گەمەی جیۆپۆلیتیك و وزە لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاستدا

لەلایەن ستاندار Posted on 861 جار بینراوە

د. مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا

سەرەتای دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی بەفراوان لە بواری پیشەسازی و بەرهەمهێناندا، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندی سەدەی نۆزدەهەم، ئەگەر نا لە سەردەمی چاخی بەردینەوەش، نەوت وەکو وزە بۆ ڕوناکی و مۆمیاکردن و ڕێگری لە ئاودادان بەکار هاتووە، بەڵام وەکو دەستپێکی یەکەم بۆ هەڵکۆڵینی چاڵەنەوتەکان و تاقیکردنەوە لە باکو و ئازربایجانەوە بوو و وەکو هەڵکۆڵین بۆ بەرهەمهێنان لە پێنسلڤانیای ئەمریکاوە لە ساڵی ١٨٥٩ دەستی پێکرد، لەگەڵ ئەو بەرهەمهێنانەدا، نەوت بووە پێداویستیەکی سەرەکی ژیان و پیشەسازی، بەتایبەتی کاتێ وەکو سوتەمەنی بۆ چرا و ڕوناکردنەوە بەکارهات و بەها و نرخی تا دەهات لە بەرزبوونەوەدا بوو.

کاتێ ڕوسیاش دەستی بە هەڵکۆڵین و پشکنین و دۆزینەوەی نەوت کرد و توانای هەناردەکردن و فرۆشتنی بوو لە لایەکەوە، لە لایەکیترەوە داهێنانەکەی ئەدیسۆن لە دۆزینەوەی کارەبا و هەڵکردنی چرا بە بێ بەکارهێنانی نەوت، هۆکارێکی دیکە بوو بۆ کەمکردنەوەی بەهای نەوت لەو کاتەدا، لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی یەکەم و دووەمدا، پێداویستی پیشەسازی شەڕ بۆ بەرهەمهێنانی ئازوقە و پێداویستی سوپا و وزە بۆ خستنەگەڕی زڕێپۆش و فرۆکەی جەنگی و جێگرتنەوەی خەڵوز بە نەوت و بەنزین، ڕەواجی نەوت و پێداویستی بەکارهێنانی گەیشتە ئەوپەڕی، پاش تەواوبوونی شەڕیش شەپۆلی بوژانەوە و نۆژەنکردنەوە و سەرهەڵدانی گەشەکردن و پەرەسەندن و وەبەرهەمهێنان و پڕکردنی بازاڕی جیهان لە پێداویستیە جۆراوجۆرەکانی هەموو بوارەکان و گەشەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نێو وڵاتانی دونیا و پێشکەوتنی ئامرازەکانی گوازتنەوە وەکو ڕێگای دەریایی بۆ کەشتی و ئاسمانی بۆ فرۆکە و وشکایی بۆ شەمەندەفەر، هەموو ئەمانە بە پشتبەستن بە وزە و بەتایبەتی نەوت، شٶڕشێکی بێ وێنەی لە بوونی وزەدا هەڵگیرساند، کە دەستبەردار بوونی تا ئێستاش هەر مەحاڵە.

لەبەر ئەوەی لە ئێستادا هەندێ دەوڵەت گەیشتوونەتە قۆناغی ( پیك ئۆیل )، هەوڵدان بۆ گەڕان بەدوای دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت وغاز لە بەستەڵەکی باکور گریندلاند و ژێر دەریا و فرەنکینگ و نەوتی قورسی نێو لم زیاتر بووە، بە ڕای هەموو شارەزا و پسپۆرەکان، جیهان ناتوانێ وا بە ئاسانی لە ماوەیەکی نزیکدا دەستبەرداری وزەی تەقلیدی بێت، وە بەپێی کۆمەڵێ ڕاپۆرتی نوێ و جۆراوجۆری ناوەند و پەیمانگای چالاکیە ژینگەییەکان، وەبەرهەمهێنانی بانکە گەورەکان لە بواری دەرهێنانی وزە لە ساڵی ٢٠١٧ دا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو و لە بواری دەرهێنانی نەوت لە شێوەی نەوتی قورس ( نەوتی لم ) و نەوتی بەستەڵەکی باکور و ژێردەریا و غازی ژێردەریا و دەرهێنانی خەڵوز، بە بڕی ١١٥ ملیار دۆلار واتە بە ڕێژەی ١١% زیاتر بووە[1]، تەنانەت بانکەکانی ئەمریکا و کەنەدا زیاتر ڕوو لە وەبەرهەمهێنانن بەرەو سێکتەری نەوت و غاز و خەڵوز، لە کاتێکدا بانکەکانی ئەوروپا و چین و ئوسترالیا و ژاپۆن زیاتر ڕوو لە وەبەرهەمهێنانی وزەی سەوز دەکەن.

 

جەمسەرەکان دەگۆڕێن

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی سوریا، کە سەرەتا لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە شەڕی نێوخۆ ناودەبرا و پاش ساڵی ٢٠١٥ کاتێ ئەسەد داوای یارمەتی لە ڕوسیا کرد، ڕوسیا بە شێوەیەکی کارا و بە پلان تێهەڵکێشی شەڕ بوو، ڕوسیایەك کە تەنها بنکەیەکی سەربازی لە سوریا هەبێ، چۆن وا بە ئاسانی دەستبەرداری پێگەی ستراتیژی و سەربازی خۆی دەبێ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ناتۆ، بۆیە هەڵگیرسانی شەڕ لە سوریا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دوبارە هاتنەوە مەیدانی ڕوسیا و دوبارە زیندوبوونەوەی ڕوسیا وەکو جەمسەرێك بەرامبەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و سەپاندنی پێگە و بوونی خۆی و دەرکەوتنی وەکو هێزێکی جیهانی کە بەبێ ئەو نەتوانرێ زۆر لە ڕێکەوتن و جێکەوتن و بڕیارەکان، ڕیچکەی خۆیان بگرن و بە بێ ئەو وەکو هێزێك بەرامبەر ڕۆژئاوا، گەمەی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرنەگرێ، چونکە ڕوسیا نەك هەر بووەتە بەشێك لە کێشەکە بەڵکو بەشێكە لە چارەسەرێش.

