د.محەمەد کیانی
بنەمایەکی یاسایی پشت بە رێسایەکی سورشتی دەبەستێ، ئەویش مافی دەنگدانە. هەر مافێکیش کە درا سندنەوەی نییە مەگەر لە وڵاتی واقواق نەبێت کە پێی دەڵێن کوردستان ( یان دورست تر، جەنگەڵستان). لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان مافی دەنگدان لە تەمەنی هەژدە (١٨) ساڵی دەبەخشرێ بە هاوڵاتی، لە چەند وڵاتێك ئەو تەمەنە کراوە بە شازدە (١٦) ساڵ. مافی دەنگدان پەیوەستە بە گەیشتنی هاوڵاتی بە تەمەنێك کە توانای عەقلی تاکەکانی کۆمەڵ لەو تەمەنە لێدانەوە و هەڵسەنگاندنی دەگاتە ئاستێك جیاوازیێکی عەقلانی پێدەکری لە نێوان بەهاکانی سودبەخش و نەخوازراو بە بەرژەوەندی خودی کەسەکە و کۆمەڵگەکەی. ئەو مافەش مافێکی دیموکڕاتیە لە دەستور چەسپاوە یان پەڕلەمان دەنگی لەسەر داوە. لەو کاتەی ئەو مافە بەدەست دێت بۆ هەتا هەتایەیە و لێسەندنەوەی نییە و سنورداریش نییە.
کەم کردنەوەی ئەم مافە یان لێسەندنەوەی بە هەوەسی چەند کەسێك لە کۆمیسیۆنێکی هەڵبژاردنەکانی دەستکردی چەند حیزبی بەرژەوەندار لەو هەڵبژاردنانە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و شکستی دیموکراسیەتە و بنەمای یاسای و سورشتی مرۆیی و زانستی نییە. چونکە وەك وتمان و جارێکی دی جەختی لەسەر دەکەینەوە: ئەوە مافێکی دیموکراسیە لە دەستور چەسپاوە وەیان پەڕلەمان دەنگی لەسەر داوە. کەم کردمەوە یان زیادکردنی تەمەنی دەندان لە نێوان ١٦-٢٠ ساڵ تەنها بە دەنگی دامەزراوەی یاسادانانی دیموکڕاسی دەبێت کە پەڕلەمانە. وە ئەگەر لە دەستور جێگیرکرابێ تەنها بە ریفەرەندۆم دەتواندرێ دەستکاری کەمترین تەمەنی مافی دەنگدان بکرێت و تەمەنی بالای دەنگدان سنوری نییە لە هەموو وڵاتانی سەر گۆی زەوی. مافی دەنگدان لە هەموو وڵاتانی جیهان بە درێژایی تەمەنی هەرهاوڵاتیەکە و تەمەنێکی دیاریکراوی بۆ نییە. ئەو مافەیان دەمێنێ چونکە مرۆڤ توانی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی عەقلی لە نێوان چاکە و خراپە پەیوەست نییە بە باڵایی تەمەن.
گۆڕانکاری لەم توانایە تەنها لە ئەنجامی هەندێ نەخۆشی دەبێت، ئەوانیش تەمەنێکی دیاریکراو نییە بە توندی پەیوەندیان بەم توانایانەوە هەبێت. جگە لەمە، مەسەلێکی گرنگتریش هەیە ئەویش ئەوەیە: چەند کەسێك لە کۆمیسیۆن ئەو مافەیان نییە مافی دیموکراسی دەنگدان لە هئچ هاوڵاتیەك بسەنێنەوە. هەتا ئەگەر نیەتێکی واش هەبێت و کوردستان بکرێتە تاکە نموونەی جەنگەڵستان لەناو هەر هەموو دەوڵەتانی جیهان دەبێ پەڕلەمان ئەم مافە لە هاوڵاتیان بسەنێتەوە وەك تاکە دامەزراوەی یاسادانانی نوێنەوەری رای خەڵك. ئەمە کار و تایبەتمەندی چەند کەسێك نییە لەلایەن پەڕلەمانەوە وەك دەستەیەكی تواناسنوردار دەستنیشانکراون بۆ بەڕێوەبردنی پرسی تەکنیکی هەڵبژادنەکان. بەهیچ جۆرێك مافی زەوتکردنی مافی هیچ تاکێکی کۆمەڵگەیان نییە، ناتوانن بەناوی گەلەوە بڕیارێك بدەن هێزی یاسای هەبێت. ئەگەر ئەم هەنگاوە بهاون، داوا لە پارێزەرە ئازادیخوازەکانی، وەك کاك ئاسۆ هاشم و ریبین سەباح و رێبین شەمامکی و بەشدار حەسەن و هوشیار شێرکاوەیی….، دەکەم ئەم کۆمیسیۆنە پەلکێشی دادگا بکەن بە تۆمەتی پێشێلکردن مافی دەنگدانی هاوڵاتیان، زیادەڕۆیی لە سنوری سەلاحیەتی خۆیان، شکاندنی یاسا کۆمیسیۆنەکەیان و شکاندنی شکۆی دەسەڵاتی پەڕلەمان.
