پارتەکانی ڕۆژھەڵات لەچاوەڕوانی چیدان ؟؟؟؟

لەلایەن ستاندار Posted on 325 جار بینراوە

ئارام چۆمانی

کاتیک شای ئیران کەوت زۆربەی لایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کات , بۆ ئەوەی بتوانن گۆرانکاری لە سیستمی داھاتوی ئیران دا بکەن , نەھێڵن دەوڵەتی داھاتوو ناسنامەیەکی مەزھەبی تووندی ھەبێت , کەوتنە پشتوانی کۆماری ئیسلامی ئێران , بەڵام ھەر زوو کۆماری ئیسلامی سودی لەو ھەڵەیە گەورەی ئۆپۆزسیۆن وەرگرت و بە تیپەربوونی کات بەشێکیانی ملکەچی نیزامەکەی خۆی کردن و بەشێکی تریانی لەناو برد و بەشیکی تریشیان پەنایان بۆ خەباتی چەکداری برد , مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە بووە شوناسی داھاتوی ئەو دەوڵەتەی کە ئێستاش نەتەوەی باڵادەست فەرمانڕەوایەتی دەکا ……
کورد لەو بەشەیە تاکو ئێستا لە خەباتی چەکداری ( ئۆپۆزسیۆن ) بەردەوامی ھەیە جا بەھیزەوە بێت یان بەلاوازی بە پێی قۆناغەکان گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە , بەتایبەت لە ئێستادا لە پاشەکشێی گەورەدایە تەنانەت ئامادەی ھەر گۆرانکاریەک نییە کە ڕەنگە لەھەر کات و ساتێک بێتە ئاراوە, بەتایبەت لەو پێشھاتانەی ئێستادا کە وا خەریکە نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەرفراوانتر دەبن و تەنانەت لە دروشمی نان و کار دەگۆڕدرێت بۆ رووخانی دەستەڵات …
ھەموومان دەزانین کۆماری ئیسلامی ئێران نە حیزبی سیاسی و ناوەندی مەدەنی و فەرھەنگی قبوڵ نییە , تەنانەت بەدرێژای ئەو چەند دەییەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی لە ھیچ کام لە قۆناغەکان فەراھمی کاری مەدەنی نەکردووە تاکوو خەڵک مومارسەی کاری مەدەنی بکات بۆ بەدەست ھینانی مافە ڕەواکانی خۆی , یان لانی کەم پارتەکانی ڕۆژھەڵات پەنایان بۆ نەبردبێت , تەنانەت پارتە ڕۆژھەڵاتیەکان بە دەرچوون لە یاساو بە ھەڵوەشاوە ئەژمار دەکرین ……
لێرەدا پارتە ڕۆژھەڵاتیەکان چی بکەن ؟ پیویستە لە ئێستادا پەنا بۆ خەباتی مەدەنی ببەن ؟ یان ھەر وا تەماشاکار دەبن و دەستەوەستان دەوەستن ئاخۆ کەی نیزامی ئیران قبوڵی کاری مەدەنی دەکا , یاخود لە کەمپەکان دا بەدیار پەتی سیدارەو کوشتنی ھاوڵاتیان و زوڵم و ستەمی نیزامی چاوەکانیان توند دادەخەن….
بەر لەھەموو شتێک باشترین بژاردە چالاک کردنەوەی خەباتی چەکداریە , لاشمان ڕوونە خەباتی چەکداری پارتە ڕۆژھەڵاتیەکان توانای ڕووخانی نیزامی ئێستای ئیرانی نییە , ئەگەر بەم باوەڕەش ئەیانەوێت خەباتی چەکداری دەست پێبکەنەوە , ئەوا ھەڵەیەکی سیاسی گەورە دەکەن , بەڵکو دەبێت خەباتی چەکداری لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە پەیامێکە بۆ برەودان بە خەباتی مەدەنی و بەستنەوەی بەرخوادانی شار و شاخە , پشتوانیەکیشە بۆ ھەر ناڕەزایەتیەک کە دژ بە نیزام دێتە ئاراوە , وە لەلایەکی تر کەناڵێکی تری بەگەڕخستنی کار و خەباتی مەدەنییە , وەک ئەوەی لە باکوری کوردستان گوزەر دەکا , ھەمیشە خەباتی مەدەنی پشت ئەستوور بووە بە خەباتی جەکدار ( شاخ ) , کە رەنگە بەراوردکردنی سیستمی حوکمرانی نیوان ئێران و تورکیا گشتاندنی بەسەر تێکڕای خەبات لە رۆژھەڵاتی کوردستان , زوڵمیکی گەورە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکەین , جونکە بەشوەیەک لە شێوەکان لە تورکیا تارادەیەک فەراھمی کار و خەباتی مەدەنی کراوە , بەڵام لە ئێران دا بە پێچەوانەوە بەیاسای زۆر تووند قەدەغەی ئەم جۆرە چالاکی و ناڕەزایەتیانەی کردووە ….
لە ناوچەکەدا کرانەوەیەکی دیموکڕاتی ھاتۆتە پێش کە بەسەرەتای ھەڵوەشاندنەوەی مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە دەست پێدەکات و بە مۆدێکی فیدڕالیزم و کۆنفیدڕاڵی و حوکمی خۆجێ ی لەناو ناوەندێکی دیموکرات دا خۆی دەبینیتەوە , داگیرکەرانی ھەرچوار پارچەی کوردستان, بەدەر نین لەو مۆدێلە , واخەریکە بەشێکیان دەکەون و مۆدێلی تری دیموکڕاتی جێیان دەگرنەوە , لە ئێرانیش دا کە پێکھاتەیەکی فرە نەتەوە و فرە کەلتورە , ئایدەلۆژیای یەک نەتەوە و یەک زمان بۆتە شوناسی دەوڵەتی ئێران و بە دەستوریش ئەم شوناسە زەمانەت کراوە , ھەرچی نەتەوەکانی ترن لەناو فەرھەنگ و کەلتوری نەتەوەی باڵادەست توانراونەتەوە ….
بۆیە ھەموو ئەمانەی بوونەتە شوناسی دەوڵەت لە ئێراندا بەردەوام ناسەقامگیری بەدوای خۆی دا دینێت , سەڕەڕای خەراپ بوونی بارو گوزەرانی خەلک کە ھەرچی داھات و خێری بیری ئەو ووڵاتەیە بەشێکی زۆری دەچێتە خزمەت ئەو گروپ و میلیشیایانەی کە شەڕی بەوەکالەت بۆ ئەجندایەکی مەزھەبی لەپاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دا لە چەند ووڵاتێکی جیاوازی ناوچەکە دەکەن , پارتەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئامادەی ئەو گۆڕانکاریانەی ناوچەکەبن و شێوازی تەقلیدی خەباتی دوو دەیەیی رابردوو وەلا بنێن و چیتر لاوەکانیان لە کەمپنشینەکان گۆشەگیر نەبن و یان وابەستەی ژیانی مەنفا نەبن …….

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.