هاوپەیمانێتی روسیا و تورکیا، لەسەر بناغەی هەوڵدانە بۆ بەهێزکردنی هەیمەنەی ڕوسیا پاشان تورکیا لەناوچەکە و گەڕانەوەی ڕوسیا بەرەو دەسەڵاتە ڕەهاکەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وزەیەی لە کەنارەکانی سوریادا هەن، وەلەبەر ئەوەی تورکیا دەوڵەتێکە پشتی پێ نابەستەرێ و متمانەی نێودەوڵەتی لەدەستداوە و هەڵسوکەوتی بواری سیاسەتی دەرەوەی بەپێی بەرژەوەندیە ئابووریەکەی جێگۆڕکێ دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی شێواندنی پلان و بۆچوون و هەیمەنەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی، وە مۆرکردنی پرۆژەیەکی نوێی دامەزراندنی بنکەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە خوارووی تورکیا و بە هاوکاری و چرای سەوزی ڕوسیا ئەو ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیەی نێوان ڕوسیا و تورکیا دەسەلمێنێ، وا بڕیارە ئەم پرۆژەیە ١٠% ی وزەی کارەبای تورکیا دابین بکات و نزیکەی بیست ملیار دۆلار تێچووەکەی بێ و لە ساڵی ٢٠٢٣ وە دەست بەبەرهەمهێنانی وزە بکرێ لەو پرۆژەیەدا[2] لەلایەکیترەوە لەسەردانە دوو ڕۆژیەکەی پوتین بۆ ئەنقەرە لە ڕۆژی ٣/٤ / ٢٠١٨ دا، بڕیاری هەناردەکردنی خێرای ڕاکێتی دژە ئاسمانی  S-400 ی بۆ تورکیا دا[3]، ئەگەرچی پێشتر هەناردە و کڕینی چەکی نێوان تورکیا و ڕوسیا ڕوپۆش کرابوو، بەڵام ئێستا بەبەرچاوی چاپەمەنیەوە و زۆر بە ئاشکرا گرێبەستەکان دەنووسرێن و ڕادەگەیەنرێن و ئۆردوگان داکۆکی لە کڕینی چەكی ڕوسی دەکا و بە مافی خۆی دادەنێ، ئەگەرچی لەلایەن ناتۆوە ڕەخنەی لێ دەگیرێ. لە ئێستادا فەڕەنسا وەکو ئەندامێکی بەهێزی ناتۆ وا دێتە نێو گەمەکەوە و ڕوسیا بە گرتنی جڵەوی تورکیا توانی جێ پێی خۆی لە سوریا جێگیرتر بکات.

ئەو ڕق و دژایەتیەی تورکیا بۆ کورد بە گشتی و لە ئێستادا بۆ کوردی ڕۆژئاوا، وە قۆزتنەوەی توینێتی تورکیا بۆ وێرانکردنی کورد لەلایەن ڕوسیاوە، بەتەواوەتی نەخشەی شەڕ و پلانەکانی تێکدا و تورکیا بەبێ ڕەچاوکردنی ناتۆ و یوئێن و هەموو جیهان و بە هاوپەیمانێتی خۆی بۆ ڕوسیا، هەموو کارێك دەکات لەبەر دوو هۆ : یەکەم سڕینەوەی ستاتۆی کورد لە ڕۆژئاوا و دووەم بەرفراوانکردنی خەونەکانی و دەستبەسەراگرتنی هەر شوێنێكی نزیك سنووری خۆی، کە سەرچاوەی وزە بێت و بەرژەوەندیە ئابووریەکانی خۆی پێ دابین بکات.

شەڕی سوریا شەڕی قۆرخکردنی وزەیە، لە کاتێکدا وزەی تەقلیدی جیهان بەرەو نەمان دەچێت و وڵاتە پیشەسازیە گەورەکان لە خەمی دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزەدان بۆ بەگەڕخستنی فابریك و وەبەرهەمهێنانی کاڵا و چەك و کەلوپەلی سەربازی خۆیان  و دەبێ لەسەرچاوەی نوێی وزە بگەڕێن، لە ئێستادا پێشبینی زانا و شارەزاکان بۆ وشکبوونی چاڵە نەوت و غازەکان زۆر لە ڕاستی نزیك بووەتەوە و نمونەیەك بۆ وشکبوون و کورتهێنانی بەرهەمی نەوت و غازی سروشتی، بە پێی ئەوەی شارەزاکان ئاماژەی بۆ دەکەن، پلاتفۆڕمی برنت دەلتایە لە دەریای باکور، کە ماوەی ٤٠ ساڵە لەسەر پێگەی سێکوچکەیەك لە دورگەی شیتلاند سەرقاڵی هەڵکۆڵین و دەرهێنانی وزە بوو.

برنت دەلتا، یەکێکە لەو چوار پلاتفۆڕمەی برینت بۆ دەرهێنانی گاز و نەوتی برینت و لە ساڵی ١٩٧٦ وە وزە بەرهەم دەهێنێت و لە ئێستادا سێ لەو پلاتفۆڕمانە لەکار وەستێنراون و چوارەمیان لە چەند ساڵی داهاتوودا لەکار دەکەون، نەك هەر ئەم کێڵگە و پلاتفۆڕمانە بەڵکو تا ساڵی ٢٠٢٥ زۆربەی کێڵگەکانی نێو دەریای باکور کاری دەرهێنانی وزەی تیادا ئاوا دەبێت، بە گشتی سەردەمی گەشەسەندنی بەرهەمی وزەی تەقلیدی لەگەڵ هەزارەی سێیەم بەرەو داشکان و کەم بوونەوە دەچوو.

کێڵگەکانی برینت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی بەڕیتانیا بوون و ماوەیەکی باش لەو گەنجینەیەی نێو دەریا سودمەند بوون و لە ساڵی ١٩٧٦ وە بڕی ٢٢ ملیار ئویرۆ تەنها باجی بووە و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کرێکار و کاربەدەستی هەبووە، بەڵام پاش ساڵی ٢٠١٤ وە لەلایەکەوە نرخی نەوت دابەزی و لەلایەکیترەوە بەرهەمهێنانی کەم بووەوە و کەمتریش دەبێتەوە، ئەمە نمونەیەکی زیندووی یەکێك لە کێڵگەکانی نەوت و غازە کە تەمەنی لە تەواوبوون و ئاوابوونە.

