ئارام مجید شەمێرانی
بەبڕواو تێگەشتنی بەشێک لەڕۆشنبیران و سیاسەتڤانان هێشتا جگە لە دوو زلحیزبەکە هیچ یەکێک لەحیزبەکانی دیکەی هەرێم فێر نەبوون سیاسەت بکەن،چونکە سیاسەت هەزار دەروازەو هەزار ڕووی هەیە،ئەمان لەسەرەتای تێگەشتنی یەک ڕووی سیاسەتدان،ئەمەش بەکارەسات و زیان بۆخۆیان و بۆ خەڵکی ڕەش و ڕووتی ئەم هەرێمە دەشکێتەوە،ئەنجامەکەشی بەقەیران و دواکەوتنی موچەو سزادانی موچەخۆران کۆتایی دێت.
سیاسەت هونەری بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵاتە بەڵام بەچەندین ڕێگەو چەندین شێوازی جیاواز، جیاواز لەباش و خراپ،جیاواز لە هونەری ملشکاندنی بەرامبەر بۆ گەشتنە ئامانجی حیزب، ئەم گەشتنە ئامانجە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە لەسەر شانی میللەت بەڕێوە دەچێت، واتە دواجار لەئەنجامی ئەم ململانێ ناشەریفانەدا تەنها میللەت باجەکەی دەدات و نەهامەتیەکەی بۆ هاوڵاتیانە چونکە دواجار ئەوان وەک حیزب لەشانۆی سیاسیدا براو دۆست و برابەش و بەرژەوەندی خواز و تەبان،ناتەبان لەخزمەتی ڕاست و دروستی ئام میللەتەدا.
دواجار لەشانۆی سیاسی ئەم هەرێمەدا تەنها لایەنێک بەخراپی باجەکەی دەدات هاوڵاتیانن،چونکە لەدونیای سیاسی هەزار ڕوودا هاوڵاتی ئەم هەرێمە زۆر ساویلکەو دیماگۆجیانە وەک حیزبە بچوکەکان بەیەک ڕوو لەڕووە جیاوازەکانی سیاسیەکان هەڵدەخەڵەتێ و هەرجارێ بەڕوویەک لەڕووەکان باوەڕدەکات و دوایان دەکەوێت سەرئەنجامیش هیچی دەستناکەوێ جگە لەماندویەتی و داماوی و جاوەڕوانی! چاوەڕوانی لەدەروازەی سیاسەتی هەزار ڕووی سیاسیەکان.
دەشێت بوترێت لەم هەرێمەدا بەهۆی سیاسی و سیاسەتی هەزار ڕوو ناشیرینترین و قێزەونترین هونەری سیاسی پێشکەش بەمیللەت دەکرێت لکایەی سیاسی ئیدارەدانی ئەم هەرێمەدا،ئەنجاماکەشی بێ ئومێدبوونی تاکە لەهەموو شتێکی ئەم هەرێمە بەدیموکراسی و نەتەوەیی و نیشتمانی و عەلمانیشەوە،چونکە هەموو ئامانجێکی سیاسی و سیاسەتی هەزار ڕوو خۆژیاندن و خۆدەوڵەمەندکردنە لەسەر سفرەی ئەم میللەتە هەژار و ساویلکەیە.