ناپاکی ((خیانەت )) کەلتور یا خوو لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا..

لەلایەن ستاندار Posted on 897 جار بینراوە

نه‌وزادی موهه‌ندیس

چەمکی خیانەت

بۆئەوەی لە مانا و چەمک و مەغزای وشەی خیانەت تێبگەین دەبێت پێناسەیەکی ووردی بکەین و ئەوکات بیخەینە جوغز و چوارچێوەی بابەتەکەی خۆمانەوە. خیانەت وا پێناسە دەکرێت کە پێشێلکردن یان ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانێکە کە دراوە یان ئەمانەتێکە یان لەدەستدانی بڕوا و متمانەیەکە کە لە ئەنجامی ململانێیەکی دەروونیەوە سەرھەڵدەدات لە پەیوەندیەکانی نێوان تاکەکان یان ڕێکخراوەکان یان لە نێوان تاکەکان و ڕێکخراوەکاندا.زۆرجاران خیانەت ڕوودەدات لەکاتی ھاوکاریکردنی یەکێکێک لە کێبڕکێکارەکاندا یان ھەڵوەشاندنەوەی ئەوەی کە پێشتر لەسەری ڕێکەوتوون لەنێوان دوولایەندا.کەسی خائین واناوزەد دەکرێت کە کەسێکی لەپشتەوە لێدەر و ناپاکە.
لەزانستی دەروونناسیشدا ،ئەو کەسانەی کە خیانەت دەکەن وا ناسێنراون کە بریتین لەو کەسانەی کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی ھەڵدەوەشێننەوە. بەڵام ھەندێکی تریش ئەم پێناسەیە ڕەتدەکەنەوە چونکە چەمکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی ناتوانێت دەربڕی ووردی دۆخ و پاڵنەر و کاریگەریەکانی خیانەت بێت.
• لەلایەکی ترەوە چەمکی زمانەوانی بۆ وشەی خیانەت بەمانای لەپشتەوەلێدان ((غەدر )) و نادڵسۆزی و پێنەزانینی چاکەی کەسانی تر دەگەیەنێت،تێگەیشتن لە چەمکی خیانەتیش وەکو ھەموو چەمکەکان بەگۆڕانی سیستەمە سیاسیەکان و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەت گۆڕانی بەسەردا ھاتوە،ئەوەتا لە سایەی سیستمە تاکڕەوەکانەوە لە کۆن و ئێستاشدا، لە ڕووی سیاسیەوە وشەی خیانەت بەمانای لکاندنی تۆمەت بۆ نەیارە سیاسیەکان لە دەوڵەتدا دەگەیەنێت بۆ ئەوەی ناویان بزڕێنرێت و حوکمبدرێن بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا،بەڵام لە سایەی سیستەمی دیموکراسیە نوێکاندا کە دەوڵەت بۆتە کەسایەتیەکی یاسایی جیاکراوە لە کەسی دەسەڵاتدار،دەسەڵاتدار بۆتە ئەو کەسەی کە ئەرکی پاراستنی ئەو دەوڵەتەی پێسپێردراوە،ھەرچەندە لێپرسراو نیە وەک تۆرمەتبار وەکو بنەما بەڵام بەرپرسیارە لە تاوانەکانی خیانەتی گەورە.
ھەربۆیە چەمک و مانای خیانەت بریتیە لە (( ڕێزنەگرتنی ئاسایشی ناوەکی و دەرەکی دەوڵەت و پیلانگێڕان لەدژی مافەکاڕەواکانی گەل،و تەسلیمکردنی وڵات بە دوژمن،یان دروستکردنی دۆخێکی فەوزا و بێسەروبەری کە ڕێگەخۆشکەربێت بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە لە کاروباری وڵاتدا،کە ئەم تاوانانە وەک تاوانی ئاسایی سەیرناکرێن کە بەپێی یاسا ئاساییەکان سزایان بۆ دیاریکراوە بەڵکو دەچنە چوارچێوەی تاوانی تایبەت و گەورەوە)).
