کێ نەخوێندەوارە؟ دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 456 جار بینراوە

نیزام فەیسەل
لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کورستان ساڵی ١٩٩٢، لەکاتی دیاریکردنی پاڵێوراوەکان بۆ ئەندامی پەڕلەمان، سەرکردایەتی سیاسی کورد، (سەرەڕای ئەوەی دواتر جەنگی ناوخۆو قەیرانی بەدواداھات) لەو سەردەمە لە ھەوڵدابوون باشترین ھێزی سەرچاوەی مرۆیی بدۆزنەوەو بیپاڵێون، ھەرچەندە لە دەرەوەی ڕیزی حزبەکانیشیان بێت. خوالێخۆشبوو (مام جەلال) لەکاتی ئامادەکردنی لیستی پاڵێوراوانی حزبەکەی لە یەکەم ھەڵبژاردنی دوای ڕاپەڕین، پەیوەندی بە (پ. د. عزەدین مستەفا ڕەسول) دەکات بۆ ئەوەی لە لیستی سەوز بپاڵێورێت، دکتۆر عزەدینیش سەرەڕای سوپاسکردنی، وەڵامی مام جەلال دەداتەوەو دەڵێ: من ئەندامی حزبی شیوعیم، بۆ من جوان نییە لە لیستی یەکێتی پاڵێوراو بم. مام جەلالیش بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی، پەیوەندی بە سەرکردایەتی حزبی شیوعی دەکات لەو کاتە، دوای ئەوە خوالێخۆشبوو (عەزیز محەمەد) و سەرکردایەتی حزبی شیوعی ڕەزامەندی دەردەبڕن، پاشان دکتۆر عزەدین کە یەکێکە لەو پسپۆڕە دەگمەن و خاوەن ئەزمونانەی پێگەیکی دیاری لە بواری ئەکادیمی و ڕۆشنبیری ھەیە، دواتر بووە ئەو ئەندامەی کە پەڕلەمانی ھەرێم ھەیبەتی لە چەند کەسایەتیەکی وەکو ئەو پڕۆفیسۆرەی کورد وەردەگرت.
ئەمە لەکاتێکدایە؛ حکایەتی شکستی حوکمڕانی لە ھەرێم لەدوای ڕاپەڕینەوە، چووەتە ناو ماستەرنامەی بەشەکانی وەک کۆمەڵناسی سیاسی و تەنانەت ئەدەبیاتیشەوە. ئەزمونێک تیایدا پەڕلەمانی ھەرێم لە خولی یەکەمیدا جارێکیان نەیتوانی لە بینایەی خۆی کۆببێتەوەو ناچاربوون لە مەیدانی فرۆشتنی مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخ لە ھەولێر کۆبوونەوەو پارتی و یەکێتی تەمەنی پەڕلەمانیان لەوێ درێژکردەوە، چونکە شوێنەکە دەکەوتە نێوان ھەردوولای سەنگەرەکانی براکوژی لەوکاتە. ئەزمونێک بەھۆی شەڕ لەسەر لوتکەیەکی وەک (کەپکی حەمەدئاغا) یان ڕیزە دوکانێک یاخود خاڵێکی گومرگ؛ جەرگی ھەزاران دایک لەو کوردەوارییە داخکرا.
لەسەرەتای ھاتنەکایەی ئۆپۆزسیۆنی پەڕلەمانی و ڕاگەیاندنی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان ساڵی ٢٠٠٩، بەشێک لەباشترین نموونەی سەرچاوەی مرۆیی لە زانکۆی سلێمانی و دادگاکانی سلێمانی و دەزگا ئەکادیمیەکانی دیکە ھاتنە پێشەوەو بوونە ئەندامی پەڕلەمان و دەمڕاستی بزوتنەوەکە، لەوکاتە گرنگیدان بە پسپۆڕو پیشەییەکان بابەتێکی گەرم و گرنگی گۆڕان بوو، ھەوڵێک ھەبوو مانایەک بۆ ھەیبەتی دەسەڵاتی قانوندانان بگێڕدرێتەوە، پەرلەمان بکرێتە شوێنی بڕیارە سیاسی و چارەنوسسازەکان و بەشێوەیەک وەک مەرجەعی سیاسی سەیر بکرێت.
