی خەونی چۆلەکەی خۆیبێت.

ئەو ھێزەی حوکمی عەفرین و ڕۆژئاوای کوردستان ئەکەن ھەمان ئەو ھێزەن یان لایەنی کەم ھەڵگری ھەمان ئایدیا و دیدی سیاسین کە لە باکوری کوردستان بەرخودان دژی ڕژێمی نەتەوەپەرست و فاشی تورکیا ئەکەن. خەونی شەڕڤانان ھەرگیز ئەو خەونە نیە کە ئەردۆگان ئەیبینێ، خەونی شەڕڤان خودموختاری و ئازادی و ڕزگارکردنی خاکی کوردستانە لە ژێر دەستی داگیرکەرانی بەڵام خەونی ئەردۆگان دروست کردنی ئیمبراتۆریەتێکی فراوان و بوونی ئەردۆگانە بە سوڵتان.

لە ڕۆژئاوا کۆمەڵگەیەک بوونی ھەیە کە دەست و پەنجەی لەگەڵ ھەڕەشە و ھێرشی داگیرکاریدا نەرم کردوەو باش خۆیان بۆ ڕووبەڕوونەوە ئامادەکردووە، ئاخر ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکی بەرخودە نەک بەرخۆر کە مەخابن لەھەندێ ناوچەی تری کوردستانا ئەمە نابینرێ. گرنگ نیە دوژمن چۆن نەخشە ئەکێشی چونکە مەرج نیە وەک خۆی جێبەجێ بکرێ بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نەخشەی کورد بۆ بەرگریکردن چیە؟ ئەمەوێ بڵێم ئەو ئەو نەخشەیەی تورکیا بە پشتیوانی تانک و زریپۆش و فڕۆکە و چەتەو تیرۆریستان کێشابووی کە لەماویەکی کەما عەفرین داگیربکا و دواتر ڕوو لە مەنبج بکا بە نەخشەی شەڕڤانان و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ھێزە زەبەلاحە لایەنی کەم تا ئێستا شکستیان بۆ دوژمن و سەرکەوتنیان بۆ کورد پێ بەدەستھێناوە ھەربۆیە چەندایەتی چۆنایەتی لە جەنگدا گرنگ بەڵکو ئەوەی گرنگە بیروباوەڕو باوەڕ بەخۆ بوون پشت بەستن بەھێزو ئیرادەی گەلە نەک بێگانە! چونکە کاتێک پشت بە بێگانەو ھێزی دەرەکی ئەبەستی ھەمیشە ھێزێکی بێ ئیرادەو بودەڵ و گوێرایەڵی بێگانە بوونی ئەبێ و ئەو ھێزانەش ھەمیشە بەپێی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان دۆست و دوژمن ھەڵەبژێرن لە ھەر چرکە ساتێکا کە بەرژەوەندیەکانیان بەرەو کۆتای چوو یان پارویەکی چەورتریان دەست کەوت بێ دووڵی پشت تێئەکەن و تەنیاو زەلیل بەجێ و دێڵن وەک ئەوەی لەدوای ڕاپرسییەکی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆی دینیمان بەڵام پشت بەستن بە گەل ھەرگیز بێ ھیواو ناکا چونکوم میلەت خۆی خاون ماڵەو ھیچ کاتێ پشت لەبوونی خۆی ناکا کە ئەکرێ عەفرین بە باشترین نمونەی سەردەم وەرگرین.

