پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هێزه‌ کۆمەڵایه‌تیه‌كان لە هه‌رێمی كوردستاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 480 جار بینراوە

محەمەد ئەحمەد

زانستی کۆمەڵناسی سیاسی دەپڕژێتە سەر باسی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا ، کە چۆن ئەم دوو بوارە جیاوازە کارلێک دەکەن ، بەتایبەتی باس لە گاریگەری هێز و گڕوپە کۆمەڵایەتیەکان دەکات لەسەر دەسەڵات ، بەو پێیەی کە حیزبە سیاسیەکان گوزارشت و زادەی واقعێکی کۆمەڵایەتین، واتە حیزب ڕەنگدانەوەی هێز و گڕوپە کۆمەڵایەتیەکانە.

لێرەدا ئێمە باس لە پەیوەندی ئەم دوو بوارە جیاوازە دەکەین لە ڕوانگەی دوو جۆر کۆمەڵگای لێکجیاواز ئەوانیش (کۆمەڵگای پلۆڕال ـ فرەیی لەگەڵ کۆمەڵگای جەماوەری) ، پرسیاری سەرەکیش ئەوەیە کە ئایا لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا چ جۆرە پەیوەندیەک لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا هەیە ، بە مانایەکیتر ئایا دەسەڵات و حیزبەکان خەڵک و کۆمەڵگا مۆبیلیزە و ئاڕاستە دەکەن یاخود بە پێچەوانەوە گڕوپ و هێزە کۆمەڵایەتیەکان حیزبەکان و دەسەڵات مۆبیلیزە دەکەن ؟ وە ئایا کامەیان کاریگەری زیاتر لەسەر ئەویتر دادەنێت؟

کۆمەڵگای پلۆڕال

 کۆمەڵگای پلۆڕال کۆمەڵگایەکە پێکدێت لە چەندین گڕوپی جۆراو جۆری خاوەن بەرژەوەندی، کە زۆربەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە لە ڕێگەی ئەندامبوون لەم گڕوپە جۆراوجۆرانە بە جوانی ڕێکخراون بەمەش درک بە بەرژەوەندیەکانیان دەکەن و هێزێکی فشار لە بەرامبەر دەسەڵات دروست دەکەن، ئەم گڕوپ و هێزە کۆمەڵایەتیانە لە چەندین ڕێگای وەک دابینکردنی ئابوونە و بودجەی حیزبەکان و پارەدارکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ و لە ئەستۆگرتنی بەشێکی زۆری تێچوونی حیزبەکان دەتوانن کاریگەری زۆر لەسەر حزبەکان دروست دەکەن بەتایبەتی یەکێتیە پیشەسازی و بازرگانی و کرێکاریەکان و ……. هتد ، بەم پێیە حیزب دەکەوێتە ژێر کاریگەری گڕوپ و هێزە کۆمەڵایەتیەکان بەمەش حیزب ناتوانێت سیاسەتێک دابڕێژێت دژی کۆمەڵگا وە ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی کۆمەڵگا ئاڕاستە بکات بە سیاسەتێکی دیماگۆجی و ووتارە سحریەکانیان چونکە پەیوەندی نێوان حیزب و گڕوپەکان یاخود دەسەڵات و کۆمەڵگا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەنە نەک لەسەر بنەمای عەطف و سۆز و وڕووژان ، کەواتە لە کۆمەڵگای پلۆڕال گڕوپ و هێزە کۆمەڵایەتیەکانی (کۆمەڵگا) گاریگەری لەسەر حیزبەکان ( دەسەڵات) دروست دەکەن ، وە حیزب وەک سەرخانیی ژێرخانی گروپەکانی کۆمەڵگایە، بەم پێیە هەرکاتێک حیزب بیەوێ لە دژی کۆمەڵگا و هێزە کۆمەڵایەتیەکان سیاسەتێک بگرێتەبەر ئەوا یەکسەر گڕوپە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن قەیرانی بۆ دروست بکەن و فشاری بۆ بێنن ، بەم پێیە حیزب دەبێت هەموو هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لە سیاسەتەکانیدا لە خزمەتی هێز و گڕوپە کۆمەڵایەتیەکاندا بێت.

