چۆن کۆمەڵی ئیسلامی پرتەقاڵییەکانی دەپارێزێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 305 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی ڕێژەی دەنگەکانی بەرزبۆتەوە و کورسییەک تا دوو کورسی لەپەرلەمانی کوردستان زیادی کردووە.
زیادبوونی دەنگەکانی کۆمەڵ چەندە مایەی دڵخۆشیی لایەنگرانییەتی دوو ئەوەندەش پێویستی بەئەرکی زیاترە بۆ ھێشتنەوەی دەنگەکانی. زیادبوونی دەنگەکان بەرپرسیارییەتی سەرکردایەتی کۆمەڵ زیاتر دەکات، چونکە بەشێکی دەنگەکانی کۆمەڵ بریتیین لە دەنگە خۆڵەمێشییەکان، ئەم دەنگانەش دەنگی ناڕەزایین نەک ئایدۆلۆجییا و حیزبیی. ئەم دەنگە خۆڵەمێشیانە شایەنی گۆڕانکارین و پاراستنیان گرانە.

کۆمەڵ بەئاڵا پرتەقاڵییەکەیەوە لە چوار ساڵی ڕابردوودا وەک ھێزێکی گەورە کاریکردووە دژی دەسەڵات، بەقەد بیست کورسی قورسایی ھەبووە. ئەمەش لەبەر دوو ھۆکارە؛یەکەم لەڕووی ئیدارییەوە کۆمەڵ کێشەی نییەو سەرکردایەتی پتەوە، دووەم کۆمەڵ لەبڕیارداندا ئازایانە بڕیارەکانی یەکلاکردۆتەوە. سەرەڕای ئەمانە قورسایی ئەمیرەکەیان ئەم ھێزەی بەھێزتر کردووە.

زیادبوونی دەنگەکانی کۆمەڵ ئەرک و بەرپرسیارییەتی حزبەکەی گرانتردەکات، من پێموایە زیادبوونی دەنگەکانیان ئەم حیزبە ئیسلامیانە ناچار دەکات بەرەو کرانەوەی زیاتر بڕۆن تا دەنگەکان بپارێزن. کۆمەڵ دەبێت زیاتر بکرێتەوە و بنەماکانی دیموکراسی پتەوتر بکات. کۆمەڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو لەھێزێکی سەلەفیی توندەو بەرەو ھێزێکی نەرمتر ڕۆیشتووە.

ھەرچەندە دەنگی ئیسلامیی سیاسیی تا ئێستاش جێگەی دڵخۆشی نییە، چونکە ئەمجارەش بەھەموو حیزبە ئیسلامییەکان ناگەنە بیست کورسی پەرلەمان. بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی بەکرانەوەی زیاترو دژایەتیکردنی ئەم دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییە زیاتر دەگەشێتەوە.

کرانەوەی زیاتری کۆمەڵی ئیسلامی و کرانەوەی پەروەردەی سیاسییان ئەم ھێزە بەبەھێزی دەھێڵێتەوە. ھەر چەندە ئەم کرانەوەیە زیاتر لەھەڕەمی سەرکردایەتیدا دەبینرێت نەک ژێرەوە، دەبێت کۆمەڵ لە ژێرەوە بکرێتەوە تا جەماوەر زیاتر متمانەی پێبکات. ئەمەش بە گۆڕانی پەروەردەی سیاسییان دەبێت، تا ئێستاش لایەنگرانی کۆمەڵ داخراوییان پێوەدیارە، بەڵام سەرکردایەتییان زیاتر کراوەترن.

کۆمەڵ بەڕەنگە پرتەقاڵییەکەی دەتوانێت ببێتە پرتەقاڵێکی ترش و قوڕگی دەسەڵات بگرێت. دەشتووانێت ببێتە پرتەقاڵێکی شیرین بۆ جەماوەرەکەی. بەمەرجێ کرانەوەی زیاتر پێوەدیاربێت.

بە ئۆپۆزسیۆن بوونی کۆمەڵی ئیسلامی لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەم خولەدا، خەتی ناڕەزایەتی بەھێزتر دەکات

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.