لە ڕۆژی جیھانی کرێکاراندا چیی بۆ کرێکارکانمان دەکەین ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 409 جار بینراوە

یاسین نادر رەحمان

نامەوێت بەمشێوەیە مێژووی ئەم ڕۆژەیە کە لە ١ی ئایاری ١٨٨٦ز لە شیکاگۆی ئەمریکا ڕوویداوە و تیایدا چینێکی داماو و ھەمیشە ماندووی ڕۆژگار کە مافەکانیان لەو ساڵانەدا بەھۆی بارەکێشی و کارلێکێشانی زۆرەوە پێشیلکراوە و لە سەر خواستێکی سەرەتایی خۆیان واتە: کەمکردنی کاتەکانی ئیشکردنیان لە ١٤ کاتژمێرەوە بۆ ٨ کاتژمێر، بەس بەتەنیا بخەمە ڕوو، ھەر چەندە لەم پێناوەشدا پاش چەند ڕۆژێک بەردەوامی لە ناڕەزایەتییان چەند کرێکارێک بەھۆی تەقەی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکاوە کوژرا و پاش ئەم مێژووە و تا ڕادەیەکیش ڕابردووتر لەم مێژووە، بزوتنەوە و حیزبگەلێک دروست بوون کە ھەمیشە خۆیان بانگەشەکار و داکۆکیکەر لە مافی کرێکارەکان خۆیان زانیوەو دروشمەکانیان ھەمیشە لە مافی ئەم چینە ماف زەوتکراوە پیشانی ھەموو دونیا داوە، کە ڕوویەکی سەرەکی ئەمەش لە بەرژەوەندیخوازی زیاتر ھیچی تری لێ بەدی ناکرێت، چوونکە دۆخی کرێکارەکان و تەندروستبوونی شوێنی کار و خزمەتکردنی زیاتر بەوان لە ڕووی ژینگەی ژیان و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتیەوە تا ئێستاکەشی بەدواوە بێت نەک سەقامگیر نەبووە، بەڵکوو خراپتر بووەو ڕۆژانە ھەواڵە دڵتەزێن و ناخۆشەکان لە بارەی ژیانی ناخۆشی ئەم توێژە ھەر دەبیستین، ئیتر چۆن چارە دەکرێت وچۆن کاری بۆ کراوە، وا ئەنجامەکەی لە ئێستادا لە دۆخی ئەواندا دەبینین کە بە داخەوە شتانێکی دڵخۆشکەر نەک نین بەڵکوو ھەژێنەر و ناخۆشیشن
کاتێک کە ئێمە دۆخێکی وا نەخوازراو دەبینین لەپاش ئەم مێژووە سەد و چەند ساڵەی ئەم ڕووداوەیە، جیاوازیەکان بەنسبەت سەردەمانی بەردەداری و چینە بورژوازەکان لە پێشێلکردنی مافی کرێکار و زەحمەتکێشان و ڕەنجدەرانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان لە چیدا دەبینین ؟ ئایا ئاڵوگۆرییەکی بەرەو باشبوونی ژیان ودۆخیان دەبینین یا خود نا دوخی ناخۆش وتەحەمولنەکراوی ژیانی ئەوان؟
بەڵی قسەکردن لە سەر چینێکە وا ھەمیشە سکاڵایان لە دۆخی نەخوازراوی ژیانیان ھەیەو دەزانن ھەر ئەم دۆخە ئەوان لە خۆشیەکانی ژیانیان بێبەش دەکات و تاقە ھیوای ئەوانیش ڕەنگە بونیاتنانی داھاتووی ڕوڵە و منداڵەکانیان بێت کە نەکوو ئەوانیش بە دەردی ئەوان بڕۆن و پیشەیان ھەمان پیشەی خۆیان بێت.
لە کوردستانیشدا لە مێژووی حیزبە کۆمەنیستی و سوشیالیستییەکان و حیزبەکانی تریشەوە تا ئەم ساتەی بانگەشەی ھەڵبژاردنانیشە، بەپێی ھەندێک تیۆر و ڕیبازی سیاسی، ھەمیشە یادو بیرەوەری ئەم ڕۆژەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرتووەو خۆیان داکۆکیکەر لە مافی ئەم توێژە زانیوەو کۆڕ و سیمینار و پروگرامی تایبەت بەم ڕۆژەیان لە بەرنامەدا ھەبووە، ئیتر لە ئاستی کرداری نازانین دۆخی ئەوان بەم پرۆگرام و بەرنامانە بەرەو باشتربوون چووە یان خود نا… دۆخێکی پێچەوانەی ئەو وا دەبینین.
گەر لەسەر ئەم بۆچوونەی کۆتاش بئاخفین و ڕوونتری بکەینەوە و بڵێین کرێکاران لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرەو مەترسی ئیفلیجبوونی خزمەتکردنی ئەوان وا ھەنگاو دەنرێت، بەھەڵەدا ناچین و درۆ ناکەین، چوونکە دروستە ئەم ڕۆژە بۆ ئەوان دانراوە بەڵام پشووی کرێکار کاتێک دەبێت کە مافی ماڵ و حاڵ و دۆخی ژیان و گوزەرانی فەراھەم بێت و حکوومەت و ھەموو دام و دەزگاکان خزمەتی زیاتریان وەک چینێکی شەرمن و ھەژار و کەمدەرامەت و کەم خواست بە جیاواز لە چینەکانیتر بکەن، ئەگینا چ پشوویەک و چ جەژنێک کاتێک کە ئەوان ھەر لە ڕەزاڵەت ومەینەتیدا بژین، بە دیوێکی تر جەژنی کرێکاران جەژنی ئاسوودەییەکانی ئەو لە مافەکانێتی، ئیتر ھەر کاتێک بەرجەستە ببێت و بێتە دی!
