دانوستاندن، یان دابڵۆساندن

لەلایەن ستاندار Posted on 621 جار بینراوە 0 سەرنج
balen saber

بەڵێن سابیر

ئەوەی ئێستا دەسەڵاتی کوردی لە بەغدا دەیکا، دانوستاندن(مفاوەزات) نیە، سیاسەتی حەکیمانە و مراوغەیەکی جوانیش نیە، چونکە بە حوکمی عورف و عادەت دانوستاندن بۆ ئەوەیە تۆ شتێک دەدەی، دەست لە شتگەلێک ھەڵدەگری و لە بەرامبەر چەند شتێک وەردەگری. کۆبوونەوە و مێزگەرد لە سەر ئەو مێزەی ھەموو شتێکت لێ دەستێنێ و ھیچت پێ ڕەوا نابینێت، پێی ناڵێن مێزی دانوستاندن، بەڵکو مێزی تەڕەفە عەنتەر و باڵادەستەکەیە، کە تۆ لە بەرامبەری شکستت ھێناوە و ئەویش بە میزاجی خۆی ھەرچیەکی بیەوێت، دەیبات، تۆش تەرەفی بچووک ھەر دەتوانی سەری رەزامەندی بە پێشنیازەکان بلەقێنی و ھیچی دی!!

ئەوە سیاسەتی ناتەندروستی کوردە لە بەغدا، کاتێک حەشد و عەسکەری عێڕاقی، تێکەڵەی ئێران و عێڕاق لە سنووری نێوان ھەولێر- کەرکووک بە من دەڵێت: عەرەبییەکەت باش نەکەیت، ئارەزووم لێبێت، ناھێڵم ئاودیووی ناو کەرکووک بیت!!
نمونەی سەیرتر وەک دەسەڵاتی کوردی نادۆزیتەوە، دەمێکی باش، باش دەخوڕێ، چاو سوور دەکاتەوە و تەحەدای توندی سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەند دەکا، سەرێکی دی لە خەمی دابینکردنی مووچە و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، ماکە گشتیەکان لەدەست دەدات، ئامادەیە گەورەترین تەشەبووز بکات، لە ئەخیرەن حەشاماتی خەڵکی ساویلکە دەیکەن بە سیاستی فەنی مومکین! ئەم فەنانانە خەریکە مەسەلەی کەرکووک و گەڕاندنەوەی وەک شارێکی کوردی بیری خەڵک دەبەنەوە، ئەو تاقمەی ئێستا حکومڕانی دەکا قەلۆشە و ھیچ پێنەماوە، ئامادەی ھەموو سازشێکە بۆ دەربازبوون لە مووچەی کەڵەکەبووی فەرمانبەرانی ھەرێم و موستەحەقاتەکانی دیکە.

لە ھەر گەڕێکی ئەم دانیشتنانە، حکومەتی کوردی شتێک تەسلیم دەکا، کانە نەوتێک و پێگەیەک لەدەست دەدا، سنوورێک رادەست دەکا. لە گەڵ ھەر چوونەوەیەک بۆ بەغدا، کورد بە ئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ دواوە بە دوو سێ کیلۆ مەتر خاک تەسلیم دەکا.
راستی زەق ئەوەیە، لە دەمی تیغ و زمان و کەللەی نەفامیدا، سیاسەتکارە کورتبین و بیر و دیدە سنوردارەکان وا تێگەیشتووە: مادام فەوزایە، گەل بێ مشومڕ گوێڕایەڵیانە و راھاتووە بە بەدەستەوەدانی خاک و پیرۆزییەکانی، ئیدی قەیچێکە چ شتێک قیمەتی ھەیە، چ پیرۆزییەک بە دڵی ئاغاکانە ئێمەیش پێی دەفرۆشین، گرینگ خەڵک ئاشت بکەینەوە، وەک ئەوەی ئەو باوکەی لە سنووری مەکتەب خالید کوڕەکەی شەھید بووە، گڕی ناخی بە چوار سەد ھەزار موچەی کوڕەکەی دابمرکێتەوە، وەک ئەو ئافرەتەی پیاوەکەی لە شەڕێک لە دەستداوە و بە ملیۆنێک و دووان دڵی بە سانای ئاو بخواتەوە!

“گۆستاڤ لۆبۆن” لە کتێبی “رۆحی سیاسەت” ئاماژەیەکی جوان دەدات و دەڵێت (یەکێک لە سیفەتەکانی گەل خۆشباوەڕییە، خۆشباوەڕیی حەشاماتیش سنووری نیە، بەدیدی ئەو ھەموو شتێک مومکینە، ئەگەر داوای مانگی کرد، دەبێ بەڵێنی پێبدرێ، پیاوانی سیاسەتیش لە پێدانی ئەم بەڵێنانە لە بەردەمیدا دوا ناکەون) زیندووترین نموونە بۆ کۆمەڵگای کوردی ئەو شەرحەی گۆستاڤە، ببینە دەسەڵاتی کوردی ھەم لە ھەرێم ھەمیش لە بەغدا شکستی ھێناوە، شایستە داراییەکانی لە ناوەند بڕدراوە، کەچی وەرگرتنەوەی بە قارەمانێتی تۆمار دەکرێ، زەویێکی زۆری لە چنگ سەندراوەتەوە، دێت ھەندێ وێنە و تەفسیری وەھمی بە گوێی خەڵک دەسپێنێت، جاڕی فتوحات دەدات وەک ئەوەی ئیزافەی خاکی بۆ کورد کوردبێت!!

کورد تا ئیستە پیاوی سیاسی، ئەندامی کارا و چاڵاکی نەبووە لە بەغدا ھاوکێشەکانی بۆ حەل بکا، ئەوەی دەبیندرێت، کۆمەڵێک پیاوی پەرپووت و دابەستی حیزبن، کۆمەڵێک بازرگانی ھەرە قەبەن، کە خۆیان لە قەرەی ھەموو شتێک بدەن، بە لای مەسەلە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان ناچنەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *