لەم ساتەدا لیست و بەرەی ئیسلامی بۆ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 459 جار بینراوە

كەمال رەئوف

برادەرانی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە، خەریكی دروستكردنی لیستی هێزە ئیسلامیەكان و بەرەی ئیسلامین، لەراستیدا لەبەرامبەردا لیست و بەرەی عەلمانی و غەیرە ئیسلامی بوونی نییە تا ئەوان پێویست بكات ئاوا خۆیان بەلیست و بەرەی ئیسلامی جیابكەنەوە، جاران یەكگرتوو بەشێك لەشانازییەكانیان لەسەر ئەوەبوو كە ئەوان لەسەر بنەمای ئیسلامی بوون دژی ئەم بەرەو خۆجیاكردنەوەیەی هێزە ئیسلامییەكان بوون، بەڵام ئەمرۆ بەپێچەوانەوە پێشەوایی ئەو تێزە دەكەن كە دوێنی خۆیان لەدژی بوون.
ئێستا كۆمەڵگە دابەشی دوو بەرە بووە، بەرەیەك دەیەوێت درێژە بەم فۆرمە لەدەسەڵات بدات كەپرە لەشكست و نادادی و زوڵم، بەرەكیش بەنیازی گۆرینی ئەم جۆرە لەفۆرمی دەسەڵاتن، یەكگرتوو لەباتی ئەوەی خۆی سەرقاڵی بەرەو لیستی ئیسلامی بكات، باشتر بوو پێی بوتینایە لەنێوا ئەو دوو بەرەیە ئەو وەك هێزێكی میانەرەوی ئیسلامی كوێی كردۆتە مەیدان بۆ خەبات و تێكۆشانی خۆیی، ئایا ئەو لەگەڵ ئەوەدایە ئەم فۆرمە لە حوكمرانێتی بەردەوام بێت و بەدەنگ و قوەتی ئەو درێژە بەتەمەنی خۆی بدات، یان دەنگ و قوەتی خۆی بەكاردەهێنێت تالەگەڵ ئەو خواستی گۆرانكاریەدا بێت كە خواستی زۆرینەی خەڵكە، یەكگرتوو وەك هێزێكی حساب لەسەر بۆكراوی مەدەنی دەبوو بەدور لەپەرچەكداری سیاسی و بەریەككەوتنی هێزەكان، بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە خاوەن پرۆژەو پیشنیارو هەڵوێستی خۆی بوایە. جاران دەیانوت فەلسەفەی دروستبوونی یەكگرتوو وەك هێزێكی ئیسلامی مەدەنی چاكسازی و چاكەخوازیە، ئێستا ئەم هێزە ئەبێت تەكلیفی خۆی رۆشنبكاتەوە، رۆڵی ئەو لەم نەهامەتی و میحنەتەی كۆمەڵگەی تێكەوتووە چییەو لەكوێی هاوكێشەكە وەستاوە، خۆئەگەر نایەوێت لەپاڵ حوكم و دەسەڵاتێكی شكستخواردووی نادادپەروەر بوەستێت، وەك بەهەڵوێستی (كشانەوەی لەحكومەت نیشانیدا) نایەوێت بەشی هەبێت لەسەقامگیری پایەكانی ستەم ودرێژكردنەوەی تەمەنی نادادی، بەدڵنیاییەوە ئەقڵمەندانی ناو یەكگرتوو زۆر لەوە هوشیارترن و ئەزانن كەرێگای نەجات خۆجیاكردنەوە نییە بەناوی لیستی ئیسلامی و بەرەی ئیسلامی، بەڵكو ئەمەش ئەبێتە دانانی بەردێك لەسەر رێگای گۆرانكاری و هیچی تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.