ئاری غازی
گومانی تێدا نییە کە کۆمەڵگەى کوردى زۆرینەی موسوڵمانن و پابەندبوونێکی نەریتی هەیە بە بنەما نەگۆڕەکانی ئایینی ئیسلام. ئەمەش دەبێت بەپێی هەموو پێوەرە کۆمەڵایەتی و ئازادی و دیموکراسییەکان ڕێز لێگیراو بێت و هەرهەوڵێک بۆ داتاشینى ئایین یان جیاکردنەوەى ئایین یان دوورخستنەوەى ڕەوشت و نەریتە ئایینییەکان ئەوا رووبەرووى پەرچەکردارى توند دەبێتەوە. لە بەرامبەرئەوەشدا پێویستە ئازادی بۆ ئایین و بیروباوەڕ و پێکهاتە جیاوازەکان فەراهەم بکرێت. لێرەدا زۆر گرنگە ئەوە روونبکەینەوە کە مەبەست لە جیاوازی نێوان ئیسلامى سیاسى و سیاسەتى ئیسلامى چییە و لە هەرێمی کوردستاندا ئەم دوو چەمکە چۆن ڕەنگدانەوەی هەیە؟ ئیسلامى سیاسى کە خۆى لە پارتە ئایینى و ئیسلامییەکان دەبینێتەوە وەك هەر پارت و هێزێکیتر لە گۆڕەپانی سیاسەتدا ئەسپی خۆیان تاودەدەن بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر و وەرگرتنی دەسەڵات، بۆیە فۆرمی کارکردن و جوڵانەوە و هەڵوێستەکانیان لە ئاست پێشهات و رووداوەکان قابیلى هەڵە و رەخنەگرتن و گفتوگۆکردنن، هیچ پیرۆزییەک لە ئیسلامى سیاسیدا نییە تەنها ئەوەنەبێت هاوشێوەى پارتە عەلمانى و نیشتیمانى و چەپەکان بە بیرێکى ئیسلامى و ئایینیانە سیاسەت دەکەن و بەشدارى کایە سیاسیەکان دەکەن و ئامانجیان دەسەڵات و کێبرکێى هاوشێوەى پارتەکانى دیکەیە.
ئیسلامی سیاسی دەیەوێت لەپەنای ئاییندا بگات بە ئامانج و مەبەستەکانی خۆی و دەقە ئایینی و کەسایەتییە ئایینییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵك. بەڵام سیاسەتى ئیسلامى تێگەیشتنێکە بۆ پەیڕەوکردنی لە دەسەڵات کە دەکرێت بڵێین پیرۆزییەکى ئایینی لەخۆدەگرێت ئەوەش بەهۆی ئەوەی بنەماکانی هەڵقوڵاوی قورئان و فەرموودەن بۆ بەڕێوەبردن و سیستەمەکانی ئابووری و دادوەری و ڕێکخستنی لایەنی کۆمەڵایەتی. سیاسەتی ئیسلامی گوزارشت نییە لە گروپێکی جیاواز و باڵاترە لە بەرنامەی هێزێکی سیاسی بەو مانایەی هەرگیز سیاسەتی ئیسلامی سازش ناکات لەسەر گۆڕینی بنەما نەگۆڕەکانی ئایین و مایەی چوونە ژێرباری گفتوگۆکردن نییە بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانی لە ئاست رووداو و ڕێککەوتنەکان. کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی شێوازی کاری ئیسلامی سیاسییە کە لە ماوەی رابردوو بەپێی کات و بەرژەوەندی و تێگەیشتنی خۆیان چەندین هەڵوێستی جیاواز و گۆڕانکاری بەدیکراوە لە بەشدارییان لە کایەی سیاسی، هەر لە ڕەتکردنەوەی دیموکراسییەت و دواتر بەشداری کردن لە پەرلەمان و تەکفیرکردنی فکری چەپ و عەلمانییەت و دواتر دروستکردنی هاوپەیمانییەتی لە نێوانیاندا.