• جۆرەکانی خیانەت
١.خیانەتی نیشتیمانی یان ((خیانەتی گەورە)) :بریتیە لە ھاوکاریکردن و دەستێکەڵاوکردن لەگەڵ دوژمندا بەمەبەستی شێواندنی ئاسایش و ئارامی وڵات و پەیوەندیکردن بە وڵاتانی دوژمنەوە بۆ درکاندنی نھێنیە مەترسیدارەکانی وڵات بۆیان،و پێشنەخستنی وڵات و دروستنەکردن و پارێزگاری لێنەکردنیشی.شەڕکردن لەپاڵ دوژمندا دژی وڵاتەکەی خۆی،پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی وڵات،ئەمە چەند نمونەیەکی خیانەتی گەورە بوو کە سزای ئاساییان بریتین لە سێدارەدان یان بەندکردن بۆ ھەتاھەتایە، وکەسێک کە خیانەت بکات پێی دەوترێت خائین((ناپاک)).
٢.خیانەتی ھاوسەری:دروستکردن و دەستێکەڵاوکردنە لەگەڵ کەسانی تردا بەشێوەیەکی نھێنی لەپشت ھاوسەرکانەوە جا نێر بێت یان مێ.
٣. خیانەت لەکارکردندا:بریتیە لە کەمتەرخەمی لەکارکردن و درکاندنی نھێنیەکانی کارە.
٤.خیانەتی ھاوڕێیەتی:خیانەتکردن لەھاوڕێیەتی بە باسکردنی بەشێوەی خراپ و فێرکردنی کاری خراپ و تاوانەکانە.
٥. خیانەتی ئاین:پشتکردنە بیروڕا ئاینیەکان و کارکردنە بە پێچەوانەی ڕێنماییە ئاینییەکانەوەیە.
٦. خیانەتی پەیمان و بەڵێن و ڕێکەوتنەکانە و نەپاراستنیانە.
• ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە بریتیە لە خیانەتی نیشتیمانی((خیانەتی گەورە))،کە لە ئێستادا و بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێی خەباتی کوردایەتی ھەمیشە ئامادەگیەکی گەرموگوڕی ھەبوە لەنێو کۆمەڵگای کوردەواریدا و بەشێوەیەک لێکدەدرێتەوە کە خیانەت و خیانەتکردن و بەکارھێنانی وشەی خیانەت ھێندەی بە ئاسانی و بێسڵەمینەوە و بەشێوەیەکی بەربڵاو لە میدیاکان و لەسەر زاری گەورە بەرپرساان و تەنانەت تاکە ئاساییەکانیشدا،بۆتە وشەیەکی زۆر ئاسایی و کارگەیشتۆتە ئەوەی کە خیانەتکردن زۆر ئاسایی بوە و بۆتە بەشێک لەدابونەریت و کەلتوری کۆمەڵگەی کوردەواری،چونکە کەم جار ڕێکەوتوە کە خائینانی وڵات و نیشتیمان فرۆشان بە سزای ڕەوای خۆیان گەیشتبن بەڵکو بەبیانووی بێ ئەرزشی حیزبایەتی و ناونەزڕاندنی بنەماڵەکان و منداڵ و دواتریش لەبەر بەرژەوەندی و ڕێکەوتنی عەشایەری دوور لەیاسا لێیان خۆش بون و ئیدی خیانەت و خیانەتکردن بۆتە کارێکی ئاسایی کە سزای گەورەی بەدواوە نیە ونەبێت.کۆمەڵگەی کوردەواریش چونکە بەدرێژایی مێژوو ھەر ژێر دەستە و چەوساوە و زوڵملێکراو و خاک داگیر و دابەشکراو بووە،کەسێتیەکی لاواز و زوو فریودراو و دەروون تێکشکاوبوە ،بۆیە ھەمیشە ئامادەیی خیانتکردنی ھەبوە لە گەل و نیشتیمانەکەی.
• خیانەتکردن لە پێناو چیدا ؟
زۆر جاران کەسی خیانەتکار و ناپاک لەبەر ھۆکاری زۆر سادە یان لەبەر فریودانێکی کەم و بێ ئەرزش ھەڵدەستێت بە کاری خیانەتکردن و ناپاکی بەرامبەر براکەی یان خێزانەکەی یان گەل و نیشتیمانەکەی ،وەک:
١. لەپێناو بەدەستھێنانی بڕە پارەو و پول و سەروەت و سامانێکدا.
٢. لە پێناو بەدەستھێنانی پلەو پۆست و دەسەڵاتێکی کەم .
