پەرلەمان سەکۆی بەیاننامە دەرکردنە یا بڕیار؟

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

پەرلەمانی کوردستان, یەکێکە لە بەرزترین دەسەڵاتەکانی هەرێم, شوێنێکە جگە لە ئەرکی چاودێری, جێگای دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردە و یاساکانە, شوێنی بە یاساییکردنی بڕیارەکانە, هەم یاسای گشتی و هەم تایبەتی, جگە لە لێپرسینەوە و دوبارە چاودێری کردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی. لەدونیای دیموکراسی چاودێریکردن و یاسا دەرکردن سەرەتاییترین ئەرکی پەرلەمانە . لە دۆخی نائاسایی و نەخوازراو و ڕودانی هەر پێشهاتێک, پەرلەمان بە کۆبونەوەی نائاسایی و بەپەلە دەبێتە کارێکی هەنوکەیی. دۆخی ئێستای کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە لەو پەڕی نائاساییدایە, بەڵام ئەوەی هەنوکەییە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین, داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایە بۆسەر عەفرین و کۆمەڵکوژی گەلی کوردە لە خۆر ئاوای کوردستان . بێدەنگبون و بێدەنگکردنی پەرلەمانی کوردستان لەم کاتەدا هیچ ناگەیەنێت جگە لە خزمەتکردن بە دەوڵەتی تورک و ڕەوایدان بە داگیرکاریەکان و پشتکردنە کوردانی خۆرئاوای کوردستان . دانیشتنەکەی ئەمجارەی پەرلەمان چی پێگوتین ؟

یەکەم / تەرخان نەکردنی دانیشتنێکی تایبەت بە دۆخی عەفرین, بە مانای گرنگی نەدانی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمانە بە داگیرکاری و کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی کورد لە عەفرین, لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دۆستی دوێنێی دەسەڵات بەدەستانی هەرێم و جگە لە خۆدزینەوە و دەربڕینی پشتیوانی بۆ دوژمنانی کورد شتێکی تر نابینرێت. نەخوێندنەوەی دۆخەکە و بەلاڕێدا بردنی داواکاری ڕاستەقینەی زۆرینەی شەقامی کوردی بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی عەفرین .

دووەم / دوبارە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەدەست دوو حزبدایە کە تەنها بەرژەوەندی حزبیانەی خۆیان دەپارێزن و بیری نیشتمانی و نەتەوەیی لای ئەوان بونی نیە, کارکردن بۆ کوردانی پارچەکانی تر هیچ نیە جگە لە دەربڕینێک لەسەر شاشەکان . سەرۆکایەتی پەرلەمان کەوتەوە دەست ئەوانەی بڕیارەکانی سەروی خۆیان جێبەجێدەکەن, کەبریتیە لە ئەجێندایەک دوور لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی و دوور لە داواکاری هاوڵاتیان . سێ یەم / دوبارە ئەو سەردەمە کۆتایی پێهات کە سەرۆکایەتی پەرلەمان, لەدەست هاوڵاتیان دابێت و لە بەرژەوەندی هاوڵاتی و هاونیشتمانی کورد بێت .سەردەمێک هاتەوە یادم دەنگەکان کپ دەکران, پەنجەرەکان ڕەش دەکران, پەردەیەک لەنێوان پەرلەمان و هاوڵاتیدا بوو . سەردەمێک پەرلەمان موڵکی دوو حزب و لەناویشیان چەند کەسێک و چەند بنەماڵەیەک بوو . سەردەمێک سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر داواکاری قوتی خەڵک, پەرلەمانتاری دەخستە دەرەوە و فرسەتی تێدا دەهێنرا بۆ حەسیرمەیدانی نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەل.

چوارەم / لەسەردەمی سەرۆکایەتی یوسف محمد پەرلەمان تەنها موڵکی باشوری کوردستان نەبوو, بەڵک و بەشەکانی تریش سودمەند بون و خاوەنی بون . ئەگەر لەو سەردەم بڕیارەکان لە دژی دوژمنان و نەیارانی کورد بوون, ئەوا ئەمڕۆ دوبارە نەیاران و داگیرکەرانی کورد, بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەتوانن بە مەرامەکانیان بگەن . ئەمڕۆ سەردەمی ئەو سەرۆکە نیە لە پەرلەمان بڕیاری ناردنی هێز بدات بۆ کۆبانێ, ئەمڕۆ سەردەمی سەرۆکایەتیەکە ناتوانێت و نایەوێت بڕیارێک دەربکات لە بەرژەوەندی کورد و لە زیانی داگیرکەرانی کورد بێت .سەرۆکایەتیەک ناتوانێت و نایەوێت دڵی دۆستەکانیان بڕەنجێنێت .

پێنجەم / پەرلەمان شوێنی دەرکردنی بڕیارە, نەک سەکۆیەک بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە . ئەوەی بینیمان دوبارە بێ ئەرزشکردنی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی بوو, لە ڕێگای دامرکاندنەوەوخەفەکردن و شون بزرکردنی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و داواکاری بۆ پاڵپشتی لە عەفرین . پەرلەمانێک لە بری دەرکردنی بڕیارێک تا حکومەت ناچاربکات بە ناردنی هاوکاری بۆ خۆرئاوا و کردنەوەی سنورەکان بەڕوی کوردانی خۆرئاوا, دێت دەبێت بە مەنەسەیەک بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە ,پەرلەمانێک لەبری داواکاری لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ فشارخستنە سەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی و بەهاناوە هاتنی بۆ کوردانی خۆرئاوا, دێت دەبێت بە ستێج و شانۆیەک بۆ خوێندنەوەی چەند بەیاننامەیەک .

شەشەم / ئەم شێوازی بەڕێوەبردنە لەدەستەی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان, جۆرێک لە خۆسەپێنی و بێ ئیرادەکردن بەدوایی خۆیدا دەهێنێت . هەریەک لە فراکسیۆنە جیاوازەکان دەیانتوانی لە دەرەوەی پەرلەمانیش بەیاننامەیان هەبێت و داواکاریان هەبێت, لەسەر دۆخی عەفرین, بەڵام لە پەرلەمان بەیاننامە خوێندنەوە بێ دەرکردنی بڕیار هیچ مانایەک نابەخشێت جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک, بۆ نیشاندانی بەشداری پەرلەمان لە هاوکاربونی عەفرین .

بایکۆت کردنی دانیشتنی پەرلەمان کارێک بوو بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک بگوترێ ئەم سەرۆکایەتیەی ئێستای پەرلەمان, ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر هەموان فەرزبکات, ڕەتکردنەوەی ئەو بیرەیە کە دەیەوێت پەرلەمان لە دەزگایەکی گەورەی خاوەن دەسەڵات بکات بە مەنەسە و سەکۆیەک تەنها بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە و دورکەوتنەوە لە کاری سەرەکی خۆی لە دەرکردنی بڕیار. بایکۆتکردن هەوڵێک بوو بۆ ستۆپکردن بەوانەی ئیتر پێیان وایە دەتوانن هەموان وەک یەک دەستەمۆ بکەن, هەر هێزێک بیانەوێت دەیانکەن بە هاوبەش لە دەرکردنی بڕیارەکانیان, لە بەرژەوەندی خۆیان و دۆستە دەرەکیەکانیان . بەشدارینەکردن لەم شێوە دانیشتنەی پەرلەمان بەشدارینەکردنە لە بچوک کردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.