کەمبوونەوەی داهات و دەرهێنانی نەوت، بووە هۆی گەڕان بەشوێن نەوت و گاز بە میتۆدی فراکینگ، ئەمریکا  و چینیش زۆرترین یەدەگیان هەیە لەو جۆرە وزەیەی کە دۆست و پشتیوانانی ژینگە دژ بە دەرهێنان و دۆزینەوەین چونکە پرۆسەی دەرهێنان و جیاکردنەوەی گاز و نەوتەکە، پرۆسەیەکە تێچووی زۆرە و پێویستی بە ئاوی زۆر و کەرەستەی کیمیاوی هەیە لە لایەکەوە و لە لایەکیترەوە دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی، هەڵکۆڵین و گەیشتن بەم گاز و نەوتە کێشەکەی لەوێدایە، کە بۆ گەیشتن بەو وزەیە دەبێ چینە بەردینەکەی ژێر زەوی بشکێنرێ و بە ئامێری تایبەت ئاو و ماددەی کیمیایی ڕۆبکرێتە ئەو چینانەی ژێرەوە و پاشان هەڵکێشرێتە سەرەوە و جیابکرێتەوە،ئەم کردارە بە کرداری فراکینگ ناودەبرێت بۆ دەستکەوتنی گاز و نەوتی چینە بەردینەکانی ژێرەوەی زەوی.

لەبەر ئەوەی وزەی سروشتی وزەی هەمیشەیی نین و لەماوەی ژیانی مرۆڤدا دوبارە نابنەوە، جیۆپۆلیتیکی ئەو ناوچانەی ئێستا وزەی تیادا دەدۆزرێتەوە دەبنە جێ سەرنجی وڵاتە زلهێزەکان و پلان و ڕێوشوێن و ڕێکەوتنی نهێنی و تاوتوێی چۆنیەتی قۆرخکردنی ئەو سامانە سروشتیەی لێ دەکەوێتەوە، گەمەی زلهێزەکان بۆ بەخاوەنبوونی ئەو شوێنانەی وزەی تێدایە پێویستی بە تێکەڵکردنی گەمەی سیاسی و جیۆپۆلیتیکی و ئایدیۆلۆژیە، بۆیە نەك لە ئێستادا بەڵکو لە ساڵی ١٩٧٩ وە لە کاتی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن ڕوسیاوە، ڕۆژئاوا سەرقاڵی پێکهێنانی گروپی چەکدارە و پاڵپشتی هەندێکیان دەکەن بۆ مەرام و پلانی داڕێژراوی خۆیان و پلانی نائارامی دەنێنەوە و پاشان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو نائارامیە، پاساو بۆ دەستێوەردانی خۆیان لە جوگرافیای ئەو شوێنانە دەهێننەوە و گەمە سیاسیەکانیان دەکەن  بە تاکتیك بۆ بەدیهێنانی ستراتیژەکانی خۆیان لەو دەڤەرەی بەرژەوەندی خۆیانی تێدا ببیرێ.

لەبن هاتنی نەوتی زۆربەی چاڵەنەوتەکان و کێڵگەی بەرهەمە سروشتیەکان لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا وەکو ئیندۆنیزیا و دەریای باکور، هۆکاری گەڕان بەشوێن نەوت و گازی نێو دەریا و ژێر چینەکانی خوارەوەی زەویە و بەستەڵەك و دورگەی گرینلاند، ئاماژەیەکیشە بۆ سەرهەڵدانی کێشەی نوێ و لێنانی شانۆگەری زلهێزەکان بۆ شەڕ لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی وزە وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا ئێران و عیراق و باکوری سوریا واتە ڕۆژئاوای کوردستان، لەبەر بوونی وزە، ستراتیژی جیۆپۆلیتیکی لەو ناوچانە پێوەرێکی نوێی دەبێ، چونکە هەر سەنگی ئابووریە کە سیاسەتی جیهان دەئاژوێ و ڕیزبەندی دەکات.

 

ئاکامەکانی بەرفراوانبوونی ناتۆ و گەمەکانی جیۆپۆلیتیك

گرنگترین هاوپەیمانی سەربازی لە جیهاندا ( ناتۆ ) یە، ئەم هاوپەیمانیە لە ساڵی ١٩٤٩ وە وەکو کاردانەوەیەك بەرامبەر بە هەڕەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت، لەلایەن ئەمریکا و کەنەدا و هەندێك لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا لە ئەوروپا، دروست بوو.

یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانی وارشۆ، لە ساڵی ١٩٩١ هەڵوەشانەوە بەڵام ناتۆ دوابەدوای هەڵوەشانەوەی ئەوان بەهێزتر و بەرفراوانتر بوو، هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، بووە هۆی ناسەقامگیری و شێوان و گەران بە دوای خۆدۆزینەوە لە کایەی یەکێتیەکی نوێدا، ئەم ناسەقامگیریە خۆی هەلێك  بوو بۆ قۆزتنەوەی ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و کردنە ئەندامیان چ لە یەکێتی ئەوروپا و چ لە ناتۆ، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٩٩ دا هەنگاریا و چیك و پۆلۆنیا بوونە ئەندامی ناتۆ، پاشان سلۆڤینین و سلۆڤاکای و ڕۆمانیا و لیتلاند و لیتوانیا و بولغاریا و ئەلبانیا ئەندامێتیان ڕاگەیەنرا، ئەم بەرفراوانیەی ناتۆ خۆی هۆشداری بوو بۆ ڕوسیا و ڕوسیاش هەستی بە گەمارۆدانی سنووری خۆی کرد لەلایەن ناتۆوە و وەکو هەڕەشەیەك دەیبینی بەرامبەر هەیمەنە و شکۆی خۆی.

ئەم بەرفراوانیەی ناتۆ بەرامبەر بە ڕوسیا ناسەقامگیری لە جیهاندا دروستکرد، چونکە جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە ڕۆڵی زۆر دەبینی لە خاوەندارێتی بۆ شکۆ و دەسەڵات بە تایبەت لە دەڤەرێك کە ناوەندی وزە و گوازتنەوەی وزە بێت، وە لەبەر ئەوەی دەریای ڕەش بە کەنار و بندینەکەیەوە سەرچاوەیەکی باشی ئابووری و دەسەڵاتە، وە ئەگەرچی ئەو دەریایە دەریایەکی ناوەکیە و لە ڕێگای تەنگە و گەرووی بۆسبۆڕوس و دەردەنیلەوە بە دەریای ناوەڕواستەوە دەبەسترێتەوە، بولگاریا و ڕۆمانیا و ئۆکرانیا و ڕوسیا و جیۆرجیا و تورکیا دەکەونە سەر کەناری ئەو دەریایە و بەهۆی شوێنە ستراتیژیەکەیەوە کە قەوقاز و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باشوری ڕوسیا پێکەوە دەبەستێتەوە، بووە ناوەندێکی سەرەکی بۆ گوازتنەوەی هێڵەکانی نەوت و گاز لەو دەڤەرە،  وە پاش بەئەندامبوونی ڕۆمانیا و بولگاریا چ ناتۆ و چ یەکێتی ئەوروپاش بەشیان لە هەڵسوکەوت و بەکارهێنان و خاوەنداری ئەو سەرچاوەیە بەرکەوت، ئەوەندەیتر بەرژەوەندیەکانی ناتۆ و جێگیربوونی پێگەی سەربازیان پتەوتر بوو و بەهێزبوونی بڕیاری ناتۆ و یەکێتی ئەوروپای لێ کەوتەوە، وە دەبێ ئەوەش بوترێت کە لە هەموو بڕیار و بەڕێوەبردنەکاندا، قسە و دوا بڕیارەکان هەر لەلایەن ئەمریکاوە دەدرێت و یەکلا دەبێتەوە، ڕوسیاش تەنها کارت کە هەیبێ وزە و بەتایبەت غازەکەیەتی کە نزیکەی ٢٧% ی غازی جیهانە و ئەگەر نا ژێرخان و داهێنان و تەکنەلۆژیا و ئابووری و هەنگاوە زانستی و سەربازیەکانی ڕوسیا هەرگیز لەگەڵ ئاستی ئێستا و پێشوتری ئەمریکا بەراورد ناکرێت، ڕوسیا لە هاوپەیمانی دەگەڕێ بۆ جوڵاندنیان دژ بە نەیارەکانیان، بەڵام کێن ئەو نەیارانە، تورکیا هەرگیز جێگای متمانە نیە و چین خۆی لە شەڕ نادات و تەنها لە بەهێزکردنی پێگە و پایەی ئابووریەکەیەتی، ئێرانیش خۆی پایەی لەق و ناهاوسەنگە.