دواتر پرسی نەتوانینی دەستنیشانکردنی پاڵێوراوی شایستەو شارەزا بۆ کاروباری گشتی لەلایەن گۆڕانەوە سەریھەڵدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی گرێی دەستبڕی سیاسی و ناپاکیکردن بەرامبەر گۆڕان نەتواندرا کۆتایی پێ بھێندرێت، بەشێوەیەک لە ھەر ھەڵبژاردنێک چەند بەرپرسێکی گۆڕان لە ئاستی باڵاوە وەکو ناپاک بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان ئاشکرا دەکرد، لە چوار وەزیر وەزیرێک و لە سەرئاستی ئەندامانی پەڕلەمان چەند پەڕلەمانتارێک دژایەتی خۆیان بۆ گۆڕان ڕادەگەیاند و دەچوونە سەنگەری بەرامبەرەوە.
گرنگیدان بە ھێزی مرۆیی و ھەڵبژاردنی باشترین سەرچاوەی مرۆیی لەناو سەرجەم حزبەکان بۆ بەشداری لەکاروباری گشتی، پڕۆسەیەکی درێژو لەسەرخۆیەو ئامانج تیایدا کۆمەڵە پلانێکی کورت خایەن و درێژخایەنە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی راگەیەندراودا، بۆیە پاڵاوتن و دیاریکردنی کاندید کارێک نییە بە چەند ھەفتەیەک یەکلایی بکرێتەوە، بەڵکو پڕۆسەیەکی درێژەو زیاتر پەیوەندی بە پێگەیاندنی کادیرەوە ھەیە، حزب ئەو فلتەرەیە باشترین سەرچاوەی مرۆیی دەپاڵێوێت، کاتێک حزب ئەو فلتەرەی لەکارکەوت، لەوە دەکەوێت حزب بێت. ئەو فلتەرەی لە رێگەی سوودوەرگرتن لە کارگێڕی سەرچاوەی مرۆییەوە دروست دەکرێت.

پێوەرەکانی پاڵاوتن بۆ پەڕلەمان چییە؟

سەرباری مەرجە سیاسییەکان، ئێمە زانستێکمان ھەیە پێی دەگوترێت (کارگێڕی سەرچاوەی مرۆیی)، ئەوانەی پسپۆڕو شارەزان لەو بوارە باش دەزانن، کە چۆن ھەموو وەزیفەیەک لە رێگەی پڕۆسەی شیکاریی (تحلیل)ی شوێنی کارەوە، مەرجەکانی دامەزراندنی فەرمانبەر یان کارمەندەکە دیاریدەکرێت، ھەروەھا بە وردبوونەوە لە سروشتی ئەنجامدانی کارەکە، ئەرکەکانی وەزیفەکە چۆن و بە چ شێوازێک و لەلایەن چ جۆرە کەسێک ڕادەپەڕێندرێت، دواتر لە رێگەی پرۆسەیەکی دیکەی دوورو درێژ لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە، بە پێشکەشکردنی سیڤی و ئەنجامدانی سێ چاوپێکەوتنی جیاواز، ئینجا پاڵێوراو یەکلایی دەکرێتەوەو دادەمەزرێت.
ئەگەر لەو ڕوانگەوە لە کارەکانی پەڕلەمانتاریی و پێوەرەکانی پاڵاوتنی پەڕلەمانتار بڕوانین، یاخود لە بواری نوێنەرایەتیکردنەوە سوود لەبنەماکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوەی مرۆیی وەربگرین، دەبینین ئەرکە سەرەکیەکانی پەڕلەمان بریتیە لە: قانوندان و چاودێریکردنی حکومەت و ھەروەھا پەسەندکردنی قانونی بودجەی ساڵانەو چاودێریکردنی جێبەجێکردنی. سەرباری ئەم سێ ئەرکە؛ پەڕلەمان لەچەند لیژنەیەکی تایبەتمەند و پسپۆڕیی پێکدێت، وەکو لیژنەکانی قانونی و تەندروستی و بازرگانی و پەروەردەو پیشەسازیی و خوێندنی باڵاو ..ھتد، ھەریەک لەو لیژنانە ئەرکێکی پسپۆڕی ئەنجامدەدات و پێویستە پسپۆڕێک یان شارەزایەکی خاوەن ئەزمون لەوبوارە لە لیژنەکە دەستبەکاربێت، ھەرچەندە ئەگەر پەڕلەمانتار پسپۆڕ یان شارەزایەکی بە ئەزمونیش بێت لە بوارەکەی خۆی، زۆر جار ئەرکی قورسی کارەکە دەخوازێت پەنا ببات بۆ ڕاوێژکارو خەڵکی دیکەی پسپۆڕو شارەزا، بە تایبەتی لەکاتی داڕشتنەوەی پڕۆژە قانونەکان. ھۆکارەکەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری و جیاوازی پسپۆڕییەکان و ھەر زانستێک یان ھەر بوارێک لق و پۆی زۆری لێدەبێتەوە.