٣. لەپێناو بەرژەوەندیەکی تەسک و بچوکی خۆیی یان بنەماڵەیی یان حیزبیدا.
٤. زۆر جارانیش تەنھا لەبەر دوژمنایەتی و بچوککردنەوەی بەرامبەرەکەی بوە.
ئاشکراشە ھیچ کاتیش کورد دەسەڵاتێکی بەردەوام و تۆکمە و بەھێزی وای نەبوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سیادە و سەروەری دانپیادانراودا لەسەر ئاستی ناوچەکە و دونیاش بە ئێستاشەوە کە لە خائینانی خۆی بپرسێتەوە و سزایان بدات،بەڵکو دەسەڵاتەکان کاتی بوون و خائینانی کوردیش ھەمیشە لەلایەن داگیرکەرانەوە جێگە و پێگەیان ھەبوە بۆئەوەی جارێکی تر بەکاریان بێنەوە.ھەربۆیە کەمجار ھەبوە خائینانی کورد بە سزای ڕەوای خۆیان گەیشتبن.
• سیفاتەکانی کەسی خائین ((ناپاک))
کەسی خائین و ناپاک بە گەل و نیشتیمانەکەی ھەرچەندە لەپلەو پۆستی بەرز و دەسەڵاتدا بێت یان وەک تاکێکی سادەش بێت ھەمیشە وەک کەسێکی:
١. دەروون نەخۆش و تێکشکاو و ترسنۆک و لاواز و لەرزۆک دەردەکەوێت.
٢. توانای بڕیاردانی گرنگ و بوێری نیە و نامێنێت.
٣. ھەمیشە ھەست بەکەمی دەکات لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا وخاڵێکی لاوازە لە کەسێتیدا.
٤. ھەمیشە ھەست بە تاوان و شەرمەزاریش دەکات لەناخی خۆیدا و دەکەوێتە ململانێیەکی بەردەوام و ھێواش ھێواش سەردەکات بۆ سزادانی خود و دواتریش خۆکوشتن.
٥. بە کەسێکی بێزراو و قێزەون و سوک و ڕیسوا لەلایەن تاک و کۆمەڵگاکەیەوە تەماشا دەکرێت.
٦. لەمێژووشدا ناوی و ناپاکیەکەی دەنوسرێت و دەمێنێتەوە و دەماو دەماو دەگێڕدرێتەوە.و دەبێتە نمونەیەکی ڕەش و قێزەون و ناشیرین و بەنمونە دەھێنرێتەوە بۆ نەوەکانی ئایندە.
• لەلایەکی ترەوە تاکی کورد و تەنانەت کۆمەڵگای کوردەواریش بە سەرکردە و تاکی ئاسایشەوە،ھێندە لەمێژووی خۆیاندا خیانەت و وشەی خیانەتیان دووبارە کردۆتەوە،بۆتە خویەکی دانەبڕاو لێیان و وەکو ھەموو خوە خراپ و باشەکانی تر لە ((ڕاستگۆیی و درۆکردن،تاوان و کاری باشە،زوڵمکردن وچەوساندنەوە ودەستگیرۆیی و ھاوکاریکردن، یارمەتیدان و ململانێکردن،دزیکردن و دەستپاکی و …زۆری تریش))،و بونەتە کارێکی ئاسایی و ھەر ١٠ ساڵ جارێک کەمتر یان زیاتر کاری خیانەتکردن لە نیشتیمان و نەتەوە وخەباتی کوردایەتی ئەنجامدەدرێت لەلایەن تاکەکانەوە یان سەرکردە و حیزبەکانەوە بێت دژ بە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان ونەتەوە و زۆر جارانیش شانازی پێوەدەکرێت و دەکرێنە دەسکەوت و وای پیشان دەدەن کە سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا بێت، بەڵام ھەموو ئەم خیانەتانەش چونەتە قازانجی داگیر و دابەشکەرانی کوردو کوردستانەوە و ھێندەی تر کێشە و مافە ڕەواکانی کورد و دۆزی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردیان بۆ دواوە گێڕاوەتەوە و ھەربۆیەشە تا ئێستا کورد وەک تاک نەتەوەی گەورە لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دونیاشدا نەبۆتە خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و ئازادی خۆی و ناتوانێت دەسەڵات و حوکمڕانیەکی سەرکەوتوی جوان ببات بەڕێوە،بەشێوەیەک کەوتۆتەوە کە ھەمیشە سێ وشەکانی ((کورد و پارە و خیانەت)) دەوترێنەوە وبونەتە ٣ چەمکی لێکدانەبڕاو و ڕەنگیشە بۆ ھەتاھەتایە ھەروا بمێنێتەوە.