لەم دواییەدا ناتۆ، لە جموجۆڵێکدا خۆی دەبینێتەوە، کە زیاتر لە ڕوبەڕوبوونەوەی سنووری روسیا نزیك بێتەوە، ڕوسیاش هەست بە گەمارۆدانی سنوور و سیادەی دەکات و لە هەوڵی دابڕانی ناتۆ و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و ئەوروپایە لە خۆی، لە ساڵی ٢٠١٤ دا ڕوسیا لە ڕێی ڕیفراندۆمێکەوە دورگەی قرمی خستە پاڵ خۆی و نەك هەر پێگەی خۆی لە دەریای ڕەش پتەوتر کرد، بەڵکو دەسەڵاتی خۆی بەرەو دەریای ناوەڕاست باڵاتر کرد، دورگەی قرم پێشتریش هەر بەشێك بوو لە ئۆکرانیا و لەسەر بنەمای گرێبەستێك لە ساڵی ١٩٥٤ دا یەکێتی سۆڤیەت ئەو دورگەیەی بە تەواوی خستە سەر ئۆکرانیا، بەڵام زیاتر لە دوو سەدەیە، بە ڕەزامەندی ئۆکرانیا، بنکەی سەربازی ڕوسیای تیا جێگیر بووە، تەنها چارەسەریش بوو بۆ ڕوسیا کە بتوانێ ئەو دورگەیە وەکو خاڵێکی نزیکتر و وەکو بنکەیەکی سەربازی نزیکتر بۆ هەر ئەگەرێکیتر بەکاربهێنێ.

ڕوسیا وڵاتێکی گەورەیە و سنووری لەگەڵ ١٤ وڵاتدا هەیە، دەکەوێتە سەر چەند دەریاچەیەك وەکو دەریاچەی قەزوین و بەڵتیق و باکور و دەیای ڕەش، دەیای جەمسەری باکور و دەریای بێرنتس و دەریای ئۆچۆکتس و دەریای ژاپۆن، بەڵام بەهۆی کەشوهەوا و بەستەڵەکەوە دەروازەی بۆ ئۆقیاوسەکان کراوە نیە و زۆربەی ڕوبەرەکانی ناتوانرێ بۆ پیشەسازی کشتوکاڵ و چاندنی بەروبووم بەکاربێت، بۆیە زیاتر بەروبوومی خواردن هاوردە دەکات، جگە لەوەی لەم وڵاتەدا کایەی گوازتنەوە و هاتوچۆ و ترانسپۆرتی وزەی تێدا کۆن بووە و گەشەی ژێرخانی وەستاوە ، ڕوسیا ژمارەی دانیشتوانی بەرەو کەمی دەچێ و ڕێژەی منداڵی تێدا کەم دەبێتەوە واتە دەستی کاری تێدا لە کەمی دەدات، ئەگەر ڕوسیا بیەوێ ببێتە ڕکابەرێك بۆ ئاستی جیهان، دەبێ سێکتەرە جیاوازەکانی پەرە پێبدات و سەنگی هەموو بوارەکانی دیکە پتەوتر بکات، وەکو هاتوچۆی ئاسمانی و بانك و بەرهەم و گەشەی کەشتیەوانی و تەکنەلۆژیا و بیناسازی و پیشەسازی خواردن و کشتوکاڵ و کارەبا و زۆریتر، دەبێ هەمەجۆری لە پێشکەوتنیدا هەبێت، بە تەنها بە بوونی وزە ناگاتە ئەو مەبەستەی ببێتە یەكێك لە وڵاتە زلهێزەکان و ڕکابەری جیهان بکات.

بەڵام ڕوسیا خاوەن ڕوبەرێکی گەورەی دارستانە لە جیهاندا، کە دەتوانێ بۆ پیشەسازی کاغەز و دار و گەشتوگوزار و زانستی فرەزیندەوەری بەکاربهێنێت، لە هەمووی گرنگتر لەم وڵاتەدا قەیرانی ئاو نیە، ڕوسیا خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری ئاوی شیرینە و چەندەها روباری وەکو ڤۆلگا و یەنیسەی و لێنا و ئامور و چەندەها خوڕەی ڕوباری دیکەش، جگە لە بوونی سامانێکی زۆری سروشتی وەکو ئاسن و یوڕانیۆم و مس و خەڵوزی هەیە و نەوت و غازیش ئەوە لەڕیزبەندی یەکەمی سامانەکەیەتی، بودجەی ڕوسیا پشت بە داهاتی وزە دەبەستێ بە تایبەتی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەگەڵ چینیش سنوورێکی درێژ و ئاڵوگۆڕی ئابووری و پەیوەندیەکی باشی لەسەر بنەمای هەناردە و هاوردەدا هەیە. ڕوسیا دەیەوێ وەکو هێزێکی گەورە ببینرێت، وەکو گەورەترین وڵات لە ڕوبەر و ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەییە و خاوەن وزەیەکی زۆر و خاوەن بنکەی چەکی ئەتۆمی و خاوەن جیۆپۆلیتیکی گرنگ کە ئەوروپا و ئاسیا بەیەك دەگەیەنێت، بەڵام لەو ئاستەدا نیە بارستایی بوارە گرنگەکانی پێشکەوتنی هاوتا و لە پێش بێت، ئەو خاوەنداری خۆی بۆ وزە وەکو دەسەڵات و وەکو فشار بەکاردەهێنێت بەتایبەت بەرامبەر بە یەکێتی ئەوروپا.

