24 ساڵ دوای دامەزراندنی یەکگرتوو !

لەلایەن ستاندار Posted on 430 جار بینراوە

بەشدار ڕفیق

هەرکە ناوی یەکگرتوو دەبیستین ئاواز و سەمفۆنیای جیاوازمان بەر گوێچکە دەکەوێت ، لەگەڵ بینینی پەرچەمە قاوەییەکە و دوو دەستەکە نیگا و نمایشی جیاواز بە ئەندێشەماندا گوزەر دەکات . هەندێک لەو ئاواز و وێنانە دروست کردنی مزگەوت و نەخۆشخانەو یارمەتی دەری هەژاران و پڕۆژە خێرخوازیەکانمان دێنێتەوە یاد ، هەندێکشیان وێنە سیاسیەکان ، هەر لە سووتانی بارەگاکانیانەوە تا کۆبوونەوەی 19 ئاب و شاگردیەتی بێ مەرجی پارتی لە ڕیفراندۆمەکەی سێپتێمبەری ساڵی ڕابردوو . یەکگرتووی ئیسلامی لە شووباتی ساڵی 1996 لەنێو دەنگی گولە هاوەن و ڕژانی خوێنی براکان دا وەک یەکەمین هێزی ئیسلامی بێ چەک دامەزرا .

یەکگرتوو وەک لینک و لقی ئیخوان لە کوردستاندا لەهەردوو بواری سیاسی و پەروەردەیی دا دەستی بە کار کرد . سەبارەت بە بواری پەروەردە یەکگرتوو جیاواز لە حیزبە ئیسلامیەکانی تر توانی کادیر و تاکی ئیسلامی میانڕەو کە توانای خوێندنەوەی دنیای دەرەوەی یەکگرتوو و تەنانەت ئیسلامشیان هەبێت پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات نەک هەر ئەمەش ئێستا بەشێک لە کادیرانی پێشووی یەکگرتوو لە پارتەکانی تردا پلەو پۆستی باڵایان هەیە و لە شوێن و مەکانی بەرزدا خزمەت دەکەن !

سەبارەت بە کێڵگە سیاسیەکە یەکگرتوو بەتایبەت لە دوای ساڵی 2005 وا لە بازنەیەکی سیاسی داخراودا دەخولێتەوە کە نەک هەر نەیتوانی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت بەڵکوو توشی شەلەرێکی سیاسی گەورە بووە ! لەلای زۆرێک لە ڕۆشنبیرو لێکۆڵەران یەکگرتوو ڕاستگۆ نەبووە لەگەڵ خۆی و دروشمەکانی خۆشیدا ! وەک وتمان یەکگرتوو خۆی بە کوڕی ڕەسەنی ئیخوان دەزانێت لە کوردستاندا بەڵام یەکگرتوو نەک هەر نەیتوانیوە ئیخوان و گڕو تینەکەی لەخۆی دا نمایندە بکات بەڵکوو زۆر جار بووە بە دوومەڵێکی گەورە بەجەستەی ئیخوان لەکوردستان کە بەهۆیەوە خەڵکی ڕقیان لە ئیخوانش بێتەوە ، چوونکە ئەگەر مێژووی ئیخوان پڕبێت لە جیرۆک و حیکایەتی گەورەی زیندان و ئەشکەنجەدان لە ژێر دەسەڵاتی سیسی و نەوەکانی فیرعەون لە میسردا ئەوە هی یەکگرتوو پڕت لەچیرۆک حیکایەتی سازشکردن و شاگرد بوون بۆ سیسی و فیرعەونە کوردیەکان !

یەکگرتووی ئیسلامی بۆ نزیکەی 15 ساڵ دەچێت لە دەوری 10کورسی دا دەخولێتەوە کە ئەمەش عەیبەیەکی گەورەیە لە کوردستانی وێراندا بۆهێزێک کە خاوەنی کادیر و کەرەستەی ئایینی بەهێز بێت بۆ جوڵاندن و کەمەرکێشیکردنی کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەی خۆیدا ! ئێستا یەکگرتوو حزبێکە بێ رووئیاو بێ ئایندەیە چوونکە ئەو ستراکتۆرانەی یەکگرتوو لەسەری کار دەکات بریتی نیە بە گەیشتن بەدەسەڵات و تێکشکاندنی هەڕەمی دوو هێزە دەسەڵاتدارەکە بەڵکوو بریتی یە لەوەی چەند دەنگ لە کۆمەڵ یان گۆڕان زیاتر دێنێت !

یەکگرتوو حەزی لێ نیە دەوری ئەندازیار ببنێت بۆ دووبارە بنیادنانەوەی کۆمەڵگای کوردی بەڵکوو زیاتر حەز بەشاگردیەت دەکات بەمەش هەرچی بەرپرسیاریەتی گەورەیە لەخۆی دوور دەخاتەوە .یەکگرتوو له سێ ساڵی ڕابردوو بووەتە میکیاژی جوان کردنی هێزە تۆتالیتارەکان بەتایبەتی پارتی . پارتی دیمووکرات هەر کات ویستبێتی یەکگرتووی بەحۆڕایی بەکارهێناوە بەناوی پڕۆژەی نەتەوەیی و ئاسایشی نیشتمانی هەر لە کاراکردنەوەی پەڕمانەوە تا ڕیفراندۆمی شکست خواردوو. بە کورتیەکەی ئە گەر ئێمە جورئەتی ئەوەمان هەبێت بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێین بزووتنەوەی بەیاننامە ئەوە دەبێت ئازایەتی ئەوەشمان هەبێت بڵێین یەککرتوو هەندێک جار ئەوەندە بێ مەوقیف بوونە توانای نوسینی بەیاننمایەکی مردووشیان نەبووە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.