ورده‌كارى په‌یوه‌ندیه‌ نهێنیى و نوێكانى پارتى و ئێران

لەلایەن ستاندار Posted on 601 جار بینراوە

سەرتیپ قەشقەیی

پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ دواى ڕووداوه‌كانى 16ى تشرینى یه‌كه‌م، به‌شێوازێكى دیكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران رێكخستۆته‌وه‌، په‌یوه‌ندیه‌ تاكتیكیه‌كه‌ى پارتى هه‌م به‌غداو هه‌میش توركیاى نیگه‌ران كردوه‌.
له‌ماوه‌ى 5 مانگى ڕابردو چه‌ندین شاندى باڵاى ئێران گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌رێم ، جگه‌له‌وه‌ش سه‌رۆكى حكومه‌ت و شاندى پارتى به‌ جیا سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌یان كردوه‌، له‌ هه‌فته‌ى ڕابردووش وەفدێکی باڵای ئێران کە پێکهاتبوون لە دانای فەڕ باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق و راوێژکاری خامەنەئی، مزگریان جێگری فەرماندەیی قەرارگای قودس و چەند بەرپرسێکی دیكه‌، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردو لەگەڵ هەریەک لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتى و هاوپەیمانی دادوەری و دیموکراتی و حیزبەکانی دیكه‌ کۆبوونەتەوە.
له‌ دواین سه‌ردانى ئه‌مجاره‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ 21 كانونى دووه‌مى مانگى ڕابردوو، ناوبراو به‌ به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ى ڕاگه‌یاندووه‌، پشت بەستنى زیاد لە پێویستمان بە تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا لەو ساڵانەی دوایی لەجێی خۆی نەبوەو، لە ئێستا بەدواوە پێداچونەوە بە سیاسەتی خۆمان دەکەین بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئێران لە عێراق و ناوچەکه‌.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ ئێرانى ڕاگه‌یاندووه‌، له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى عێراق پشتگیرى كاندیدى ئه‌وان ده‌كه‌ن، جا ئه‌و كاندیده‌ هه‌ركه‌سێك بێت.
رێككه‌وتى 31ى كانونى دووه‌مى مانگى ڕابردوو، دواى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌باره‌ى عه‌فرین كۆبوویه‌وه‌، هاکان کاراچای كونسڵى توركیا سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان كۆبوویه‌وه‌، له‌ نێو ژووره‌كه‌ى جه‌عفه‌ر ئیمنكى، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان نیگه‌رانى توركیاى له‌ باره‌ى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان ده‌ربڕى.
كونسڵى توركیا، له‌و دانشتنه‌دا به‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و پشتگیریه‌ى په‌رله‌مان به‌ گران له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ڕاده‌وستێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، په‌رله‌مانى كوردستان پشتگیرى تیرۆر ده‌كات، له‌ وه‌ڵامى كونسڵى گشتى توركیا، جه‌عفه‌ر ئیمنكى ده‌ڵێت ” چۆن ڕه‌وایه‌ ئێوه‌ پشتگیرى له‌ توركمانى كه‌ركوك بكه‌ن، ئه‌وهاش ڕه‌وایه‌ بۆ ئێمه‌ پشتگیرى له‌ كوردانى ڕۆژئاوا بكه‌ین”.
له‌و كۆبوونه‌وه‌ كه‌ چه‌ند خوله‌كێكى خایاندوه‌، جه‌عفه‌ر ئیمنكى به‌ ده‌ستگرتن به‌ سیاسه‌تى ئێستاى پارتى به‌ كونسڵ ده‌ڵێت ” بۆت نییه‌ له‌ ناو باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مان به‌ برایانى ڕۆژئاوا بڵێى تیرۆرست ، ئێمه‌ ناتوانین له‌وه‌زیاتر گفتووگۆبكه‌ین كارمان زۆره‌و دانیشتنه‌كه‌ كۆتایى پێدێنین “.
دواى دانیشتنه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كونسڵى گشتى توركیا له‌ هه‌ولێر، بێگه‌رد تاڵه‌بانى، سكرتێرى په‌رله‌مان به‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى وتوه‌ ” بۆچى به‌م شێوه‌یه‌ توند بوویت له‌گه‌ڵ كونسڵى توركیا ؟” له‌ وه‌ڵامدا جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، له‌مه‌ودوا پێویسته‌ سیاسه‌تیان به‌رامبه‌ر توركیا به‌و شێوازه‌بێت.
دوا به‌دواى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان، پارتى دیموكراتى كوردستان به‌مه‌ نه‌وه‌ستا، ڕێككه‌وتى 10ى شوبات شاندێکی په‌رله‌مانی کوردستان، که‌ پێکهاتبوو له‌ عه‌لی هالۆ، عه‌باس فه‌تاح، شێرکۆ حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌بو کاروان و سوهراب میکائیل، به‌ نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان سه‌ردانى شارى عه‌فرینیان كرد.
ئه‌و شانده‌ى په‌رله‌مان كه‌ له‌ لایه‌ن على هالۆ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا ( كه‌ له‌ پێشووتر په‌كه‌كه‌ بووه‌ ) به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌و كۆمارى ئیسلامى ئێران چوونه‌ عه‌فرین، شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان له‌ ڕێگاى شارى حه‌له‌به‌وه‌ دواى تێپه‌ربوون به‌ نێو زیاتر له‌ 30 بازگه‌یى سه‌ربازى، به‌ هاوكارى چه‌ند ئه‌فسه‌رێكى ئێران گه‌یشته‌ ناو عه‌فرین، جگه‌ له‌ گه‌یاندنى هاوكارى ته‌ندروستى ڕاپۆرتێكیشیان له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشكه‌شى په‌رله‌مان كرد.
به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌و سه‌ردانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مایى ئه‌جیندایى پارتى بووه‌و، زۆرێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و شانده‌ش هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌كردبوو.
ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌ى ئێران و پارتى كاریگه‌رى خۆى هه‌بووه‌، به‌جۆرێك ئه‌و نه‌رمى نواندنه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌و نزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌و، توركیاش نیگه‌رانه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌ى ئێران و پارتى، به‌ فه‌رمیش بانگهێشتى بارزانیان كردووه‌ بۆ توركیا، به‌ڵام بارزانى به‌هۆكارى فشاره‌كانى سه‌رى و ناوبانگى خۆیى و توڕه‌یى له‌ وڵاتى توركیا، كه‌ له‌ڕیفراندۆم پشتگیرى نه‌كرد، ئه‌و سه‌ردانه‌ى ڕه‌تكردۆته‌وه‌و، به‌ بیانوى ئه‌وه‌ى تاوه‌كو عه‌فرین گه‌مارۆى له‌سه‌ر بێت سه‌ردانى توركیا ناكات.
ئه‌م یاریه‌و نزیكبوونه‌وه‌ى پارتى له‌ كۆمارى ئیسلامى به‌ یارییه‌كى تاكتیكى داده‌نرێت، نه‌ك ستراتیژى له‌ به‌رامبه‌ر توركیاو به‌غدا، تاوه‌كو ئێستاش پارتى توانیویه‌تى سوود له‌و په‌یوه‌ندیه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران ببێنێت و، وه‌كو كارتێكى فشار له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ردووك لا به‌كاریهێناوه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.