بۆیە دەرچواندنی قانونی باش و ئەداکردنی باشترین چاودێری لەسەر کارەکانی حکومەت، ھەروەھا بۆ ڕوونی لە بودجەی ساڵانەدا، پێویستە باشترین سەرچاوەی مرۆیی بۆ دەسەڵاتی قانوندانان لەچوارچێوەی پێوەرەکاندا بپاڵێورێت.

کاتێک پێوەرەکان پێچەوانە دەکرێتەوە

دیاریکردنی پاڵێوراو بۆ پەڕلەمان لەلایەن قەوارەکانەوە، لەسەر بنچینەی ئەو ڕێوشوێنانە نییە کە پێویستە جێبەجێ بکرێت، ئێمە لێرە بەھۆی پاشەکشەی بزوتنەوەی گۆڕان وەک دووەم قەوارەی سیاسی بە نموونە باس دەکەین، لە ئەزمونی نیوەچڵی ھەڵبژاردنەکان دەریخست کە ئەم بزوتنەوەیە ناتوانێت ئەرکی خۆی وەک حزبی ھەڵبژاردن جێبەجێ بکات، بەتایبەتی لەبواری پاڵاوتن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکەی. ھەروەکو بیندرا لەجیاتی ئەوەی پێشڕەوی شەقام و خەڵک بکات، خۆی کەوتە دوای ھەستی ھەنوکەیی خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕان لەسەر بنچینەی ڕووداوەکانی شەقام و ئەو تاوان و ھەواڵانەی زۆرترین بینەرو زۆرترین توڕەییان بەدواداھاتووە بڕیاری داوە بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان.
ئامانج لە بەشداری ئەو پڕۆسە پڕلە کێشەیەی ناوی لێندراوە ھەڵبژاردن، تەنیا بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگ نییە، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکە بۆ نەک تەنیا چوار ساڵ، بەڵکو بۆ دەیان ساڵی داھاتووی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ھاووڵاتیان، بەڵام کاتێک لە ژێر کاریگەری سۆزداری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و قوربانییەک یان ھاوسەری قوربانیەکی کۆمەڵگا کاندیک دەکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی پێ کۆبکرێتەوە، دەردەکەوێت کە بڕیاربەدەستانی حزب پێویستیان بە دوو بنەمای سەرەکی نییە: یەکەم بەرنامەی سیاسی حزبەکە لە ھەڵبژاردن، دووەم: پسپۆڕی و شارەزایی و پاڵاوتنی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو. ڕازیکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەشداری سیاسی لە کاروباری گشتی دوو بابەتی جوداو لەیەکتر دوورن، بزوتنەوەی گۆڕان لەم بوارە کەشوھەوای میللی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ھەڵبژارد. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حزب پێویستی بە ھیچ پسپۆڕی و شارەزاییەک نییە کە خوالێخۆشبوو (نەوشیروان مستەفا) پسپۆڕییە جیاوازەکانی سەرچاوەی مرۆیی بە گرنگیەوە باسدەکرد.
ئێستا حزب پێویستی بە پسپۆڕو شارەزاو ئەکادیمی نییە، کە حزبیش پێویستی بە خوێندەواران نەما، ئیتر تەنیا چەند دەفلێدەرێکی بەسە بۆ ئەوەی لەسەر گردو لەدەورەی گۆڕی سەرکردەکان، لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی سۆفیانە دەفلێدەن و بگرین بۆ ڕابردوو، بۆ ئەوەی دەیان ساڵی دیکە بەپیرۆزکردنی سەرکردەکان لە دوای مردنیشیان بەردەوامی ھەبێت. ئۆپۆزسیۆنیش نەیتوانی سیمای تەکیەو ھەستی دەروێشایەتی لەخۆی داماڵێت، بەتایبەتی زۆربەی حزبەکان ھەریەکەو بەردەوام کۆمەڵێک دەروێش بەناوی ئەندامی حزبەوە کۆدەکەنەوەو لەدەوری گۆڕی سەرکردەیەک بە دەفلێدان و کوڕوزانەوەی پیرەژنانە بۆ ڕابردوویەکی نەگەڕاوە دەگرین، بەرنامەی کاری داھاتوو و پرنسیپە سەرەکیەکانی کاری حزبایەتیش وندەکەن.

