کابینەی داھاتوو

لەلایەن ستاندار Posted on 349 جار بینراوە

مەلا فرمان

کابینەکانی رابردو نەک ھەر پرن لە کەموکوڕی، بەڵکە بێبەڵینی و بەڵێن شکاندن تا ئەو رادەیەیە کە نزیکەی ٧٦% خەڵک متمانەیان پێیان نەبوە، لەوەی نەیان توانیوە:
یەکەم: لە روی خزمەتگوزاریەوە
خزمەتگوزاری ئەرکی سەرەکی حکومەتە:
1- بەدەنگی خۆپیشاندەرانەوە بچن و داواکاریەکانیان جێبەجێ بکەن.
2- خزمەتگوزاریە سەرەکیەکانی میلەت جیبەجێ بکەن: کارەبا، ئاو، موچە…ھتد.
دوەم: دامەزراەکانی حکومەت
1- دامەزراوەکانی حکومەت رێکبخەن و یەکبخەن.
2- وەزارەتی پێشمەرگە یەک بخەن، ١٦ ئۆکتۆبەر ھەمو ئەو قسانەی بەدرۆ خستەوە کە لە بارەی یەکخستنی ھێزەکانی : پێشمەرگە، ئاسایش، ھەواڵگری و پۆلیسەوە پێشتر کردبویان.
سێھەم: ئەرکە نیشتمانیەکان
1- نەیانتوانیوە پارێزگاری لە یەکێتی خاکی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەشێوەیەک حکومەت لە ھەموو پارێزگایەک وەک یەک دەسەڵاتی ھەبێت.
2- بۆیان نەکراوە پارێزگاری لە کۆنترٶڵکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بکەن، کە بەخوێنی ھەزاران پێشمەرگە لە پەلاماری داعش پارێزران.
3- ئێستا کوردستانی باشوریان کردۆتە سێ ٣ لەتەوە : لەتێکی لای پارتی – لەتێ لای یەکێتی – لەتێ لای بەغدا.
4- نەیانتوانیوە پەیوەندیەکانی ناوەوە و دەرەوە بە نیشتمانی بکەن.
چوارەم : زمان و کەلتور
1- کار بۆ زمانی ستاندەرد بکەن
2- لەڕێی وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیریە وە پارێزگاری لە کەلتوری رەسەن و دابونەریتی کوردی بکەن و بیپارێزن لە کاریگەری خراپی کەلتوری بێگانە. زنجیرە دۆبلاجکراوەکان بە نمونە..
3- سنورێک دابنێن بۆ کردنەوەی دەیان قوتابخانەی سەر بە دەوڵەتانی دراوسێ، قوتابخانەکانی فتح اللە گویلەن و تورکیەکان بە نمونە.

پێنجەم : بەھا کۆمەڵایەتیەکان
1- چاندنی تۆوی بیئومێدی و لە ژیان بیزاری، ئەمەش لە خۆکوشتنی سەدان تاکی ئەم ھەرێمە رەنگی داوەتەوە.
2- سوک کردنی خاک لای تاکی کورد: سەرھەڵگرتنی ھەزاران ھاوڵاتی ئەم ھەرێمە و گرتنەبەری رێگەی مەرگی دەریای ئیجە. لە کاتێکدا ئەم دەسەڵاتە باس لە ریفڕاندۆم و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکات. ئیسرائیلیەکان کاتێ باسیان لە دروستکردنی دەوڵەت کرد، لە زۆربەی وڵاتانەوە بەرە و ئیسرائیل کۆچیان کرد. بە نمونە: لە کەرکوکەوە گواستنەوەی یەک خانەوادەی یەھۆدی بۆ ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ نزیکەی ٧٠٠٠ حەوت ھەزار دولاری تێچوە.
3- مامەڵەکردن بە جەستە و ویژدانەوە: کلیە وەک کەرەستەیەکی سپێربۆ کاتی لێقەومان دانراوە و دەفرۆشرێت. بەر لە چون بۆ بازار دەترسیت فێڵت لی بکرێت. دەنگ دەفرۆشم و سەنگەر بە پارە دەگوازمەوە.
شەشەم: چاکسازی و بە گژاچونەوەی گەندەڵی
1- سەروەری یاسا: بکوژەکانی ١٧ شوبات و کاوە گەرمیانی و سەردەشت و شێخ ستار و دەیانی تر لە ماوە ٤ ساڵی رابردودا دەری دەخەن یاسا لەم ھەرێمە جۆن پێشێل دەکرێت.
2- لێنەپرسینەوە لە گەندەڵکاران و تەشەنەکردنیانیان.
3- بونی دەیان پاڵاوگە و کۆمپانیای نایاسایی.
ئەمانەی سەرەوە بەشێکن لەو راستیانەی دەری دەخەن کە عەقلیەتی حیزبی و بە بنەماڵەکردن لە حوکمڕانی ئەم ھەرێمە ھیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتوە. ئەم نەگۆریەش دەگەڕێتەوە بۆ ھاتنە سەرحوکم و گرتنە دەستی دەسەڵات بە ڕێگەی ساختەکردن بەم رێگە جیاجیانە :
– ساختەکاری لە سندوقەکانی دەنگدان
– ھەڕەشە و چاوسورکردنەوە
– ساختەکردنی بەڵگەنامەکانی وەک باری شارستانی
– پشتیوانی فاکتەری دەرەکی
– بەکارھێنانی پارە و دەابەشکردنی دەمانچە و کڕینی ویژدان.
کابینەی داھاتو
ھەمو ئەو ٥ پینج فاکتەرەی سەرەوە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات نەک وەک خۆیان ماون بەڵکە تازەگەریشیان تێدا کراوە، ئەمەش لە ھەڵبژاردنەکانی ١٢ ئایار و ٣٠ ئەیلول بە رونی دەرکەوت. ئەم کابینەیە بەرھەمی ئەو ھەڵبژاردنەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کابینەی داھاتو بەھەمان خەسڵەت و ھەمان کارەکتەرەوە دریژە پێدەری کاری کابینەکانی رابردو بێت. بۆیە ھەر لایەنێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بڕیاری بەشداریکردن بدات، بەشداریکردنە لە:
1- خۆکوشتنی سیاسی و فاتیحا خوێندن بۆ گیانی خۆی.
2- ئازاردانی پرۆسەی دیموکراسی و بچوک کردنەوەی پانتایی ئازادی رادەربڕین.
رێگە چارە
بەر لە ھەڵبژاردن ھەڵەیەکی کوشەندە کرا بەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان نەیانتوانی بە لستێکی ھاوش یان بە بەرەیەکی ھاوبەش ھێڵێکی دیار لە نێوان ھێزی خێر و ھێزی نادادپەروەر بکێشن و بە دەنگی بەرز و پێکەوە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئۆمێد بە ھەڵبژاردن بۆ دەنگەدەر بگێڕنەوە. ئێستاش باشترین رێگاچارە:
ئەو لایەنانە باشتروایە بێ دودڵی و راڕایی بە بەرنامەیەکی موتەکامل، بەرەیەکی تۆکمە دروست بکەن و قوڵ وباسکی ئۆپۆزسیۆنبونی لیھەڵماڵن و سەنگەری شەقام بە ھێز بکەن. پێکەوە کاربکەن بۆ ” بەرەو گۆڕینی عەقڵیەت و سیستەمی حوکمڕانی” .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.