بۆچی ئەنجامەکان واژۆ نەکەین؟

لەلایەن ستاندار Posted on 434 جار بینراوە

اسماعیل خورماڵی
بڕیاردەری ئەنجومەنی کۆمسیاران

هەفتەیەکە دەیان تەلەفۆن و سەدان نامە و کۆمێنتم بۆ هاتووە داوا دەکەن کە ئەنجامەکان واژۆ نەکەین، چونکە ساختەکاری کراوە و وەک تەنها بژاردە لێی دەڕوانرێت.
بەو پێیەی ماستەرم لەکاگێڕی ستراتیجی هەیەو، یەکێک لەو بابەتانەش کەزۆر حەزم لێیەتی و بەخوول دەیڵێمەوە بیرکردنەوە ستراتیجیە، بۆیە بەکورتی حەز ئەکەم سەرنجی خۆم لەو بارەیەوە بخەمەڕوو:
ئێمە چ بژاردەیەکمان لەبەردەستە؟
بژاردەی یەکەم:
ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان و واژۆ نەکردنی، ئەوەی زۆرینەی خەڵکی داوای دەکات،،،
ئەنجامەکەی:
دەبینە پاڵەوان و ماوەیەک میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گەرم دەکەین، ئەنجامەکانیش وەک ئەوەی بەغداد بەکۆمەڵێ لەف و دەورانی یاسایی و پەرلەمانی و دادگا و هەڵای میدیاییدا دەڕوات و لەکۆتاییدا وەزعەکە وەک دەیان ساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبێت و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی کوردستان و سودمەندی یەکەم ساختەکارانە.
بژاردەی دووەم:
بەجدی و بوێرانە کار بکەین بۆ دۆزینەوەی ساختەکاریەکان، یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان و بەدواداچوونی کەمووکوڕییەکان. بەکورتی پوچەڵ کردنەوەی دەنگە ساختەکان، نەک سندوقەکان، چونکە پوچەڵکردنی سندوقەکان نادادگەرانەیە، دەنکی حەڵاڵ نابێت بسوتێت بەهۆی دەنگی حەرامەوە.
ئەنجامەکەی:
دەنگی ساختەکاران دەسوتێت و بەشێک لەمافی خەڵکی دەگەڕێتەوە، ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی زۆر جیاواز دەبێت لە ئەنجامە بەراییەکان… واتە ژمارەی دەنگ و کورسیەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ هاوکێشەکان بگەڕێتەوە.
بەڕای من وەک کۆمسیار، بژاردەی دووەم ئەرکی سەرەکی ئێمەیە. ئەگەر بتوانین بەوکارە هەستین کۆمەڵە خاڵێکی ئەرێنی دەبێت وەک:
۱- یەکەم جار دەبێت لەمێژووی عێراق و کوردستان کۆمسیۆن پیشەییانە کار بکات و گۆڕانکاری لەئەنجامەکان بکات.
۲- بەرپاکردنی جۆرێک لەدادگەری و گەڕاندنەوەی ئومێد و هیوا بۆ خەڵکی بەپرۆسەی هەڵبژاردن.
۳- دامەزراوەیەکی بەهێز و پیشەیی بونیاد دەنرێت کەزۆر گرنگە بۆداهاتووی ئەم وڵاتە.
٤- ئاشتەوایی دروست دەکات و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاسان دەکات بەهیوای خزمەتی خەڵکی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان.
چەندین خاڵی تری گرنگ کە نوسینەکە درێژ دەکاتەوە…
بۆیە بەباشی دەزانم تا ئەو شوێنەی بوار دەبێت و لەتوانادایە، ئیمە کار لەسەر بژاردەی دووەم بکەین، ئەوە ڕێگا دروست و تەندروستەکەیە بۆ کارو خزمەت.
هەرکات بەبنبەست گەیشتین و نەمانتوانی بەو ئەرکە هەستین، ئەو کات بیر لەبژاردەی یەکەم و هەر بژاردەیەکی تر ی گونجاو بکەینەوە…

وێنەکە:
لیژنەی باڵای سکاڵاکان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. کەتەنها لەکۆبونەوەی ئەمڕۆ ٥۸ سکاڵای سور و زیاتر لە ٥۰ سکاڵای سەوز و هەمان ژمارەش زەرد هەبوو لەهەولێر ، کە دەیان هەزار دەنگ پووچەڵ دەکاتەوە.
بەئومێدی کوردستانێکی بەهێز و ئارام و بەرپاکردنی چاکسازی و ئاشتەوایی و گەشەپێدان و نوێبوونەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.