ئەم خولەی پەرلەمان جەنگاوەری پێویستە

لەلایەن ستاندار Posted on 432 جار بینراوە

 

سامانـی وەستا بەکـر

تروس ومەترسـی هەمورادکردنەوەی دەستوری عێراق گەورەترین و گرانترین کاری پەرلەمانتارە هەڵبژێراوەکانـی ئەم خولەی پەرلەمانـی عێراق ئەبـێ، لەو هەموارەیا کار بۆ کەمکردنەوە بگرە تا ئاستـی نەمانـی سەرجەم ئەو مادە دەستورییانە ئەکرێ کە گرنگن بۆ دروست کردنـی هەرێمـی زیاتر و پارێزەری سیستمـی فیدراڵـییشن. ئەم شەڕە تەنها بەو کەسانە ئەکرێ کە حیزب بەکارئەهێنن بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتـمان نەک پێچەوانەکەی، لە خۆت بپرسە پێش ئەوەی بڕۆی بۆ بەغا ئایا تۆ ئەوی؟

گەلـی کوردستان هەر لە سەرەتای دابەشکردنـی لەدوای شەڕی چاڵدێرانی ساڵـی ١٥١٤ زاینییەوە ئەو شەڕەی لە تیایا سوڵتان سەلیمـی یەکەم بەسوود وەرگرتن لە کورد زاڵ بوو بەسەر شا ئیسماعیلـی سەفەوی، دوای ئەوە دابەش کردنـی کوردستان بەشێوەیەكـی ڕەسمـی لە ساڵـی ١٦٣٩ کە تیایا کوردستانـی باکور و باشور بەر عوسمانییەکان کەوت و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەر ئێران کەوت لەو ڕۆژەوە گەلـی کوردستان چاڵی بێبەش کردنـی بۆهەڵکەنرا.

ساڵی ١٩١٤ کاتـێ شەڕی جیهانـی یەکەم هەڵگیرسا، بەریتانیا ویلایەتـی بەســرەو دوای ئەوەش ویلایەتیـی بەغای گرت لە دەستـی عوسمانیەکانـی دەریهێنا. ئەو کات بەتەمای دامەزراندنـی وڵاتێکـی عەرەبـی بوو لەو دوو ویلایەتە، بەڵام لەدواییا بەرەو ویلایەتـی موسڵیش کشا (موسڵ و کەرکوک و هەولێرو سلێمـانـی ئەگرتەوە) داگیـری کرد.

لە ساڵـی ١٩٢٠ کاتـێ پەیمانـی سیڤەر مۆرکرا کورد چاوەڕوانـی ئەوە بوو دەوڵەتێکـی کوردی دابمەزرێ، بەڵام لە پەیماننامەی شـومـی لۆزان ساڵـی ١٩٢٣ تەواوی داخوازییەکانـی کورد فەرامۆشکرا، بۆ پاراستنـی بەرژەوەندی تایبەتـی خۆیان پشتیان لەمافـی ڕەوای گەلـی کوردستان کرد.

لە ساڵـی ١٩٢٥ لەسەردەمـی کۆمەڵەی گەلان بە پێچەوانەی داخوازی کورد بە ناڕەوا پێشنیازی بەستنەوەی خواروی کوردستانیان کرد بە دەوڵەتـی عێراقەوە، ئیتر لەوساوە بەدوای دەسنیشانکردنـی ئایندەیەکـی سیاسـی بە خۆیەوە دەکەوێ، بەڵام بەداخەوە نە لە سەردەمـی دەسەڵاتـی بەریتانییەکانەوە و نە لە دوای دروست بوونـی عێراق و نە لەدوای ئەوەش تاکو ئەمڕۆ ڕێگەیەکـی عادیلانە نەگیراوەتەبەر بۆ چارەسەرکردنـی کێشەی گەلـی کوردستان.

ئەگەرچـی بیرو بۆچوونی باش هەبوون لەلایەن هەندێ کەسەوە دەرچوون هەر لەسەربەخۆی کوردستان بەبـێ بەستنەوەی بە دەوڵەتـی عێراق تاکـو بـیـرو بۆچوونـی کۆنفیدراڵ و فیدراڵـی و ئۆتۆنۆمیش هەبووە بۆ بەستنەوەی ئەو بەشەی کوردستان بە دەوڵەتـی عێراقەوە بەڵام سەرەنجام هەموو ئەم هەوڵ و بیرو بۆچوونانە شکستیان هێناوە.

