ئەرکان محمد
وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی( ۲٠۱۹ )ناردە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ، پشكی هەرێمی كوردستانیش لەپرۆژەكەدا بەنزیكەی ( ٩) ترلیۆن دینار دانراوە، لەبودجەی گشتی عێراق پشكی هەرێمی کوردستان بە( 12.67%) واتە بەهەشت ترلیۆن و ٧٤١حەوتسەدوچل ویەک ملیار و ٤٠٦ چوارسەدووشەش ملیۆن و ٢٦بیست وشەش هەزار دینار خەمڵێنراوە، ئەم بڕەبودجەیەش پێچەوانەی خواست وداواکارییەکانی نەتەوەی کوردە لەعێراقی یەکپارچەدا .
هەر بەپێی ڕەشنوسی پرۆژەكە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان واتە( سلێمانی – هەولێر – دهۆک) ١٢٦ ملیار و ٧٠٠ ملیۆنە ، بودجەی وەبەرهێنانیش لەڕێگەی قەرزەوە بۆ پشكی هەرێمی کوردستان بریتیە لە ١٠٢ ملیار و ٣٦١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار ،بەهیچ شێوەیەکیش لەبودجەی پەرەپێدان وەبەرهێنانی پارێزگاکانیش ئاماژە نەکراوە بەهەڵەبجەی شەهید ،کەلەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وەک پارێزگا ناسێنراوە ولەیاسایی بوودجەدا بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی پێنەدراوە ، بەمەش بەتێكڕا بڕی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٩ لە ڕەشنووسەكەدا دەكاتە هەشت ترلیۆن و ٩٧٠ ملیار و ٤٦٧ ملیۆن و ٢٢٦ هەزار دینار، كە ئەوە بەڕێژەیەكی كەم بۆ هەرێم دادەنرێت، لەكاتێكدا پێشتر پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق( 17% )بوو، بەهاكەشی دەگەیشتە زیاتر لە( 10 )ترلیۆن دینار.
لەپرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراقدا داهاتەكانیش بە گشتی خەمڵێنراون بە بڕی ١٠٥ ترلیۆن و ٥٦٩ ملیار و ٦٨٦ ملیۆن و ٨٧٠ هەزار، و خەرجیەكانیش خەمڵێنراون بە (۱۲۸٤٤۳٠٥۲٤۲۷) ١٢٨ ترلیۆن و ٤٤٣ ملیار و ٥٢ ملیۆن و ٤٢٧ هەزار دینار. : لەپرۆژە یاسای بوجەی ۲٠۱۹ پشكی هێزەکانی پێشمەرگە لەبودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق دادەنرێت بەبڕی تەنیا (۳۷) ملیار دینار مانگانە بەكۆی گشتی دەكاتە (٤٤٤) ملیار دینار، بەڵام تەنیا دەزگای دژە تیرۆری عێراق، كە (۱۲٠٠٠) دوانزە هەزارچەكدارن بڕی (۷۳۸٠۹۱۱۸۷) حەوت سەدو سیو هەشت ملیار دینار و نەوەدو یەك ملیۆن و سەدو هەشتاو حەوت هەزاری بۆ تەرخان دەكرێت، هەروەها ژمارەی چەكدارەكانی، كە لەبوجەدا پەسەند كراوە بە (۱۲۲٠٠٠) چەكدار دانراوە بڕی (۲٠۹۸۲۹٠٤۷٠) دوو ترلیۆن و نەوەدو هەشت ملیارو دووسەدو نەوەد ملیۆن و چوارسەدو حەفتا هەزار دینار تەرخان كراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کەڕێژەی هێزەکانی پێشمەرگە بە۱۷۷ سەدووحەفتاوحەوت هەزار دیاریکراون .
لە لایەكی دیكەوە هێزەکانی سەر بەوەزارەتی بەرگری عێراقی فیدرال بڕی (۷۸٦٥۲۸٤۷٠٠) حەوت ترلیۆن و هەشتسەد شەست و پێنج ملیارو دوو سەدو هەشتاو چوار ملیۆن و حەوسەد هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە، كە سەر ژمێریان تەنیا (۱۸٤٠٠٠) سەدوو هەشتاو چوارهەزاركەسە ! هەروەهابودجەی تەرخان كراویش بۆهێزەکانی حەشدی شەعبی وهێزەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق بڕی (۹۹٦۳٥۷٥۱۷٠) نۆ ترلیۆن و نۆسەدو شەست و سێ ملیارو پێنج سەدو حەفتاو پینج ملیۆن و سەدو حەفتا هەزار دینار تەرخان كراوە بۆیان بەم پێیەش بێت لەبودجەی گشتی عێراقدا ئەولەوییەت دراوەتەهێزە چەکدارە شیعەکان وبەئاشکرا هەوڵی بەهێزکردنیان دەدرێت ، کەوابێت دەبێت لەنزیکترین کاتدا هێزولایەنەسیاسیەکانی هەرێمی کوردستان وەڤدێک پێکبهێنن بۆگفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ، داواکارین گەربۆتەنیاجارێکیش بێت خەمی بەدەستهێنانی کورسی وپۆست وەلابنێن ولەسەنگەری بەرگری بن لەمافەکانی گەلی کورد.