یەپەگە سەرپێڕە بە هەموو دیوەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 400 جار بینراوە

 مەهدی کاوانی

ئەمەریکا یەپەگەی نەبی لەناو هاوکێشەکانی سوریا سفر بە دەست دەبی و رووسیا و ڕژێمی بەشار ئەسەدو ئێرانیش ناتوانن بە تەواوەتی دەسبەرداری بن . تورکیا بۆ کەسیان مار نیەو بۆ خۆشی کەوتۆتە نێوان سندانی رووسی و مترەقی ئەمەریکی و یەپەگەش ڕۆژ بە دوای ڕۆژ موبادەراتی ناوچەکەی لە بن دەستیان ، دەردێنێ . بە گوێرەی لێدوانە ڕۆژنامەگەریەکی تیلەرسۆن و مەولود چاوش ئۆغلۆ ، گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ بەدیناکرێ لە سیاسەتی ئەمەریکی سەبارەت بە جێبەجێکردنی داخوازیەکانی تورکیا لە دژی هێزەکانی دیموکراتی سوری و یەپەگە .

دانیشتنەکەی تیلەرسۆن و ئەردۆگانیش ، دوور لە چاوی کامێڕا بووە . ئیدی نازانرێ ئەو خالە ژێراو ژێرانە لە دژی کێو کێ بووە ، یان ئەمەریکیەکان چ قەولێکی ژێراوژێریان بە ئەردۆگان دابێ . رووسەکان و لە ڕێگای هەندێ لە میدیا کاران ، نەیان شاردەوە و گۆتیان ڕاستە ناتۆ بۆ دژایەتی کردنی ڕووسیا دروست بووە بەڵام هەلوێستی ئێستای تورکیامان پێ باشەو ئەگەر بشزانین تورکیا هەلوێستی خۆی بگۆڕێ ، ئێمەش قسەی ترمان بۆیان دەبیت . لە سەر ئەرزی واقیع ، ئەوا بۆ نزیکی مانگێک دەچێت تورکیا تەنیا نەیتوانیوە ، پێنج لە سەدی پێشڕەوی بۆ عەفرین بکات كە ڕووسەکان ڕێگای ئاسمانیشیان بۆ واڵاکردوونەتەوە ، ئەدی ئەگەر ئەو واڵاکردنە داخەن ، چی دەبێ .

بە نسبەت ڕژێمی بەشار ئەسەدو ئێران ڕاستە مەترسیان لە سەر هێزەکانی کوردی و هاوپەیمانێتیان لە گەڵ ئەمەریکا ، هەیە ، بەڵام بە پێشڕەویەکانی تورکیش مورتاح نین . ڕەنگە کە تا ئێستا بێدەنگیان کردبێ ، زۆرەکەی لە بەر ئەوەوە بووبێ کە کوردەکان بەرگریەکی سەخت دەکەن . بە بڕوای خۆم ئەگەری وەهاش دروست دەبی کە یەپەگە ڕێ بە سوپای بەشار بدات لە سەر سنوورەکان نەک لە عەفرین و شارو شارۆچکەکانی ، بڵاوەی پێ بکەن تا وەکو ئەو بیانۆیەی تورکیاش لە مەڕ هاتنە ناوەوەیان بۆ عەفرین ببڕن . بە بڕوای خۆم کارێکی زۆر ئاساییە یەکینەکانی پاراستنی گەڵ لە ڕۆژهەڵاتی عەفرین ئەو سیسەتەمەی کە هەیانە لە گەڵ ئەمەریکیەکان بەکرداری بگەیەنن و لە عەفرینیش کە دەکاتە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات ، هەمئاهەنگیەک لە گەڵ ڕووسەکان و بگرە بەشاریش ، پیادە بکەن .

بە ڕای خۆم بۆچوونێکیش هەیە لای ئەمەریکیەکان و بڵێن نزیک بوونەوەی ڕووس و تورک هێلی بەرگری سوپای سوری ئازاد لە دژی بەشار لاواز دەکەن . لەوەش زیاتر شەڕی تورکیا لە گەڵ شەرڤانانیش ، هەمدیسان پێگەی ڕووسیا لە سەر ئەرز بەهێز دەکات و لە هەمان کاتیشدا ڕژێمی بەشار ئەسەدیش لە بەرامبەر هێزە ئۆپۆزسۆنەکان لە هەر وتووێژێکی نێوانیان ، بەهێز دەکات . هەر ئەو هۆکارەشە ئەمەریکیەکان هەم لە ڕێگەی خۆیان یان دروست بوونی هەندێ لێکەوتە ، خەریکی ئەوە بن کە پێکدادانی چەکداری لە نێوان کوردان و سوپای تورکی و ملیشیا چەکدارەکانی لە گەڵیانن بە ناوی سوپای سوری ئازاد بوەستێنن تاوەکو ئەو هێزە بەرهەلستکاریە دژ بە بەشار بتوانن لە غۆتەو ناوچەکانی ئدلب بەردەوامی بە خۆیان بدەن . گریمان ئەو ڕیکەوتنە لە نێوان سوپای بەشارو یەپەگە دروست بوو بۆ بلاوە پێکردنی هێزەکانی سووری لە سەر سنووری عەفرین ، لەو حالەتە ڕووبەڕووی دوو حالەت دەبینەوە . یەکێکیان تورکیا تووڕە بکات و شەڕ لە نێوانیان دروست ببێ . ئەگەر ئەو ئەگەرە دروست ببێ هەم تەلاقدان لە گەڵ ڕووسیا دروست دەبێ هەم حیواری ئێرانی تورکی ، سفر بەدەست دەبی و ئەمەریکاش ئەوهای دەوێ . ئەگەری دووەم کشانەوەی ئەو هێزە موعارەزە سوریە خەت تورکیەیە بۆ بەرگری کردن لە ئدلب و غۆتەو شوێنی تر دیسان ئەمەریکا ئەوەی دەوێ .

بە بڕوای خۆم ئەمریکیەکان دڵنیایەکیان داوەتە تورکان ، ئەگەر شەڕ لە گەڵ کوردان بوەستێنێ لە مفاوەزاتی جنێف پشتی هێزەکانی موعارەزەی سەر بە ئەو دەگرێ لە دژی بەشار ئەسەدو ناشهێڵێ کێشەی کورد بگاتە دروست بوونی دەولەت . دەبێ ئەوەش بڵێین تورکیا بەو وەزعەی ئێستای و لە ناو ئەو دابەش بوونە جیوگرافیە ڕووسی و ئەمەریکیەو هەروەها دابەش بوونیە ئەقلیمیە دژ بە یەکترو ئەو بەرگری کردنە سەختەی شەڕڤانان و ناڕێکی وەزعی سیاسی و ئابووری لە تورکیاو ئیدی و ئیدی ، تورکیا کەوتووتە و دەکەوێتە بارێکەوە کە کەس غیرەی پێ نابات و لێکەوتەی وەهاشی لێ دروست ببێ کە پارتی دادوگەشەپێدان ببێتە دوو لەتی دژ بەیەک و ئەردۆگان هەلبژاردنەکانی ساڵی ۲٠۱۹ بدۆڕینی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.