لەگەڵ گەشەی ئابووری چین و هەڵپەی ڕوسیا بۆ قۆزتنەوەی تورکیا، ئەوەندەیتر کارتەکان تێکەڵ بوون و بەرچاوڕوونی و خەمڵاندنی دەرئەنجامەکان تاریکتر بوون، چونکە سەرهەڵدانی فرەجەمسەری و بەرژەوەندی ئابووری و گرنگی بوونی وزە و جیۆپۆلیتیکی جیهان ئەو فاکتانەن کە زلهێزەکان کار و جەختی لەسەر دەکەن، ئەمڕۆ شەڕ لەسەر وزەیە، کەمبوونەوەی داهات لەسەرچاوەکانی وزەوی سەر وشکایی، پاڵنەرێك بۆ گەڕان بە شوێن وزەی نێو دەریا و ئۆقیانوس و ئارکتس و دورگەی گرینلاند، گوازتنەوەی وزەش لە گەرووی دەریاکان، وەکو گەرووی هورمز و بابالمندب و سوێس و دەردەنیل و بۆسبوڕۆس و مەلەکە و زۆریتر، ڕێگای گوازتنەوەی نەوت و غاز و بازرگانی بەرفراوانتر کرد ئەگەرچی گرفتی چەتەکانی دەریا هێشتا هەر ئاکتیڤ و زیندووە.

وزە و کێشەکانی ناو لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاست

لە مێژە دەریای سپی ناوەڕاست، کە یەکێك لە گرنگیەکانی ئەوەیە کە سێ کیشوەری بەیەکەوە بەستووەتەوە( ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا ) ، جێگەیەکی ستراتیژی بۆ گوازتنەوەی وزە و بازرگانی و هاتوچۆ هەیە، لەو ناوەندەدا وڵاتانی وەکو میسر و یۆنان و تورکیا و قوبڕس و ئیسرائیل بەهۆی بوونی وزەیی ژێر دەریا لە کەنارەکانیدا ڕۆڵی گەورەی تیادا دەبینن، هەروەها ئێران لە ڕێی سوریاو غەزەوە و یەکێتی ئەوروپا لە ڕێی قوبڕس و یۆنان و ئیتاڵیا و فەڕەنساوە و هەروەها لە ڕێی کاری کۆمپانیاکانی وزەوە بەشی خۆیان لەو دەریایە بەردەکەوێ، وە جگە لە روسیا و ئەمریکا، چینیش لەڕێی( ڕێگای ئاوریشم ) ەوە ڕێی دەکەوێتەسەر ئەو دەریایە  [4]، لەم ئاڵۆزی گوازتنەوە و بوونی  پەیوەندیەدا وزە سەرەکیترین بابەت و هاوبەش و هۆکارە، کە ڕێکەوتن لەسەری پێویستی بە ئاڵوگۆڕی ڕۆڵ و هونەری پاراستنی بەرژەوەندی و شکاندنی ڕێزبەند هەیە، لێرەدا هەمیشە ئابووری و سەنگی ئابووری قسەی خۆی هەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دانانی یاسایەکی گونجاو و ڕەخساندنی مافی هەر وڵاتێك بۆ سودوەرگرتن لە کەنارەکانی ئاو و سەرچاوەکانی وزە و بەرهەمەکانی نێو هەر دەریایەك، لە ساڵی ١٩٨٢ دا لە شاری مۆنتیگۆ بای وڵاتی جامایکادا ڕێکەوتنێك مۆرکرا، بۆ سنووردانانی دەسەڵاتی هەر وڵاتێك کە دەڕوانێتە سەر دەریا لە دەڤەری کەنارەکەی خۆیدا، ئەو سنوورە بە ( سنووری ٢٠٠ میل ) ناونرا و هەر وڵاتێك لە مەودای ئەو دووسەد میلەدا دەتوانێ پەیڕەوی سیادەی خۆی بکات بۆ توێژینەوەی زانستی و هەڵکۆڵین و پشکنینی وزەی بندینی ئاو و بەروبوومی نێو ڕوبەری ئەو ئاوە و بە پێی یاسای ئەو ڕێکەوتنە.

بەڵام بە هۆی جوگرافیای شوێنەکەوە، هەموو ئەو ٢٣ وڵاتەی دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، مەودای ئەو ٢٠٠ سەد میلەی کەناری دەریاکەی بەرناکەوێت، لە نێو ئەو لەگەنەی دەریایەدا سەرچاوەیەکی زۆری وزە لە گاز و نەوتی ژێر دەریا دۆزراوەتەوە، وەکو پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، لەوەتەی کێڵگەکانی وزەی جیهان بەرەو وشكبوون و نەمان دەچێ، کۆمپانیاکان لە وزەی ژێر ئاوی دەریا و ئۆقیانوس و بەستەڵەك و دورگەی گرینلاند دەگەڕێن و جۆرەها تەکنەلۆژیا و ڕێوشوێنی زانستی تێدا بەکاردێنن، لە ڕۆژهەڵاتی ئەو لەگەنەیەشدا شەڕ و نائارامی و دژایەتی لەسەر سنوور و ئاو و سیادە و دەسەڵات باڵادەستە، بۆ نمونە ئیسرائیل تا ئێستاش دان بە لوبناندا نانێ و هەردوکیان لەسەر سنووری نێوانیان نەگەیشتوون بە هیچ ڕێکەوتنێك، لە ساڵی ٢٠١١ دا لوبنان یاداشتێکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دیاریکردنی سنووری نێوان خۆیان و ئیسرائیل نووسی، نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەوە وڵامیان دایەوە، کە ئەو کارە ناچێتە تایبەتمەندی کاری ئەوانەوە.

