من فەرمانبەرتم، خاوەنشکۆ

لەلایەن ستاندار Posted on 378 جار بینراوە

كارزان سابیر
من دەمێکە بەڵێنم داوە و مێژوشم گەواھیدەرە لە ھەموو وێستگەو قۆناغەکان بەرفەرمانی تۆم، بێ خەمبە لەوەی من ڕۆژێ لەڕۆژان پێتداھەڵشاخێم و ناڕازیبم، ھیچ خورپەیەک بە دڵتدا نەیەت کاتێک فەرمانەکانت بۆمن ئەنێریتە خوار، چون دڵنیابە ھەموویان بێ گرێ و گاڵ ڕاستەرێ ئەبن. خودا نەکات ڕۆژێ من بێم و گلەیی لە بڕگەیەکی فەرمانەکانت بکەم، نا.. نا.. ھەگیز شتی وا ڕونادات، بێ خەمبە.
جگەلەوەش ھەرکاتێک و لەھەر شوێنێک بۆ کار ڕایکردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانت منت ویست، دەست لەسەر سنگ لەبەر دەمتم، لە ھەموو بار و گوزەرانێک، کە منی تیام، گیرفانم پڕبێ یان خاڵی، نیوە موچەم بۆ بنێری یان نەینێری من ھەربەرفەرمان و فەرمانبەرتم، دڵت ھیچ نەڵێ، بێ خەمبە.
وەک بەڕێوەبەری دام ودەزگاکانی میری بڵێنمان داوە یاساکان بەدڵی تۆ کاربکەن، کۆبوونەوە نیشتیمانی و حزبیکان ئێمە بۆتی ڕێک ئەخەین و ھەمووانیش پابەندی ئامادەبوون ئەکەین، گلەیی ئەو کەسانەی گوزەرانیان خراپەو لە بێ مافی و بێ موچەیی دەنگ ھەلئەبڕن، لەبەین ئەبەین.
ببورە لە ئێمەی کاسبکار و پیشەوەر و کرێکار کاتێک زەحمەتیەکانی ژیان دەست ئەنێتە بینەقاقای گوزەرانمان، کاتێک بەدەستی قڵیشاوەو پشتی چەماوە ھەموو ڕۆژەکە لەکارداین و نازانین دەست حەقی ئێوارە بەکام پێویستی ماڵ بدەین و بۆ پێویستیەکانی تر ڕوو لەکام پەناو پەسێو بکەین. خاوەنشکۆ ببورە ئەگەر لەو کاتانە ھەندێ گازاندەش بکەین، چونکە ئیدی مرۆڤین و جار نا جارێک ناخمان بیرمان ئەخاتەوە کە پێویستە ئێمەش وەک مرۆڤ بژین و ھیچمان لەخەڵکی تر کەم نیە، بەڵام بێ خەمبەو ئەوە تەنھا دەردە دڵە. ئەگینا بۆ ڕۆژانی ھەڵبژاردن و ئاھەنگە حزبی و جەماوەریەکان من لە ڕیزی پێشەوەم و منیش پشکی شێری ئەو موناسەبانەت بۆ قەرەباڵغ نیشانئەدەم.
ئەزانم لە خوێندنی باڵا ڕانکی زانکۆکانمان زۆر خراپەو ساڵانە مامۆستاکانمان کەمترین توێژینەوەیان لە گۆڤارە زانستیەکانی جیھان بڵاو ئەبێتەوە. داھێنان.. نوێگەری.. زانستەکانی سەردەم لای راگرایەتیەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان جێ بایەخ و گرنگی پێدان نین، ئەبینم زانکۆکان لە بابەتە ھەستیارەکانی نەتەوەو نیشتیمان، لە کێشەکانی کۆمەڵگا، لە ئابوری، لە گوزەران و ژیان کەمترین ئامادەییان ھەیە. بەڵام مادام سەربازی تۆن و لەسەر ڕێبازن، گلەییەکانم بۆ خۆم.
خودانەکات بەو نەبونیە توشم بە توشی دەردێکی گران بێت و تیماری بکەوێتە نەخۆشخانەکان، ئەوکات دەبێ جەستەم لە ژوورێکی ساردوسڕی نەخۆشخانە بێت و گیرفانم کۆڵانەو کۆڵانی بازەڕەکان بەدوای دەرماندا بگەڕێت، خۆ ئەگەر دکتۆری دەردی من لە نەخۆشخانەکانی میری دەست نەکەوت، ئەبێ لە نیوەشەودا لە باری تەعالا بپاڕێمەوە زوو گیانم دەرکاو نەکەومە دەستی بازرگانان، ئیدی ئەوە قەدەرەو خاوەنشکۆ چی لەدەست دێ بۆمن؟
بەڵام لەگەڵ ھەموو دەرد و نارەحەتیەک کە من ھەمە، بەڵێن ئەدەم تۆ تەنھا دوو مانگ پێش ھەڵبژاردنەکان من ئاگاداربکەوە، ھەڵمەتی شارەو شار و کۆڵان کۆڵانت بۆ ئەگێڕم، دار و بەردی ئەم مەملەکەتە ئەکەمە ناوو وێنەو ئاڵای تۆ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەیان پەیجی ڕاستی و ساختەت بۆ دروست ئەکەم، کاریان پێدا ھەڵگوتن و مەدح و سەنا بێت، لە مێزگەردی کەناڵەکان ئەبمە دەنگێکی دلێر بۆ بەرگری و جوان ناساندنی تۆ، لێزانانە پینەی کێماسیەکانت ئەکەم.
ڕۆژانی ھەڵبژاردن گەورەو بچوک پیر و پەککەوتە ڕیز ئەبەستین و دێینە سەر سندوقەکان، پۆل پۆل گەنجانی بێکاری کۆڵان ئەنێرمە ھەڵمەتەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەنگی تۆو تەزویر، لەبەردەم مایکی کەناڵەکان پڕ بە قوڕگمان ھاوار ئەکەین دەنگ و دڵمان بۆتەیە خاوەنشکۆ.
کە سەرکەوتنیش ڕاگەیەندرا، ئاھەنگ و شایی، تەقەی خۆشی، کەژاوەی ئۆتۆمبێڵی شەقامەکانی شار من ئەیکەم و زۆریش خۆشی لێ ئەبینم خاوەنشکۆ.
————–
من/ گەلێکی ڕازی بە زوڵم و بێ دادی
خاوەنشکۆ/ دەسەڵاتی ٢٧ ساڵەی کوردی بە ھەموو ئەو حزبانەی دەستیان لە دروستکردنی ئەم دۆخە ھەیە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.