پەڕلەمانێک بۆ گاڵتەجاڕیی!

لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی ھەرێم ٢٠١٨، یەکەمجارە بەو شێوەیە پاڵێوراوی نەشیاو بۆ پەڕلەمان و بەتاڵی سیڤیەکانیان لەناو خەڵک ببنە جێگەی ڕەخنەو ناڕەزایی میللی لێبکەوێتەوە، بەداخەوە رەوشەکە گەیشتووەتە سوکایەتی و گاڵتەپێکردن و ڕووشاندنی کەرامەتی ھەندێک لەو پاڵێوراوانەی بەندبێژی میللی و کاسبکاری نەخوێندەوارن، لەم ڕووەوە بزوتنەوەی گۆڕان پشکی گەورەی سەرکۆنەکردنی بەردەکەوێت لەلایەن خەڵکەوە.
رێگرییکردن لە سەرۆکی پەڕلەمانی ھەرێم لە ڕابردوودا، کە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەشێوەیەکی ناقانونی و دوور لە دابونەریتی سیاسی و کارگێڕی، شکاندنی شکۆی دەزگای نوێنەرایەتی بوو، بۆیە ناڕەزایی گەورەی لێکەوتەوە. دوای ئەوە وەکو لە زۆربەی دنیا باوە، بەشێک لە خەڵک متمانەی خۆی بەخشی بە لایەنی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی شکۆ بۆ دەنگەکەی و دەزگای نوێنەرایەتیەکەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام کاندیدکردنی بەندبێژ و بێژەرو عەرەبانچی ھەژار، دوور لە پێوەرەکانی پاڵاواتن، خەڵکی زیاتر بێئومێد کرد.
لەبەر ئەوە ئەمجارە گەڕێکی دیکەی بەگاڵتەکردنی دەسەڵاتی قانوندانان دەسەتی پێکردووە، ئەمجارە لەسەر دەستی بڕیاربەدەستانی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەویش پاڵاوتن و دەرچواندنی چەند کەسێک وەک ئەندامی پەڕلەمان کە ئەگەر پێوەرەکانی پاڵاواتن پێچەوانە بکەیتەوە ئینجا ئەمانە دادەندرێن! بەشێک یان ھەندێک لەو بەڕێزانەی کاندیدکران یان بوون بە ئەندامی نوێی پەڕلەمان؛ شایستەی ئەوەن لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕێزیان لێبگیرێت نەک بۆ پەڕلەمان کاندید بکرێن و لایەنی کەمی ئەو زانیاریان نەبێت لەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە؛ کام ئەرکی پەڕلەمان و لە پێشکەشکردنی کام خزمەتگوزاری بۆ خەڵک لە دەزگایەکی گرنگ و گەورەی وەک پەڕلەمان سوود لە عەرەبانچیەک وەردەگیرێت؟ کام لیژنەی پەڕلەمان کاری بە بەندبێژە؟ لەکام لیژنەش لە پەڕلەمان نەک لە کوردستان لە ھەموو جیھان، سوود لە ناوبانگی شەھیدبوونی ھاوسەری پەڕلەمانتارێک دەبیندرێت؟ کام ئەرکی پەڕلەمان سوود لە سیڤی ڕۆژنامەنووسێکی شەھید وەردەگرێت؟ ئێ خۆ ئەو خۆی لە ژیاندا نەماوە؟
کاتێک ھەر حزبێک نەیتوانی کادیر ئامادە بکات، یاخود کادیری بەتواناو شارەزاو لێوەشاوەی ھەبوو، بەڵام بازیدا بەسەر خوێندەواران لە پێناوی ڕاگرتنی ھەست و سۆزی کاتی و ھەنوکەیی ھەرزەکارانەی فەیسبوک، ئەوە ئەو کاتەیە حزب مایەپووچ بوونی خۆی ئاشکرا دەکات. چونکە ئەگەر کام ئەرکی پەڕلەمان و کام لیژنەی پەڕلەمان سوود لە سیڤی و توانای خوالێخۆشبوو کاوە گەرمیانی وەردەگرێت، ئێ ئەو خۆی لە ژیان نەماوە!