لەژێر بندینی کەناری ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیدا، بەتایبەت لەو سنوورەی دەکەوێتە کەناری لوبنان و ئیسرائیلەوە یەدەگی وزەیەکی زۆر خەمڵێنراوە، وە تێهەڵکێشبوونی ئەو کێڵگەی وزانە بووەتە هۆی زیاتر ڕێکنەکەوتی وڵاتەکانی ئەو دەڤەرە لەسەر سنوورەکانیان، وە ئێمە هەمیشە دەڵێین کە تەنها ئابووری سیاسەت و پاشان شێوازی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان ئاراستە و دیاری دەکات، بوونی سەرچاوەی سامانێکی ئەوەندە گرنگ و بۆ ئەم سەردەمە و بۆ ئەو وڵاتە ناسەقامگیر و ناهاوسەنگانە، بێگومان دەبێتە باشترین نێچێر بۆ دەستێوەردان لەلایەن  وڵاتە زلهێزەکان و دابینکردنی پێداویستی ئەوان بۆ وزە و بۆ سوتەمەنی پیشەسازی واتە دابینکردنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی  لە جیهاندا، بۆیە دەکرێت کێشەکانی ئەو دەڤەرە بە پێی بەرژەوەندیە ئابووریەکان شەن وکەو بکەین و ڕۆڵی سەرەکی وزەی تیادا ئاشکرا بکەین کە جیۆپۆلیتیکی ئەو دەڤەرە دیاری دەکات.

دەبێ تورکیا ئەو ڕاستیە بزانێت، ئیتر بۆ لەمەودوا ئەو ڕیزبەندی یەکەمی شوێنی  ستراتیژی ناوچەکە نیە و زۆربەی پلانەکان بۆ لەکارخستنی ڕۆڵی تورکیایە لەو بەرنامە نوێیەی جیۆپۆیتیکی ئێستادا، کاتێ چ ئێران و چ ڕوسیا چمکی سوریا بەرنادەن و لە هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگی پەیوەندیدان لەگەڵ تورکیا، کاتێ ئێران ) هەوڵی گوازتنەوەی وزە دەدات لە عیڕقەوە و بەرەو سوریا و ئینجا بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست، کە بەمەش گورزی لەکارکەوتنی شوێنی ستراتیژی تورکیای لێدەکەوێتەوە. بۆیە مەرامی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین و تەواوی ناوچەکە زیاتر بۆ سەپاندنی هەیمەنەی خۆی و چوونە نێو هاوکێشەکەی ئێران و ڕوسیایە لەمەڕ پۆلیتیکی گوازتنەوەی وزە.

بۆیە شەڕی تورکیا بۆ داگیرکردنی خاکی سوریا، بەرنامەیەکە نەك هەر وەکو هەوڵدانێك بۆ داڕمانی ستاتۆی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو بۆ چوونە نێو ئەو هاوکێشەی  پرۆژە ئابووریەشە کە ئێران و ڕوسیا بەتەمای جێبەجێکردنین، چونکە ئەگەر چی سوریا خۆی خاوەنی وزەی نێو دەریایە و هێشتا بەرهەم نەهێنراوە، بەڵام شوێنێکی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکێکی گرنگی گوازتنەوەی وزە و یەکتربڕینی هێڵەکانی وزەشە لە نێوان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بۆیە شەڕی سوریا شەڕە لەسەر وزە و گوازتنەوەی وزە لەکاتێکدا چاپەمەنی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم ڕاستیە دەشێوێنن و بەشەڕی ناوخۆی ناودەبەن.

ئەو وزەیەی لە ڕۆژهەڵاتی لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاستدا دۆزراوەتەوە، کارتی مامەڵەی پەیوەندیە ئابووری و ستراتیژیەکانی زلهێزەکانی دوبارە تێکەڵ کردەوە، لە ڕاپۆڕتێکی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی Strategic Studies Institute (SSI) کە ناوەندێکی فیکری ئەمریکیە، لە دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٤ دا هاتووە و دەڵێ کە شارەزایانی ئەمریکی و بەڕیتانی و خەلیجی بواری وزە ڕایان وایە کە دۆزینەوەی سامانی غاز لە دەریای سپی ناوەڕاست، دەتوانرێ ببێتە هەل و لە کاریگەری پشتبەستن بە غازی روسیا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە کەم بکاتەوە و بازاڕی غازی ئیسرائیلی زیاتر ڕەواجی هەبێ[5]، هەر ئەم بانگەوازە بەسە بۆ ئەوەی لە تەواوی شەڕی ئەو دەڤەرە تێبگەین.

مەبەستی سەرەکی ئەو وڵاتانەی دەکەونە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە و کێڵگەی غازی تیادا دۆزراوەتەوە، ئەوەیە کێ زوتر کاری پشکنین و هەڵکەندن دەکات و دەگاتە قۆناغی دەرهێنان و هەناردەکردنی، ئەوەی لەوێدا دەبێتە کێشە و گەرەلاوژە و نانەوەی پشێوی تورکیایە، کاتێ کە کۆمپانیای ئیتاڵی  ENI کارەکانی پشکنین و هەڵکەندنی کێڵگەکانی لە ٩ ی فێبروەری ٢٠١٨ دا، لە کەناری قوبرسدا دەستپێکرد، تورکیا پەلاماری ئەو کۆمپانیایەی دا و ڕێگری لێکرد، گوایە ئەو کارە بە بڕیاری تاك لایەنەی حکومەتی یونانی قوبرسی و بە بێ پرس ئەوان و تەنها بۆ سودی خۆیان کراوە.

جموجۆڵی نابەرپرسیاری تورکیا لەو دەڤەرە و دژ بە هەر کۆمپانیا و پرۆژەیەك کە سەرقاڵی دەرهێنان و پشکنینی وزە بێ لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاست، بووەتە جێی دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری ئەو وڵاتانە، ئەم کارە نابەرپرسیاریانەی تورکیاش لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە ترسی ئەوەی هەیە بکەوێتە دەرەوەی ئەو کەوانەیەی کە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی سەر کەناری دەریای سپی دەپارێزی، وە هەر ئەوەش ڕویدا چونکە لەئێستادا سیسی سەرۆکی میسر لە هاوکاری و بەدواداچووندایە لەگەڵ قوبڕس و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی گەورەی دەرهێنان و هەناردەی وزەی نێو ئاوی دەریاکە، هەر لە مانگی فێبروەری ئەمساڵ ٢٠١٨ دا سیسی سەرۆکی میسر ڕێکەوتنێکی ١٥ ملیار دۆلاری لەگەڵ ئیسرائیل مۆر کردووە بۆ هاوردەکردنی گازی ئیسرائیل، لەهەمان کاتدا پلانەکانی میسر لەمەڕ هاوکاری نێوان نیقۆسیا و قاهیرە و پرۆژە ئابووریەکانیان، تورکیای تووشی شڵەژان کردووە و لەوە گەیشتووە کە ئەو پرۆژانە دەکەونە دەرەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەو، چ بۆ ئێستا و چ بۆ داهاتوو.

