یاخیبونی یەکێتی لەپارتی وکاریگەری بەسەر دۆخی کوردستاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 327 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

دەرئەنجامەکانی شەڕی سەختی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کە لەمڕۆژانەدا بەڕێوە چو، کاریگەریەکی ئەوەندە بەھێزی ئەبێت بەسەر دۆخی کوردستانەوە، کە بەدووری نازانم بگاتە ئاستی ھەڵتەکاندنی رییشەیی لەوەزعە ناھەموارەکەی ھەرێمو، تەقیینەوەی رقوکیینە پەنگخواردووەکەی نێوان ھەردو حزبی سەرەکی ( پارتی ویەکێتی) بگاتە ئاستی سەرھەڵدانەوی شەڕی ناوخۆشەوە . یاخود لانیکەم کوردستان ببێتەوە بەدوو ئیدارەو سەرلەنوێ سنوری دێگەڵە زیندوو ببێتەوە . چونکە پەرچەکردارە بەپەلەو سەرشێتەکانی پارتی ھەر لەئێستاوە مەسجی ئەوەمان پێ ئەگەێەنی کە ئەم حزبە بەئاسانی ئەو یاخیبوونەی یەکێتی، بەتایبەتیش لەشەڕی پۆستی سەر کۆماردا پێ ئەزمناکرێ . زۆر قوڕسیشە پارتی کە خۆی بەخوای سەر ئەرز ئەزانێ ، بەرگەی دوو شکستی زۆر گەورەو مێژوویی سەرۆکەکەی بگرێت کە لەماوەی تەنھا یەک ساڵدا بەسەری ھاتوە، ئەوانیش ، شکستە گەورەکەی ریفراندۆم و، شکستی ئێستای پۆستی سەرکۆماری عیراق .

قسەم لەسەر ئەوە نیە کام لەکاندیدانی یەکێتی براوەی پۆستەکە بوون ، چونکە پێموایە ھەر یەکێک لەکاندیدەکانی یەکێتی بچوونایە ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەوە بەوانەی دەرەوەی کاندیدانی فەرمی حزبەکەش ھەر ھەمان سەرکەوتنیان بەدەست ئەھێنا. ئەم بۆچوونەش لانیکەم لەبەر ئەوەی لایەنە عیراقیەکان بەسوننەو شیعەکانەوە پارتیان لەبەرچاو کەوتوە، سیاسەتە سەرشێتانەکانی ئەم حیزبەیان پێ پەسند نیە، لەریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانییەوە کەوتونەتە سەنگەرگرتن لەم حیزبە ، ئەوەی ئێستاش ماوە لەنێوان ئەمانەو پارتیدا ، تەنھا بەرژەوەندییەکی سیاسییە کە پەیوەستە بە گەمەی دەسەڵات وکێبرکێی حزبەکان بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی وەزیرانی عیراق وپەرلەمانەکەی، ئەگینا لایەنە عەرەبیەکان ئەوەندە پێوستیان بە پارتی نەماوە وەک لایەنێکی سیاسی کاریگەر لەعیراقدا.

بەھەمو پێوەرێک یەکێتی گەورەترین سەرکەوتنی لەم پرۆسەیدا بەدەستھێنا، بەئازایەتی وچاونەترسی بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی ئەم سەرکەوتنە ھاتەکایەوە، کە لە تەوەقوعاتی پارتیدا نەبو لەناو یەکێتیدا کەسانێک ھەبن ئەوەندە کاریگەر بن کە لەدەرەوەی سەرکردایەتی یەکێتیشدا دەسەڵاتی ئەوەیان ھەبێت مێزەکە قڵپبکەنەوە بەسەر پارتیدا ، ئازایانەش رووبەرووی سیاسەتەکانی سەر‌ۆکەکەی ببنەوە ، کە ئەمەش وەرچەخانێکی زۆر گەورەیە لەھەڵوێستەکانی یەکێتیدا . ئەمەو جگە لەوەش کە یەکێتی لەسەر دەستی ھەمان ئەو سەرکردە گەنجانەوە لەھەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی پەرلەمانی کوردستانیشدا توانیان یەکێتی ھەڵبسێننەەوە ، کە ئەمەشیان دیسان لەدەرەوەی تەوەقوعاتی پارتیدا بوە.

ئێستا یەکێتی لەھەمو کاتێک زیاتر بەھێزتر بوەو، جڵەوی دەسەڵاتی یەکێتیش کەوتۆتە دەست نەوەیەکی تازە کە ترسی لەپارتی نیەو، عەرەب وتەنی( الند للند) مامەڵەی لەگەڵدا ئەکات ، وەکو سەرکردە تەقلیدیەکان ئامادە نیە سازش لەسەر ماف وئیستحقاقاتی یەکێتی بکات ، نمونەش سووربونیان بوو لەسەر پۆستی سەرکۆمارو سازشنەکردن لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک .

بەپێچەوانەی پارتی کە لەوەتەی دروستبونیەوە دەسەڵات بەدەست بنەماڵەیەکی دیکتاتۆرەوەیە ، بەدەر لەو بنەماڵەیەش کەس خاوەن بریار نیە، لای یەکێتی ئەو قۆناغە تێپەرێندراو، نەوەیەکی نوێ ھاتۆتە مەیدان کە ناکەوێتە ژێر کاریگەری سەرکردایەتییە تەقلیدییەکەو، روئیای رۆشنتری خۆی ھەیە لەمامەڵەکردن بەسیاسەتەوە ، ئەم نەوە تازەیەش توانیویەتی سەرکردایەتییە تەقلیدییەکەی ناو حیزب بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، نەوەک پێچەوانەکەی کە ساڵانێ بەشێک لە سەرکردە تەقلیدییەکان توانیان رۆڵی گەنج لەناو حیزب پەراوێز بخەن .