• ئەوەتا خیانەتکردن لە خوێن و بیری تاکی کورد لەباوباپیرانەوە ھەبوە و ئامادەگی جدی و مەترسیداری ھەبوە دژ بە دەسەڵاتە خۆماڵیەکان ،بۆ نمونە خیانەتی ((ھارپاک)) فەرماندەی گشتی و گەورە وەزیری ((ئاستیاگی) دوا ئیمپراتۆریەتی مادەکان لە پێش زایندا کە بوەھۆی لەناوچوونی ئەو ئیمپراتۆریەتە ،سەرنگوم بون و ڕووخان و لەناوبردنی میرنشینی بۆتان بەھۆی خیانەتی ((یەزدان شێر)) و گرتنی قەڵای دمدم و تەسلیمبوونی ((خانی لەپ زێڕین))بەخیانەتی (( مەحمود ئالیکانی )) و ڕووخاندنی میرایەتی سۆران بە ھۆی فتوای ((مەلای خەتێ)) و میرایەتی بابانیەکان بەھۆی خیانەت و ململانێ بەردەوام وناڕەواکانی نێو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و گرتنی شێخ مەحمودی نەمر بەھۆی زمانلێدان و خیانەتی ((موشیری حەمەی سلێمان)) لەساڵی ١٩١٩ و خیانەتی چەکدارانی عەشایەر دژی قازی محمد لەساڵی ١٩٤٦و کۆمارەکەی و خیانەت و ململانێ سیاسی و فکری و چەکداریەکانی ناو شۆڕشی ئەیلول لە شەستەکانی سەدەی ڕابووردوودا ولەکۆتایشدا شکست و نسکۆی شۆڕشەکە ھەر بەھۆی خیانەتەوە بوولەساڵی ١٩٧٥، دواتریش لە شۆڕشی نوێ سەرھەڵدانی جاشایەتی بەناو ((موستەشارەکان))لەساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردووددا و لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمیشدا دوای ساڵی ١٩٩٢بەھۆی شەڕەکانی براکوژی و ھێنانی دوژمنان و داگیرکارانی عێراق و تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی کوردستان لە ساڵانی نێوان ١٩٩٣ تا ساڵی ١٩٩٧ بە تێپەڕبوون بە خیانەتی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ڕووداوەکانی کەرکوکی ساڵی ٢٠١٧ و لەڕۆژئاوای کوردستانیش لەساڵی ٢٠١١وە تاکو ئێستا وەک سوارەی حەمیدی ھەندێک بەناو ھێزی کوردی بونەتە پێشقەوڵی سوپای تورک بۆ داگیرکردن و لێدانی برا کوردەکانیان و لە باکوریش ئێستاش ئاغا و دەرەبەگەکان جاشایەتی بۆ ڕژێمی تورکیا دەکەن بەناوی ((پاسەوانی گوندەکان)) و لە ڕۆژھەڵاتیش بەھەمان شێوە.بۆ ئایندەش دڵنیام ھەر بەردەوام دەبێت.چونکە نە لێپرسینەوە و سزادان ھەیە و نە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و واقعی و بێلایەنیش ھەیە نەک ھەر لە خیانەت و خیانەتکاران بەڵکو لە ھیچ کارەسات و شکستەکانیش نەکۆڵراوەتەوە کەبەھۆی ھەڵەی بەناو سیاسی و سەرکردە و حیزبەکانەوە دژ بە گەلەکەمان کراوە و نە نیتەێکی ڕاستەقینەش ھەیە بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە چونکە ھەمیشە بەرژەوەندیە کەسی و بنەماڵەیی و حیزبیەکان زاڵتربون بەسەر ئینتیماو خۆشەویستی نەتەوە ونیشتیماندا.
