بەھانەکانی پاشەکەوتی موچە کۆتاییان ھاتوە !!

لەلایەن ستاندار Posted on 333 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

حکومەتی ھەرێمی کوردستان جگەلەوەی مووچەی مانگەکانی ( ۹ + ۱۰ + ۱۱ + ۱۲)ی ساڵی ( ۲۰۱٥)ی نەدایە فەرمانبەران ، ھات ولەکۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی نایاسایی دەرکرد لەغیابی پەرلەمانی کوردستاندا ئەویش بڕیاری ژمارە ( ٦٤) ی ( ۳-۲-۲۰۱٦)بوو کە ناونراوە بە سیستمی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران وموچەخۆران. کەبەپێی سیستمەکە موچەی فەرمانبەران بەپێی زۆرو کەمی موچەکانیان پاشەکەوت دەیانگرتنەوە بەشێوەیەک کەلە ( ۱٥٪ بۆ ۷٥٪ )ی موچەکانیان بۆیان پاشەکەوت دەکرا.
ھەرلەیەکێک لەخاڵەکانی تری بڕیارەکەدا واتا بڕیاری ژمارە ( ٦٤)دا ھاتبوو کەحکومەت بەپێی سیستمەکە مانگانەلەکات وساتی خۆیداو ھەر (۳۰) ڕۆژجارێک ئەو چارەکە یان نیوە موچەیە دەداتە موچەخۆروفەرمانبەران ، بەڵام ئەمەشیان وادەرنەچوو، زۆرجار مانگ دەبوە (٥۰ — ٦۰ )ڕۆژو لەھاویندا موچەی بەھارو لەزستانیشدا موچەی پایز وەردەگیرا تەنانەت لەئێستاشدا باس لەوەدەکرێت کە حکومەت بەنیازە موچەی مانگەکانی ( ۱۰+ ۱۱ +۱۲)ی ساڵی ( ۲۰۱۸ ) بەتەواوی پاشەکەوت بکات ، بەمەش ئەم حکومەتە بەتەواوی متمانەی خۆی ھەرچەندە ھێندەی تاڵەمویەکی ماوە لەلای ھاوڵاتیەکانیەوە لەدەستدەدات وبەدەستھێنانەوەشی کارێکی ئاسان نیەو ئەستەمە .
لەو ساتەدا کە حکومەت ئەو سیستمە عەجیب وغەریبەی داھێنا ھەندێ بیانوو بەھانەی بەدوایەکدا ڕێزکردبوو بۆ دەرکردنی بڕیارەکەو سەپاندنی سیستمی نایاسایی پاشەکەوتی موچە ، کە ھەندێکیان بریتی بوون لە ؛

ــ بون و بەردەوامی شەڕی گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق وشام ( داعش) لەھەرێمی کوردستان .
ـــ بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە کەزۆرجار خۆیان واتا بەرپرسانی ھەرێم مەزەندەیان دەکرد بە ( ۱۸۰۰۰۰۰)یەک ملیۆن وھەشت سەدھەزارکەس .
ـــ نەناردن وبڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە .
ـــ دابەزینی نرخی سوتەمەنی ( نەوت ) بەڕێژەیەکی زۆرو چاوەڕواننەکراو کەتاکە سەرچاوەی بەھێزی کۆکردنەوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان بوو .
ــ کەمبونەوەی داھاتی ناوخۆ بەشێوەیەک گەر لەساڵانی پێش شەڕی داعش مانگانە زیاتربوبێت لە ( ۳٥۰)ملیارد دینار، ئەوا دواتر دابەزی بۆ ( ۱۲۰)ملیارد دینار وکەمتر یان زیاتر .
ـــ کەمبونەوەی جموجوڵی بازرگانی و ھاوردەو ھەناردەی کاڵاوشمەک لەنێوان ھەرێم و وڵاتانی دەوروبەرو تەنانەت لەگەڵ حکومەتی ناوەندیش .
لەگەڵ ھەندێک بەھانەی نالۆژیکی و ناواقیعی لەوکاتەدا .
بەڵام دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە ، و لەئێستادا مانەوەو بەردەوامی ئەو سیستمی پاشەکەوتەو کۆتایی نەھاتنی تەواوەتی ئەوسیستمە نایاساییە ھیچ بیانوو بەھانەیەک ھەڵناگرێت ، وگەر درێژەی ھەبێت ئەوا جگە لەسزادانێکی گەورەی فەرمانبەران وموچەخۆران لەلایەن حکومەتە خۆماڵیەکەیانەوە ، زوڵمێکیشە کەدەسەڵاتی کوردی لەھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستانی دەکات ، وەک پێشنینانیش وتویانە گەرھەموو شتێک لەباریکیدا بپچڕێت ئەوا زوڵم لەئەستوریدا دەپچڕێت.
لەئێستاشدا ھەموو ئەو بەھانانە کۆتاییان پێ ھات کەکرابونە ھۆکار بۆ سەپاندنی سیستمی بەناو پاشەکەوتی موچە چونکە شەڕی تیرۆرو ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش کۆتاییھات ، زۆرینەی ئاوارەکان گەڕانەوە شاروناوچەکانی خۆیان ، نرخی ھەربەرمیلێک نەوت سێ ھێندەی ساتی سەپاندنی پاشەکەوتی موچە بەرزبۆتەوەوزیادیکردوە ، مانگانەش چەردە پارەیەکی باش لەناوەندەوە ڕەوانەی ھەرێم دەکرێت جگەلەو ھاوکارییەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەیدەنە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ، داھاتی ناوخۆش زیادیکردوەو جوڵەبازرگانیەکانیش وەک جاران ئاسایی بونەتەوە .
کورت وپوخت گەر حکومەتی ھەرێم وبەرپرسەکانی بەنیازبن بیانووبەھانەی تر بدۆزنەوە یان بھێننەوە بۆ بەردەوامیدان بەو زوڵم وستەمەی چەند ساڵێکە لە فەرمانبەران وموچەخۆران بەتایبەتی وھاوڵاتیان بەگشتی دەیکەن لای ھەموان بەتاڵ وپوچەو کەس بەعانەیەکی قەڵبیش نایکڕێت ، چونکە ڕوون وئاشکرایە کەسەرچاوەکانی کۆکردنەوەی داھات لەھەرێمی کوردستاندا ھێندە داھاتی لێکۆدەکرێتەوە کەنەک بەزیادەوە بەشی تەواوی موچە دەکات بەبێ پاشەکەوت ، بەڵکو دەشتوانرێت پڕۆژە وەستێنراوەکان و پێدانی پێشینەکانیش بخرێنەوە گەڕو دۆخی ھەرێم بگەڕێتەوە دۆخەئاساییەکەی خۆی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.