ئیسرائیل و یۆنان و قوبڕس، ئەو سێ دەوڵەتەی کە خاوەنی وزەیەکی زۆرن لەو لەگەنەی دەریایەدا، سەرقاڵی بەهێزکردنی پەیوەندیە ئابووری و سەربازیەکانی خۆیانن و لە گفتوگۆدان لەمەڕ ڕێکەوتنێك  لەگەڵ ئیتاڵیا بۆ بنیاتنانی هێڵی هەناردەکردنی غازی سروشتی  بەرەو ئەوروپا، میسریش بە هیوایە هێڵێکی پرۆژەی زوهر لە کەنارەکەی خۆیەوە تێکەڵ بەو پرۆژەیەی ئیسرائیل و یۆنان و قوبڕس بکات.

وزەی سوریا لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاستدا

کۆمپانیای CGG Veritas ی فەڕەنسی، کە کۆمپانیایەکی گەورەی ڕووپێوان و پشکنینی وزەیە و ڕێژەی ١٨% ی پشکەکەی هی دەوڵەتی فەڕەنسایە، لە ساڵی ٢٠٠٥ دا لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆری لە سامانی سروشتی ژێر ئاوی سەر بە سنووری سوریا کردووە و کۆمەڵێ زانیاری و بەیاناتی لەسەر بوونی سەرچاوەی وزە لە کەنارەدا بەدەستهێناوە، بۆیە لەو کاتەوە ئەم کۆمپانیایە بەشدار و هاوکاری سەرەکی زانیاریە جیۆفیزیك و جیۆلۆجیەکانە لە سوریا لەبارەی کردەی پشکنین و ئامادەکردنی دەرئەنجامی کاری توێژینەوەکان. ئەم کۆمپانیایە پاش کار و پشکنینێکی دروست, سێ لەگەنەی بۆ بوونی سەرچاوەی وزە لە کەناری سوریا دیاری کردووە بە ناوی ( لێڤانتین، قبڕس و لاذقیة ) .

لە میانەی مۆرکردنی ڕێکەوتنێکی ئابووری ساڵی ٢٠١١ ی نێوان سوریا و ئێران و عیراقدا، لەمەڕ ڕاکێشانی هێڵێکی پێنج هەزار کیلۆمەتری بە ناوی ( هێڵی غازی ئیسلام) بۆ گوازتنەوەی غازی ئێران، کە لە کێڵگەی پارسی خواروو دەردەهێنرێ، تا دەگاتە سوریا و لەوێوە بۆ لوبنان پاشان بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست و تا دەگاتە نێو ئەوروپا، ئەم پرۆژەیە یەکێك بوو لە پێشنیارەکانی ئێران وەکو ڕکابەری هێڵی نابوکۆ، کە بڕیاربوو بە ناو تورکیاوە بەرەو نەمسا بڕوات و لەوێوە پێداویستی غازی ئەوروپا دابین بکات.

جێگرەوەی ئەم پرۆژەیەی نێوان ئێران و عیڕاق و سوریا بۆگوازتنەوەی غازی ئێران، پرۆژەی هێڵی غازی قەتەر بوو لە کێڵگەی باکورەوە بەناو سوریا و بەرەو ئەوروپا بە پشتیوانی ئەمریکا، بە هەردوو کێڵگەی باکور و باشوری پارس، گەورەترین کێڵگەی غازی سروشتیە کە بوونی زۆرترین بڕی غازی تێدا سەلمێنراوە لە جیهاندا، غازی قەتەر لەو پرۆژەیەدا دەبوایە بە خاکی سعودیە و سوریا و تورکیادا بڕوات ولەوێوە بەرەو ئەوروپا، ئەم پرۆژەیەش بڕیار وابوو بە سەرپەرشتی هەردوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبایلی ئەمریکی و تۆتالی فەڕەسی جێبەجێ بکرێت[6]

لە ڕاپۆڕتێکدا، کە لە ساڵی ٢٠١١ دا لە پێشانگای وزەی سەر بە وەزارەتی نەوتی سوریدا، هاتووە و دەلێ کۆمپانیای شێلی سەر بە بەڕیتانیا سەرقاڵی پلاندانانە بۆ خەمڵاندنی وزەی نەدۆزراوەی سوریا و هەروەها خەمڵاندنی هەموو تێچوو و خەرجی  دەرهێنان و دابەشکردن و هێڵەکانی هەناردەی ئەو بڕە وزەیەی دەدۆزرێتەوە، لە توێژینەوەیەکی گۆڤاری جیوـ عربیە دا لە ساڵی ٢٠١١ هاتووە کە ئەگەری بوونی بڕێکی زۆری هایدرۆکاربۆنات لە دەڤەری ژێر ئاوی کەنارەکانی سوریادا هەیە[7]

لە بەدواداچوونی ناوەندێکی دیراساتی ستراتیژی لە ئەمریکا، ئەوە خراوەتە ڕوو کە ئەو گەنجینە هایدرۆکاربۆنیەی لە ژێر ئاوی کەنارەکانی سوریادا هەن، بەشێکی کەمی ئەو وزەیەیە کە لە لەگەنەی دەریاکەدا حەشاردراوە، لە لایەکیترەوە باس لەوە دەکرێت کە ئەو وزەیەی خەمڵێنراوە بڕەکەی دەگاتە ١،٧ ملیار بەرمیل نەوت و نزیکەی ١٢٢ بلیۆن پێ سێجا لە غاز، کە ئەمەش بەشێکی کەمی ئەو وزەیە سەلمێنراوەیە کە لەو لەگەنەیەدا هەیە، لە بەشێکی ئەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە ئەگەری دەستپێکی کردەی سەربازی بۆ دابینکردنی یەدەگی ئەو وزەیەی لە سوریادا هەیە  و زۆر گرنگ و پێویستە[8]، ئەو وزەیەش لەو دەڤەرە تێهەڵکێشی یەکتر بوونە کە کەنارەکانی میسر و ئیسرائیل و لوبنان و قوبڕس و یۆنان و تورکیا دەگرێتەوە.

ئەم ڕاپۆرت و توێژینەوە و بەدواداچوونانە، هەمووی لەسەر بنەمای زانستی و ئابووری و سەربازی جێبەجێ دەکرێن، دووربینی لە بەرهەمهێنان و جەختکردن لەسەر دابینکردنی وزەی دواڕۆژ و مانەوەی ئەو دەوڵەتانەیە لەسەر بناغەی هێز و توانای وەبەرهەمهێنانی چەك و کاڵا و قۆرخکردنی بازاڕی وزە و فرۆشتنی ئازوقە و هەروەها لەسەر ڕەوتی جاران بۆ پاراستنی ئیسرائیل و زاڵبوونی ناتۆ و فراوانکردنی سنوورەکەی و توانای ڕوبەڕوبوونەوەی ڕوسیا و کەمکردنەوەی هەیبەت و شکۆ جیهانیەکەی.

