گۆڕان و دەربازبوون لەم قۆناغە!

لەلایەن ستاندار Posted on 381 جار بینراوە

به‌ڵێن سابیر

بەشی یەکەم: دیاریکردن و دانپێدانان.

ئەم شیکارەی دەیخوێنیتەوە وەسف نیە، زیاد لە پێویست گەورە کردنی قەبارەی ‘گۆڕان’یش نیە، بەڵکو ھەقیقەتێکە کە نابێت بیربچێتەوە.
دوا بەرنامەی ‘نەوشیروان مستەفا’ دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، گەشەکردنی ئەو حەرەکەیە بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو لە نۆ ساڵی رابردوو کە بوو بە دەگمەنترین جوڵانەوەی سیاسی و چاڵاکترین پارتی ساحەی کوردی، ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگرە، بێگومان سڕی ئەو پێشخواز و کاریگەربوونە، دەگەڕێتەوە بۆ بیری نەوشیروان مستەفا کە تێیدا سیاسەتمەدار، مێژوونووس و کەسایەتی ئاگامەند لە دۆسییەی پەنجا ساڵی کورد، بە ورد و کارامەیی کار و پلانی تۆکمە و پێشوەختەی بۆ دروستکردنی ئەم بزووتنەوەیە گرتبووە بەر.

دروستکەری ئەم بزووتنەوەیە لە ماوەی نۆ ساڵ ‘گۆڕان’ مەلەف و دەفتەری ئەعمال و ساختەچێتی دوو پارتی کوردی بەدیار خست، و بوو بە پشکنەری گەندەڵییە ئابوورییەکان، دەرخستنی سکانداڵی سیاسییە پاتاڵەکان، ئیدی لە سۆنگەی تێگەیشتن لە نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان تێدەگەین، ئەم بزووتنەوەیە بە ھیچ پارتێکی دی ناچوێندرێت، ھەم لە داڕژشتنی تیۆر، ھەم کارایی و ڕاستگۆیی نۆ ساڵی رابردوو، بە خوێندنەوەی دروست یان بێویژدانی نەکردن و خۆلانەدان لە ھەقیقەت، ھیچ بیانوویەک نیە تا پارتی و یەکێتی لە تەک گۆڕان بە حیزب بچوێنیت و پێکەوەیانی لە چاڵێک بنێیت. یەک خوێندنەوە بۆ روئیا و بەرنامەی سیاسیان بکەیت.

١٢ی ٥ رۆژی لێدان لە دیموکراسی، لەم رۆژە دوای نەمانی متمانەی خەڵک بە حکومەتی بەغدا و ھەرێم، بە رێژەی کەمتر لە نیوە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی بەغدا بەرێوەچوو، ھەر دوای چەند کاتژمێرێک و راگەیاندنی ئەنجامەکان بە دەستتێوەردانی ئیقلیمی تایبەت ئێران و ئەمەریکا یەکلایکردنەوەی ھاوکێشەکە لە بەرژەوەندی چەند لایەنێکی شیعە لە بەغدا و سێ لایەنی کوردی لە ھەرێم، دەستکاری دەنگی خەڵک کراو بەغدا بۆ زەمەنێکی دوور و کورد بۆ قەڕنێک گەڕێندرایەوە دواوە. وەک روونە و بە تەجرەبەی پێشوەختە و بەم سیستەم و میکامیزمەی ئێستا کە حکومەتی کوردی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان گرتوویەتییە بەر ھەڵبژاردن جگە لە کردەیەکی خافڵاندن و مۆدێرنەی دیموکراسییەکی سواو ھیچیدیکە نیە. پارتی و یەکێتی دوو وەک دوو ھێزی باڵادەست کە پارە و ھێزیان لایە، ھەم حەشاماتێک مووچەخۆریان کردووە بە دەنگدەر ھەم توانیویانە ھێڵێک لە ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بە قازانجی خۆیان بکڕن.

بێگومان زەرەرمەندی یەکەم لە لایەنە کوردییە بەژداربووەکانی ئەم ھەڵبژاردنە، گۆڕان بوو، لە دوایدا لیستی ھاوپەیمانی، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان و دیاریکردنی حەجمی بزووتنەوەی گۆڕان بە شەش کورسی، جەماوەری گۆڕان بەسەر دوو بەرە دابەشبوون، بەشێک داوای بڕیاردان بۆ ھەڵگرتنی چەک دەکات، بەشەکەی بە پێچەوانەوە دەخوازێ درێژە بدرێ بەو خەباتە مەدەنییە کە نۆ ساڵە پەیڕەو دەکرێت. لە کاتێکدا ھەردوو بۆچوون دروستە، ئەوەی یەکەم زەروریەتی دروستکردنی ھێزێکی چەکداری بۆ ستۆپ کردن و لوت شکاندی ئەو بەربەریەتییەی پارتی و یەکێتییە، تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەیە لە رەزیلی و سەفیلی دەستی ئەم دوو پارتە. وەلێ ھێز کافی نیە، کورد لەم قۆناغە پێویستی بە نەوەیەکی ھۆشیارە، ئەوەی دووەم مانەوەی گۆڕانە لە ناو ھەمان فۆڕم، بە ریفرۆمێکی جیاوازتر، بێگومانە ئەو ریفرۆمە دەبێت گۆڕان لە حیزبێکی سیاسی تەقلیدییەوە بگوازێتەوە بۆ حیزبێکی رزگاری نیشتیمانی، خیگابەکان لە خیتابی پۆپۆلیستیەوە بگۆڕێت بۆ روئیای سەرەکی بزووتنەوەکە. گۆڕان پێش ئەوەی رەخنە لە حەماقەیەتی دوو پارتی کوردی بگیرێت، پێویستە بە گژ خۆی دابچێتەوە و خۆی رەخنە بکات و ئەزموون لە گریمانە شکستخواردووەکان وەربگرێت، زەڕورە ئەو ئەشکالە ئایتییانە بدۆزێتەوە کە نەیتوانی فرت و فێڵی دوو لایەنی سیاسی دیاریبکات و بەری پێبگرێت!

ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان لەم کۆتا پڕۆسەیە بە تەنھا لە گریمانەیەک شکستی ھێنا، نەک کۆی پڕۆسەکە، سندووقەکانی دەنگدان پڕن و بە حەجمی زیاتر لە دەنگی گۆڕان دەنگی ئەو بزووتنەوەیەی تێدایە، ئەوەی بوو بەشکست بێ بەرنامە و توانایی ژووری ھەڵبژاردنەکانە، کە دواجار شکایەوە سەر گۆڕان و دەنگدەران باجەکەیان دا، بێگومان ئەو بزووتنەوەیە پێش ئەوەی فێڵی لێکرابێت، بە ساویلکەیی لە پڕۆسەکەی روانیبوو، بەرپرسی ژووری ھەڵبژاردن و ئەندامانی ئەم ژوورە، بە خیلالی مانگێک نەیانتوانی نمونەیەکی دی لە ھەمان ئامێر کە لە وڵاتێکی دی بەکاردێت بدۆزنەوە و تەجرەبەی بکەن، تەنانەت وەک راگەیاندکارێک و رۆژنامەنووسێک نەیانتوانی تەحلیلێکی دروست و پێشوەختە بۆ ئامێرەکە بکەن، بێگومان ئەگەر ئەو ئاگامەندییە ھەبا، گۆڕان و خەڵکیان لە مەترسی ساختەکاری خەبەر بکردبایەوە، بزووتنەوەکە پاکێجی بایکۆتی ھەڵدەبژارد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.