کێ لە بەغدا شەڕی دەستووریمان بۆ دەکات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 280 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
گومانی تێدانییە ھەرێمی فیدڕاڵی کوردستان وەکو قەوارەیەکی یاسایی و سیاسی لە چوارچێوەی عێراقی ئیتیحادیدا بە دەستوور دانی پێداننراوە و دەسەڵاتەکانیشی دیاری کراون، بەڵام کەچی لەسەر ئەرزی واقیعدا ھەرێمێک دەبینین کە لە دوای ئەو سیاسەتە چەوت و فەرمانڕەوایە سەقەتەی کە ٢٧ ساڵە ھەر دوو حزبی دەسەڵات پیادەیان کردووە، ھەرێمێکیان دروستکردووە کە زۆر نابووت و شکۆ شکێنراو و سەنگ سووک کراوە لە بەغدا، بە تایبەتیش لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر و ئەو پاشەکشە سەربازییەی کە ھەرێم کردی کە نەک ھەر ناوچە دابڕێنراوەکانی بە فەرمی و یاسایی بۆ نەگەڕاوە سەر ھەرێمی کوردستان بەڵکو سەرەڕای لە دەستدانی لە سەدا ٥١ ی خەڵک و خاکی ھەرێم، کەچی ئەو نیوەی کە ماوەتەوە ھەژموون و دەسەلاتی عێراقی فیدراڵی بە تەواوەتی کەوتۆتە سەر و مەترسی ئەوە ھەیە کە ئەم قەوارە فیدراڵییە ھەڵبوەشێنرێتەوە و وەکو پارێزگاکان مامەلەی لەگەڵ بکرێت. بۆیە پێویستە لە مەودوا بە تایبەتیش لە دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نوێنەرانمان ئەوانەی ھەڵدەبژێردرێن بتوانن لە ژێر بنمیچی پەرلەمانی عێراقدا ئەوەی لە شەڕگەکان و لە بەرەی جەنگ دۆڕاندوومانە بە خەباتی پەرلەمانی و شەڕی دەستووریدا بیانگەڕێنینەوە و مافە دەستووری و یاساییەکانمان وەکو دەستکەوێک بۆ گەلەکەمان بە دەستبھێنینەوە. دیارە لە خولەکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەتایبەتیش نوێنەرانی سەر بە ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار کە بەردەوام بە رێژەیەکی زۆری کورسییەکانیان حزوریان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ھەبووە و زۆرترین پلە و پۆستیشیان لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو، کەچی بەرھەم و بەرەنجامی ئەدای ئەو نوێنەرانە لە رابردوو ئەم دۆخە شکستخواردوو و شپرزەی ئێستای ھەرێمە کە دەیبینین و گەلەکەمان تیایدا گوزەر دەکات، کەواتە دەرکەوت ئەو نوێنەرانە نوێنەری راستەقینەی گەلەکەمان نەبوون بەڵکو نوێنەری حزبەکەیان و ئەجێندای تایبەتی خۆیان بوون، کە بەردەوام ئەوەندەی لە ھەڵپەی چنگخستنی زۆرترین مەکسەبی ماددی و مەعنەوی بوون، نیو ھێندە لە خەمی خاک و خەڵکی ئەم ھەرێمە خێر لە خۆ نەدیوە نەبوون.
بۆیە لەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنەدا دەنگدەران پێویستە ھەوڵدەن بە دەنگەکەکانیان رووبەری ئەو دەسەڵاتەی کە ئەم دوو حزبە لە رابردوودا لە بەغدا ھەیانبووە بەرتەسکتر بکەنەوە و نوێنەری ئەو حزبانە ھەڵبژێرن کە لە چەند ساڵی رابردوودا خاوەن ھەڵوێستی مەردانە و خەمخۆری خاک و بەردەوام لە بەرەی گەلە رەش و رووتەکەیاندابوون و بۆ چرکەیەکیش لە جەماوەرەکەیان دانەبڕاون و باجی زۆریشیان لەم پێناوەدا لەسەر ھەڵوێستەکانیان داوە، بۆیە دڵنیام کە ھەر ئەوان لە بەغدا راستگۆ دەبن لەگەڵ دەنگدەرانیان چونکە ھەروەک وتمان دەرکەوت کە ئەوان دلسۆز و پەرۆشی گەلەکەیان بوون و بەردەوامیش شەفافانە دژی گەندەڵی و نادادگەری وەستاونەتەوە، بۆیە بە دڵنییاییەوە لە بەغدا شەڕی دەستووریت بۆ دەکەن و ئەو ئاسەوارە خراپەی کە نوێنەرانی پێشووی حزبی دەسەڵات و شوێنکەوتووانی لە بەغدا جێیان ھێشتووە، ئەو نوێنەرانە لە شەڕێکی دەستەویەخەی دەستووری و خەباتی پەرلەمانی، نایھێلن و جارێکی تر شکۆ و پێگەی ھەرێم لە بەغدا بەرزتر و قایمتر دەکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.