ئەوان بۆچی لەئێمە دەترسن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 285 جار بینراوە

کارۆخ عوسمان

ئەوەی ئەوان لێی دەترسن ئەو شێوە خەباتەیە کە ئێمە گرتومانەتەبەر، چونکە ئەوان جگە لەبەکارھێنانی چەک (ئەویش بەدەستی بەکرێگیراوەکانیان) ھیچیتر نازانن، بۆیە دەبێ بەردەوام بین لەسەر ئەم ڕێباوەڕە تا وەدیھێنانی تەواوی ئامانجەکان.

ئەوان لەم وەدیھێنانە دەترسن چونکە بەوەدیھاتنی ئامانجەکانمان کۆمەڵگایەک دێتە وجود کە حکومەت بەفەرمانبەر بزانێت و کاربەدەست بەخزمەتکاری گەل.

ئەم خەباتە مەدەنیە ھێواشە و پشووی درێژی دەوێ بەڵام بەرھەمەکەی بۆ ئایندەیەکی دوورمەودایە، جا ئەگەر قەرار وابێت ستەمکار بەئاسانی وازی ھێنا دیارە کە شەریفەو ستەمکار نیە.

بەردەوام بوون لەسەر بەرەنگاری حوکمی چەوت و ھێنانە کایەی حوکمڕانیەکی حەکیم و شەریف و خزمەتگوزار باشترین چەکی مەدەنیەتەو تاکە وەسیلەی گۆڕانکاریە بەئاراستەی قازانجی خەڵک. قازانجێک کەئایندە لەسەر بناغەی ئاشتی و عەدالەت بچەسپێنێت و بۆ ئەبەد بەریەککەوتنی توندوتیژو سڕینەوەی یەکتری لەگۆڕ بنێت.

بەم ڕێکارە مەدەنیە گشت تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە مەنفەحەت لەدەستەڵاتدارێتی وەرگرێت، ھەموویان خاوەنی ڕاستەقینەی خاک بن، خاوەنی سەروەت و سامان و سیادەی وڵات بن.

گرنگی ئەم خەباتە مەدەنیە ئەوەیە کە ھیچ کامێک لەتاکەکانی کۆمەڵگە لەدەست نادەن، بەڵکو گشتیان بەدەست دەھێنن، ئەوەشی بەناشەرعی بەدەستی ھێناوە بێشک ڕووبەڕووڕی عنف نابێتەوە بەمەرجێ، چونکە ھەمیشە لەوەرچەرخانی حوکمدا لێخۆشبوون ھەبووە بۆ ئەوەی ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی بێتەدی.

خۆ ئەگەر ئەو ئاشتبوونەوەیە نەبێت بێشک وڵات ھەردەم لەبەر ھەڕەشەی بەیەکداکێشان دەبێت.

گرنگتر لەھەموو شتێک لەحوکمڕانی تەندروستدا گەلان بێ منەتباربوون دەگەن بە موستەحەقاتی شەرعی.

ھەر وڵاتێک لەوانەی کە لەئێستادا خەڵکانی وڵاتانی نامی ڕووی تێدەکەن بۆ ژیانی ئاسودەیی، بەم قۆناغەی ئێمەدا تێپەڕبووینە، کەچی ئێستێ لەلوتکەی خۆشگوزەرانیدان.

زەروورە ئەو نەھجە نابوتە تڕۆ بکەین کە بەمل کۆمەڵگەکەماندا بڕاوە، ئەویش خودی دەستەڵاتی داسەپاو داینەمۆیەتی، (ئەوەی بەچەک ھات دەبێ بەچەکیش بڕوات.

خەڵکی ئەم وڵاتە دەبێ بیر لەوەبکاتەوە خۆ ئەگەر ئێمەش ئەمانەی کەئێستا لەحوکمدان بەچەک دەربکەین و دەستەڵاتیان لێوەربگرین کەواتە بۆ ئێمەش ڕاستەو دەبێ بەچەک لەحوکمڕانی دەرمان بکەن ئەگینا کورسی حوکم جێناھێڵین.

کەوابێ حوکمی مەدەنیەت و ئەوانەشی کە بەمەدەنی دێنە حوکم لەھەر ساتێک کەکۆمەڵگا سیستەم و سیاسەتی ئیداری بەلاوە پەسەند نەبێت بەئاسانی دەتوانێ لایان بدات و کەسانیتر بێنێتە شوێنیان، ئەوەیە حیکمەتی حوکمی مەدەنی و چاکەی ھێزە مەدەنی خوازەکان.

ئەگینا تەنھا ١٠٠ چەکدار بەسە بۆ لەرزاندنی ڕژێم و شێواندنی ناوخۆی وڵات. بەڵام گەر وامان کرد جوداییەکمان نامێنێت لەگەڵ ئەوانیتر.

حوکمڕانە داسەپاوەکانی ئەم وڵاتە لەبەر ئەم بنەمایە لەئێمە دەترسن چونکە دەمانەوێ کۆمەڵگایەک بونیادبنێین ھاوڵاتی تێیدا بێ منەت و شکومەند بێت، ئەوسا ھێزە تۆتالیتارو قیادیە چەنگ گرتووەکان بەکورسی حوکمەوە لەم کۆمەڵگایەدا بەنەھجی پێشوتر جێگەیان نابێتەوە، خێڵگەراییشیان ڕێگەیان نادات لەئاستی ھاوڵاتیدا خۆیان بەفەرمانبەرو خزمەتکاری خەڵک بزانن.

ھەربۆیە بەھەموو توانایانەوە لەمپەڕ دادەنێن لەبەردەم پێگەیشتنی خەڵک بەخواستەکانیان و وەرچەرخانی حوکمڕانی.

بەڵام بەردەوام بوونی ھێزە مەدەنیخوازەکان و تاکی وشیاری کۆمەڵگا لەسەر مەبدەئی گۆڕان لەڕژێمی حوکمدا وەدیھاتنی ئەم خواستە زامن دەکات.

ھێزە حوکمڕانەکانیش ھەتا زووتر دەستبەرداری ئەم سیاسەتی ڕووتانەوەو دزی و گزی و تەزویرو تیرۆری فکریەبن بۆ خۆیان قازانجەو زیاتر دەکەونە بەر ڕەحمەتی بەخشین، وەلێ ئەگەر وایان نەکرد حەتمەن چارەنووسێکی خراپیان دەبێت و لەحوکمی دادگا نەجاتیان نابێت.

ژیانی زیندانیەکی تاھەتاییش ھەزارجار ناخۆشترە لەھەڵواسین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.