لە کاتێکدا لە سیاسەتی ئیسلامی بە نەگۆڕی سەردەم و بەرژەوەندییەکان برەو بە پێکەوە ژیان و هانی دەسەڵاتێکی دادپەروەر دەدات کە هەموو پێکهاتە و بیروباوەڕە جیاوازەکان بە ئاشتییانە بژین و ئەرکیان دیاریکراو بێت و مافیان پارێزراو بێت. مەرج نییە تەنها پارتێك یان ڕێکخراوێکی ئیسلامى بەرگرى یان پەیڕەوى سیاسەتی ئیسلامی بکات، بەڵکو سیاسەتى ئیسلامى خیتابێکى گشتگیرە لەگەڵ ئەقڵى مرۆڤایەتى و سیستەمى بەرێوەبردنى سیاسى و ئابوورى و ئیدارى و کۆمەڵایەتى و پەیوەندییەکان و دەکرێت لە سیستەمێکی گشتی و خەڵکانێك دوور لە بەکارهێنانی ناوی ئیسلامی پەیڕەوبکرێت. هەروەها سیاسەتی ئیسلامی دەکرێت لە دەستوورێکى ئامادەکراو لەڕووى هێڵە گشتییەکانی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتەکان و بنەماکانى ماف و ئەرکى هەرکەس و لایەن و دامەزراوەیەك دابڕێژرێتەوە بە زمانێکی سەردەمییانە بەبێ گۆڕانکاری لە بنەما جێگیر و نەگۆڕەکان. ئیسلامى سیاسى لە کوردستان بە پاشقوڵى کردن و کۆپى کردنى بەرنامەى وەهابیەت و ئیخوانیەت و سەلەفیەتى توندرەوى، وێنەیەکى تەڵخى بۆ سیاسەتى ئیسلامى لە کۆمەڵگەى کوردى دروستکردووە، ئیسلامى سیاسى لە کوردستان نەیتوانى وەرگێرێکى کارامەى سیاسەتى ئیسلامى بێت بۆ کۆمەڵگەى کوردى لەبەرئەوەى کۆپى بەرنامەى بیروباوەرێکى دەرەکى بوون کە هەمیشە ئەو کارانە لەسەر ئەقڵى تاکى کورد بە گران دەوستێت و هاوشێوەى بەرنامەکانى دیکەى عەلمانیەت و چەپگەرایى پێشوازى جەماوەرى لێناکرێت.
من ئەگەرچى تاسەر ئێسقان دژى بیری سەلەفەیەت و توندڕەویم لەئاییندا و پشتیوانى لە بیری میانڕەوى دەکەم بەڵام ئەگەر دەسەڵاتیش لە کوردستان وەهابیەتی قەبوڵ بێت هاوشێوەی سعودیە ئەوا دەبێت پێش هەموو کەس رۆشنبیرانی ئیسلامی ڕەتی بکەنەوە چونکە وەهابیەتی هاوشێوەی سعودیە و سەلەفیەتی مەدەخەلی تەنها بۆ بەرگری کردن و مانەوەی تاقمێك بەرژەوەندی خوازە لەدەسەڵات و دیکتاتۆرییەتێکی دیکە بەناوی ئایین دروست دەکات لەژێر ناونیشانی پیرۆزکردنی وەلی ئەمر و پابەندبوون بە هەموو فەرمانەکان و دەرنەچوون لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا و هەوڵی مانەوە و رەتکردنەوەی گۆڕانکاریشی دەدات. هەرگیز سیاسەتکردن لە کۆمەڵگەى کوردى بە باڵاى بیرى ئیخوانیەت ناکات و ناکرێت بەشێواز و نەریتى ئیخوانەکان خیتابى ئیسلامى ئاراستەى کۆمەڵگەى کوردى بکرێت، نموونەى ئەوەش لە تورکیا تەواو روونە کاتێک ئیسلامییەکان کارى خۆیان لەچوارچێوەى بیرى ئیخوانییەت دەرهێنا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ئەگەرچى رەخنەى زۆریشم هەیە لە سیاسەتیان لەبەرانبەر پرسى کورد لە تورکیا کە نەفەسێکى نەتەوەپەرستى زاڵە بەسەریدا نەک نەفەسى ئیسلامى.
