لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 263 جار بینراوە

ڕەھبەر مەلا زادە
ئایا ئەم خۆپیشاندانانەی ڕوویدا حاڵەتێکی لەپڕ و ناکاو بوو یاخوود دەرەنجامی کەڵەکەبوونی قەیران و کێشە بەردەوامەکان بوو؟ھەر لە بنەڕەتدا بۆچی ڕوویدا؟ئایا ھۆکار بوو یان ئەنجام؟!
بەگشتی (دەسەڵاتی کوردی) لە نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوو لە حکومڕانی خۆماڵی پێنج خەسڵەتی سەرەکی ھەبوو بوونە ھۆی خۆپیشاندان لە ١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١ تا خۆپیشاندانەکانی ھەولێری پایتەخت ٢٠١٨⁄٣⁄٢٥ وەک دەرەنجامەکانی ئەم حکومڕانیە شکستخواردوو و گەندەڵە،زۆر بە کورتی ئەمانەن؛
١-دەستگرتن بە کورسی دەسەڵاتەوە تا مردن و دواتر گواستنەوەی دەسەڵات بۆ نەوەکان.
بێ ئەوەی توانا و بەھرەکانیان تاقیکرابێتەوە نەوەی دەسەڵاتداران و بەرپرسەکان بە میرات بۆیان دەمایەوە بەمەش بە خراپترین شێوە موماڕەسەیان دەکرد وە تەنھا خزمەتی کەمینەیی زۆر کەمیان دەکرد و زۆرینەی ڕەھاش بەشمەینەت و ماڵوێرانکرا.
٢-گەندەڵیەکی سستماتیزەکراو و قووڵ و تەخشان و پەخشانکردنی سامانی گشتی و بڵاوبوونەوەی بێکاری.
بەبڕوای زۆرینەی ڕۆشنبیران و توێژەرانی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم دەسەڵاتەی حکومەتی ھەرێم لە کۆی پڕۆژەکانی سێ دەیەی ڕابردوو لە تەنھا یەک شت زۆر سەرکەوتوو بووە ئەویش لە (گەندەڵیکردنێکی ڕێکخراو و وورد) ئەگینا لە ھەموو پڕۆژە نیشتمانی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان شکستی سەرتاسەریان ھێنا،ڕێفراندۆم دوا پڕۆژەی شکستخواردنی ڕەھای ئەم دەسەڵاتە بوو.
٣-داگیرکردنی کۆمەڵگا لە ھەموو ڕەھەندەکانیەوە بەتایبەت لەڕووی ماددیەوە وە ھەوڵدان بۆ داگیرکردنی عەقڵەکانیش لەڕووی مەعنەویەوە.
ئەم دەسەڵاتە سەرەڕای داگیرکردنی سامانی ئەرزی و زەوی و خاک و ھەرچی کاری ستڕاتیژی و پڕۆژەی گەورە ھەیە ویستی ڕۆحی مرۆڤەکان و عەقڵیان و ھەست و کەسایەتیشیان داگیربکا بە دوو ھۆکار؛یەکەم⁄ڕژاندن و باراندنی پارەی زۆڕ…دووەم⁄پێدانی پۆستی کۆنتڕۆڵکراو.وە تا ڕاددەیەکی بەرزیش سەرکەوتوو بوو.بۆنموونە سێ بەشی مامۆستایانی زانکۆ عەقڵ و ھۆش و فکر و شعور و قەڵەمیان داگیرکراوە و ئەوان سارد و سڕ و بێڕۆڵن تەنانەت ناتوانن ھیچ ڕووداوێک دروست بکەن تەنھا کەمێکی کەم نەبێت.بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئایینی کۆنتڕۆڵکراون و ئەو پەیامە گەورەی سەرشانیان فرۆشتووە لە پێناو ھەندێک پارە و تەماحی دونیایی،ئەوان سەلماندیان ھۆکاری پەردەپۆشکردنی ستەم و گەندەڵیەکان تەنانەت ھۆکاری درێژەپێدەری ئەو بارودۆخە سەختەن،تەنھا ژمارەیەکی کەم نەبێت.
٤-بیناکردنی دەسەڵاتی پۆلیسی و کۆمەڵگایەکی داخراو.
دەسەڵاتی پۆلیسی ھیچ نیە جگە لە تەسککردنەوەی بازنەکانی ئازادی و دیموکراسی.دەسەڵاتی پۆلیسی واتە پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی دەسەڵاتداران.بەمەش چەمکی ئاسایش ھیچ نیە جگەلەو دامەزراوە ترسناکەی ھەوڵی بەردەوام دەدات بۆ چاودێریکرنی ھاوڵاتیان و کۆنتڕۆڵکردن و سزادان و لێپرسینەوەیان.وە دروستکردنی دەزگایەکی سیخوڕی چڕ لە نێو کۆمەڵگە لە پێناو داگیرکردنی گشت جم و جۆڵ و ھەناسەی خەڵک.
٥-بڵاوکردنەوەی ھەژاری و بێڕۆڵکردنی ئیڕادەی تاک و ترۆرکردن و بەفیڕۆدانی بەھرە و تواناکانی تاک.
بڵاوکردنەوەی ھەژاری ھۆکاری کوشتن و ئیڕھابکردنی ووزەی شاراوەی لەبن نەھاتووی تاکە چونکە بەھۆی ھەژاریەوە تاک ھێندەی خەریکی پەیداکردنی دوو لەتە نان و دوو فیلسی سووتاوە نیو ھێندە خەریکی تەقاندنەوەی تواناکان و کەشفکردنی بەھرەکانی نابێت بەمەش ئەم ووزە زەبەڵاحەی گەنج بەتایبەت و خەڵک بەگشتی بەفیڕۆ دەچێت لە پێناو مافێکی سەرەتایی ئاژەڵی کە گەدەیە لە کاتێکدا گەدە تاکە وەسیلەیە بۆ ژیانی عەقڵ و فیکر و لۆجیک و ژیری و ڕۆح و ویژدان و مرۆڤبوون.دەسەڵاتی کوردی بەمەرجێک کەسی بەتوانا و زیرەک و خاوەن بەھرە پارە باران دەکا تەنھا ببێتە فەرمانبەرێکی موتیعی بێھەست و بێئیڕادە و دۆڕاو و زەلیل و بێشوناس کە ھەموو ووزە و وورەی خۆی سەرف بکا لە پێناو جوانکردن و میکیاژکردنی گەندەڵی و شکستەکانیان.دواجار ھەژارکردنی کۆمەڵگە واتە ترۆرکردنی ئیڕادەی گۆڕانکاری لە نێو سەرجەم کایەکان.
بۆیە بەڕای من خۆپیشاندانەکان ناوە ناوە بە چڕی و بەقەبارە و ڕێژەی جیاواز سەرھەڵدەداتەوە چونکە ئەو نەخۆشیە ترسناک و کوشندانەی بەربوونەتە گیان و جەستەی ئەم دەسەڵاتە ھیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی ڕیشەیی نیە جگە لە وازھێنان لە دەسەڵات و ڕێگەدان بە ھاتنی خەڵکێکیتری ئەمین و شارەزا چونکە دڵنیام بە چارەسەری کاتی و موسەککینات نەخۆشی و قەیرانە دارڕزێنەرەکان چارەسەر نابن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.