• بۆ ئەوەی وا نەزانین کە خیانەتکردن تەنھا لەناو کوردا باوە،بەڵکو لەناو ھەموو گەلانی دونیا بە پێشکەتوو دواکەوتوشەوە ھەر ھەبوە یان لەناو شۆڕش و خەباتی گەلانیشدا نمونەی بەرچاو ھەبوە،بەڵام کاتێک زانراو و سەڵمێنراوە ئەوا دەستبەجێ خیانتاکارانیان بەسزای ڕەوای خۆی گەیاندوە بە کوشتن و لەسێدارەدان و خنکاندن و دەستڕێژی گولەوە.بۆ ئەوەی لەلایەک ببێتە پەند و ترساندنی خەڵکانی نەفسنزم و خیانەتکار و لەلایەکی تریشەوە کەس بوێری دووبارەکردنەوەی نەکات.ئەوەتا لە فەڕەنسادا لویسی شانزھەم وەک پاشای وڵات حومکی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بەتۆمەتی خیانەتی گەورە، و تەنانەت لە شۆڕشی گەورەی فەرەنساشدا خەتیبی شۆڕش((میرابۆ)) کاتێک خیانەتەکانی ئاشکرا بوو بەھۆی گفتوگۆ نھێنیە سەرنەکەتوەکانی لەگەڵ بنەماڵەی پاشایەتی کۆنی فەڕەنسادا گۆڕەکەیان گواستەوە و لەناو گۆڕستانی گەورە پیاوانی شۆڕش و فەڕەنسادا دەریانکرد ، لە بەریتانیا ھاوڵاتیەکی بەریتانی لە کۆتایی جەنگی جیھانی دووەمدا لەساڵی ١٩٤٥ حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا چونکە پەیوەندی بە ھیتلەر و نازیەکانەوە کردبوو دژی وڵاتەکەی خۆی((ولیەم جویس)) بەتۆمەتی خیانەتی گەورە..بەھەمان شێوەش لە شۆڕشی گەلانیشدا لە ڤێتنام و کۆریا و یابان و کوبا و عەرەبەکان و ئیسڕائیل و ..ھتد.نمونەی خیانتەکردن ھەربوە و ھەردەشمێنێت،لەم سەردەمەشدا ڕۆژانە ھەواڵی ئاشکرابون یان دەستگیرکردن یان تیرۆرکردنی جاسوسی دووسەرەی نێوان دەوڵەتان دەبیستین کە لە ئەنجامی خیانتکردنیانەوە لە وڵات و گەل و نیشتیمانەکان بەسزای ڕەوای خۆیان دەگەن
• بەم شێوەیە بەداخەوە خیانەت و خیانەتکاران ھەرچەندە ژمارەیان کەمە بەڵام بونەتە بەشێک لە کەلتوری تاک و کۆمەڵگای کوردەواری و خوویان پێوەگرتوە ، وەک بڵێی لەگەڵ شیرخواردنی منداڵیدا فرچکی بە خیانەت ھەڵدراوەتەوە. و ئەو وێنا گەورە جوان و گەش و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانە زۆر و زەوەندەی کوردیان پێ تەڵخ و ناشیرین کردوە، بۆیە ئیدی کاتی ئەوە ھاتوە کە چیتر خیانەت و گیانی خیانتەکاری و ناپاکی لە ڕەگ و ڕیشەوە ھەڵتەکێنین و توڕی بدەین و نەفرەتی لێبکەین و ڕێگە بەھیچ کەس و سەرکردە و تاک و دەسەڵاتدارێک نەدەین کە دووبارەی بکاتەوە و بەیاسا و دەستور توندترین سزای بۆ دیاریبکرێت و گوێنەدرێتە ھیچ بڕوبیانویەک بۆ خیانەتکردن لە نەتەوە و نیشتیمان.کورد کوشتەی دەستی خیانەتکردن و خۆفرۆشی و وڵاتفرۆشی و خۆخۆری و ململانێی ناڕەوایە لەسەر پۆست و پلە و دەسەڵات ھەربۆیەش تا ئێستا نەگەیشتۆتە دوا مەنزڵی سەرکەوتن.کورد دەبێت خیانەت لەکەلتوری خۆیدا نەھێڵێت و نەشیکاتە خوویەکی بەردەوام بۆئەوەی تاھەتاھەتایە ڕزگاری ببێت و مێژوەکەشی بە پاک و خاوێنی و شانازیەکانی بڕازێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.