پارتیی خاتری ھەموانی گرت!

لەلایەن ستاندار Posted on 314 جار بینراوە

ئەحمەد میرە

پارتیی خاتری ھێزە سیاسییەکان و تەنانەت خەڵکی کوردستانی گرت، بەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ (٥٦) کورسیی پەرلەمانی کوردستانیت بۆ خۆی دانەنا، بەڵکو لە ڕێگای پیلانێکی پێشینەی چەند ساڵەوە یارییە سیاسییەکەی خۆی بەسەرکەوتویی ئەنجامدا.
لەم خولەی پەرلەماندا، پارتیی بە کورسیی کۆتا و ھەردوو کورسیی بۆ دانراوی لیستی سەردەم و لیستی ئازادیی خاوەنی (٥٨) کورسیی پەرلەمانە. وەک خۆیان دەڵێن ئەگەر لەم خولەی ئێستادا پڕۆژە یاسای ڕەشکردنی ڕەنگی ماست لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوەو فراکسیۆنی پارتیی پشتیوانییبکات، دەتوانن لە (کون فە یەکونێک) دا ڕەنگەکەی لە سپییەوە بگۆڕن بۆ ڕەش.
ئەوەی لە ھەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلولدا ڕویدا، چشتێکی نوێ و نامۆ نەبوو، ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون، کە ڕەوتی حوکمڕانیی لە ھەرێمدا بە ئاراستەیەکی ھێجگار خراب بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە خولەکانی پێشوودا حوکمڕانیی ھەرێم لە دەستی دوو حیزبدا بووبێت، ئیتر لەمەوبەدوا سیستەمی حوکمڕانیی بە شێوەیەکی یاسایی کەوتە دەست پارتییەوە.
ڕاستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ جۆرێک بە بێ بەشداریی یەکێتیی نیشتمانیی پێکنایەت، چونکە واقیعی سەربازیی و جوگرافیی و ھەرێمیی لە کوردستاندا یارمەتیی حیزبی براوە نادات بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت ئەوە بزانین، کە حوکمڕانیی تەنھا بریتیی نیە لە پێدانی پۆستە وەزارییەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پۆستە کارگێڕییەکانی تر، بەڵکو کاکڵەکەی بریتییە لەو یاسایانەی، کە زۆرینەی پەرلەمانیی لە کوردستان پەسەندیاندەکات، لە ھەموویشی مەترسیدارتر دەستوری ھەرێمی کوردستانە، کە ئەم جارە پارتیی بە ئاسانیی وەک ئەوەی، کە خۆی دەیەوێت، تێیدەپەڕێنێت. بەکورتیی؛ گزیکاریی و بەشدارینەکردنی خەڵک و لاوازیی نەیارەکانی، پارتییان کردە ھێزی یەکھەم و خاوەن بڕیاری ھەتاھەتایی لە ھەرێم.
یەکێکی تر لەو خاڵانەی، کە دەبێت لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی کوردستان لەسەری بوەستین، ئەوەیە کە پارتیی سەرەڕای بەدەستھێنانی (٤٥) کورسیی پەرلەمانی کوردستان، تەنھا (٣) کاندیدی لە سنوری پارێزگاکانی ھەڵەبجە و سلێمانیی و ئیدارەی گەرمیان گەیاندووەتە پەرلەمانی کوردستان، کە دووانیان ھیی پارێزگای ھەڵەبجەن و دانەکەی تریشیان ھیی ئیدارەی گەرمیانە. واتە پارتیی بە مەبەست بووبێت، یاخود بێمنەتیی بێت، ھیچ کاندیدێکی لە سنوری پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان نەگەیاندووەتە پەرلەمانی کوردستان، تەنانەت لەو پۆستە وەزارییانەی، کە لە بەغداد بۆ کورد دانراون و تا ئێستا یەکلاییبوونەتەوە، ھیچ کەسێک لە سنوری ئەم پارێزگایەدا پۆستی وەزاریی بەرنەکەوتووەو بەریشیناکەوێت، وەک ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە ھیچ جۆرێک بەشێک نەبن لە بەرنامەی سیاسیی ھێزە سیاسییەکان.
یەکێکی تر لە گاڵتەجاڕییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە، کە (١٢) ئەندام پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی دەنگەکانیان لە خوار (١٠٠٠) دەنگەوەیە، نیوەی زیاتری ئەندامانی پەرلەمانیش ڕێژەی دەنگەکانیان نەگەیشتووەتە (٥٠٠٠) دەنگ. بۆ نموونە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەم خولەدا بە (١٩٤) دەنگ کورسییەکی پەرلەمانی مسۆگەرکردووە. ئەگەر کەسێکی ئاسایی بۆ ئەنجومەنی گوندێک خۆی کاندیدبکات، بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێژە دەنگە دەھێنێت! دەبێت ئەندام پەرلەمانێک لەنێو (٣٢٥٠٠٠٠) دەنگدەردا تەنھا (١٩٤)، یان (٣٠٠) یان (٥٠٠) دەنگی ھێنابێت، چۆن دەتوانێت بەرگریی لە مافی خەڵک بکات!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.