د.حلمی ره‌سوڵ ره‌زا
پاش ته‌واو بوونی راگه‌یاندنی كۆتایی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، جوڵه‌كان بۆ پێكهاتنی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌ستی پێكردوه، جگه له نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له به‌غدا كه له هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه عێراقیه‌كاندایه، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش له كوردستان كه‌وتۆته‌وه گه‌ڕ بۆ رازی كردنی هێزه ناڕازییه‌كانی هه‌ڵبژرادن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له حكومه‌تی بنكه فراواندا بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت پێك هاتنی حكومه‌تێكه بتوانێت به‌هه‌ر حاڵێك بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی پێ بپارێزێت و نیمچه رۆڵێكی وای هه‌بێت به‌رانبه‌ر بێت له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌كێتی پارتی ئه‌وپه‌ڕی هاوكارن و ته‌نانه‌ت باس له‌یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك به‌رنامه‌یی ده‌كه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا.. و گفتوگۆكردنه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ ناوه‌ند قورسیه‌كی وای تێدا نییه، چونكه یه‌كێتی و پارتی بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ئاماده‌یی هه‌موو سازشێكن و گفتوگۆكانی پێشووش ئه‌م راستیه‌ی سه‌ڵماندوه..
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م، و وه‌بیری حزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بێنمه‌وه، ئه‌وه‌یه، ده‌بێ چاك له هه‌ڵوێستی پێشووی ئه‌مه‌ریكا تێبگه‌ن و چه‌ندین جار پێشێلكارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی له باشوری كوردستان پشتگوێ خستوه‌و هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاگاداری سه‌رجه‌م ئه‌و كاره نایاسیایی و ناده‌ستووریانه‌یه كه یه‌كێتی و پارتی به‌رانبه‌ر حزبه ركابه‌ره‌كانیان و هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه ده‌یكه‌ن. هه‌ر له داخستنی په‌رله‌مان و ناردنه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆران و ..تد. خاڵێكی تر ، ئه‌وه‌یه، عێراقیش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا باش ئه‌وه ده‌زانێت یه‌كێتی و پارتی چ سه‌ودایه‌ك ته‌نانه‌ت به رۆحی هاولاتیه‌كانیه‌وه ده‌كه‌ن له پێناو مانه‌وه‌و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه فه‌رمانڕه‌واكان و پاش چه‌ندین مانگ وردبینی كردن له لیستی بندیواره‌كانی حزب له كۆتاییدا بێ ده‌نگی هه‌ڵبژاردو چوه پاڵ بۆچونه‌كانی ئه‌وان..
ئیدی نازانم بۆ رازی كردنی دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و ئه‌مه‌ریكایه‌كی بێ كه‌ڵكی به‌رژه‌وه‌ندی خواز و ده‌نگ زه‌وتكه‌ره‌كانی پارتی و یه‌كێتی جارێكی تریش حزبه‌كان ده‌كه‌ونه‌وه پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان و بێ ئومێد كردنی ده‌نگده‌ره‌كانی خۆیان، یان ئه‌مجاره له پاڵ جه‌ماوه‌ره شه‌كه‌ت و ماندوه‌كه‌ی خۆیان ده‌مێننه‌وه بڕیارێكی خۆماڵیانه‌ی دوور له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كی لێ ده‌ده‌ن، كه هه‌ر نه‌بێت دڵی ده‌نگده‌رێك خۆش بكات، كه نازانێ ده‌نگه‌كه‌ی بۆ كێ رۆشتوه..
دوو بژارده له‌به‌رده‌م حزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌یه، لێدانه‌وه‌ی قه‌وانه كۆنه‌كه (له پێناو نیشتمان و یه‌كڕیزی كه یه‌كێتی و پارتی منه‌تیان پێ نیه) و ره‌گه‌ڵ كه‌وتنیان، كه ئه‌مه‌یان لێدانی زه‌نگی مردنی خۆیانه له به‌رانبه‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان..
یان بڕیارێكی جوامێرانه‌ی دڵخۆشكه‌ر بۆ ده‌نگده‌ره‌كانیان و جێهێشتنی ئه‌م هه‌موو نادادیه بۆ ده‌ستی یه‌كێتی و پارتی ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ ئیتر ، ئه‌و دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره ته‌نها و ته‌نها خۆیان به‌رپرسن له‌به‌رانبه‌ر نسكۆ‌و شكسته‌كان و ناتوانن ده‌سته چه‌وره‌كه‌ی خۆیان به‌سه‌ری كه‌سدا بهێنن.. ئه‌گه‌ره‌كان كراوه‌ن..