ھەرێمی کوردستان و درۆی سەربەخۆیی

لەلایەن ستاندار Posted on 550 جار بینراوە

ئەیوب خەلیل ئیسماعیل

ئاشکرایە لای ھەمووان لەم ماوانەی دواییدا ھەرێمی کوردستان لە سایەی گشتپرسی و سەربەخۆیی زۆرترین زیانی بەرکەوت و ڕەنج و خوێنی چەند ساڵەی ڕۆڵەکانی ھەمووی بە چەند سەعاتیک بە با دادا. لە میانەی ئەم پرسەش بۆچوون و لێکدانەوەی ھەمە جۆر ھاتە کایەوە سەبارەت بە ھۆکارو دەرھاوێشتەکانی ئەم ھەنگاوە. لێرەدا من نامەوی بچمە ناو گێژەڵۆکی ئەو مشتومڕەی کە ئایا چێ ھۆکار بووەو؟ چۆن ئەمە ڕوویدا؟ لە بڕی ئەوە مەبەستمە وەڵامی پرسیارێکی سادە بدەمەوە، کە ئایا ھەرێمی کوردستان لە بنەڕەتداو لە سایەی حوکمی بنەماڵەکان دەشێ ببێتە قەوارەیەکی سەربەخۆ؟

بۆ بەدەستھێنانی وەڵامیش لێرەدا ھەوڵ دەدەم شرۆڤە کارییەکی کوورت و سادە بخەمە ڕوو بۆ دۆخی دوو بنەمای سەرەکی بوونی ھەر قەوارەیەکی سیاسی کە ئەویش یەکەمیان خاکە (نیشتمان) دووەمیشیان تاکە (ھاوڵاتی) لە ڕوانگەی ئەوەی کە ئایا لە ھەرێمی کوردستان وە بە درێژایی ئەو بیست وحەوت ساڵەی کە کورد خۆی دەسەڵاتی حکومڕانی گرتووتە ئەستوو کاریکی وا کراوە کە خاک و تاکی بە ئەندازەیەک پی گەیشتبن کە ببیتە بنەمایەک بۆ بونیادنانی کیانیکی سەربەخۆی تەندرووست.

سەبارەت بە بنەمای یەکەم کە خاکە، حەیف و مەخابن لە دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی کوردستان، دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە بڕی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و دووبارە بونیادنانی گوندەکان و گێرانەوەی ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکان بۆ سەر خاکی نیشتمان، خەمی یەکەمیان بریتی بووە لەوەی کە چۆن بە شێوەیەکی خێراو لەپڕ دەوڵەمەند بن لەسەر حیسابی ئەم خاکە. بەڵگەی حاشا ھەڵنەگری ڕاستی ئەو سیاسەتەش بریتیە لەوەی لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەی کە کۆمەڵانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پیایدا تیپەر دەبن و حکومەتەکەی موفلیسەو مووچەی چەندین مانگی فەرمانبەرانی قەرزارە، دەبینین کە حیزب و بەرپرسە باڵاکانی ئەم ھەرێمە خاوەنی ملیونەھا دۆلارن و ھەرچی گردوو تەپۆڵکەو زەوی بازرگانی ھەیە لە خۆیان و حاشیەتەکانیان تاپۆکردووە. ئەم سیاسەتەش کە ئێستاشی لەگەڵ دابی پەیرەو دەکری و بە ناوی جیا جیاو بە ئامرازی فرەچەشن ھەوڵی بە تاڵانبردنی دەرامەت و سامانی ئەم وڵاتەی پی دەدری، بووەتە مایەی ئەوەی کە خاکی کوردستان ھەراج بکری و بە گریبەستی ناڕوون و نا شەفاف بفرۆشری بە وڵاتان و کۆمپانیا بیانیەکان. بەم شێوەیە دەبینین کە بە داخەوە دەسەڵاتی کوردی نموونەیەکی پرشنگداری لە پاراستن و گەشەپێدانی خاک و سامانە سروشتیەکانی پێشکەش بە ھاوڵاتیان نەکردوو ھێچ بەھایەکی جوانیشی لای کۆمەڵانی خەڵک نەھیشت کە پێش ڕاپەرین خۆیان دەکردە قوربانی. لە بڕی ئەمە دەبینین لە رۆژگاری ئەمرودا، خۆشەویستی خاک و کوردپەروەری لە بیری ھاوڵاتیان برانەوە و لە جێگای ئەو خەمی پەیداکرنی بژێوی ژیان و قووتی ڕۆژانە کاری ھەرە لە پێشینەیانە.