 

دەرئەنجامەکان

لەبەر ئەوەی بابەتی وزە، تەوەری هەڵسوراندنی ئابووری جیهانە و مەرجی یەکەم و بنەمای دەستپێکی پەیوەندیە ئابووری و پیشەسازی و دارایی و سەربازیەکانە، ئەگەر نمونەی ڕوسیا بێنینەوە، ڕوسیا تەنها بە بوونی وزە دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەسەپێنێ بەتایبەت کە بەشێکی زۆری غازەکەی بۆئەوروپا دێت، لەو گەمەیەی لە لەگەنەی دەریای سپیش دەکرێ، گەمەیەکە کە لێدانی بەرژەوەندی ڕوسیا و تورکیای بەدوادادێت، لەبەرئەوەی :

  1. دۆزینەوەی کێڵگەی وزە و بە تیبەت غازی سروشتی لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاستدا و بەو بڕە زۆرە و وەکو یەدەگێکی عەمارکراو، کە قوبڕس و یۆنان و ئیسرائیل و میسر و لوبنان و فەڵستینیش دەگرێتەوە، وە پێشبینی جیهان بۆ دابینکردنی وزە لە داهاتوودا دەکات.
  2. گوازتنەوەی ئەم وزەیە بە دەریای سپی ناوەڕاستدا و بێ ئەوەی پێویست بە پەڕینەوە بکات بە تورکیادا، ڕەواج و سەنگی تورکیا وەکو شوێنی ستراتیژی کەم دەکاتەوە، بۆیە سنووربەزاندنی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و نیو خاکی سوریا تەنها لەبەر ڕوخاندنی ستاتۆی کورد نیە، بەڵکو لەبەر کەمکردنەوەی هەیمەنەی تورکیا خۆشیەتی وەکو شوێنێکی ستراتیژی بۆ پەڕینەوەی وزە بەرەو ڕۆژئاوا.
  3. لە ڕاپۆڕتێکی ناوەندێکی دیراساتی ستراتیژی کە سەر بە بەرگری ئەمریکایە، بەڵگەی ئەو ڕاستیە هاتووەتە ئاراوە کە مەبەستی سەرەکی لە دۆزینەوە و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سامانی سروشتی وزە لە ژێر دەریای سپی ناوەڕاستدا و هەناردەکردنی بۆ ئەوروپا، ئەوەیە کە لەمەودوا ئەوروپا وابەستەی وزەی ڕوسیا نەبێت لەلایەکەوە و لە لایەکیترەوە ئابووری ئیسرائیل بەهێزتر و باڵاتر بێت لەو ناوەندەدا[9]، ئەمەش دەرئەنجامێکە کە سیاسەتی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی بۆ دەدات.
  4. لاوازکردنی پێگەی ئێران لە سوریا و ڕاگرتنی هاسەنگی دەستێوەردانی لەوێ و بەکارنەهێنانی جیۆپۆلیتیکی ئەوێ بۆ گەشەسەندنی ئابووریەکەی.
  5. جگە لە بوونی وزە لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاست،سوریا خاوەن وزەیەکی زۆرە لەسەر وشکاییەکەی و چەندەها کۆمپانیای بیانی لەو دەڤەرە لە کاردا بوون.
  6. هەر لە میانەی شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ وە و لەگەڵ بەشداریکردنی ڕوسیا پاشتر، ئەمریکا و روسیا هەردوو دیوی فوراتیان دابەشی سەر دەسەڵاتی سەربازی خۆیان کرد، بەشی ڕۆژئاوای فورات بۆ بنکەی سەربازی ئەمریکا کە چەندەها بلۆکی وزەی تێدایە و ڕۆژهەڵاتەکەی بۆ بنکەی سەربازی ڕوسیا کە سێ بلۆکی غازی تێدایە، ئەمەش دەرئەنجامێکی ئاشکرا و ڕوونە بۆ بوونی وزە وەکو هۆکار ی سەرەکی شەڕ و نائارامی.
  7. بە ناوی قەلاچۆکردن و لەناوبردنی داعشەوە، چەند ساڵە دەسەڵاتدارەکانی جیهان هاوپەیمانی و هاوهێزی یەکترن بۆ بەردەوامیدان بە شانۆگەریەکی دەستکرد، کە خەڵکی سوریا و عیڕاق و ژینگەکەی بوونەتە قوربانی، شانۆگەریەك کە شەڕ لەسەر وزە و دابەشکردن و هەناردەی وزە دەکەن و لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکانیشیاندا دژایەتیکردنی داعشیان کردووە بە ئاڵای هاوپەیمانی و هاوسۆزی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە.
  8. توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، دەبێ لە چوارچێوەی فۆکۆس خستنەسەر داعش دەرچێت و بزانرێ کە ئەوەی شەڕی لەسەر دەکرێ، کێڵگە و بلۆکی وزە هەوڵدانە بۆ باڵادەستی زلهێزەکان بۆ زیاتر قۆرخکردنی داهات و وزەی سەر وشکایی و نێو دەریا، دەبێ بزانرێ داعش ئامرازی شەرە، تەکتیکی شەڕە بۆ ستراتیژیەك کە ناوی دەسەڵاتی ئابووری و خاوەنداری وزە و سیاسەتی وزەیە.

 

 

 

 

 

 

[1] https://deutsche-wirtschafts-nachrichten.de/2018/04/01/us-grossbanken-verstaerken-investitionen-fossile-energie/

[2] http://www.handelsblatt.com/politik/international/tuerkei-erdogan-und-putin-feiern-baustart-des-ersten-tuerkischen-atomkraftwerks/21137324.html

[3] http://www.spiegel.de/politik/ausland/tuerkei-russland-liefert-raketenabwehrsystem-s-400-a-1185168.html

[4] https://www.geopoliticalmonitor.com/rising-tensions-in-the-eastern-mediterranean-another-south-china-sea/

[5] http://www.middleeasteye.net/columns/us-army-report-calls-military-support-israeli-energy-grab-57185571

[6] Mowafa Taib, The Mineral Industry of Syria, P. 57, https://minerals.usgs.gov/minerals/pubs/country/2012/myb3-2012-sy.pdf

[7] https://www.geoexpro.com/articles/2011/03/syrian-offshore-exciting-new-frontier

[8] http://www.middleeasteye.net/columns/us-army-report-calls-military-support-israeli-energy-grab-57185571

[9] http://www.middleeasteye.net/columns/us-army-report-calls-military-support-israeli-energy-grab-57185571#sthash.5n3R7qFd.dpuf

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.