ئاسایییە یەکگرتو و پارتیی مەزهبەگەرا و نەژادپەرست بن

لەلایەن ستاندار Posted on 304 جار بینراوە

ئاسایییە یەکگرتو و پارتیی مەزهبەگەرا و نەژادپەرست بن

کەمال چۆمانی

لەدوای جەنگی جیهانیی دوەم، بە سروش وەرگرتن لە فاشیزم و نازیزم، هێزی نوێ سەریانهەڵدا. ئەو هێزانە لە ئێستای ئەوڕوپادا لە گەشە دان. ناوی جۆراوجۆریان هەیە؛ نیۆ-نازی، ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان، راستڕەوە رادیکاڵەکان، پۆپیولیستە راستڕەوەکان. لە هەر وڵاتێکدا بە ناوی جیاواز هەن. لە تورکیا، هەر بۆ نمونە، مەهەپە، لە یۆنان گۆڵدن دۆن، لە بەڕێتانیا پارتیی سەربەخۆیی بەڕیتانیا، لە فەڕەنسا ناشنەڵ فڕۆنت، لە دانماڕک پارتیی دانماڕکییەکان و هتد…
ئەو هێزانە لەدوای ٢٠١٠ زیاتر گەشەیان کردوە بە هۆی کۆچکردن، قەیرانی دارایی و سەپاندنی سیاسەتی سککوشین لە وڵاتەکانیان و مەترسیی لەسەر کەلتورییان و دژایەتیی گلۆبالیزێیشن و هتد…
لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی چاوەڕواندەکرا هێزی نوێی ناسیۆنالیستی توندڕەو و نیۆ-فاشیست و نەتەوەپەرست دەربکەون، بەڵام بە پێچەوانەوە، هێزە نوێیەکان کە دەرکەوتون هیزی دژە-گەندەڵیین، داوای چاکسازیی لە سیستەمی سیاسیی و حوکمڕانیی دەکەن، دونیابینییەکی ئینسانیی و دیموکراتیکیان هەیە، لەگەڵ پێکەوەژیانی گەلانن، دژی سیاسەتی نێیتیڤیزمن [داوادەکەن کۆچبەرانی عەڕەب رێیان پێ بدرێ بمێننەوە و بازاڕی کوردستان سودیان لێ ببینێت]. سەرەتای دەرکەوتنی ئەو هێزە دیموکراتخوازانە کە داوای دژایەتیی گەندەڵیی دەکەن، بە بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد. خۆشبەختانە هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی و جوڵانەوەی نەوەی نوێش خۆیان دورگرتوە لە بانگەشەی ناسیۆنالیستانەی پوچ.
لە بەرانبەردا، هێزی کلاسیکیی دیکەی کوردیی کە چاوەڕواندەکرا خۆیان دوربگرن لە سیاسەتی طائیفیی و نەژادیی و فاشیستانە، ناسیۆنالیزمی توندڕەو و سونیزمیان لە باوەش گرت. سەرەتا پارتیی دەستیپێکرد، ئێستاش بەردەوامە. لە ریفراندۆمدا بانگەشە نیۆ-فاشیستییەکانی پارتیی گەیشتە لوتکە. هەندێک هێزی دیش کارتێکراو بون بەو سیاسەتە نەژادیی و طائیفییە، بەڵام زو خۆیان کشاندەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ عێڕاق ئێستا پارتیی بەتەنها ماوەتەوە، خەتێکی توندی ئیخوانیی ناو یەکگرتوش پشتیوانیەتی. پارتیی و یەکگرتو دەبێت لەوە تێبگەن سیاسەتکردن لە عێڕاق بە پێدراوەکانی بەر لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، جگە لە ماڵوێرانیی زیاتر بۆ کوردستان و عێڕاق، هیچی تر بەرهەمناهێنێت. کورد دەبێت لەگەڵ عەڕەب و گەلانی دیکەش لە عێڕاق هەوڵی پێکەوەژیان بدات، نەک خۆدورگرتن لە سەنتەر. ئەگەر لە سەد ساڵی رابردوی عێڕاقدا هۆکاری سەرەکیی حکومەتی عێڕاق بو بێت بۆ فەشەلهێنانی پێکەوەژیانی کورد و عەڕەب، ئەوا لەدوای ٢٠١٣ هۆکاری سەرەکیی زیاتر حکومەتی هەرێم بوە تا حکومەتی عێڕاق. لە وڵاتێکدا کە سەنتەرەکەی تەنها رێگای چارەسەرکردنی زۆرینە کێشە ئابوریی و دارایی و سیاسییەکانتە، گەمژەیییە دژایەتیی بکەیت.
بەڵام ئێمە دەبێت زۆر لامان ئاسایی بێت هەندێک هێز و کەس هەبن ناسیۆنالیستی توندڕەو بن، نەژادپەرست بن، طائیفیی بن، نیۆ-فاشیست و نیۆ-نازیی بن. ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە و دیاردەیەکی کوردیی نییە. خۆشبەختانە، ئێمە زۆرینەی گەلمان دژ بەو هێز و گروپ و کەسانەیە کە دەیانەوێت کورد جارێکی تر بە ئاگری ناسیۆنالیزمەکان و شەڕە مەزهەبیی و طائیفییەکانەوە بسوتێنن. یەکگرتو ناتوانێت لە ئایدیۆلۆژیای سونیزم و ئیخوان دەربازی ببێت، پارتییش نەژادپەرستیی خۆی لە بانگەشەکانی ریفراندۆم گەیاندە لوتکە و ئاسان لەو بانگەشانە پاشگەزنابێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.