ووتیان چاكی دەكەین كوێریان كرد

لەلایەن ستاندار Posted on 537 جار بینراوە

                                         هیوا سەید سەلیم

ئەمەی سەرەوە كە ووتەیەكی  ناوداری عەرەبیە رێك لەگەڵ ئەو هەموو ئیدیعایانەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دێتەوە، ساڵێكە دەنگوباسی چاكسازی لە مووچەی خانەنیشینان و پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان مێشكیان كاس كردووین و بەربرسانی هەرێم سەری زار و بنی زاریان لەو ماوەیە بۆتە باس باسی ئەو چاكسازیە.

بەو دواییە لە لایەن بەرپرسانی حوكمەتی هەرێم ئەوە ئاشكرا كرا كە لەپاڵ زۆری مووچەی بۆستی باڵا كەسانێكی زۆریش هەن ئەو مووچە زۆرەیان پێدەدرێت كە رۆژێك ئەو پۆستەیان نەبینیەوە بۆیە پارەیەكی زۆر لەو پۆستە باڵایانە سەرف دەكرێت، كە لە ئێستای دۆخی هەرێمی كوردستان كە بەدەست قەیرانی ئابووری دەناڵێت بۆتە بارێكی یەكجار گران.

لە پێناو چارەسەری ئەو قەیرنە و كەمكردنەوەی خەرجیەكان و گيرانەوەی باڵانسی لاسەنگ لە نێوان داهات و خەرجیەكان كە دۆخی ئابووری كوردستاتنی تووشی هەڵئاوسانێكی زۆركردووە حكومەتی هەرێم پرۆژە بڕیارێكی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد كە بە پرۆژەی چاكسازی لە مووچەی مووچەخۆران ناسراوە.

ئەو پرۆژەیە  لە پەرلەمانی كوردستان بە دوور لە چاوی كامیرا و بە دەنگدانی نەهێنی دەنگی لەسەر دراوە بۆیە دوای دەنگدانی هەر لایەن و فراكسیۆنە دەیەوەێت خۆی لە بەشێكی ئەو پرۆژە بڕیارە بێ بەری بكات.

خاڵی لاوازی پرۆژەكە بریتیە لە ئەو رێژە زۆرەی كە بۆ خانەنیشینی پلە باڵاكان لە هەرێمی كوردستان دیاری كراوە واتا هەموو پلە باڵاكان بەڵام چونكە دواجار یاساكە لە لایەن پەرلەمانی كوردستان و بە دەنگی پەرلەمانتاران تێپەڕیوە زۆربەی رەخنەكان روویان لە پەرلەمانی كوردستانە، ئەگیان پۆستی تریش هەیە كە لە شێوەی پەرلەمانتاران مووچەی زۆریان بۆ دەبڕێتەوە لە كاتی خانەیشین كردنیان بەڵام باس ناكرێن!!

لە زۆرێك لە وڵاتان كاتێك پەرلەمانتار كۆتایی بە كارەكەی دێت دەگەڕێتەوە سەر كاری پێش پەرلەمانتاری، وەیان بە مووچەیەكی رەمزی خانەنیشین دەكرێت، تەنانەت لە عێراقیش ئەو پرسە بەیاسا رێكخراوە بۆیە ئەو داوایەش رووبەرووی پەرلەمانی كوردستان كرایەوە، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان بە یاساكرا رەخنەی زۆر هەڵدەگرێت بە تایبەت لە ئێستادا كە زۆربەی چین و توێژەكانی كوردستان كێشەی مووچەیان هەیە لەسەرینی یاسای پاشەكەوت و دواكەوتنی مووچەكانیان.

دوو تێبینی زۆر گرنگ لەسەر مووچەی پلە باڵاكانی هەرێمی كوردستان هەیە، یەكەمیان ئەوەیە لە بنەڕەتدا مووچەكەیان بە بەراورد لەگەڵ مووچەخۆرانی ئاسایی زۆرە، واتا جیاوازیەكە زۆر زەقە،  دووەمیش ئەوەی ئەمجارە بە یاساكرا بریتیە لەو  رێژە زۆرەی كە پۆستە باڵاكان لە ناویشیاندا پەرلەمانتاران  پێی خانەنیشین دەكرێن.

واتا رێژەیەكی زۆر لە بەرامبەر خزمەتێكی كەم، كە ئەمە رێك پێچەوانەی زۆرینەی مووچەخۆرانی ترە لە هەرێمی كوردستان،  كە ئەوان بە خزمەتێكی زۆرەوە بە مووچەیەكی كەم خانەیشین دەكرێن، كە ئەمە بە یاسا كرا بە دڵنیایەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت.

بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان خۆیان تووشی ئەو هەلەیە نەكەن دەبوو مووچەی پۆستە باڵاكان كەم بكەنەوە، واتا مووچەی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و حكومەت و جێگرەكانیان و سەرۆكایەتی پەرلەمان و جێگرەكانی تا راوێژكار و بەرێوەبەرە گشتیەكان، ئەگەر ئەم كارەیان بكردایە ئەوسا بۆ خانەنیشینی ئەمانە رەخنەیەكی ئەوتۆ نەدەگیرا، كە ئەوە نەكرا پەرلەمان بەرژەوەندی پەرلەمانتاران پۆست باڵاكانی خستە سەرووی زۆرینەی خەلك ئەم جۆرە كارانەوەی لێدەكەوێتەوە كە بینیمان، ئەویش دەبێتە هۆی ناشیرین كردنی كاری پەرلەمانتاری و بێ هەیبەت كردنی پەرلەمانی كوردستان.

لە ئێستادا كە یاساكە وێڕای ئەو ڕەخنە زۆرەی لێی دەگیرێت لە پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری زۆرینەی پەرلەمان تێپەڕیوە، بۆیە پێویستە لە پێناو بەهەند هەرگرتنی رەخنەكانی خەڵك و رای گشتی هەرچی زووە پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەكی تازە موچەی پلە باڵاكان دیاری بكات لەسەر بنەمای كەمكردنەوەی جیاوازیەكان، ئەگینا دەبێت چاوەڕوانی كاردانەوەی توندتری خەڵك بن، چونكە ئەوەی كرا بریتیە لەوی لە شوێنی چاكی بكەن كويرتان كرد.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.