کۆمەڵگای جەماوەری

کۆمەڵگای جەماوەری بریتیە لەو کۆمەڵگایەی کە تاکەکان ئەو هۆشیاریەیان نیە کە وەکو گڕوپ کار بکەن و یەکێتی پێکبهێنن لە بەرامبەر دەسەڵات ، وە ئەگەر گڕوپیشیان هەبێت ئەکتیڤ نین بەڵکو ئاراستەکراو و دروستکراوی خودی حیزبەکانن ، لێرەدا پەیوەندی نێوان جەماوەرێکی حەماسی و ڕێبەرێکی پیرۆزکراو هەیە ، جەماوەر وەکو مەکینەیە دەسەڵات چۆنی بوێ ئاوا ئاڕاستەی دەکات بەمەش زۆربەی جار لەم کۆمەڵگا جەماوەریانە حیزبی فاشیزمی سەرهەڵدەدات چونکە دەسەڵات چۆنی بوێ ئاوا کۆمەڵگا مۆبیلیزە دەکات ، بەمەش لێرەدا پەیوەندیەکە بە پێچەوانەیە ، حیزب کۆمەڵگا و گڕوپە وەهمیەکانی نێو کۆمەڵگا ئاراستە دەکات و کاریگەریان لەسەر دروست دەکات.

“حیزبە سیاسیەکان گوزارشت و زادەی واقعێکی کۆمەڵایەتین، واتە حیزب ڕەنگدانەوەی هێز و گڕوپە کۆمەڵایەتیەکانە”

لێرەدا ئەگەر شیکردنەوە بۆ پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات بکەین لە هەرێمی کوردستاندا ئەوا سەرەتا دەبێت هێز و گڕوپە کۆمەڵایەتیەکان بناسین ، وە باس لە چۆنیەتی سەرهەڵدان و ڕۆڵیان بکەین پاشان بۆمان دەردەکەوێت کە ئایا کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی پڵۆڕال و کارتێکەرە یان کۆمەڵگایەکی جەماوەری و کارتێکراوە، ئایا ئەوە هێز و گڕوپە کۆمەڵایەتیەکانن کە حیزب و دەسەڵات مۆبیلیزە دەکەن یان بە پێچەوانەوە حیزب کۆمەڵگا مۆبیلیزە دەکات؟

بەشێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دوو جۆر گڕوپی کۆمەڵایەتی بوونیان هەیە ، یەکەمیان گڕوپە (نافەرمی و لکاوەکان) وەکو خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە کە ئەمە تایبەتمەنیەکی هەموو کۆمەڵگایەکی سونەتی و کلاسیکیە ، هەروەها کەمینە نەتەوەکان و کەمینە ئایینیەکان ، کە ئەندام بوون تیایدا داخراوە لەسەر بنەمای ئینتسابیە .

 کۆمەڵگای پلۆڕال کۆمەڵگایەکە پێکدێت لە چەندین گڕوپی جۆراو جۆری خاوەن بەرژەوەندی، کە زۆربەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە لە ڕێگەی ئەندامبوون لەم گڕوپە جۆراوجۆرانە بە جوانی ڕێکخراون بەمەش درک بە بەرژەوەندیەکانیان دەکەن و هێزێکی فشار لە بەرامبەر دەسەڵات دروست دەکەن، ئەم گڕوپ و هێزە کۆمەڵایەتیانە لە چەندین ڕێگای وەک دابینکردنی ئابوونە و بودجەی حیزبەکان و پارەدارکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ و لە ئەستۆگرتنی بەشێکی زۆری تێچوونی حیزبەکان دەتوانن کاریگەری زۆر لەسەر حزبەکان دروست دەکەن بەتایبەتی یەکێتیە پیشەسازی و بازرگانی و کرێکاریەکان

دووەمیان گڕوپە فەرمییەکانن وەکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گڕوپەکانی فشار و خاوەن بەرژەوەندی کە ئەندام بوون تیایدا ئیکتسابیە واتە خۆت دەچیتە ناوی و ئەندامیەتی بەدەست دەهێنی .