ئەوەی کورد ھەیەتی ھێزی سەربازی نیە چونکە ئێمە کەمینەین لە چەند وڵاتێکی ناوچەکەیا بەڵام ئەوەی ئێمە ھەمانە مقاوەمەو بەرخودان بە پشتبەستن بە یەکگرتووی خۆمان، ئاخر کورد خاوەنی سنورێکی پارێزراوی خۆی نیە بۆیە زلھێزەکان و دەوڵەتە ھەرێمییەکان ھیچ ھاوپەیمانیەکی ستراتیژی ڕاستەقینە لەگەڵ کورد نابەستن بەڵام ئەوەی باوە ئەوەیە کە ئەوترێ ئەوەی شکست بە گەورەترین سۆپای چەکدار دێنێ ھێزی گەلە کە ئەوەش لە ئێستایا لە عەفرین بوونی ھەیە.
ئەردۆگان و کەمالیزمەکانی تورکیا ئەوەی ھەرەسی پێھێناون تەنھا “بــوونــی کورد نیە لە بــوونــدا” بەڵکو تورکەکان لە دوای دروست بوونی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە ٢٧ی سەرماوەرزی ساڵی ١٩٧٨ کە وەک پارتێکی لینینی مارکسی دامەزرا و لە سەرەتاوە بە کاری سیاسی دەستی پێ کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ بە ناچاری بووە ڕێکخراوێکی چەکداری کە ئەمەش لەبەر ئەو ھەموو ئێش و ئازار و چەوساندنەوەیەی دەوڵەتی تورکیا دەرحەق بە گەلی کوردستانی لە باکووری کوردستان ئەنجامییاوە لە ماوەی ٩٠ ساڵی ڕابردوودا. ئایدۆلۆجیای پەکەکە لەسەر بنەما شۆڕشگێڕییەکانی مارکسیزم – لینینیزم و نەتەوەخوازیی کوردی دامەزرێنرا، ئامانجی پەکەکە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی سۆسیالیستی بوو لە کوردستان و بەدیاری کراوی لەو ناوچەیەی کەوتۆتە باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا باکووری ڕۆژھەڵاتی عێراق، باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە خاکی کوردستانەو کورد خاوەنێتی، خۆ ئەگەرچی ئێستا ئەم داوایە کورت کراوەتەوە بۆ داوای مافی کلتوری و سیاسی کوردەکانی باکوری کوردستان بەڵام لەو کاتەوە نەتەوەخواز و فاشیزمەکانی تورکیا کێچ کەوتۆتە کەوڵیان و ھەر ڕۆژەو لەژێر ناوێک و بەجۆرێک خوێنی کورد بۆ گورگە برسیییە ڕەگەزپەرستەکان حەڵاڵ ئەکەن.

بەندە پێم وایە حیزب بە گشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین کادێرێکی سەربەخۆ پەروەردە ناکا بەڵکو کۆت و زنجیر لە مێشک و بیری ئەبەستێ و ھەموو ڕووناکیەکی بۆ بیرکردنەوەی دەرەوەی حیزبەکی خۆی لێئەگرێ تاکە تروسکای کە بۆی ھەیە بیبنێ حیزب و ئامانجەکانێتی چونکوم حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین تا ئێستاش ناتوان حیزبی لینینی و ستالینی نەبن و ھەر کە ڕەخنەیان لێگیرا تەنانەت ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خۆشیانبێ تا مریشکە ڕەشە ئەرۆن لەسەری! وێڕای ئەو خاڵە ھاوبەشەی کە لە نێوان حیزبەکانا بوونی ھەیە بەڵام ھەندێکیان لەناو حیزبەکانیشیانا خێڵێک، خێزانێک یان تاکە کەسێک پیرۆزەکەن و ئامانج مانەوەی ئەوان ئەبێ لە لوتکەی دەسەڵاتا بۆ ئەوەش خاک و میلەت و کۆی کادێرانی خودی حیزبەکەو ھەموو دەسکەوتێکیش ئەکەن بەقوربانی بۆ مانەوەیان کە ئەمە خراپترین جۆری حیزبانەیەتییە. جۆرێکی تریشمان ھەیە کە سەرکردە پیرۆز ئەکەن و ھەموو شتەکان بە حیزبەوە ئەبەستنەوە بەڵام پەروەردەیەکی نیشتمانی و خاک پارێزی و ھاوبەشی جەندەری ومقاوەمەت و بەرخودان لەناو کادێرو لەو ڕێیەشەوەو لەناو میلەتا ئەچێنن کە ئەم جۆرە بۆ ئێستەی کورد بەسودە.