ئەوەی دەگوزەرێ جگە لە گاڵتەکردن بە پەڕلەمان و بە دامەزراوەی شەرعی و نوێنەرایەتی میللەت ھیچی دیکە.
لە ھەموو کۆمەڵگایەک دەستەبژێران پێشڕەوی کۆمەڵگان نەک مەیدانی کۆترفرۆش و بەندبێژان! حزبیش ھەمیشە پێشڕەوی کۆمەڵگایە بەھەموو چین و توێژەکانیەوە نەک بە پێچەوانەوە.
کار بەو شێوەیە بڕوات لە خولەکانی داھاتوودا بارەگاکانی حزب بێئیش دەمینێنەوە، ھەروەھا پسپۆرو شارەزاکانیش دەبنە خەڵکی زیاد و ھیچ پێویست بە بەھرەو ھونەرو تواناکانیان نامینێت، تەنیا لەبەر ناسراوی بانگبێژو بەندبێژو بێژەری تەلەفزیۆن دەپاڵێودرێت، ئەگەری ئەوە ھەیە لە داھاتوودا تەنیا چەند کەناڵێکی دیکەی تەلەفزیۆن بکەنەوە بۆ ئەوەی گەعدەی بەندبێژە میللیەکان پەخش بکات و بناسرێن و دواتریش ھەم بەندبێژەکەو ھەم بێژەرەکە کاندید بکەن بۆ پەڕلەمان!
پێویستە تێکۆشەرانی شۆڕش و خاوەن ئەزمونی شارو شاخ بیزانن، ئەوانەی بڕیاری ئۆپۆزسیۆنیان بە دەستە؛ شانازی پاکی و دەستھەڵگرتن لە پلەو پۆست کۆمەکیان ناکات، دیاردەیەکی نەشیاو ھەیە لەناو سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن، ئەویش منەتی دەستپاکییە بەسەر میللەت، لەکاتێکدا ھەموو کەسێک لە ئەسڵدا پێویستە دەستپاک بێت، دەستپیسی تاوانەو سزای بۆ داندراوە، ھەڵسوکەوت کردن لەترسی سزای قانون بێت یان سزای گەل، پێویستی بە منەتکردن نییە، بەپێچەوانەوە ھەر کەسێک دەستپاک نەبێت، شایستەی کەلەپچە لەدەستکردنە لەلایەن دادگا، ئەگەر دادگاش نەتوانێت کەلەپچە لەدەستی سیاسییەکی گەندەڵ بکات، ئەوا کۆمەڵگا لۆمەو سەرکۆنەی دەکات، بۆیە کاتێک لەترسی سزای قانون و کۆمەڵگە گەندەڵ نەبوویت، پێویست ناکات منەتی دەستپاکی بە خەڵک بفرۆشییەوە.
بڕیاربەدەستانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی لە بزوتنەوەی گۆڕان، پێویستە بیزانن پەڕلەمان ئەرکی چییەو ئەو ئەرکە بە چ جۆرە سەرچاوەیەکی مرۆیی ڕایی دەکرێت، پاڵاوتنی کاندید پەیوەندی بە وروژاندنی ھەستی سۆزداریی جەماوەر نییە، پەیوەندی بە بەرپرسیاریەتی و کارگێڕی و حوکمداری ھەیە، حوکمدارییەک کە پەیوەندی بە چەند بوارێکی کارکردن ھەیە، ھەر بوارێکیش پێویستی بە پسپۆڕو شارەزاو ھونەرییەکان ھەیە بۆ بنیاتنان.
