هیوا سەید سەلیم
كارل ماركس، دەڵێت:( مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە جارێكیان بە تراژیدی و جاری دوومیش بە كۆمیدی )
بەڵام هەمیشە قەدەری كوردان وابووە كە مێژووەكەی بە تراژیدی دووبارە دەبێتەوە، واتا كورد فرچكی بە تراژیدیا گرتووە، ئەگەر لاپەڕەكانی میژووی كورد هەڵبدەینەوە ئەوسا تێدەگەین كە مێژوەكەمان چەند پراوپڕە لە رووداوی تراژیدی ئەوە قڕكردن و ڕاگواستن و ئەنفال و كیمیاباران كە هەموویان ڕووداوی تراژیدین.
رۆژی 16 ئادار ئەمساڵ لە كاتێكدا كە باشووری كوردستان و تەنانەت پارچەكانی تری كوردستانیش خەریكی ئامادەسازی بووم بۆ یادكردنەوەی مەرگەساتی (30 ) ساڵەی هەلەبجە، كە ساڵانە لەو رۆژەدا رێز لە قوربانیانی كارەساتی هەڵەبجە دەگیرێت و كورد پرسەی نەتەوەیی بۆ هەلەبجە دەگێڕێت، كە 30 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە لایەن رژێمی فاشستی سەدام 5000 كەس لە خەڵكی سڤیلی هەلەبجەو دەوروبەری كرانە قوربانی خەونە فاشسیتەكانی دەسەڵاتدارانی ئەوسای رژێمی بەعس.
ئەمساڵ لە( 16/3)دا هەڵەبجە دەستەخوشكێكی تری بۆ پەیدابوو، ئەویش لە سایەی بوونی عەقلیەتی فاشستانەی خەڵكانێك كە سەدام ئاسا بیردەكەنەوە و هەمیشە تینون بە خوێنی گەلی كوردستان، لەو رۆژەدا ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا كە هەمیشە بانگەشەی ئیسلامیەتی و مرۆدۆستی دەكات شاری عەفرینی بەدەردی هەڵەبجە سووركرد لە خوێنی خەڵكانی سڤیل تەنیا لەبەر ئەوەی كوردبوون و بە دەسەڵاتی فاشستانەی ئەردۆغان رازی نەبوون.
هەلبژاردنی ئەو رۆژە لە لایەن سوپای داگیركەری توركیا هەرگیز بەڕێكەوت نیە، ئەردۆغان لە یادی كۆماری مەهاباد هێرشی بۆسەر كاتۆنی عەفرین دەستپێكرد و لەیەكەم هێرشیشیدا (72) فرۆكە بۆردەمانی دەڤەرەكەیان كرد كە ئاماژەیە بۆ 72 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری مهاباد، دوا جاریش لەیادی كۆمەڵكوژی هەلەبجە لە عەفرین خەلكی سڤیل دەكوژێت ئەمەیە ئەو تراژیدیاەی كە حوكمی مێژووە بەسەر كوردی فەرزكردووە.
كۆمەلكوژیەكەی ئەردۆغان لە كاتێكدا ئەنجام درا كە شەرڤانان (56) رۆژ خۆڕاگریان كرد لەبەردەم سوپایەكی پڕچەكی وەك سوپای توركیا و هێزە هاوكارەكانی كە بریتی بوون لە دەیان رێكخراوی تیرۆرستی پاشماوەی ئەلقاعید و داعش و نەسڕە، تەنانەت لە ئەوپەڕی ئاسیای ناوین لەسەر سنوورەكانی چین و توركمەنستان هێزی تیرورستی بۆ گیانی كوردان هێنراون.
تراژیدیای ئەمجاری مێژووی كورد لە عەفرین و رۆژئاوای كوردستان لە كاتێك دایە كە جیهان لە سەردەمی عەولەمە و تەكنەلۆژیا دایەو هەمووان بەناو بانگەشەی مافی مرۆڤ و ئازادی دەكەن، كەچی 57 رۆژە لە عەفرین و دەوروبەری بەچەكی بەشێك لەو وڵاتانە كورد دەكوژرێت و لە سەر ماڵ وموڵكی دەردەكرێت سەرچاوەكانی ژیانی لێ تێكدەدرێت كەچی كەسێك نیە گوێ لە هاواری كوردان بگرێت.
دوای ساڵ و لە هەمان رۆژی مەرگەساتی هەڵەبجە كارەساتی عەفرین لەگەل ئەو بەرخۆدانە پر لە قارمانیەتیەی شەڕڤانان، بەڵام دۆخەكە ئەومان پێدەڵێت كە بۆ گیانی كوردان ئەردۆغان لە سەدام باشتر نیە، ئەوەی كە دەبێت كورد تێیبگات ئەوەیە كە هێشتا دۆستی ئێمە چیاكانن و بەس.
دواجار دەڵێین ئەگەر 30 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ هەلەبجە هێمای مەزڵومیەتی گەلی كورد بووبێت و بە ناسنامەی نەتەوەیمان ناسرابێت، ئەوا هیچ گومانی تێدانیە كە عەفرین دەبێتە هێمای خۆراگری و بەرخۆدان و ناوی عەفرین دەچێتە پاڵ كۆبانی، دووژمنان و داگیركەرانی وەك ( ئەردۆغان) یش ئایندەیان لە دیكتاتۆرێكی وەك (سەدام) باشتر نابێت، لەگەل ئەوەشی كە تراژیدیاكەی عەفرین ناخ هەژێنە.