کوردستانێکی بەھێز یان پێگەیەکی بەھێز لە عێراقدا

لەلایەن ستاندار Posted on 321 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری

لە میانەی بانگەشەی ھەڵبژاردندا گوێچکەیان کاس کردین و کۆمەڵگەیان تژی کرد بە دروشمی قەبەی بەرەو کوردستانێکی بەھێز بۆ چوار ساڵی ئایندەی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستاندا، کەچی ھەر لەگەڵ بەرەبەیانی ھاتنەپێشی بەخشینەوەی پۆست و ئیمتیازات لە عێراقدا، دەرکەوت کە ئەوەی ئەوان بە ناوی نیشتیمان و نەتەوەیی بوونەوە لاف و گەزافی پێ لێ دەدەن تەنھا دروشمە و ھیچی تر، ھەر لەبەر ئەمە ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەبەردەم ئەم تموح و تەماعە حزبییە خۆیان پێ کۆنتڕۆڵ نەکرا و لەو بارگاوی بوونەیان بە ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەرییەی کە ئیدیعایان بۆ دەکرد، خاڵی خاڵی بوونەوە و ختوکە و حەزی وەرگرتنی ئەم پۆستانە و ئیشتیھایان بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا، وای لێکردن مڵملانێیەکی سەخت و دژوار لە نێوانیاندا چێ بێت،و ھەرچی بەھا و نۆڕمی نەتەوەیی و کوردایەتییە ژێر پێ بخەن تا ئاستی یەکتری تۆمەتبارکردن و ھەڕەشەکردن لەیەکتری، بێگومان ململانێ و ناکۆکییەکانی ئەم دوو ھێزەش لەسەر پۆست و ئیمتیازات مێژووییەکی دوورودرێژی ھەیە،و سووتەمەنی ئەم ململانێیەش ھەردەم خەڵکی کوردستان بووە، بەمەش ئەم قۆڵبادانەی یەکدی لە پێناو ئەم پۆستە تەواوی دروشمی کوردستانێکی بەھێزی لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ کردەوە، و دەرکەوت کە ئەوان نیەتی حەقیقیان بەھێزکردنی کوردستان نییە بەڵکو مەرام و ئەجێندا سیاسییەکەیان بەھێزکردنی پێگە حزبییەکەیانە لە حەوشەی کۆماری عێراقی عەرەبی و وەرگرتنی زۆرترین پۆست و پلە لە جومگە ھەستیارەکانی حوکمڕانی لە چوارچێوەی ئەم کۆمارەدا. بەداخەوە ساڵێک لەمەوبەر باس باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و بەھێزکردنی پێگەی کورد بوو لە ناوەندە نێوەدەوڵەتییەکاندا، مەخابن ئەمڕۆ چاوچنۆکی ئەم دوو حزبە بۆ داڕنینی زۆرترین پلە و پۆست لە عێراق و تاپۆکردنیان بەسەر خۆیاندا لەوانیش پۆستی سەرۆک کۆماری، تەنھا ئەوەمان پێ دەڵێت کە ھەنگاوەکانی ئەوان بۆ لەمەودوا بە ئاراستەی بەھێزکردنی پێگە حزبییەکەیانە لە نێو ھەیکەلییەتی فەرمانڕەوایی عێراقدا بۆ چنینەوەی زۆرترین دەستکەوت و چاکترین ئیمتیازات، نەک بەھێزکردنی کوردستان و پێگەگەی لە دونیای دەرەوەدا بە ئاقاری سەربەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەتی کوردی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.