ھاووڵاتی لە حزبەکانتانەوە فێری ئەوە بێت دەنگدەر دەنگبدات بە بەرنامەی ھەڵبژاردن و بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن، لە حزبەکانیشتانەوە فێربێت چۆن سەرچاوەی مرۆیی لەسەر بنەمای باشترین و لێھاتووترین پسپۆڕو شارەزا گوڵبژێر دەکرێت. نەک بە پێچەوانەوە نەخوێندەوار و بەند بێژو بانگبێژ و زۆربێژان بکەنە قانوندانەر، پێویستە خەڵک لە ئێوەو حزبەکانتانەوە فێری ئەوە بێت پەڕلەمان شوێنی نوێنەرایەتی گەل و بڕیارە چارەنوسسازەکانە نەک سەکۆیەک بۆ زۆربڵێی و چەنەبازیی!
پێویستە لەناو ھەر توێژێک لە توێژەکانی کۆمەڵگا باشترین خاوەن توانا ھەڵبژێرن بۆ پاڵاوتن بۆ ئەوەی سوودی ھەموو کۆمەڵگاو حزبەکەشتی ھەبێت، و ھەر ھیچ نەبێت وەکو بەندبێژەکە نەبێتە جێگەی گاڵتەپێکردنی خەڵک و سوکایەتی پێ بکرێت کە مایەی نیگەرانییە. ئێستا لە بەندبێژەکەت یان عەرەبانچیەکەت یان لە خێزان و کەسوکاری شەھیدێک کە خۆی نازاندرێت لە چ بوارێک پسپۆڕ یان شارەزایی پێویستی ھەیە، بپرسی نوقتەی نیزامی چییە؟ ئەرکەکانی پەڕلەمانتار چییە؟ چی وەڵام دەداتەوە؟ باشە لە چ لیژنەیەکی پەڕلەمان دەستبەکار دەبن؟ عەرەبانچیەکی داماوی نەخوێندەوار، بەندبێژێکی میللی کە تەلەفوزی زمانی کوردی دروست نییە، لە چ لیژنەیەک و کام ئەرکی پەڕلەمانی پێ دەسپێرن؟ ئەندامی پەڕلەمان وەکو دادوەری دادگا وایە لێپێچینەوە لە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان دەکات لەکاتی ھەبوونی بەڵگەی پێویست، باشە بەندبێژی میللی و عەرەبانچیەکی نەخوێندەوار چۆن بەڵگەو قەرینە لێک دەکاتەوەو چۆن چوار ساڵ لەناو ھۆڵی پەڕلەمان نابێتە سەرچاوەی گاڵتەپێکردنی پەڕلەمانتارانی لیستەکانی دیکەو بینەران؟!
مۆدێلی حزبایەتی لە کوردستان مۆدێلێکە لەسەر کۆلەواریی بنیاتنراوە، حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیش وەکو حزبەکانی دەسەڵات بە شێوەیەکی نەخوێندەوارانە بەدوای ڕازیکردنی خەڵکن لە ئاستی میللیەوە، جاران دەسەڵات لەرێگەی ڕازیکردنی ھۆزەکان ھەوڵی بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگی دەدا، ئێستا ئۆپۆزسیۆن بە وروژاندنی سۆزی خەڵک، دوور لە عەقڵانیەت ھەوڵ دەدات زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت، جا ئەو دەنگانە لای ئۆپۆزسیۆن گرنگ نییە بەھۆی خزمەت و ئەزمونی زانایەک و پڕۆفیسۆرێکەوە بەدەستھاتبێت، یاخود بەھۆی بەندە میللییەکانی بەندبێژێک!
بۆیە سەرجەم قەوارە سیاسییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ھەریەکەو بە ئاستی جیا نەیانتوانیوە قۆناغی نەخوێندەواریی تێپەڕ بکەن.
ئەگەر بەگێرەی سروشتی کارەکەو چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەرکەکانی پەڕلەمان و لەچوارچێوەی پیشەو کارەکە بیربکرێتەوە، ئەوا پێویستە قەوارە سیاسییەکان پێداچوونەوە بکەن بە پێوەرەکانی پاڵاوتن و مەرجی کاندید بوون لە کۆمەڵە مەرجێکی ھەزەلی و سۆزداری بگۆڕن بۆ ئەو مەرجانەی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی مرۆیی بوونی ھەیە، کە لە دنیای پێشکەوتوو کەڵکی لێوەردەگیرێت، تەنانەت بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین کورسیش بێگومان پێویستە کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو ڕەوانەبکرێت، بۆ ئەوەی ھەم لە خولی دواتردا زۆرترین دەنگ بەدەستبھێندرێت و ھەم زۆرترین خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەندرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.