نەک برا مسوڵمانەکان، بەڵکو برا کوردەکانیش پشتیوانمان نین

لەلایەن ستاندار Posted on 279 جار بینراوە

پ.ی.د. رعد رفعە محمد
دوای لکاندنی باشوری کوردستان بە دەوڵەتی عێراقی لەسەرەتای ساڵی بیستەکانی سەدەی رابردوو، خەڵک وخاکی ھەرێمی کوردستان دووچاری چەندین ستەم ونەھامەتی وجینۆساید وتاوانی جەنگ بۆتەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتەکانی عێراق.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە دەوڵەتە زلھێزەکانی جیھان رۆڵی تەماشاکاریان بینیوەو بەرژەوەندیە سیاسی وئابوری وسەربازیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا نەگۆریوەتەوە بە پرنسیپە ئینسانیەکان (بەگشتی)، وھەر کاتێک عێراق لە سیاسەتی وڵاتە زلھێزەکان دەرچووبێ لەرێگای ئەو دۆسیە مرۆیی وسیاسیانەی کۆیانکردۆتەوە سزای دەوڵەتی عێراقیان داوەو کوردیش لەو نێوەندەدا سوودمەند بووە.
کەواتە ووڵاتە زھێزەکانی وەکو ئەمریکا وبەریتانیاو ئەڵمانیا وفەرەنساو روسیا وھتد… ھەردەم بەرژەوەندیەکانی خۆیان لەپێش پێوەرە مرۆییەکان داناوە لەکاتی مامەڵەکردن لەگەل پرسی کورد وکوردستان.
بەھەمان شێوە بەڵکو خراپتریش، ووڵاتە ئیسلامیی وعەرەبیەکان وتەنانەت بزوتنەوە ئیسلامیەکانیش ھەڵوێستی خراپیان ھەبووە بەرامبەر بە دۆزی گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستان. ھەندێک جار ئەو ووڵاتانەو ئیسلامیەکانیش بەشێک بوونە لەو ستەم وکۆمەڵکوژی وسەرکوتکردنانەی بەرۆکی کوردی گرتوە، چ بە بەبەشداری سەربازی راستەوخۆ یان بە دەرکردنی فەتوای کوشتن وسەرو ماڵ حەڵاکردنی کورد بۆ نەیارەکانی.
ئێستاش دوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان حوکم دەکرێ لەلایەن چەند چەتەو خوێنرێژێک بەناوی حکومەتی ھەرێم، ھەمان ستەمی رژێمەکانی عێراق بەسەر گەلەکەمان دێت بەڵکو زیاتریش، کوشتنی خۆپیشاندەر ورۆژنامەنوس ومامۆستای ئایینی ولێدان وگرتن وئەتککردن وشکاندنی شکۆ وزەوتکردنی زەوی وقەرزارکردنی نەوەکانی داھاتوو وخاک فرۆشتن، ئەمانە مشتێکن لەخەروارێک، جگە لە زەوتکردنی گشت دەسەڵاتە سیاسی ویاسایی ودادوەریەکان بە زۆری زۆردارو دەستاودەست نەکردنی دەسەڵات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گلەیی لە ووڵاتە زلھێزەکان ناکرێ کە پشتیوانی ھاونیشمانیانی ھەرێمی کوردستان نینە دژی رژێمە داپلۆسێنەرەکەی؛ چونکە ئەو ووڵاتانە مامەڵەی سەربازی وسیاسی وئابوری لەگەڵ دەسەڵاتدارە فەرمیەکان دەکەن وبەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن نەک ھەوڵی سەرخستنی میللەتانی ژێردەستە بدەن دژی دەسەڵاتدارەکانیان.
سەبارەت بە ووڵاتە ئیسلامیەکانیش ھەندێک جار -ئەگەر تەکتیکیش- بێت بۆ مانەوەی رژێمێکی دیاریکراو یان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان بێت پشتگیری ھاونیشتمانیانی عەرەبی وڵاتێکیان کردوە بۆ گۆڕینی رژێمەکە یان لاوازکردنی یان بەلایەنی کەم مامەڵەی دپلۆماسی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دەکات.
کەچی ئەو ووڵات وبرا مسوڵمانە عەرەب وغەیرە عەرەبانە پشتیوانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ناکەن دژی دەسەڵاتدارەکانی بە شێوازی دپلۆماسی یان ئابوری یان سەربازی یان تەنانەت بە راگەیاندن وبەیاننامەیەکیش بێت؛ چونکە لەبەرژەوەندی ئەوانیشدایە ئەو جۆرە چەتەو مافیانە حوکمی کوردستان بکات.