بەیەکەوە بەستنەوەی زۆرەملـێیانە هەر لە سەردەمـی مەلیک فەیسەڵی هاوردەوە تاکـو ڕوخاندنـی ڕژێمـی بەعس گیراوەتەبەر، لەمەشا عێراقییەکان لەناو گێژاوی شەڕوشۆڕا  تلاونەتەوە بەهەزاران هەزار بوونەتە قۆچـی قوربانـی نیازە گڵاوەکانـی دەسەڵاتدارانـی عێراق، نەتوانراوە عێراقێکـی دیموکراتـی و فیدڕاڵی و فرە حزبـی لەدایکبـێ مافـی نەتەوەی و کلتوری و سیاسـی و ئابوری و کۆمەڵایەتـی هەموو لایەک بپارێزێ، وای لێبکرێت عێراقییەکان سەرەڕای جیاوازی نەتەوەیشیان هەست بەبوونـی عێراقی بوونـی خۆیان بکەن و شانازی پێوەبکەن، هۆی سەرەکیش ئەگەڕێتەوە بۆ زاڵ بوونـی ئەو بۆچوونە سەقەتەی کە هەر لە سەرەتاوە عێراقێکـی بەزۆر پێکەوە بەستـراو لەجیاتـی عێراقێکـی عێراقێکـی یەکگرتووی ئارەزومەندانە گیراوەتەبەر.

لە ڕۆژی ٢١ی ئازاری ١٩٢٥ کاتـێ لەلایەن ئەنجومەنـی دامەزراندن قانونـی بنچینەیـی عێراق داڕێژرا لەلایەن مەلیک فەیسەڵ وەک یەکەم دەستوری هەمیشەیـی ڕەزامەندی لەسەر درا و ڕاگەیەنرا بە درێژایـی ماوەی ١٩٢٥-١٩٥٨کاری پێکراو دوای ئەوەش چەندین دەستوری کاتیش ڕاگەیەنرا، تا هاتووە دەستوورو قانون لە عێراقا تێکەڵاوی دەسەڵاتەکانـی تر کراوە لە ناوەرۆکـی ڕاستەقینەی خۆی دابڕاوە.

لە سەردەمـی دەسەڵاتـی بەعثدا (مجلس قیادة الثورة) بە ئارەزوی خۆی دەستور و یاسای لە عێراقا تێکداوە بەمەبەستـی سەپاندنـی سیاسەتـی دیکتاتۆریانە و تاکڕەوانەی بەعثیانەی خۆی و بەمەبەستـی میلیتاریزە کردن و پێشێل کردنـی مافـی مرۆڤ و ئازادی تاک و کۆو کۆکردنەوەی تەواوی دەسەڵات لە شەخسـی سەرۆک و ڕێخۆشکردن بۆ تێوەگلانـی عێراق و گرتنەبەری سیاسەتـی بێ ویژدانانەی ئاوارە و دەربەدەرکرن و دەست بەسەراگرتنـی موڵک و ماڵـی هاوڵاتییانـی عێراق و جێبەجێ کردنـی سیاسەتـی تەعریب و تەبعیث و تەهجیر و دەیان کاری دزێوانەی تر بە ناوی یاسا لە پێناوی خاڵـی کردنـی لە ناوەرۆکـی ڕاستەقینەی خۆییداگیراوەتەبەر، هەر هەمووی لەلایەن بەعث و سەرکردە دیکتاتۆرەکەی پاوان کرابوو.