دەربارەی بنەمای دووەم کە تاکە (ھاوڵاتی)، دەکرێ چەند سەرنجێک بخەینە ڕوو کە بووەتە مایەی لاوازکردنی ھەستی بە ھاوڵاتی بوون (المواگنە) لەم ھەرێمەی ئێمەدا. کە ھەندێکیان ئەمانەن:
– رێزنەگرتن لە ھاووڵاتیان و پێشیلکردنی مافەکانیان و دابین نەکردنی ژیانیکی ئاسوودەو گونجاوو بۆیان یەکیکە لە خاڵە ھەرە گرنگەکانی لاوازکردنی ھەستی بە ھاوڵاتی بوون و ھێنانەدی کۆمەڵگایەکی نا تەندرووست. لە ھەرێمەکەی ئێمەدا و لە سایەی شێوازی حکومڕانی کوردی دوو چینی ھاوڵاتی درووست بووە کە یەکەمیان چینی دەوڵەمەندە (کەمینەن) و دەکری بە ھاوڵاتی پڵە یەک ناوبنری، کە لە خۆشترین دۆخدا دەژی و قەیرانی دارایی و کارەبا و کەمی خزمەتگوزاری لای ئەوان بوونی نیە. لە لایەکی ترەوە چینیکی تر ھەیە کە چینی کەم دەرامەتە (زۆرینەن) کە دەکری بە ھاوڵاتی پڵە دوو ناوبنرین و لە سەختترین و ناخۆشترین دۆخدا دەژین و بەدەست نەبوونی و کەمی کارەباو خزمەتگوزارییەکان دەناڵینن. ئەم جۆرە لە حکومڕانی بێ گومان ھەستی نیشتمان پەروەری و بە ھاوڵاتی بوون لاواز دەکات و دەبێتە ھۆی قۆڵکردنی جیاوازی لە نێوان خودی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە لایەک و لە نێوان ھاووڵاتیان و حکومەت لە لایەکی ترەوە.

– فەرامووشکردنی پرینسیبی بەشداری پێکردنی ھێزە سیاسیەکان لە حکومڕانی و پەیرەوکردنی دەسەڵاتیکی تاکڕوانەی خۆسەپین وایکردووە کە یەکرێزی نیشتمانی بە تەواوی پەکبخرێ و کۆمەڵگای کوردی و گوتاری سیاسی پەرتوازە ببی و ستراتیژێکی ڕوون نەبی لە چونیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەند و وڵاتانی دراوسی، کە ڕۆلیکی سەرەکی دەگیرن لە ئاراستەکرنی ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم و زۆر جار ئەجیندای تایبەت بە خۆیان دەسەپینن بە سەریان.

– ھەروەھا سیاسەتەکانی حکومڕانی کوردی وایکردووە بەرژەوەندی تاکەکەسی و ھەستی خۆ پەرستی و عەشیرەتگەری بەھێزبیت، لە بڕی رەچاووکردنی بەرژەوەندی گشتی و خوشەویستی نیشتمان بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسی زاڵبووە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا. بێ گومان لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا ھەرچی خوو ڕەوشتی بەرزە نامینی و لە جێگای کۆیلایەتی و سەرشۆرکردن و خۆ بەکەم زانین پەیدابی و ھاوڵاتی خاوەن کەسایەتیکی لاواز دەبیت و تەنھا خەمی بەرژەوەندی خۆی دەبی.

– لە ھەموو ئەمانەی کە باسکرا گرنگتر سەروەرنەبوونی یاسا و سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادەورییە لەم ھەرێمەدا، کە ئەمانە بە تەنھا پارێزەرو زامینی مافی ھاوڵاتیانن. سەروەرنەبوونی یاسا وادەکات بەردەوام مافەکانی ھاوڵاتی پیشیل بکرێ و دواجار ئەمە ھەستی بە ھاوڵاتی بوون لاواز دەکات.

ھەموو ئەمانەی کە باسکران ھۆکارن بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی لە دۆخیکی دەروونی شڵەژاوو نا جیگیر گوزەر بکەن ومتمانەیان بە حیزبەکان و حکومەت نەمینی. چونکە تەنھا ڕێگا بۆ بونیادنانی ھەستی بە ھاوڵاتی بوونی تەندرووست رەخساندنی ژینگەیەکی سیاسی دیموکراتی یە لە پاڵ چەسپاندنی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی، بەم شێوەیەش پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدارو میللەت وتاک و خاک پەرەدەسینی و پتەوتر دەبێت. بۆیە لێرەدا من پێم وایە کە تاوەکو ئەو دوو بنەمایە (خاک و تاک) جێگیر و مسۆگەر نەکەین لە ئەرزی واقیع، ئەوا بابەتی سەربەخۆیی لە چوارچێوەی خەونی شاعیران تێپەرنابیت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.