زانیمان گەندەڵی، نایاسای و نایەکسانی لە جەنگەڵستانێك و هەرێمی عەجایب و غەرایبی بە ناو کوردستان جۆری نییە، مەگەر لە ناو کتێبە مێژوویەکانی خێلە مرۆڤ خۆرەکانی نەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ گوێمان لێ دەبێت دەبێ عەجایبی نۆهەم بێت: لە هەرێمێك روو دەدات ناوی کوردستانە، ببورن جەنگەڵستانە، ئەویش سەندنەوەی مافی دەنگدانە لە هاوڵاتی تەمەن دار، ئەوانەی تەمەنیان گەیشتبێتە نەوەد (بەڵێ ٩٠) ساڵ، لە کامیل هەڕەتی هێزی عەقلیاندانە چاکە و خراپەی خۆیان بزانن. بەڕاست، بە سەرسوڕمان و بێ شەرمانە و زۆر بە ڕاشکاوانە دەپرسم، کێ ئەو شەکردەی شکاندووە؟ ئەوە ئیهانەتەی بە کەرامەتی هاوڵاتی بە تەمەن و رێزدارو عاقڵی ئەم وڵاتە کردووە؟ ئەم کرداری زەفتکردنی مافی دەنگدان لە هاوڵاتیانی بە تەمەن بێکەرامەتکردنە بە مرۆڤانێك تەمەنێکی درێژیان لە خزمەتی ئەم وڵاتە سەرف کردووە. ئەمە غەسب ( وەك تەعدای جنسی}ی مافی هاوڵاتیانێکە رەنگە ئێستاش ئاستی بیرکردنەوە و بیرتیژ و ئاستی تێگەیشتن و سیستەمی لێکدانەوەی لە هەموو سەرکردەی حیزبەکان و سەرکردەکانی هەرچوار سەرۆکایەتیەکەی ئەم هەرێمە {ببورن ئەم جەنگەڵستانە} بەهیزتر و مەنتیقی تر و راست و دورست تر و مرۆڤ دوست تر و سەردەمیانە ترە بێت. بە ئەدەبانە دەپرسم کێ ئەم شەکرە ئەشکێنێ و جورئەتی ئەوە دەکات مافی دەنگدان لە هاوڵاتی نەوەد (٩٠) ساڵی دەستێنێتەوە؟ ئایا لە یاسای دامەزراندنی کۆمیسۆنەکەیان کە بۆ ئەنجامدانی کاری تەکنیکی هەڵبژاردنەکان دامەزراوە کێ مافی گۆڕینی یاسای پێداون و چۆن مافی یاسادانان بەخۆیان دەدەن؟
دەبێ بپرسین ئەرێ ئەندامانی ئەم کۆمیسیۆنە و خاوەنەکانیان نازانن مەهاتیر محەمەدی تەمەنی ٩٢ ساڵە جارێکی تر خەڵكی مالیزیا پەنایان بردەوەبەری تا نەجاتیان بدات لە دزی و جەردەیی و گەندەڵی گەنجەکانیان. لە ماوەی دوو حەفتە لە حوکمدا نەوەد (٩٠) ملیار دۆلاری گێڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، سەرۆك وەزیرانی پێشوو و چەندین وەزیر و دادوەر و سەدان خاوەن کۆمپانیای گەندەڵی هاویشتوەتە کونجی زیندان، هەمووشی لەسەر بنەمای یاسای و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. ئایا جەنابی ئەوانە دەزانن هێنری کیسنجەر باشترین کتێبی {نیزامی جیهانی} لە تەمەنی نەوەد و یەك (٩١) ساڵی نوسیوە و ئێستاش لە تەمەنی (٩٥) سەرۆك ترەمپ راوێژی پێدەکا لەبارەی سیاسەتی دەرەوە. دەبێ ئەو جەنابانە بزانن مێخایل گەرباچۆڤ باشترین نوسەری سیاسی روسیایە و پوتین تا ئێستاش پرسوڕای پێدەکات لەبارەی زۆربەی پرسە سیاسی و دەوڵەتداریەکان تەمەنیشی لە نەوەد ساڵ زیاترە.