ئیسلامى سیاسى لە کوردستان هۆکارى دروست بوونى ئەو دوژمنگەرایى و فۆبیایە کەلەسەر سیاسەتى ئیسلامى دروستبووە و لاوازى و هەڵە و دووبەرەکى و جیاوازى نێوان خۆیان تەنانەت تێنەگەیشتن و روونکردنەوەى سیاسەتى ئیسلامى دوور لەوێنەى راستەقینەى خۆى بۆتە چەکى بەهێزى دەستى دژە ئیسلامییە سیاسییەکان. کارنەکردنى ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستان بە لۆژیک واى کردووە زیاتر جەخت بکەنەوە لەسەر بوونى ئیسلامێکى کردارى و رەفتارى ئایینى، هەرگیز رۆژێک نەهاتن لەرێگەى خیتابێکى بەهێزەوە لەگەڵ ئەقڵى تاک و کۆمەڵگەى کوردى گفتوگۆبکات چونکە ئیسلامییە سیاسییەکانى کوردستان خاوەنى بەرنامەى خۆیان نین و خۆیان لکاندووە بە سیاسەتى ئیسلامیەوە و هەوڵى ئەوەیان نەداوە لە کۆمەڵگەى کوردى باوەرى ئیسلامى لەرێگەى خیتابەوە بە شارستانی و جەماوەری بکەن.
هەروەها دەنگدەری ئیسلامى دەبێت لەوە تێبگەن کە چیتر ئەتاتورکێک نایەت بەهەموو شێوەیەک دژایەتى ئایین بکات و تەواوى ئەوەى لە ئایینەوەبێت رەتى بکاتەوە، سیاسەتی سەردەمی ئەمرۆ لەسەر بنەماى هاوبەش و پێکەوەژیان دەیەوێت باڵى خۆى بەسەر کایەی سیاسەیدا بسەپێنێت لەژێر سێبەریشیدا گشت ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕەکان وون بکات، دەبووایە خەمخۆران و ڕۆشنبیران و ئیسلامى چالاکانەبێنە مەیدان بۆ دروستکرینى خیتابێکى ئیسلامى گشتگیر لە چوارچێوەی کاری بانگەوازدا نەک خیتابێکى سیاسى ئیسلامیانە، بۆئەوەى کۆمەڵگەى کوردى لەقۆناغى ئیسلامى رەفتارى و کردارى بەرێتە قۆناغى ژیارى ئیسلامى لە کۆمەڵگەى کوردى. ئەوەی ئیسلامى سیاسی لێی دەترسێت گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە پێی وایە لەسوودى ئەودانییە بەڵام لە سیاسەتى ئیسلامیدا گۆرانکارى کۆمەڵایەتى و جودایى ئایین و بیروباوەر بەشێوەى تەندروست لەژیارێکى سەردەمیانەدا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت. پێم وانییە هێزە ئیسلامییەکان کە ئەوان ئیسلامی سیاسیان داهێناوە تەبەنی و پەیرەوی سیاسەتی ئیسلامی بکات، دەشێت هێزێکی دیموکراسی یان نیشتیمانی و ئازادبیت و پەیرەوی سیاسەتی ئیسلامی بکەی لە فۆرم و دەستەواژە سەردەمییەکان بە مانەوە بنەما نەگۆڕەکان تا ئەوکات ئاسایی بێت هاوڵاتیەکی مەسیحی یان هەر بیروباوەڕێکی دیکەی جیاواز لە سەرکردایەتی هێزێکی سیاسی ببینرێت لەگەڵ موسوڵمانەکان یان لە پۆستێکی باڵای بەڕێوەبردنی وڵات لە سەرۆکەوە تا پارێزگاردا بێت و کەسیش هوتافی ئەوە نەکێشێت نابێت بێ باوەڕێك لەدەسەڵات بێت.