سایکۆلۆژیای خۆخوازی«نەرگسی» سیاسییە کوردییەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 346 جار بینراوە

ڕێباز حمە ڕەشید

دەوترێت وێرانە بوون و بەرەو ھەڵدێرچوونی ھەر جڤاکێک بە تەنھا پێوەست نییە بە نەبوونی دڵسۆزی و مەیلی نیشتیمانپەروەری و خۆشەویستی وڵات، بەڵکو زۆرجار ھەڵچوونە دەروونییەکان و دووربوون لە پاڵنەرە مۆڕاڵی و ڕەوشتییەکانی سیاسییەکان ھەنگاوێکە بۆ وێرانەبوون و بێ سەرەوبەرەیی کۆمەڵگە. گەر بپرسین چین ئەو پاڵنەرانەی مرۆڤ بەرەو وێرانەکاری یاخوود چاکسازی دەبات؟ یاخوود ھۆی چییە مرۆڤ ھەندێ جار ، جڤاکێک دەکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی؟ گەر وەڵامی ئەم دوو پرسیارە لۆژیکییانە بدرێتەوە: ئەوەیە کە سیاسییەکان توشبووی نەخۆشییەکی دەروونین کە لە سەرەتای مێژووەوو تاوەکو ئێستا گیرۆدەی بوون. بووەتە سەرچاوەی وێرانکاری و گەندەڵی«فساد في الأرض »لە وڵاتدا. ئەم نەخۆشییە دەروونییە ناوی نارسیزمە« نەرگسی».

نەرگسی؛ واتە خۆخوازی و خود ویستی، یاخوود خود زل بینین و ھەستکردن بە گەورەیی خود و گرنگیدان بە خود و زێدەڕەوی لە خۆبەڕاستدانان، نکوڵی لە ھەر بەڵگەیەک کە دەستکرد یاخود بیرکردی خۆی نەبێت. ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا یۆنانییە و لە « نرکوس» وەگیراوە، کە ئاماژەیە بە ئاشق بوون بە خود، و توشبوو « منی باڵا» بەسەر تەواوی ژیانیدا زاڵە.

سیاسی نەرگسی«خودخواز» بنک و سەرچاوەیە بۆ سەرلەبەری کارەساتە مرۆییەکان. لەم سۆنگەیەوە، ڕەوشتبەرزی و ڕێبەرێتی و کارێزمایی دەگۆڕێت بۆ گەندەڵی و دکتاتۆری و خۆفەرمانی، نێزیک بوونەوەی لە کورسی و پارە و دەسەڵات بە ڕادەی پەرستن.
بیری نەرگسی« خودخوازی» کۆرپەی لەبارچووی فکری « زانایان ، ئەکادێمیان، مێژوونووسان و پەروەردەکاران، ھتد…»ە دەیخەنە باوەشی سەرکردەی نەرگسی و دەبێتە پاڵنەرێکی بەھێز لە زھن« ئەوەزە» ی خودخواز، دواتر دەبێت بە وێستگە و سەرچاوەیەک بۆ خزمەتی سەرکردەی نەرگسی و سەرلەبەری یاسا و دەستورە نوسراو و دانراوەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەخاتە گەڕ، وێنەکانیان لە سێنتەری شار و شارۆچکەکاندا دەبێتە ڕەمزی خەبات و کۆشان.
گەر زێدەتر با ناوەخنی بابەتدا ڕۆبچین؛ ئەم نەخۆشییە دەروونییە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە نێو سەرکردە کوردییەکاندا بڵاوبۆوە و ھەر لەودەمەشدا بوو، تەواوی پۆست و پایە حزبی و حکومییەکانیان بۆخۆیان ڕەوا بینی و ھەرچی امتیازات ھەیە بۆ خزمەتی ئەوان بوو بە مۆتۆ و شیعاری گوتراوە. ھەرچی شانازیی و سەرکەوتن بوو بوو بە دەستکەوت بۆیان و کاژمێر، و ئۆتۆمبێلەکەی ژێریان بەبایەخترن لەلایان لە خوێنی سەدان ھەزار کوردی بێ سەر و شوێن.
ھەندێ لەو سیفاتانەی سەرکردەی نەرگسی ھەڵی گرتوون:
١- ئەم خۆرە سەرکردانە پێیان وایە بەبێ بوونی ئەوان چەرخی زەمان سوڕ ناگێڕێت و لە جیاتی خۆیان خەڵکی ڕەش و ڕووت دەکەنە قوربانی دەستکەوتەکانیان.
٢- لە ڕوخسار و جلوبەرگدا تەواو سەرسامی خۆیانن.
٣- جگە لە خۆیان ماف بە کەسی تر نادەن و ھەردەم خۆیان بە حەق و ڕاست دادەنێن.
٤- کەسانی ژێردەست دەکەن بە پردی سەرکەوتنی خۆیان.
٥- ھەستی ئیرەیی بەسەریاندا زاڵە و ھەرکەسێک خۆی لە ئاستیان دەربخات لەناوی دەبەن.
٦- کردار و گوفتاریان لەبەردەم مێدیا گەورەیە، بەڵام لە ڕاستیدا بچوکی گەورەکراون.
٧- ھەردەم سادە خۆیان دەردەخەن، بەڵام ژیانیان ئاڵۆزە و بەبێ کەسانی تر ناتوانن ڕێ بکەن.
٨- لایان وایە تەنھا خۆیان مەزنن و کەسی تر لە ئاستی ئەواندا نییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و تەنھا خۆیان بە شیاو دەزانن.

پاشکات، ھەندێ جار نەخۆشی دەروونی نەرگسی لە خودەوە دگۆڕێت بۆ بنەماڵەیی. واتە تەواوی کۆشش و ھەڵ و سێرەگرییان بۆ مانەوەی ھێز و دەسەڵاتی خۆیی و بنەماڵەکەیەتی و ھەرکەسێ بێتە ڕێگەی گەر توانی بەرەو خۆی کێشی دەکات، گەر نا لەناوی دەبات ، لە ڕێگەی ژێردەستەکانیانەوە یاسا دەستکردەکانی خۆیان دەرخواردی میللەت دەدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.