بەناوبانگترین مێژوونوسی ئەم سەردەمە و بەریتانیا ئێریك هۆبزبۆم لە تەمەنی نەوەد و پێنج (٩٥) ساڵی باشترین کتێبی خۆی بەناوی {بەهاری تێکشکاو} نوسی و سێ مانگ پێش ئەوەی بمرێ دابویە دەستگای بڵاوکردنەوە. دەزانن شاژنی بەریتانیا تەمەنی لە نەوەد ساڵ زیاترە و هاوژینەکەشی نەوەد و حەفت ساڵە، پێش هەموو کەس دەچنە دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردنەکان. مافی دەنگدان لە تەمەنی ١٨ساڵیەوە مافێکی سوەشتی هەر تاکێکە و مەکرەمەی سەرۆك و مەرۆك و بەرپرس نییە. ئەو مافە مافێکی دیموکراسیانەی بەردەوامی هەموو تاکێکە لە تەمەنی هەژدە ساڵیەوە تا مردن جا لە هەر تەمەنێك بمرێت، کەس مافی ئەوەی نییە ئیهانەی هاوڵاتی تەمەندار بکات و ئەو مافەی لێبسەنێتەوە. ئەی جەنابی “کەڵە بریاردەرە گەمژەکانی کوردستان” چۆن دەتوانن بڕیار لەسەر هیزی عەقلی {قوەی عەقلی} چەندین کەسانی وەك مەهاتیر محەمەد، هنری کیسینجەر وهۆبزبۆم بدەن بێ ئەوەی ئێوە شایستەیی پرۆفیشناڵی ئەو بڕیارەتان هەبێت.
دەزانن لەو حالەتانەی پێویستی بە تاقیکردنەوەی هێزی هۆش و عەقلی هەر کەسێك هەیە، وەك وەسیەت و رەزامەندیدان لەسەر نەشتەرگەری و وەرگرتن یان رەفزکردنی عیلاج و کڕین و فرۆشتن، بێگومان ئەم تاقیکردنەوە و بریاردانە پێویستی بە پزیشکی پسپۆڕ هەیە، جەنابی کۆمیسیارەکانی هەڵبژاردن ئەو چۆرە شەرەفەیان پێ نابەخشرێ و ئەو توانا عەقلی و دانایەیان نییە بتوانن ئەم کارە بە دورستی ئەنجام بدەن. بریاردان لەسەر هێز و ئاستی هۆشمەندی مهیمەیەکە پسپۆڕی تایبەتی خۆی دەوێت، نەك هەواوهەوەسی چەند کەسێکی ملکەچ و پیاو و وابەستەی حیزبی سەر بە کەسانێکی سەرکردایەتی حیزبەکانیان کە بێگومانم لەخۆیان بێ شعور ترن نەوەك پڕۆسەی دیموکڕاسی گەلێك و کۆمەڵگەیەك ناخەنە بەردەست چەند کۆیلەیەكی کەسایەتی نزم تەحەکوم بە توانا و دواڕۆژی گەلێکی بێچارە بکەن.
ئەو کۆمیسیارانە دەبێ هەر ئێستا داوای لێبوردن بکەن لە جیاتی ئەو بێڕێزی کردن و رێز نەگرتنی کەسانی تەمەنداری هێژای ئەم میللەتە. نابێ ڕێگەیان پێبدرێ جارێکی دی شەکری وا بشکێنن و تەجاوزی سنوری رێگەپێدراوی یاسایی خۆیان بکەن . ئەو کۆمیسیارانە پێویستە وەل بکرێن، چونکە ئەوانە شکوی هاوڵاتیانی بەڕێزی تەمەنداری ئەم وڵاتەیان شکاندوە و مافیان زەوتکردون. هیچ کەسێك مافی ئەوەی نییە بڕیاری سەندنەوەی مافی هەڵبژاردن و بەربژێری لە هیچ هاولاتیەك بسەنێتەوە لە سەر بنەمای تەمەن، رەگەز، رەنگ، بژاردەی حەزی رەگەزی، ئاستی خوێندەواری و کەم ئەندامی وەك لە یاسای وڵاتان دەستنیشانکراوە. ئەمانەی ئەو پرسە دێننە پێش سەرۆکەکانیان خەرەفاون لە ئەنجامی هەڵپەی بێوچانیان بۆ تەزویرکردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، نەك کەسێکی وەك بەهائەدین نوری و کەریم ئەحمەد و سەید کاکە و مەلا محەمەد مەلا قادر…..