ئەم کۆکردنەوەی دەسەڵاتە لە دەستور و یاساکانـی عێراق لەدەستـی کەسێک، ئەم گوێنەدانە بە پێکهاتە نەتەوەییەکانـی گەلانـی عێراق لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری و ئەرمەنـی هەروەها پێکهاتەی ئاینـی و مەزهەنییەکان لە ئیسلام (سوننە و شیعە) و مەسیحـی و یەزیدی و کاکەیـی و زەردەشتـی و….. هتد، ڕاستێیەکمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە دەوڵەتـی عێراق هەر لە دامەزراندنیەوە بە گرتنەبەری سیستمـی حوکـمـی مەرکەزی بەناوی پاراستنـی یەکێتـی خاکـی عێراق و خۆ دوور گرتن لە سیستـمـی حوکـمـی فیدڕاڵی وەک سیستمێکـی یاسایـی و سیاسـی ئاوێتەکراو ئەو واقیعەی هێناوەتە پێش کە عێراقـییەکان لە ماوەی دامەزراندنـی دەوڵەتـی عێراقەوە تاکـو ئەمـڕۆ باجەکەی بەن.

پێکهاتەی نەتەوەیـی و ئاینـی و مەزهەبییەکان لە هەر وڵاتێک لە شێوەی عێراقا بێت ئەگەر ڕەچاوی ئەوە نەکات سیستمـی فیدڕاڵـی هەبێت و دەسەڵاتەکان دابەش نەکرێت بۆئەوەی هیچ کەس و تاقم و لایەنێک بۆی نەبێت بەناوی مەرکەزییەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنـێ ئەوە ئەم پێکهاتە زۆرە ملێیە نەک هەر نزیکەی ١٠٠ ساڵ بەڵکو ئەگەر دەهێندەی تریش بخایەنـێ هەر سەرکەوتوو نابێت و کێشەی نەتەوەییەکان و ئاینییەکان و مەزهەنییەکان نابڕێتەوە.

کەواتە یەکەم هەنگاوی عێراقییەکان بۆ بنەبڕکردنـی کێشەکان و بۆئەوەی عێراقێکـی یەکگتروو لەسەر پرس و ڕاو و خواستـی گەلەکانـی دابمەزرێ هەڵتەکاندنـی سیستمـی مەرکەزی و جێگرتنەوەیەتـی بە سیستمـێکـی فیدڕاڵـی و کردنـی دەوڵەتـی عێراقە لە دەوڵەتێکـی سادە (بسیط) بۆ دەوڵەتێکـی ئاوێتە (مرکبة)، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە پیادەکردنـی سیستمـی فیدراڵـی نیە بەڵکـو بە ئەمری واقیع هەرێمێک (هەرێمـی کوردستان) پێش ڕوخانـی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بوونـی هەبووەو بەناچاری گیراکراوە بۆیە زۆر گرنگە کە گرنگترین کاری پەرلەمانتاران بەگشتـی و بەتایبەتـی کۆی فراکسیۆنە کوردییە جیاوازەکان کارکردنبـێ بۆ سەپاندنـی سیستمـی فیدراڵـی کاراو کارپێکراو وە هەوڵبەن هاندەرو هاوکارو پشتگیری هەر هەوڵێکبـن بۆ لەدایک بوونـی چەندین هەرێمـی تر هاوشیوەی هەرێمـی کوردستان.

تا ژمارەی هەرێمەکان زۆربن لە عێراق دەسەڵاتـی ناوەند کزتر و کپتر و کەمتر ئەبـێ و دەسەڵات و ماف ئەگەڕێتەوە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و هیچ پێکهاتەیەک لەلایەن پێکهاتەیەکـی ترەوە وەک ئەوەی تا ئەمڕۆش هەیە ناچەوسێنرێتەوە بەڵکو داهاتوو و دەسەڵات و بەڕێوەبردن و نوێنەرایەتـی کردن و پەیوەندییەکان بەجۆرێک ئەبـێ کە هەر هەرێمێک لایەنـی کەمـی مافەکانـی  تیا پارێزراو ئەبـێ.

پەیڕەوکردنـی سیستمـی فیدراڵی بەشێوەی جۆراوجۆر بە ڕەچاوکردنـی واقیعـی تایبەتـی هەر وڵاتێک لە سویسـرا و ئەڵمانیا و ئەمریکا و هیندو بەلجیکا و فەنزویلا و ئوسترالیا و مەکسیک و ئەرجەنتین و کەنەداو دەیان شوێنـی تر کە کێشەی نەتەوەی یان ئاینـی یان کلتوری تێدابووە، سەرکەوتنـی خۆی لەم شوێنانە ڕاگەیاندووە، بەرەو ئەوەمان ئەبات کە پێکهاتەی عێراقیەکانیش بەو شێوەیە هەر ئەبـێ ڕێگەی سیستـمـێکـی فیدراڵـی بگرێتەبەر ئەگەرنا عێراق هەر عێراقێکـی یەکگرتووی زۆرەملـێ ئەبـێ لەجیاتـی عێراقێکـی یەکگرتووی ئارەزومەندانە.