بەمەش گەورەبونی رۆڵی گەنجەکانی ناو یەکێتی پارتی تۆقاندوە ، چونکە ئەگەر پێشتر بەمامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردە تەقلیدیەکان، کە بەشێکیان بەپارەو پۆستو ئیمتیازات ویژدانی خۆیان بەپارتی فرۆشتبێ ، بەشێکی تریشیان بە گرتەی فیدیۆیی پاراستن وبەھەڕەشەی ئەخلاقی بێدەنگ کرابن ، گەنجەکانی ئێستا ئەو مەترسییانەیان نیەو لەزمەیەکی ئەوتۆیان نەداوەتە دەست پارتی بیانترسێنێ ، بۆیە پارتی ھیچی بەدەستەوە نەماوە تەنھا تۆمەتی خییانەت نەبێ کە ئاراستەیان ئەکات ، بۆیە پارتی ئێستا جڵەو‌ەکەی لەدەست دەرچوە ، تمووحی ئەو گەنجانەش پارتی پێی ئیستیعاب ناکرێ ، بۆیە ئەو تاقمە گەنجەی ناو یەکێتی بونەتە گەورەترین کۆسپ لەبەردەم بەدیکتاتۆربونی پارتی و بونی بەحیزبی قائید لەکوردستاندا .

شەڕەکەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار چەند مەسجێکی روونی بۆ پارتی نارد کە بریتین لە:

١- لەمەودوا دەرکەوت کێ لەناو یەکێتی دەسەڵاتی بریارە چارەنوسسازەکانیان بەدەستەوەیەو، سەرکردە تەقلییدییەکان ناتوانن بەری پێ بگرنو ، وردە وردە رۆڵی ئەو سەرکردە تەقلیدیانە لاوازتر ئەبێ ، لەمەولا پارتی ئەبێ راستەخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم تاقمە تازەیەدا بکات .

٢- بۆ پارتی دەرکەوت کە تاقمە تازە دەسەڵاتدارەکەی ناو یەکێتی ، کەسانی ئازاو چاونەترسن ، ئامادەنین سازش لەسەر مافو ئیستحقاقاتی یەکێتی بکەن لەژیر ھەر گۆشاریدا بێت بۆ رازیکردنی دڵی پارتی ، بەھەڕەشەی دوو ئیدارەیی وشەڕی ناوخۆشەوە.

٣- دەسەڵاتە تازەکەی ناو یەکێتی بە عەکسی سەرکردە تەقلیدیەکان کار بۆ بەھێزکردنی یەکێتی ئەکەن ، لەتەک کارکردنیشیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان ، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ پارتی کە ھێزیک دروست ببێت لەشێوەی بەرەیەک یاخود ھاوپەیمانییەکی سیاسی تازە کە کاریگەری ھەبێ بەسەر ساحەی سیاسی کوردستانەوە .

٤- بۆ پارتی دەرکەوت کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تاقمە تازەیەی ناو یەکێتی وا ئاسان نیە بتوانێ ئەجینداکانی خۆی تێپەرێنێ، وەکو سەرکردە تەقلیدیەکان ئەم تاقمەش بکاتە دەسکەلایەک و بەکاریان بھێنێ بۆ لێدانی نەیارەکانی خۆی لەحیزبە کوردستانیەکان .

٥- بۆ یەکەمجارە پارتی تووشی حاڵەتێکی وا ببێت کە تاقمێک لەناو حزبێکی نەیاریدا بتوانی شکست بە پیلانەکانی بھێنێت و تەحەدایەکی ئەوەندە گەورەی دەسەڵاتە رەھاکەی پارتیش بکات ، نمونەش ھەردوو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانو سەرۆک کۆماری عیراقن ، کە ئەمانەش بەویستی پارتی و سەرۆکەکیان نەبوە.

لەبەر ئەم خاڵانە پارتی ئێستا لەرۆژگارێکی زۆر سەختدایە ، کە ھێزیک پەیدا بوە بتوانێ ئازایانە ململانێی دەسەڵاتی لەگەڵدا بکات ، بۆیە بینیمان چۆن ئاوا بەپەلە پەرچەکرداریان ‌نواند لەبەرامبەر دۆڕانی پۆستی سەر کۆمار کە گەیشتە سەر ئەوەی ھەڕەشەی زۆر توندیش بکەن .

لێرەوە ئەتوانم بڵیم کەوا پارتی بەم سەرشێتییەی خۆیەوە ، رەنگە وەزعەکەی کوردستان بەرەو نائارامی ببات ، چونکە ئەمحیزبە ھیچکات کاری لەسەر بەرژەوەندی میللەتەکەی نەکردوە، بەقەدەر کارکردنی لەسەر بەرژەوەندی حیزبی خۆی وبەفیرعەونکردنی سەرۆکەکیان ، ھیچ بەدووری نازانم وەزعی کوردستان بشڵەژێنن و شەڕی ناوخۆش ھەڵگیرسێنن، یان لانیکەم ھەرێمەکەمان بکەنەوە بە دوو ئیدارە، چونکە پارتی بەسروشتی دیکتاتۆرییانەی خۆیەوە ناتوانی لەگەڵ حیزبێک یا لایەنێک ھەڵبکات کە دژی بوەستی یان ململانێی سیاسی لەگەڵدا بکات ونەبێتە کۆیلەی گوێرایەڵی سەرکردەکەی .

رۆژانمان لەپێشە و ھەموو شتێک لەداھاتوویەکی نزیکدا روون ئەبێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.