هەرێم و پەرلەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 317 جار بینراوە
سەلیم کۆیی
ئاشکرایە خەونی لەمێژینەی کوردبەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ، پێکهێنانی دەسەڵاتێکی خۆجێیی وسیستەمێکی پەرلەمانی بوە ، تا ئاستێک بتوانێ ئاواتەکانی دانیشتوانەکەی تیادا بەدی بێ ، هەموولایەک لە ژێرسایەو سێبەریدا سەقامگیر بێ و هەوای ئازادی تیادا هەڵمژێ . باشوری کوردستان لەدوای نەهامەتی و ڕشتنی خوێنی هەزارەها ڕۆڵەی دلسۆزوخۆشەویست لەپێناو بەدیهێنانی حکومڕانیەکی خۆماڵی و پەرلەمان ، لەپێناو ڕزگاربون لەژێر نێزەی زوڵم وستەمی بێگانە ،لەقۆناغی ئێستادا دوای بەڕێکردنی چوار خولی پەرلەمان ،کەچی تا ئێستا (پەرلەمان) دەسەڵاتی یاسادانانمان نەیتوانیوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بێ و بەئەرکی خۆی هەڵسێ لەدەرکردنی یاسا لەبەرژەوەندی گشتی و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) ٫ نەیتوانیوە دۆخێک بێنێتە ئاراوە تا هاووڵاتی بتوانێ دەنگ بە حکومەتێک بدات کە یاساکانی پەرلەمان جێ بەجێ بکات و ڕێز لە پەرلەمان بگرێ کە بەرزترین موئەسەسەی ئەم هەرێمەیە .
پەرلەمان لەهەمووووڵاتانی پێشکەوتوو ڕێز لێ گیراوەو هەیمەنەی تەواوی هەیە بەسەر دەسەڵات ودامەزراوەکانی تر ، هەروەها ئەندامانی پەرلەمان بەهۆکاری ئەوەی هەڵبژێردراوی گەلن بەپێی یاسا پارێز بەندیان هەیە بۆ ئەوەی هیچ کەس ولایەنێک نەتوانێ ڕێگری لەو دەسەڵاتەو وبڕیارەکانی بکات ، بەڵام پەرلەمان لەهەرێمەکەی ئێمە خاوەنی بودجەو موچەیەکی لەڕادەبەدەرە لەسەر حسابی داهاتی گشتی و لەسەر شانی میللەت ، جگە لەوەی خاوەنی چەندین لیژنەو دەیان ڕاوێژکارە لەسەرجەم سێکتەرو بوارەکان دا، کەچی چوار خولی پەرلەمان مان بەڕێ کرد تا ئێستا نەتوانراوە دەستی حزب لە حکومەت دور بخرێتەوە ، نەتوانراوە خاوەنی داهات وبودجەی دیارو سەربەخۆ بین ، پەرلەمان نەیتوانیوە لێ پرسینەوەلەگەل هیچ وەزیر و بەرپرسێکی حکومەت بکات ، بەجۆرێک کەسێک شارەزای گوزەرانی خەڵکی هەرێم نەبێ وادەزانێ هیچ کەم وکوڕیەکمان نیە ، بەڵام خۆمان باش دەزانین هیچمان بەسەر هیچەوە نیە. ڕێکخراوەکان و خەڵکی لێقەوماو هاواری زۆریان بۆ بردن و چونە بەردەمی پەرلەمان بەڵام دیارە ئەوەی جێگای چاوەڕوانی خەڵک بوو نەهاتەدی تا کار گەیشتە ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان وسکرتێرو ئەندامانی پەرلەمان هەڕەشە لێکردنیان ، لە ئێستادا فراکسیۆن و ئەندام وحزبەکانیش لەبەردەمی هەڕەشەی گەورەتردان وشەڕ بەردەرگای پەرلەمانی گرتوەو تاوانبار دەکرێن بە داعش وڕاوەدونانیان .
لە ئێستادا دوای ڕووداوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەبینای پارێزگای هەولێر پەڕلەمان لەڕێگەی لیژنەی ناو خۆوە نەتوانێ ئەو تۆمەتانە ساغ بکاتەوە و ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر ئاخۆ ڕاستە یان نا ، ئەی چ باس وپرسێک بەئەرکی خۆی دەزانێ ؟ پێم وایە پەرلەمان بەرپرسیاری یەکەمە لە یەکلایی کردنەوەی ڕوداو و پرسە هەستیارەکان ، ئێستا لەبەردەمی هەڵبژاردنین بۆ خولی نوێ ، ئەگەر وەکو خولی ئێستا و خولەکانی ڕابردوو بێ ، کاتێ پەرلەمان لیژنەی پەروەردەی هەیە و مامۆستا شەقی تێهەڵدەدرێ ، کاتێ لیژنەی ئەوقافی هەیە و زانایان ڕووبەڕووی ڕاگواستن و لادان لەسەر مینەبەر و سوکایەتی دەبنەوە ، کاتێ لیژنەی دەست پاکی هەیە و سامانی بەرپرسان لەوپەڕی ناڕوونی دایە ، کاتێ لیژنەی نەوت وسامانی سروشتی هەیە و داهاتی نەوت کەس نایزانێ ، کاتێ لیژنەی دارایی هەیە و هەر ڕۆژێ چین وتوێژێک بۆ موچە لەخۆپیشاندان دایە ، کاتێ لیژنەی مافی مرۆڤ هەیە و هاووڵاتیان بەسواڵکردنیش لەبەردەرگای حکومەت ماف یان بۆ دەستەبەر نابێ، کاتێ لیژنەکانی پەرلەمان لەگەڵ ئەو هەموو فەزاحەتە دوای بەدواداچون و ماندوبونێکی زۆر هیچیان بۆ ناکرێ ، کەواتە جگە لە خۆماندو کردن بەولاوە شتێک بۆ خەڵک نامێنێتەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.