لە سیاسەتی ئێستای سەردەم حزب ئامرازێکە بۆ بەدەستھێنانی خۆشگوزەرانی لە وڵاتانی پێشەنگ و پێشکەوتووا ھەروەک چۆن ئامرازێکیشە بۆ پەروەردە کردن و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری، حیزب لە وڵاتانی ژیر دەست و نەتەوە بن دەستەکانا بە قۆناغی خەباتی نیشتمانی دەست پێئەکەن و بە پلەکانی شۆڕشگێڕیدا بەروە سەربەخۆی و دەسەڵات ھەنگاوئەنێن و جا ئەم حزبی بوونە زۆرجار لە قۆناغی خەباتی رزگاری نیشتمانیە و دواتر سیفەی شۆڕشگێڕ وەردەگرێت، بەلام لە حالەتی ئاساییا حزبی بوون بۆ گرتنە دەستی دەسەلات و خزمەتی وڵاتە. مەخابن لە باشوری کوردستان حزبایەتی بۆتە جۆرێک لە مۆدێلی کۆیلە بوون یاخود تابعی تەریقەت و مسکێن و نۆبەداری بەردەم مالی ئاغا، زۆربەی ئەوانەی بارگاوی بوون بە حیزبایەتی بە چاک و خراپ پشتیوانی لە حزبەکانیان دەکەن! کەسانی حزبی کوێرانە پەیدا بوون کەواھیچ بوونێک لە کەسایەتی و بیرکردنەوەی ئەودا نەماوە ,ئەوەی ھەیە تەنھا مێگەل بوونە بۆ سەرکردەکانی حزب ھۆکاری سەرەکیش بوونی پلە وپۆست و ماددەیە ھیچی فکر و بەرنامە و مەبدئی لەگەلدا نیە، بۆیە بە ئاسایی ببینن کاتێ کۆیلەیەک ئەو ھەموو شکستەی کوردستان بە سەرکەوتن و حیکمەتی قیادەکەی بزانێ. حزبی بوون عەیب نیە ئەوەی عەیبە کۆیلە بوون و لە دەست دانی کەسایەتییە.

پەروەردەی حیزب بۆ گەلەکەی ھەمیشە ئەبێ ڕێنیشاندەرو چرای دەستی شۆڕشگێڕانبێ تا بەرچاوی ئازادی خوازان و گەلی پێ ڕوون بکەنەوە بۆ گەیشتن بە سەربەستی، ئاخر کێ دیویەتی و لە کوێی دنیایا بوونی ھەبووە لە یەک ماڵ و لە یەک خیزان و لەبەرەی یەک دایک دوو جۆر لە حیزبایەتی لەدایک بێ، یەکێکیان ئامادەبێ تەوای وڵات ببەخشی بۆ مانەوەی کەسێک لەسەر کورسی و خێرو بێری ولات بۆ چەند کەسێکبێ و میلەتیش برسی و زەلیلی بەردەستی نامەردی زەمانە بکەن و تاکێکی تێک شکاو بێ ئیرادە گۆش بکەن و نیوەی خاکی نیشتمان لە چەند کاتژمێرێکا ڕادەستی دوژمن بکەن، کەچی لە گۆشەیەکی تری وڵاتا حیزبایەتیەک بوونی ھەبێ پڕ لە ئیرادە و بەرخودان، لێواو لێو لە شۆڕش، ئاودامان لە مقاوەمەت و بەرگری، جۆرە حیزبێک کە بە ئاوازی لەیلایەی دایک و بەنەرمی نمەی باران کورد بوون و خۆڕاگری لەناو گەلێکی بەژموردەدا بچێنێ، تاکێک پەروەردە بکات کە باوەڕی بەخود بوون و خۆ بوون ھەبێ، باوەڕی بە بەرخودان بۆ بەردەوامی ژیان ھەبێ، تاکێک ھەرگیز گۆمڕا نەبێ لە بوونی دەست کەوت و دەسەڵات و ھەرگیز بـێ ئیرادەی و تەسلیم بوون نەناســێ لە بەرامبەر سامان و ھێزی دوژمن.

