ھەنگاوە پێویستیەکانی حکومەت بۆ ئەو قۆناغە

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد
متمانە ئێستا لە نێوان خەڵک و حکومەت تا ئاستێکی زۆر نزم دابەزیەوە ئەویش بەھۆی پابەند نەبونی حکومەت بەو بەڵێنانەی پیشتر بەخەڵکی داوە، ئەوە وای کردووە حکومەت وەک مەلەوانە درۆزنەکەی لێبێت، ئەگەر قسەیەکی ڕاستیش بکات خەڵک باوەڕێ پێناکات.
لە ٢٠١٦ کاتێک سیستەمی داسەپاوی پاشەکەوتی بە شێوەی تاکلایەنە بەسەر فەرمانبەران سەپاند گوتی کە نرخی نەوت بەرزبویەوە موچەکەشتان زیاتر دەبێ و، سی رۆژ جارێکیش بێ دواکەوتن موچە دەدەین، بەڵام دوایی ھیچ یەکێک لەو دوو بەڵێنە جێبەجێ نەکرا.
ئەو گۆڕانکاریەی ئێستا کراوە لە سیستەمی موچە ئەوە دەبوو ساڵێک پێش ئێستا بکرابوایە و، ئەو کات خەڵک پێشوازی لێدەکرد بەڵام ئێستا دوای تێپەربوونی زیاتر لە سێ ساڵ خەڵک چاوی لەوەیە تەواوی پاشەکەوت ھەلگیرێت بەتایبەت دوای رێکەوتنی سەرەتایی لەگەڵ بەغدا.
دەبێ بزانین ئەو پارەیەی کە ئێستا حکومەت دەستی دەکەوێ وەک خۆی دەڵێ زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینارە بەسە بۆ ئەوەی بەبێ پاشەکەوت موچە داباش بکات ئەویش بە مەرجێکی ڕوون کە جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتە کە گەڕێنراوە پەرلەمان، ئەگەر پەرلەمان بەخێرایی پێداچونەوەی پێدان بکات و، پەسەندی بکات بەدڵنیایی پارەیەکی زۆری خەڵکی ناشایستە دەڕێت و، دەگەرێتەوە بۆ خەڵک و فەرمانبەری شایستە.

بەگوێرەی ھەندێ داتا موچەی موچەخۆرە راستەقینەکان بە کەمتر لە ٧٠٠ ملیار دینار دەتوانرێ دابین بکرێت، لەلایەکی تر پێویستە حکومەت ئامادەبێ بچێتە پەرلەمان و، ورد و درشتی قەرزەکانی سەری و سەرچاوەی قەرزەکان و داھاتەکانی ڕوون بکاتەوە، بەبێ دروستکردنەوەی متمانە ئەو حکومەت ھیچ کات ناتوانێ خەڵک بھێنێتە قەناعەت کە ژمارەکانی ڕاستن.

بۆیە چارەسەری راستەقینە بە ڕوونکردنەوەی ژمارەکانیەتی و، بە ئامادەبونی تەواو بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا، چونکە حکومەتی ھەرێم بەو دۆخەی دروستی کردوە ھەرگیز ناتوانێ موچە بێ کێشە دابین بکات، باشترین چارەسەر دانەوەی ئەو بەرپرسیاریەتیەیە بە بەغدا و، پابەندبونیەتی بە رێوشوێنەکانی بەغدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.