ئێمە کوا ڕێزی کرێکارەکانمان بەو ئاستە لە ڕووی خزمەتکردنی زیاتریان گەیاندووە کە ناویان بە پیرۆز بزانین و جەژن و یاد و مەراسیمیان بۆ بکەینەوە، “کام کۆمپانیا و شەقامی بەناوبانگ و ناوەندی زانستی و ئەکادیمی و ڕوشنبیری و …..ھتد، بە ناوی کرێکارانەوە لە ئێستاو ڕابردوودا کراوە، کام نەخۆشخانەی ئەھلی و حکوومی خزمەتی ئەوانی بە بێ بەرانبەر کردووە و کام دەزگای گرنتیکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گرنتی ژیان و منداڵەکانی ئەوانی کردووە کە لە دۆخە نەخوازراوەکاندا فریای ئەوان بکەون، ئەی لە ئاستی زانکۆکانماندا کوا کورسیەکانی خوێندنی قوتابخانەیی و زانکۆیی بۆ ڕوڵەو منداڵی کرێکارانمان،
ئەی لە ئاستی حکوومەتیشدا کوا کاری جیددی و ھەنگاوی درێژمەودا بۆ خزمەتی زیاتری ئەوان کراوە، جگە لە دەرکردنی بەیاننامەو پیرۆزکردنی ئەم وڕۆژە و بە پشووکردنی نەبێت، ئەی ھەرگیز بووەو ڕوویداوە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ھەموان کرێکارێکی مەدەنی و دڵسۆز بۆ نیشتیمانمان بین، یا خوود نا پڕ کردنەوەی وڵات بە کۆمپانیای جۆراوجۆر و گۆڕینی کرێکارێک کورد بە بەنگلادیشی و ھیندستانییەک ئەویش لە بەر ھەرزانی نرخی ئەم کرێکارانەوە بە نسبەت وڵاتی خۆیانەوە بە خزمەت دەزانرێت، ئەم ھەنگاوانەو ھاوشێوەی ئەم ھەنگاوانە ئایا خزمەتکردنی کرێکارانە یان ماڵوێرانکردنیان؟ باشە لەمەش تێپەڕین ھەموو مووچە خۆرێک لە کوردستانیشدا کارکەرێک بەناوێکی مۆدیرنانەتر نیە، ئیتر چەندە خزمەتکراوەو لە ئێستادا مووچەی بۆ دابیندەکرێت و مافی زەوت دەکرێت یان ناکرێت، ئەوەش خۆی پرسیارێکە کە ھەمیشە سەردێر و مانشێتی دەزگا ڕاگەیاندنەکانمان بووە و خۆپیشاندانە جۆراوجۆرەکان لەمبارەشەوە رۆژانە خۆ ھەر دەبینین.
ئەمەشمان لەبیر نەچێت کە بە پێی پێشکەوتنی دونیای تەکنۆلۆجیاو مودێرنە، پەکخستنی ڕوڵی کرێکارە سادەو نەشارەزاکانی بە دواوە بووەو ئیتر دۆخیش لە ھەموو وڵات و ھەرێمێک ھەر چۆنێک بێت، دەبێت لە گەڵ دونیای کار و کارکردن لەگەڵ ئەم دۆخە پێشکەوتوویەی تەکنۆلۆجیادا سازراو بێت، کە ئەمەش دیسانەوە ئەرکی ناوەندە فێرکاریەکانی زانکۆ و قوتابخانەو سەنتەرە ئەھلی و حکومیەکان، بە نسبەت ڕابردووەوە قورستر دەکات، ئەمانەی سەرەوە بەرکوڵێک لە دونیای بێ خزمەتی چین و توێژێکی وەک کرێکاران لە جیھان و بە تایبەت لە کوردستان بوو، کە لەگەڵ دۆخ و ئاڵۆزیەکانی وڵات و ھەرێممان لە ئێستاو ڕابردووشدا بە نسبەت کرێکارەوە جگە لە تاکێکی مەینەتبار و ھەمیشە ئیھمالکراو، نەتوانراوە دۆخێکی شایستەتر بۆ ئەوان بڕەخسینرێت و ھەمیشە باری ڕەنج و ژیان و دۆخی سەختیان، ئەوان وا خەریکە بەرەو پووکانەوەو لەناوچوون دەبات، لە کاتێکدا کرێکارەکان سازێنەر و بونیاتنەری زۆر لە کۆمەڵگا ھەبووەکانی دونیان و نابێت ئەوان ھەرگیز لە یاد بکەین و مافەکانیان ھەروا بە زەوتکراوی لە سەر پەڕەی کاغەزەکاندا ئاڵوگۆڕ پێ بکەین و ھەنگاو بەرەو باشتر کردنی ژیانیان نەنێین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.