یەکەمیان واتە خێڵ و عەشیرەتەکان لەبەرامبەر هەندێک سوودی ماددی وەک دیوەخانە و دامەزراندنی چەند کەسانێک و ئیش و کار بەڕێکردنیان لەدامەزراوەکان لە لایەن حیزبی دەسەڵات ….. ئیڕادە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆیان بە دەسەڵات فرۆشتیە بەم شێوەیە ناتوانن هیچ فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەن بە ئامانجی گۆڕینی سیاسەتێک یان بتوانن حیزبی دەسەڵات مۆبیلیزە بکەن لە ڕێگای نفوز و کاریگەریانەوە . بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە ویستی دەسەڵات چونکە بوونی ئەم گڕوپانە پەیوەستە بە چەقبەستووی کۆمەڵگا.

هەر جۆرە گۆڕانکاریەک و گەشەسەندنێکی کۆمەڵایەتی و کرانەوەیەک دەبێتە هۆی لاوازبوون و لە ناوچوونی ئەم گڕوپە داخراو و پارێزکارانە . ئەمانە بە عەقڵیەتێکی کلاسیکیەوەن هیچ بەرنامە و پڕۆگرامێکیان نیە بۆ ڕەوتی گەشەسەندنی گۆمەڵگا ، وە ناشیانەوێت پێکهاتەی کۆمەڵگا گۆڕانکاری بەسەردا بێت چونکە هەر بەرەو پێشچوون و گۆڕانکاریەک لە پێکهاتەی کۆمەڵگا یەکسانە بە لاوازبوون و لە ناو چوون نەمانی ڕۆڵی ئەوان هەروەها دەبێتە هۆی نەمانی ئەو پوان و ئیمتیازاتانەی کە لە دەسەڵات وەریدەگرن لە بەرامبەر ملکەچی و گوێڕایەلیان، بۆیە ئەوان هیچ ناڕەزایەتیەک دەرنابڕن بەرامبەر دۆخی هەیی چەقبەستوو.

“خێڵ و عەشیرەتەکان لەبەرامبەر هەندێک سوودی ماددی وەک دیوەخانە و دامەزراندنی چەند کەسانێک و ئیش و کار بەڕێکردنیان لەدامەزراوەکان لە لایەن حیزبی دەسەڵات ….. ئیڕادە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆیان بە دەسەڵات فرۆشتیە بەم شێوەیە ناتوانن هیچ فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەن”

لەسەر ئەم بنەمایە دەسەڵاتیش نایەوێت ھیچ گۆڕانکاری گەشەکردنێکی کۆمەڵایەتی بێتە کایەوە چونکە ئەو کۆمەڵگایانەی لەسەر پێکھاتەیەکی خێلەکی وەستاون دەستەمۆکردنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە زۆر ئاسان دەبێت . سەرۆکی خێل یان عەشیرەت بەچەند پوان و ئیمتیازاتێک لایەنگیری بکە ، ئیتر دەست و پێوەندەکانی خوارەوەش ئۆتۆماتیکی رازیدەبن بەمەش ئەم ئەرکە قورسە لەسەر حیزبی دەسەڵات لادەچێت کە بچێت یەک یەک تاکەکان رازیبکات . ھەر بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا دەبینین لە کاتی ھەڵبژاردندا حیزبی دەسەڵات لە ھەموو خێل و عەشیرەتێک کانددیدی خۆی ھەیە ھەم لە پێناو رازیکردنیان ھەم ھەم لەپێناو راکێشان و کۆکردنەوەی دەنگ لێیان .