ئەوەتا بەبەرچاوی دنیاوە سوڵتانێک لە سەر سنوری عەفرین بە چەفتەو کەواو مێزەر و عەباوە بەدەستێکی قورئان و بەدەستەکەی تری بە چڵێ ژاڵەی تاڵەوە، بەھاوکاری بەھێزترین تەکنیک و تەکنۆلۆجیای سەردەم و سوپا و چەتە و تیرۆریستان لە ١٢ ڕۆژا لە وەحشیتـرین و دڕەندەترین جەنگا بێ گوێدانە یاساکانی جەنگ و بە نابەرابەرەترین جۆری چەک و جبەخانە ھێرش ئەکرێتە ڕووبەرێکی جوگرافیای بچوکی داخراوی بازنە دراو بە دوژمن بەڵام بە ئیرادەی قارەمانانی خانەخوێ، کچان و کوڕانی عەفرین دوژمن نەیتوانیوە کەمترین سەرکەوتن بەدەستبھێنـێ کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە دروستەی کە حیزب میلەتی لە شەش ساڵی ڕابردوا پێ گۆش کردوە لە دوای ئازاد کردنی زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵ ٢٠١١ لەدەستی ڕژێمی سوریا و گرووپە چەکدارە ئیسلامی و شۆڤێنیەکان.

حیزب یان ڕاستر بڵێین پەیەدە خۆی بەدوور گرت لە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیسـتـی و ژیانی پێکەوی و ڕێز گرتن ھاوڵاتی بوونی ھەڵبژارد دوور لە ئیتنیک و ئاین و نەژاد پەرستـی، حیزب لایەنی جەندەری بە ھەند وەرگرت و کوڕان و کچانی وەک یەک لە بەرخودان و بەڕێوەبردنی وڵاتا ھاوتاکرد و نمونەی بەڕیوەبەری مۆدێرن و دیموکراتی و ھاوسەنگی پشانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا بەجۆرێک توانیان متمانە لەنێو کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیا بەدەستبھێنن و بەتایبەتی لە دوای بەرخودان و مقاوەمەتی کۆبانیەوە، ئیتر لەوەو دوا ئەردۆگان ھەستی بەمەترسی ئەم ھێزە کرد بە تایبەتی کە باش ئەزانێ ئەم ھێزوەو کوردانی باکور ئەگەر ھەڵگری یەک ئایدیاش نەبن ئەوا ھێندە نزیکن ئەگەر ڕۆژئاوا ئازاری بگا ئەوا باکور ئەزریکێنـێ.

لەکۆتاییا ئەبێ بڵێم عەفرین ناکەوێ چونکە ئیرادەی خۆ بوون لە ناخی ھەر تاکێکی ئەو بەشە جوگرافیایەدا چێنراوە، ئێستا چەن شەڕڤانێک سوڵتانێکیان تووشی ھستیریایەک کردووە کە دوورنیە کۆتاییەکەی نەمانی سوڵتانبێ چونکوم ناکرێ مرۆڤایەتی تا سەر لە جینۆسایت و کۆمەڵ کوژی بێدەنگبن. ئاخر ئەمە جەنگی نێوان جنێڤ و ئاستانەیە و ھەرلایەو بەدوای سەرکەوتن و دەسکەوتا ئەگەڕێن لە دەروەی خاکی خۆیان بەڵام مقاوەمەتی شەڕڤانان شوناسی کورد بوونی عەفرین بۆ کۆی جیھان ئەسەلمێنێ چونکوم مقاوەمەت خاوەندارێتی ئەسەلمێنێ و پاشان دۆست بۆ زۆر ئەکا، ماوەتەوە بڵێم ئەبوو ئەردۆگان ٩٥٠ کم نەوروژێنێ و میلەتێک لەخەو ڕانەچڵەکێنێ!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.