دوژمنانـی گەلانـی عێراق زۆر ڕاستـی هەیە باش درکـی پێئەکەن کە لە سیستمـی فیدراڵییا پەیڕەو ئەکرێت، پاراستنـی یەگرتووی خاک عێراق زامن ئەکات بچوکتریـن هەڕشە بۆ لێکترازانـی عێراق دروستا ناکات بۆیە کاری ئەندام پەرلەمانە هەڵبژێراوەکانە کە چەند خاڵێک هەیە بە ووردی ڕژدی بکەنە سەرو بۆ پەرلەمانتارانـی نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانـی عێراقـی ڕوون بکەنەوە لە پێش هەمووشیانەوە شیعەکان، لەوانە:

*بەناوی یەک دەوڵەتەوە تەواوی کارەکان بەڕێوە ئەبرێ.

*سەرجەم عێراق یەک ئاڵای ئەبێت لە پاڵ ئەوەشا حکومەتـی هەرێمەکان ئاڵای تایبەت بە خۆیان ئەبـێ.

*یەک لەشکری یەکگرتووی عێراقـی ئەبێت کە ئەرکـی عێراق ئەگرێتە ئەستۆ.

*یەک دەستوری فیدراڵـی ئەچەسپێ تەواوی دەستورە هەرێمییەکان نناکۆک نابن لە گەڵیا.

بەڕیوەبردنـی کاروباری درەرەوە لە دەستـی حکومەتـی عێراقا ئەبێت.

بەستنـی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە ئەستۆی حکومەتـی فیدراڵییە بە ئاگایاری حکومەتە هەرێمییەکان.

*تەواوی عێراق یەک پارەی ئەبێ.

*تەواوی عێراقییەکان یەک ڕەگەزنامە هەڵئەگرن.

*ڕاگەیاندنـی شەڕو ئاشتـی لە دەستـی حکومەتـی فیدراڵییا ئەبـێ.

*ئەو سەرچاوە سامانییانەی هەن سامانـی حکومەتـی فیدراڵە بە شێوەیەکـی یەکسان دابەش ئەکرێتەوە بەسەر سەرجەم عێراقییەکانا.

ئەم خاڵانە سانان و زۆربەمان ئەیزانین بەڵام بەهۆی خراپ بەکار‌هێنانـی دەسەڵات و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانـی دەسەڵاتی هەرێمەکان لە لایەن هەرێمـی کوردستانەوە لەوەی کە لە دەستوری عێراقا ڕێگەی پێدراوە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ببێتە داری دەستـی ئەو کەس و لایەنانەی کە خواسـتـی عێراقێکـی دیکتاتۆر و سەرکوتکەریان هەیە، هەوڵەیەن کۆی بڕیارەکان بەرنەوە بۆ ناوەند و لە کۆتیشا حیزبێک و تاکەکەسێک بڕیاردەری کۆی وڵاتبـێ، لەبەر ئەم هۆکارە کاری کۆی پەرلەمانە کوردەکانە کە دڵنیای بگێڕنەوە ناو دڵـی هاوڕێ پەرلەمانتارەکانیان لە لایەنە عێراقییە جیاوازەکان چونکوم لەم خولەی پەرلەمانا ترسێک و مەترسییەکـی زۆر گەورە هەیە کە دەستور بگێڕیتەوە ناو پەرلەمان بۆ هەمورادکردنەوە کە لەوێشا بۆ سنور دارکردن و بچوکردنەوە تا ئاستـی نەمانـی هەرێمـی کوردستان بە بیانووی هەموراکردنەوەی دەستور کار بکرێت بۆ لابردنـی کۆی ئەو مادە دەستورییانەی کە ڕێگە بە دروستکردنـی هەرێم و گرەنتـی فیدڕاڵی بوونـی عێراق ئەپارێزێت.

 

١٠-٥-٢٠١٨

سوید-ستۆکهۆڵم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.