بەم پێیەش دەسەڵاتیش ناتوانیت بەھیچ جۆرێک چاکسازی ریشەیی و گشتگیر ئەنجامبدات چونکە پێکھاتەی خێلەکی دژی مەدەنیەت و ملکەچیە لە ھەمبەر یاسا . خێلەکان ھەمیشە لەگەل ئەوەدان کە بەرێککەوتن لەگەڵ ھێزێک یا حیزبی دەسەڵاتدار پارێزگاری لە ھێز و ھەژموونی کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن و وەکو خەلکی گشتی یەکسان نەبن لە ھەمبەر یاسای مەدەنی بۆیە تا ئێستاش لە بابەتی شەڕ و کوشتن دان بە یاسا دانێن و ئامادەنین بچنە دادگا ئیتر خودی دەسەڵات خۆی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیان بۆ دەکات !!! بەکورتی لەنێوان خێلەکان و دەسەڵات بەرژەوەندیەکی ئاڵۆگۆر ھەیە لەسەر حسابی گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا.

بە هەمان شێوە کەمینە نەتەوەکان و ئایینەکان وەک پیشەی هەمیشەییان لە پێناو امتیازات و پارێزگاری بوون و مانەوەیان لەگەڵ هەموو دەسەڵات و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان خۆیان گونجاندووە، هیچ ڕۆلێکیان نەبینیوە وەک گڕوپێکی ئیتنی و ئایینی لە کۆمەڵگادا بەڵکو بەردەوام پاشکۆیەتی دەسەڵاتیان قبوڵبکردووە ، بەردەوام دەستبەرداری ئیرادەی خۆیان بوونە بۆ دەسەڵات لە پێناو پوان و ئیمتیازات، بەم شێوەیە ئەم گروپە لکاو نەسەبیانە لەلایەن دەسەڵات پارەداردەکرێن و دەپارێزرێن بەمەش پەیوەندیەکە پێچەوانە دەبێتەوە واتە دەسەڵات کاریگەری لەسەر ئەم گڕوپانە دادەنێت، وە بە ئارەزووی خۆی چۆنی بیەوێت وا مۆبیلیزەیان دەکات.وە زۆر بەروونی دەبینرێت چ لە پەرلەمان یا لەدەرەوەی پەرلەمان بە ھەموو شێوەیەک پاشکۆی ئیرادەی دەسەڵاتن بە ھیچ شێوەیەک بەرھەڵستکاری سیاسەتەکانی حیزبی دەسەڵات ناکەن .

جۆری دووەمیان کە خۆی بەرجەستە دەکات لە گڕوپ و رێکخراوە فەرمیەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمانە لە هەر کۆمەڵگایەکی پلۆڕالدا ڕۆڵی بەر چاویان هەیە لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حیزبەکان لەسەر داڕشتنی سیاسەتی گشتی ووڵات و گێڕانی ڕۆڵی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا لە هەمبەر دەسەڵاتدا، ڕێگریکردن لەوەی دەسەڵات بە ئارەزووی خۆی خەڵک هەڵخەڵەتێنێ و ئاڕاستەیان بکات ئەویش وەک ئاماژەمان پێدا بە هۆی ئەو کاریگەریانەی کە لەسەر دەسەڵات دایدەنێن لە ڕێگا جۆراوجۆرەکانەوە بەتایبەتی پارەدارکرنی حیزب. بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیسان پەیوەندیەکە بە پێچەوانەیە ، لێرەدا ئەم گڕوپە کۆمەڵایەتیانە لەلایەن خودی حیزبەکانەوە دروست دەکرێن ، وە هەر لە لایەن ئەوانیشەوە ئاڕاستە دەکرێن، حیزب و دەسەڵات هەڵدەستێ بە پێدانی و دابینکردنی بودجە و موچەی مانگانەیان بە پێچەوانی کۆمەڵگا پلۆڕال و پێشکەوتووەکان کە گڕوپەکان حیزب و دەسەڵات پارەدار دەکەن ، بەمەش بێگومان ئەم گڕوپە بە ناو مەدەنی و کۆمەڵایەتیانە دەکەونە ژێر کاریگەری حیزبی دەسەڵاتدار ، ئیتر ناتوانن وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی هیچ فشارێک لەسەر دەسەڵات دروست بکەن ، وە نەیانتوانیوە تا ئێستا بەرگێکی مەدەنی بەبەر کۆمەڵگای کوردی بکەن بەڵکو وەک دووکانێکی بازرگانیان لێهاتووە تەنها خەریکی موچە و بودجە وەرگرتنن لە حزب و دەسەڵات. بەمەش دیسان هەر ئەوە حیزب و دەسەڵاتە کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و گڕوپەکانی نێویدا دەنێت ، وە چۆنی بیەوێ ئاوا ئاڕاستە و مۆبیلیزەیان دەکات .

