بەنیازی دەنگ بدەیت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 497 جار بینراوە

به‌ڵێن سابیر

ئەم پرسیارە رووبەرووی چوار گەنج بکەوە، دووانی ئەمە وەڵامەکەیەتی: بڕوام بە پڕۆسەی ھەڵبژاردن نەماوە. ببینن لە نەمانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات، دیموکراسیترین پڕۆسە، کە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانە، لە بەر چاوی خەڵک دەکەوێ، پارتی و یەکێتی بە ساختەکاری و دەستکاری سندوقەکانی دەنگدان، وایان لە گەنج کرد قێز لەم پڕۆسەیە بکاتەوە!

ھەر ئەم دیدەی کە بڕوای بەم پڕۆسەیە نەماوە، بە زەقی لەناو چینی نووسەر و رۆشنبیر و خوێنەرەکان دەبیندرێت، بێگومان دەنگی ئەم تایپە کاریگەری سەرەکی لە گۆڕینی ھاوکێشە سیاسییەکە ھەیە، چونکم کاتێک ئەم تایپە قەرار دەدات دەنگ بدات، دەزانێ پێویستە دەنگ بە چ قەوارەیەک و چ کاندیدێک بدات، لە ژێر ھیچ پاڵەپەستۆ و گوشارێک دەنگی ناکڕدرێ و یاری بە دەنگەکەی ناکرێ، ئیدی لەم سۆنگەیەوە دەنگ بە بیروبۆچوونە جێگیر و دۆگماتیکەکان نادات. بەوجھی کاندیدەکان ھەڵناخەڵەتێ. بە وردی پلان و پڕۆژەی کاندید و قەوارە و ھاوپەیمانییەکان دەخوێنێتەوە.

لە ئێستادا نوخبەی گەنج کە بە داینەمۆی کۆمەڵگا ھەژمار دەکرێن، توڕەن! بێگومان ئەم پەست و توڕەییەشی لە خۆڕایی نیە، ھەر چاوی ھەڵھێناوە دوو باندی قاچاخچی نەوت فەرمانڕەواییان کردووە. فتوحاتی ناوچەیەک و تەقاندنەوەی ھەمەڕێکی بە منەت و شانازی پێ دەفرۆشێتەوە، چەند بەرپرس و کەڵەگابۆرەیەکی سەر سنوورن و خەباتی شاخ و تەقاندنی فیشەکاکانیان بە روودا دەدەنەوە، قوماریان بە ئایندەوە کردووە، ئەم ھەرێمەیان بۆ کردووە بە ناوەندی رەشووە خواردن و عەرز و خانووی تەجاوز. پڕیان کرددووە لە بەردی کۆنکرێت و بارەگای حیزبی و باڵەخانەی بەرزە فڕی خۆیان. سەری ھەر کۆڵانێک لە بڕی ھۆڵێکی سینەما و قاوەخانەیەک، بنکەیەکی پۆلیسیان تیا کردەوە، لە بڕی ناوەندێکی ئەکادیمی و کتێبخانەیەک، جبە خانەیەکی عەسکەریان تیا کردەوە.

تێگەیەشتنێک درووست بووە و پێوایە گورزی گورچکبڕ لە توڵەی ١٦ ئۆکتۆبەر و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی خەڵک، بە نەچوونە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان و رق ھەڵڕێشتنەوە تۆڵەی پارتی و یەکێتی بە بایکۆتی ئەم پرۆسەیەیە. ئەمە بێئاگا و لەمەی کە عقوبەی ئەو دەسەڵاتە ھەر بە دەنگدان دەکرێ، گۆڕینی ئەو سیاسییە ئیفلاسانەی ئیستە، ھەر بەم دەنگە دەکرێ، کە تۆ عاگیفانی نەتداوە. گۆڕینی ھاوکێشەکە و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ھەر بەم دەنگە دەکرێ، کە تۆ لە ژێر زەبر و زەنگ و ترس نایدەی، ئەم گۆڕانکارییە، سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە ئیللا بەم دەنگە دەکرێ کە تۆ بە وەعدی پارچە عەرزەیەک نایفرۆشی، کە بە دەمانچەیەک و پەیمانی دامەزراندن و بە پاکەتە چوکلێتێک و بەڵێنێکی درۆینە دەنگەکە نافرۆشی!!!

لە بەشێکی ئەوروپا دەنگی خەڵک یاری بە کاندیدەکان دەکا، ھیچ کاندیدێک تا کۆتا خولەکی ھەڵبژاردنەکان دڵنیا نیە سەردەکەوێت. ئەمجارەیان ھۆشمەندی تاکێکی ئەوروپیت ھەبێ، دەتوانی تەرازووی معادەلەکە بگۆڕی و دەم و چاوی تازە و ئەقڵی مۆدێرنی سیاسەتکردن بھێنیتە پێشەوە. ئێستا نائومێدی و متمانەت بەم پڕۆسەیە نەماوە، بێگومان نا ئومێد بوونت بەم پڕۆسەیە، قازانج ناگەیەنێت. ئەم قۆناغە دەبێت تێبپەڕێندرێت، بەستەڵەکی ترس و دێوەزمەی کە ھەمان شکڵ و ھەیکەلی سیاسی دووبارە دێنەوە گۆڕەپانەکە لە ناخت بڕەوێنەوە،
شتێکی حاشا ھاڵنەگرە، مایەپووچی ھەڵبژاردنەکان لێرە لەمە بەدەر دەکەوێت کە تا ئێستا ھەڵبژاردن لە ناو ھەمان فۆڕمی چەند ساڵەی رابردوو دەخولێتەوە، لە زھنی زۆرینە چەسپاوە ھەڵبژاردن بەم میکانیزمەی ئێستا، بەم بەژداربووە چەند بارە و ماوە بەسەرچووانە، تا ئەو دەقەیە لە کردەیەکی خافڵاندن ھیچی دیکە نەبووە، وەلێ لێرەوە بە گژ ئەوانە مەچۆرەوە، لایەنی کەم بە گژ خۆتا بچۆرەوە و دەنگ بە پارتی و یەکێتی مەدەوە!!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.