لەتورکیا پارتی دادو گەشەی ئیسلامی پشتگیری پارتی دیموکراتی عەلمانی نزیک لە ئەمریکاو ئیسرائیل دەکات بەڵام ئامادە نیە مامەڵە لەگەڵ کومەڵ ویەکگرتوی ئیسلامیی بکات کە دوو حزبی ئایدۆلۆژی نزیک لە ئۆردوگانن.
ھەڵوێستی برا مسوڵمانەکان بەم شێوەیە بەرامبەر بەبرا کوردەکانیان، بەڵام برا کوردە بێ دەوڵەت وپشتیوان وخاوەن کیانە لاوازەكە، ھەردەم پشتیوانی برا مسوڵمانەکانی بووە لە بۆرماو فەلەستین ومیسر وسوریا وتورکیا وشیشان وئەفغانستان وھتد… بەلاوازی خۆیشی پشتیوانی چەکداری وراگەیاندن وخۆپیشاندان وگردبونەوەو دوعا وفشاری نێودەوڵەتی وھتد… بووە.
بەڵام ئەوەی جێگای داخ وگلەییە، برا کوردەکانی خۆمانن، کوردانی باشور لە زۆربەی پێشھات وفشار وھەڵمەتە سیاسی وراگەیاندن وسەربازی ورەشبگیری وراوەدونان وکردە سەربازیەکانی دوژمنان دژی باکور ورۆژئاوا، ھەردەم پشتگیری تەواویان بوونە بە پاڵپشتی سەربازی ومیدیایی وفشاری نێودەوڵەتی وخۆپیشاندان وبەیاننامە.
کەچی ئەو برا کوردانەی رۆژئاواو باکور بێ دەنگیان ھەڵبژاردوە بەرامبەر ئەو ھەموو ستەمەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەرامبەر گەلەکەیان ئەنجامی دەدەن، نەفشار دەکەن لەسەر ووڵاتەکانیان، نەخۆپیشاندان، نەگربونەوە، بەڵکو تەنانەت بەیاننامەیەکی نارەزاییش دەرناکەن دژی رژێمەکەی ھەرێم.
بەپێچەوانەوە، لەکاتی درێژکردنەوەی نایاسایی ماوەی سەرۆکی ھەرێم ونیگەرانی ھاونیشتمانانی کوردستان، حزبە کوردیەکانی باکور مامەڵەی سەرۆکی ھەرێمیان لەگەڵ مسعود بارزانی دەکرد وتەنانەت رەچاوی سایکەلۆژیەت وھەستی کوردانی ھەرێمیان نەدەکرد لەو بوارەدا.
کوردەکانی دەرەوەش (ھاندەران) حاڵیان لە کوردانی سێ پارچەکەی تری كوردستان باشتر نیە، ئەوان ئۆندەی خەریکی پارە کۆکردنەوەو خانوو وزەوی کرینن لەکوردستان وئاھەنگگێران وبازرگانی نێوان ھەرێم و وڵاتەکانیان، ئەوەندە لەخەمی کێشەکانی خەڵکی کوردستان نین. لەزۆربەی ووڵاتان ھاوڵاتیانی ھەندەران ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز ولۆبیەکی کاریگەر دروست دەکەن بۆ گۆڕینی رژێمی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان یان بەلایەنی کەمەوە دادگاو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیان بۆ دەکەنە دۆزەخ ونەتوانن سەردانی ھیچ ووڵاتێک بکەن و وەکو تاوانباری جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و رووە ناشرینە راستەقینەکانیان ئاشکرا بکرێ لەلای رای گشتی ومیدیا جیھانیەکان، وھەرچی مامەڵەی نەوتی وبانکی وعەقارات وموڵکیان ھەیە لە دەرەوە ئاشکرابکرێن وبلۆک بکرێ وئەو کۆمپانیا نەوتی وگازی وبانکانیانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن حساباتەکانیان ئاشکرا بکرێن لەرێگای وڵاتەکانیان.
لەکۆتاییدا پێویستە بگوترێ تاک تاکی وڵاتان یان ھاوڵاتیانیان یان حزب وکوردی پارچەکانی تری کوردستان ھەڵوێستی جوامێرانەیان ھەبووە بەڵام نەبۆتە دیاردەیەکی گشتگیری رای گشتی خەڵک وسیاسەتی دەوڵەتان وستراتیژیەتی پارتەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.