“گڕوپ و رێکخراوە فەرمیەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمانە لە هەر کۆمەڵگایەکی پلۆڕالدا ڕۆڵی بەر چاویان هەیە لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حیزبەکان لەسەر داڕشتنی سیاسەتی گشتی ووڵات و گێڕانی ڕۆڵی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا لە هەمبەر دەسەڵاتدا”

ئەگەر بێتو نموونەیەک بهێنینەوە ئەوا دەبینین چەندین ڕێکخراو هەیە بە ناوی ئافرەت و ژن و خوشکان …….هتد کە هەر یەکان لەلایەن حیزبێک پارەداردەکرێت، وە ئیڕادەیان لەدەست حیزبەکەیتیان بەم پێیە بۆ بەرگریکردن لە مافی ئافرەت یاخود ئەگەر بیانەوێت پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بکەن ناتوانن هیچ فشارێک دروست بکەن چونکە ئەمانە نە پارە بە حیزبەکان دەدەن تا هەڕەشەی بڕینیان لێ بکەن وە نە دەتوانن بڵێنە حیزبەکەیان دەنگت پێنادەین چونکە وەک ووتمان حیزب کاریگەری لەسەر ئەوان هەیە بەڵام ئەگەر بێتوو یەک ڕێکخراوی مەدەنی هەبێت لەم بارەیەوە وە خۆیان لە ڕێگەی ئابوونەی ئەندامانیان بودجە پەیدا بکەن واتە هیچ کاریگەریەکی دەرەکیان لەسەر نەبێت ، وە بتوانن هەزاران ئەندام و لایەنگر لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان کۆبکەنەوە بەم شێوەیە دەبنە هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر وە دەتوانن لە ڕێگەی نفوزی زۆری ئەندام و لایەنگرانیان ببنە سەنگ و قوڕسای هەڵبژاردن بەمەش دەتوانن کاریگەری لەسەر حیزب و دەسەڵات دروست بکەن . لێرەدا ڕۆڵی ئافرەتانمان وەک نموونەیەک شیاوکردە هێناوەتەوە ئەگینا ئەم نموونە بەسەر هەموو هێزەکۆمەڵایەتیەکان جێبەجێ دەبێت ئەگەر بتوانن وەک گڕوپێکی خاوەن ئیڕادە و فشار خۆیان ڕێکبێخن.

لە ئەنجام دا دەتوانین بڵێین یەکێک لە گرینگترین ئەو هۆکارانەی کە بووەتە هۆی بێدەنگی و کپ بوون و مردووی کۆمەڵگای ئێمە لەنێو ئەو هەموو قەیران و نادادوەری سوکایەتیکردن بە ژیان و بژێو و کەڕامەت تاکەکەس ،نەبوونی هێز و گڕوپە کۆمەڵایەتیە رێکخراو و چاڵاکەکانن کە فشار و کاریگەری لەسەر دەسەڵات دروست بکەن ئەویش وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بە هۆکارەکەیدا ، وە ئەوەی کە دەمینێتەوە چەند دەنگێکی ناڕازی لابەلاو ڕێکنەخراوە لە چوارچێوەی گڕوپ و یەکێتیەکی خاوەن ئیڕادە و سەربەخۆ ئەم دەنگە لابەلایانەش هیچیان پێناکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.